

بۆ ڕوئیا ئەو کچەى
ئێوارەیەک خەیاڵ ئەیکوژێت.
لەبیرتە ئێوارانێک لیمۆدۆزیمان ئەکردە برینەکانى خۆمان؟
دڵى خۆمان ئەخستە بەردەمى قەل و داڵەکان ؟
هەناسەمان پڕبوو لەپۆلە پەپولەى سپى و
ڕۆحمان پڕبوو لەگریانى کوکوختى؟
لەگەڵ نەیژەن و فلوتژەنەدڵشکاوەکان دەگریاین
لەگەڵ کەمان ژەنەحەسرەتدیەکان
مەیخانەکانمکان ئاوەدان کردەوە؟
سەیىر چاوى ئەو کەناریە سیابەختانەمان دەکرد
بەرەو مەملەکەتێک لەتاعون دەفڕین؟
سەیرى توێ توێ ى دڵى ئەو پەپولانەمان دەکرد
وڵاتێک لەسەرەتانیان ئەدۆزیەوە؟
هەناسەمان بۆنى وێرانەى شارێکى لێدەهات و
ڕۆحمان بۆنى کوشتنى پەریزادەکان؟
تۆ ئەو عاشقەت لەبیرە بەپێ ى خاوسى و دڵێکى خوێناویەوە
بەگەڕەکە هەژارەکانى شاردا گۆرانى ئەوت؟
لەسەر سوچى کۆڵان وگۆشەى مەیخانەکاندا وەکو شێتێ ئەگریا؟
وەک ئەسپ سوارێک ڕمێک لەدڵى چەقیبێ پێدەکەنى؟
تۆ ئەو شاعیرەت لەبیرە
نامەى بۆئەو کچانە دەبرد دڵیان ئەخستە قەفەزى زێڕەوە
وەک گەنجە سەرکەشەکان بۆسەیرى کچە نیمچە ڕوتەکان دەچوو؟
ئەوشاعیرەى عیشقى ئەو کچانە دەیکوشت عیشقى زێڕو زیودەیکوشتن
لەبیرتە هەمووڕۆژێک وێنەیەکى تازەى ئەوکچەى دەکێشا دڵى ئەشکاندو
بەڕۆحێکى غەریبەوە گۆرانیەکى غەریبانەى دەوت:
بائەم تابووتە کۆنە هەڵوەشێنین وکورسیەکى بۆ شاعیرەکان لێدروست کەین
باکورسى ئەم ئیمبراتۆرە کوێرانە بشکێنین و کورسى شاعیرەکانى لێدروست
کەین
لەبیرتە ئێوارەیەک دڵى خۆى ئەدا لەخاچ و
بەیانیانیش سێدارەى بۆ ڕۆحى خۆى هەڵدەخست؟
لەبیرتە نامەکانى دڵداریمان لەقاوغە شقارتەکاندا فڕێ ئەدا
بۆ ئەو کچانەى نامەکانیان تێدا ئەناردو
خۆشیان تیادا ئەسوتان؟
لەبیرتە بە سەبەتە خوێناویەکانەوە بۆگوڵى سور دەگەڕاین؟
لەدەرگاى مەعبەدو مەیخانەکانمان ئەدا
سەیرى ئەو چرایانەمان ئەکرد بەسەرکتێبى شاعیرەکاندا ئەسوتان و
حەشاماتێک پەپولەیان پێوەبوو؟
لەمەینۆشێک ى ڕاستەقینەو خواناسێکى گوناهکار دەچوین
لەسواڵکەرێکى نورانى وگوناهبار دەچوین
ئەو باخانەت لەبیرە بۆنى عەتریان ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆیی؟
ئەو کچانەت لەبیرە لەدوکانى زێڕەنگەرەکاندا ڕۆحیان وندەکرد
هەربەو ئەڵقەى پەنجەیان خۆیان ئەخنکان
پەنجەیان پێ دیل ئەکرد؟
ئەو بەهارەت لەبیرە بەلەوەى سەرەتان و تاعون هەڵبکات
لەژێر باراندا بەڕوتى ئەخەوتین؟
ئەو ڕۆژانەت لەبیرە برینى عیشقەکانمان وەکو خوێن بەجێپێکانمانەوە
جێدەما
عیشق وەک سێدارەى جەللادێک ئەیداین لەدار
مەرگ وەک قولاپى ماسیگرێک هەڵى ئەگرتین؟
ڕوئیا بەخۆتەوە بمگوشە ،بەخۆمەوە دەتگوشم تاپەراسوەکانمان ورد دەبن
هەڵم مژە، هەڵت دەمژم تاپێکەوە دەبینە جەستەیەک
هەڵمکۆڵە،تاسەرئێسقان هەڵت دەکۆڵم تادەبینە ڕۆحێک
تۆ ئەو ڕۆژانەت لەبیرە دیوارو پەنجەرەکان
بەئەندازە ى پیاو کوژەکان دەیان ناشتین
جەنگ وەک کەنیزەک و کۆیلەو تاڵانى ئەیبردین
وەڕزبوون بەئەندازەى تەنهایی و
حەقیقەت وتن و
درۆنەکردن ئەیکوشتین؟
تۆ ئەو گرانیە گەورەت لەبیرە ڕەوە کوللەیەک
مرۆڤ و دەغڵەکانیان دەخوارد؟
هەزاران داهۆڵى ڕەش پاسەوانى دڵى ئێمەبوون؟
تۆ ئەو هەرزە چەتوونانەت لەبیرە
گۆرانیان بەقاچ و قول و سینەى ڕوتى کچاندا دەوت؟
یان ئەو ئێوارانەى وەک دوومۆم بەسەر یەکتریدا تواینەوە
لەناو فرمێسکى یەکتریدا لەش پیسیمان دەرئەکرد
ئەوئێوارانەى ئەسپ سوارەکان
ئەسپەکانیان بۆ جەنگێکى تر ناڵدەکرد؟
تۆ لەبیرتە ئێوارانێک مەینۆشێک سەیرى ئاوابوونى دەکردو دەگریا؟
سەیرى یادگاریەکانى دەکرد خوێنى لێدەهات؟
ئەو مەینۆشە نائومێدە ئەلێم
قۆڵى بۆ هەموو کچە عەیارەکانى شار ئەکرد بەسەرین
ڕۆحى بۆ هەموو نابیناکان ئەکرد بەمۆم و
دڵى بۆ عیشقێکى ناکام ئەکرد بەتەکیەگا؟
ڕوئیا لەخەونمدا دەبینم دەستەکانم دەچنە خوێنى خۆم
تۆ ئەو ڕیش چەرموەى دراوسێمانت لەبیرە
ئەو پیاوەى نیگەرانیەکانى خۆى دەکێشا؟
ئەوپیاوەى من و ئەو شمشێرەخوێناویەکانمان دەسڕى و
لافیتەى حازرکراومان بۆ مردوەکان دەنوسى
ئاخر من و ئەو تابووتمان بۆدڵى کچەکانى شار دروست ئەکردو
لامان وابوو بۆخۆشمانى دروست ئەکەین
من و ئەو داوەتى شینگێڕەکانمان ئەکرد پرسە بۆدێوانەکان دابنێین
نەمان دەزانى ئەوەى مردبوو تەنها خۆمان بووین
من وئەو گۆرانى (ماڵ غەرب خۆم)مان بۆ بۆ قەرەجەکان دەوت و
نەمان دەزانى لەهەموو کەس غەریبتر ئێمەبووین
نەماندەزانى یادگاریەکانمان دەستیان دەچێتە خوێنى ئێمەو
سێبەرەکانى خۆمان دەمان کوژن
من و ئەو ڕیش سپیە ئاگرمان بەماڵێکەوە دەنا
لەسەر دەرگاکانى نوسرابوو(بەخێرێ بێن بۆ بەرائەت وبەختەوەرى)
من و ئەو خوێنمان دەکردە بادەکانەوە
نەمان دەزانى بادەنۆش و
بادەگێڕى مەیخانەکان ئێمەبووین
ئێمە لەدەست ئەو تارماییانە هەڵدەهاتین لەڕۆحى خۆمان دەهاتنە دەر
لەدەست ئەوناڵینە گوێمان دەگرت دەنگى دڵى خۆمان بوو
ئەو فریشتە سپیانەمان دەکوشت مناڵەکەى ڕۆحى خۆمان بوو
بالەناو خۆڵەمێشەکانى خۆماندا عیشق بکەین ڕٍوئیا
ئەى ئاخرین حەکیمى ئەم بیماریە کوشندەیەم
ژورێکم لەبەرد بۆ دروستکەو ماڵێک لەگڵ
شەمەنەفەرى ئەم نائومێدیە نەوێستگەى هەیەو نەدوامەنزڵ
تۆ ئەو ژنە شارانگەڕەت لەبیرە بیمارى عیشق هەزاران جارکوشتبووى
ئەو ژنەى سواڵى موحیبەتى دەکردو دەیوت:
دڵێک خوێنى لێنەیەت دڵى عاشق نیە
ڕۆحێک لەنێو خوێندا نەبێت بەخۆڵەمێش ڕۆحى عاشق نیە
جوانیەک لەحەسرەتدا لەدایک نەبێت کچى جوانى نیە
موحیبەت لەڕەحمى مەرگەوە نەیەتە دونیا کوڕى ژیان نیە
کۆشکێک ئاشوبى وێرانەى پێوەنەبێت نەوەى بەهار نیە
بۆنى تۆفانى سەردەمەکانى نائومێدى لێدى عیشق ئالودەى مەبن
بۆنى مەیخانەى سەردەمى پێغەمبەرەکۆنەکانى لێدێ گیرۆدەى مەبن
باپەیکەرتاشەکان بەردەکان لەدڵى ئێمەبتاشن
بەردەکان ناتوانن چیتر خواوەندى درۆینەبن؟
تۆ ئەو قافڵانەت لەبیرە سەگەکانیان بۆ ڕامکردنى کچەکانى شار بەخێو
ئەکرد؟
پڵنگەکانیان بۆکوشتنى ڕۆحى بادەنۆشەکان ئاوئەدا
ڕۆحیان وەک ئاوێنە لەتلەتدەکردین و
دڵیان توێ توێ ئەکردین؟
ئێستا ئەو قافڵانە دەردى جوانى کوشتونى و
ئالودەبوونى عیشق ناشتونى
تۆ ئەو کچە دڵشکاوەت لەبیرە جلە خوێناویەکانى عاشقَیکى ئەلاواندەوە
هەربەخەیاڵ عاشقى بووبوو
هەربەخەیاڵیش بۆى ئەمرد؟
ئەو کوڕەت لەبیرە بۆ ئەو کچە دەگریا لەپشت پەنجەرەکەوە تیلەیەکى
تێدەگرت؟
بابچینەوە سەرگۆڕى شاعیرەکان
ژیان لەنێو دڵى ئەم شمشێرەدا مردوە
هەرئەو شاعیرەى لەسەر ڕوى مانگ چوارینەیەکى کلاسیکى دەنوسى
لەپەنجەرەیەکەوە چاوى دەبڕیە ڕێبوارێک کچى ناو خەونەکانى بێت
تەنهاییەکى جاڕسکەر
وەک عەزابى زیندانێکى کۆن کوشتى
لەسەر ئەم خاکى ئاگرە بەدەستەکانم دەڕۆم
ڕوئیا دەبێت لەئارایشتگاکاندا خۆمان لەخوێن و دوکەڵ هەڵکێشین
ئیتر عیشقەکان لەتمان ناکەن ،یادگاریەکانیان دەمانکوژن
ئێستا مەینۆشەکە خۆى کوشتوە کەسیش بۆى ناگرى
دێوانەکە لەڕۆحیدا بووە بەخۆڵەمێش و کەسیش تازیە بار نیە
ئێستا نەیژەن و فلوت ژەنەکان مۆسیقاى مەرگى خۆیان دەژەنن
کەناریەکان لەناو ئەم تاعونەدا گۆڕ غەریبن
پەپولەکان سەرەتانیان گرتووە و پەریزادەکان خۆیان کوشتوە
ئەو عیشقەى لەگۆشەى مەیخانەکان بوو
ئێستا لەسۆزانیخانەکانە
کچەکان هەربەقاوغەشقارتەکانى نامەکان خۆیان سوتاندوە
چراو پەراوانەى سەرکتێبى شاعیرەکان کوژاوەن
باغەعەترەکان بۆنى پێستەى ئاژەڵى کێویان لێدێ
کچەکان بەئەڵقەى دەزگیرانیا خۆیان هەڵواسیوە
گرانیە گەورەکان گۆشتى دڵەکان دەخۆن
ئێستا لەماڵى شاعیرەکان تابووتیان بۆدروست دەکەین
لەباڵى پەپولە کورسى دائەتاشین
ئەو مەینۆشەى سەیرى خۆرنشینى ئەکردو ئەگریا
ئێستا تەکیەگاکەى بووەبەماڵى سۆزانیخانەکان
مۆمەکان و پەپولەکانى بردوەتە قومارخانەکان
ئێستا خوێنى دڵى خۆى ئەکاتەبادەوە
ئێستا ڕیش سپیەکەى دراوسێمان سمێڵى بۆ یاخ ئەکاتەوە
شمشێرەکەى لەخوێنى کوکوختیەکى تر هەڵئەکێشێ
بووەتەوە بەکوڕێکى چواردەساڵان
ئێستا شارانگەڕەکە بووە بەلەشفرۆش
دڵ وجوانى و موحیبەت ى ئەو بوون بەوێرانە
کۆشکەکەشى بووەبەکەلاوە
گوڵەکەى ڕۆحى بەدەم باى نەسیمەوە هەڵوەریوە
بەردەکانیش لەدڵى ئەو
پەیکەرى خوایەکى ناقۆڵایان داتاشیوە
ئێستاقاقڵەکان بەبێ پڵنگ و سەگەکان،
دڵى کچەکان ڕامئەکەن
ئەو کچەش هەربەخەیاڵ عاشق دەبوو
هەربەخەیاڵ گۆڕێکى بۆخۆى کڕیوە
ئەو کوڕەش تیلەى پشت پەنجەرەکان عاشقى ئەکرد
دیوارو پەنجەرەکان سەریان بڕیوە
تۆ ئەو کچە دڵشکاوەت لەبیرە بەناو دوکەڵدا گۆرانى دەوت و دەڕۆیی
سەماى بەمکە تورت وخرپنەکانى دەکرد؟
لەنێو خوێنى سورى خۆیدا گوڵ و بوکەشوشەى سەوزدەکرد؟
مەمکەکانى وەکو سێوێک بەدارەوە گەنیوە
ئەو کوڕەت لەبیرە دواپارچەى ڕۆحى لەگەڵ جگەرەیەکدا ئەسوتان
ئەو کوڕەى لەئاهەنگ وسەفاکاندا ئەگریا
گوڵ و خوێنى لەمەیخانەکاندا دائەنا؟
ئێستا دەردى ئەوین کردویەتى بەحەشیش کێش
نائیتر ئەو کوڕە قەرارى داوە نەگەرێتەوە مەیخانەکەو
کچەش تاهەتایە نەگەڕێتەوە بۆ ژیان.
|