٢٩\٥\٢٠١٤
کوردستان دەبێ بۆ
ژنان و کچانی قوربانی کۆستبار بێ.

مەجید حەقی
لەم رۆژانەدا دەبووایە سەرۆکی هەرێمی
کوردستان و بەرێز مەسعوود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار
نێچیرڤان بارزانی، رەش پۆش بووایەن، پشوودانی فەرمیان رابگەیەندایە و
ئاڵای کوردستان بە نیوەچڵ لە شەقام و شوێنە
فەرمییەکانی حکومەتی شەکاوە بوایە. کوژرانی "دونیا" کچێکی
پانزدە ساڵە بە دەستی مێردە ٤٥ ساڵەکەی کە لە چاکترین
باردا دەیتوانی تەمەنی باوکی ئەو کچە گەنجەی
هەبێت، لووتکەی هەموو ئەو ستەم و تاوانانەیە
کە رۆژانە دژی ژن لە کوردستان روو دەدەن.
بارزانی بۆیە دەبووایە سەرەخۆشی
رابگەیەندایە، چونکە دوای زیاتر لە بیست ساڵ
لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیاردەی توندوتیژیی
دژی ژنان، کوشتنی بە ناو لەسەر شەرەف و بە
زۆری بەشوودان کچانی مندااڵ و مێر
منداڵ لە هەرێمی کوردستاندا باوە و ساڵانە
بە دەیان ژن دەبنە قوربانی ئەو نەریتە دزێوە. کولتوورێک کە هەستی
مرۆڤایەتی تێدا نییە، دژی هەموو پێوانەکانی
ئەخڵاقی و رەوشتی مرۆڤانەیە. کولتوورێک کە لە سادیزم و نەخۆشی دەروونیی
گشتیی کۆمەڵایەتییەوە
سەرچاوە دەگرێت.
بۆیە دەبووایە پرسەی گشتیی
بوایە، چونکە سەرۆکی هەرێم چەندین جار لە قسەکانی خۆیدا، باس لە
دادپەروەریی، پشتیوانیی
لە مافی ژنان و دژایەتی لە گەل توندوتیژیی
دەکات. کوشتنی کچان و ژنان بەرزترین و قیزەوەنترین جۆری توندوتیژییە
دژی هەموو کۆمەڵگا، شەڕێکی گڵاوە دژی هەستی مرۆڤایەتی و خۆشەویستیی
مرۆڤی کورد.
بۆیە دەبێ ئاڵای کوردستان نیوە شەکاوە و کۆستبار
بووایە، چونکە کوشتنی ژنان شتێکی کەمتر لە
کارەساتی ژێنۆساید و بەکۆمەڵکوژی نییە.
کەسێک کە بتوانێت هاوسەری خۆی، کچی خۆی، خوشکی خۆی بکوژێت، دەتوانێت بە
ملیۆن لە مرۆڤەکانی دیکەش بکوژێت.
لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، شەقامی گەورە،
خانوو و بورجی بەرز ساز کراون، سەیرانگە، هۆتێل و زۆر جێگا کە نمادی
پێشکەوتنی رووەکین سازکراون. بەڵام سەدا یەکی ئەو ئاوەدانییە
رووەکییەی رووی بە کۆمەڵگا نەبووە. تا
ئێستاشی لە گەڵ بێت لە هەرێمی کوردستاندا ناوەندێک نییە
بۆ گفتگۆ و راوێژی کێشە بنەماڵەییەکان، رێنوێنیی
لاوان بۆ پێوەندیی و جۆری پێوەندییەکانیان،
خوێندەواریی پێوەندیی
نێوان ژن و پیاو لە سەدەی راگەیاندن و پێوەندییەکاندا،
ناوەندێک نییە بۆ پەنابردنی قوربانیانی
توندوتیژیی بنەماڵەیی و قوربانیانی شوودانی
بە زۆرەملی. لە قوتابخانەکانی ناوەندی و
دواناوەندیدا پەرتووکێک و بابەتێکی خوێندن نییە
لە پێوەندی لە گەڵ کولتووری دواکەوتوو و دوورە پەرێزی لە توندوتیژیی
کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی.
سیاسەتی کۆمەڵایەتی و سەرمایەگوزاریی لە سەر
سیاسەتی کۆمەڵایەتی باشترین رێگای بەربەرەکانی لە گەڵ تاوان و کولتووری
تاوانبار بارهێنانە. لەو پێوەندییەدا
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی ئەوەندە بچووک و نادیارن،
کە بە داخەوە جارێ دەبێ چاوەرێی رژانی خوێنی
پتریی کچان و ژنانی کۆمەڵگا بین و ئارەقی
شەرم بە رووی هەموومانەوە ببارێت.
فینلاند
majid.hakki@gmail.com
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''دنیا'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosiyeydunya.htm
|