کوردستان کێشه‌ی سه‌ره‌کی منه نه‌ک فه‌له‌ستین.
سه‌دیق ڕه‌نجبه‌ر
بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌کانم به هه‌ڵه لێکنه‌درێته‌وه، پێشه‌کی نه‌ک هه‌ر زۆرم پێناخۆشه که‌وا شاری غه‌ززه له‌ژێر بۆمبابارانی ئیسرائیلدایه، به‌ڵکه هاوخه‌می خۆم بۆ گشت قوربانیانی ئه‌وێ هه‌یه، هه‌رتاوانێک ئه‌نجام درابێ هه‌قی لێکۆڵینه‌وه‌ی دادگایی هه‌یه. ئه‌گه‌ر هه‌ر مناڵێک، ژنێک، پیره‌مێردێک یا هه‌ر که‌سێکی بێگوناه خوێنی لێبڕژێ، من ئێش و ئازاری قوربانیان و خوێنی به ناهه‌قرژاوی گشت شه‌هیدانی کوردستانم بیرده‌که‌وێته‌وه، بۆیه هاوسۆزی خۆم بۆ خه‌ڵکی بێچاره‌و لێقه‌وماوی غه‌ززه ده‌رده‌بڕم، هیوادارم که به زووترین کات له‌م کاره‌ساته دڵته‌زێنه ده‌ربازیان ببێ. له هه‌مانکاتدا داوای ئه‌وه‌ش ده‌که‌م که ئیسرائیل واز له غه‌ززه بێنێ و دوژمنکاریه‌که‌ی ڕاگرێ، هه‌روه‌ها داوای ڕووخانی سیسته‌می ڕژێمی ئیسلامی حه‌ماس ده‌که‌م که دیاره ئه‌و کاره‌ساته مرۆڤایه‌تیه له‌نێوچه‌وانی ئه‌و عه‌قلیه‌ته دواکه‌وتووه‌ی حه‌ماسه که له‌گه‌ڵ گیانی سه‌رده‌مدا ناگونجێ دروستبووه.
به‌رای به‌نده هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م شه‌ڕه، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی حه‌ماسه، که بیروباوه‌ڕی سه‌رده‌م قبووڵ ناکاو له خه‌یاڵی رابردووی سه‌ده‌کانی خه‌لافه‌تی ئیسلامی‌دا ده‌ژی، هه‌ربۆیه‌ش هه‌بوونی ده‌وله‌تی ئیسرائیلی پێ هه‌رسناکرێ که به کافریان ناو داده‌نێت. حه‌ماس پێی وایه هه‌موو ئیسرائیل ده‌بێ له ده‌ریا بکرێ و ئه‌نفال بکرێن، به حیسابی ئه‌وان ده‌بێ عه‌ره‌ب و ئیسلام حوکمی ئه‌وێ بکه‌ن و فه‌له‌ستین مانای هه‌موو ئیسرائیل ده‌گرێته‌وه. هه‌روه‌ها هۆکاره‌که‌ی تریش ئیسرائیله که بێڕه‌حمانه که‌وتۆته پێشێلکردنی مافه‌کان و به‌کارهێنانی چه‌کی حه‌رامکراو.
ئه‌م بۆچوونه‌ی حه‌ماس که ئه‌ویتر قه‌بوڵ ناکات، له‌کاتێکدا که به هێزو پاڵپشتی سوریا‌و ئێران ده‌خوڕێ و درێژه‌پیده‌ری سیاسه‌تی ئه‌م دوو ده‌وله‌ته‌یه، هه‌ر به فیتی ئه‌وانیش دۆزه‌خی شه‌ڕی کردۆته‌وه بۆ خه‌ڵکی بێچاره‌ی غه‌ززه‌ی فه‌له‌ستیندا، خالید مه‌شعه‌لی سه‌رۆکیان بیباکانه له مه‌یدانی جه‌نگدا نیه‌و له شاری دیمه‌شقی سوریا خۆی شاردۆته‌وه، گوێی له ته‌قه‌یه‌ک نیه‌و داوای شه‌ڕی زیاتر و خۆبه‌کوشتندان له خه‌ڵکی بێچاره‌ی فه‌له‌ستین ده‌کات. له‌کاتێکدا ئیسرائیل وا ماڵ به‌ماڵ له شاره‌کان ده‌گه‌ڕێ، سه‌رکرده‌و چه‌کدارێکی زۆریان له حه‌ماس کوشتووه‌و هه‌موویان له‌به‌ره‌ی جه‌نگ هه‌لاتوون و له‌په‌نای ژن و مندالان خۆیان شاردۆته‌وه، که‌چی له‌په‌نارا، ته‌قه‌یه‌ک یان مووشه‌کێکی وێل ده‌هاوێژن، ده‌بێته فرسه‌ت و ئیسرائیلیش شوێنه‌که ده‌داته به‌ر ئاگر، که‌چی خالید مه‌شعه‌ل ده‌ڵێ ئه‌م شه‌ڕه له قازانجی ئێمه‌یه‌و ئێمه سه‌رکه‌وتووین! ڕه‌نگه ئیسرائیل زۆری پێخۆش بێت ئه‌م مووشه‌کانه به‌رده‌وام بێت، هه‌ر بۆیه‌ش ته‌واو ڕێگه‌ی پێناگرێ، هه‌تا پاساوی داگیرکاریه‌که‌ی درێژتر بێته‌وه، بۆ زانینیش ئه‌وه چه‌ندین جاره ئیسرائیل ده‌ڵی هه‌تا ئه‌و مووشه‌کانه نه‌وه‌ستێ ئێمه شه‌ڕ ڕاناگرین.
ئه‌و کاره‌ی حه‌ماس ده‌یکا ڕیک وه‌ک ئه‌و تیرۆریستانه وایه که کۆمه‌ڵێ خه‌لکی سڤیل، له ژن و منداڵ و پیر ده‌که‌ن به بارمته بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو سوپه‌ر سوودیان لێوه‌رگیرێ، حه‌ماسیس 1،5 یه‌ک ملیۆن و نیو که‌سی کردۆته بارمته. به‌و پێوانه‌یه بێت، ده‌بێ بزوتنه‌وی حه‌ماسی ئیسلامی له زۆری بارمته، پێوانه‌ی تیرۆریستانی جیهانی تێپه‌ڕاندووه.
حه‌ماس وه‌ک جوولانه‌وه‌یه‌کی دواکه‌وتووی نه‌زان، پێی حه‌ڵاله هه‌رچی ژن و مناڵ و پیرو شوێنی سیڤیلی ئیسرائیل هه‌یه مووشه‌کباران بکرێ! ئه‌گه‌ر پێی بکرێ له شوێنه سیڤیلیه‌کانی ئیسرائیل‌دا، له هه‌ر شوێنێکی قه‌ره‌باڵغی بازاڕدا، ئه‌وپه‌ڕی کرده‌ی خۆکوژی ئه‌نجام بده‌ن، بۆ کوشتنی زۆرترین خه‌ڵکی سڤیل! ئه‌دی برایان ئه‌گه‌ر ئه‌وه تیرۆر‌و ئه‌وپه‌ڕی دڕندایه‌تی دژی مرۆڤایه‌تی نه‌بێ چی مانایه‌کی تری هه‌یه!
دیاره هه‌ندێ له ئیسلامیه‌کانی کوردستان به هۆی هانده‌ری دینیه‌وه، ده‌یانه‌وێ هه‌ڵوێست بنوێنن به‌رامبه‌ر ئه‌م کاولکاری و داگیرکاریه‌ی غه‌ززه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، له‌کاتێکدا حه‌ماسیش تاوانبار ناکه‌ن، که به‌رای به‌نده ده‌ق و ده‌ق ده‌چیته خانه‌ی پشتگیری له گه‌وجێتی و کرده‌وه نامڕۆڤانه‌کانی حه‌ماسه‌وه.
هه‌ندێ پاساوی لاوازیان هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر نیشتیمانپه‌روه‌رانی کورد گوایه هه‌ندێ له ئیسلامیه‌کان و پیاوانی ده‌وڵه‌تی دنیای عه‌ره‌ب به‌رامبه‌ر کیمیابارانی هه‌له‌بجه هه‌ڵویستیان هه‌بووه یان قسه‌یه‌کیان کردووه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی که ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی له کۆمێنتارێکدا ناڕه‌زاییان بۆ کۆمه‌ڵکوژی هه‌له‌بجه ده‌ربڕیوه، له‌کاتی کاره‌ساته‌کان نه‌بووه، هه‌روه‌ها به‌یاننامه‌ی هیچ ڕیکخراوێکی به‌ناوی حیزبی و حکومی نه‌بووه، به‌لکه بیرورای چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی ئیسلامی عه‌ره‌بیه، خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی دره‌نگوه‌ختیان ده‌ربڕیوه که دیسان جێگای ته‌قدیره، به‌لام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌کاتی خۆی زۆر تێپه‌ڕیوه، وه‌کو ووشکه پیاوه‌تی لێدێت. جا بۆ ئه‌و ئیسلامیانه‌ی گوایه ده‌ڵێن کورد هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر فه‌له‌ستین نه‌بووه، ئه‌وانه زۆر سه‌رچیغ چووینه، چونکه هه‌ر له شاعیران و نووسه‌رانه‌وه بگره هه‌تا سیاسه‌تمه‌داره‌کانیشمان، به‌ده‌یان شیعر‌و نووسین و هه‌ڵوێستی حیزبیان هه‌بووه بۆ لایه‌نگری فه‌له‌ستینه‌کان، ته‌نانه‌ت سه‌ر‌وه‌ختێک له حه‌فتاکان، ئه‌گه‌ر ئاگایان له‌ئه‌ده‌بیاتی کوردی هه‌یه، پانتاییه‌کی زۆری نووسینی کوردی داگرتبوو. ئه‌مڕۆش ئه‌وه نیه ئێوه‌ی ئیسلامی به مه‌به‌ستێک و که‌سانی وه‌ک منی سێکیولار به مه‌به‌ستێکی تر، خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆمان بۆ ئه‌م مه‌رگه‌ساته ده‌رده‌بڕین، خۆ ناکرێ هه‌موومان وه‌ک یه‌ک بیر بکه‌ینه‌وه.
ماوه‌ی زۆرتر له ساڵێکه، به‌رده‌وام هه‌ردوو ده‌وله‌تی تورکیا‌و و ئیران تۆپباران و مووشه‌ک بارانی بناری قه‌ندیل و خواکورک و ناوچه سنوریه‌کان ده‌که‌ن، ئه‌و هێڕشه گه‌وره‌ی پارساڵی تورکیا کرا به‌سه‌ر قه‌دیل که شکور تێکشکا، ئایا که‌سیکی ئیسلامی، یان عه‌ره‌بی یان فه‌له‌ستینی هاتووه، وه‌ک چۆن کوردێکی زۆر به نووسین هاوده‌ردی خۆیان ده‌رده‌بڕن بۆ فه‌له‌ستین، ئه‌وانیش بێن هاوده‌ردی خۆیان ده‌ربڕن بۆ به‌کۆمه‌ڵکوشتن و ده‌ربه‌ده‌رکردنی ئه‌و هه‌موو گوندانه‌ی قه‌ندیلی کوردستان! ئایا حه‌ماس یان ڕیکخراوی فه‌تح یان هه‌ر یه‌کێکی تر هیچ هه‌ڵوێستێکی نیشانداوه تا ئێمه‌یش بێینه وه‌لام! بۆچی ده‌بێ ئێمه خۆمان له عه‌ره‌به‌کان به‌که‌متر بزانین، ئه‌وان هاوده‌ردمان نه‌بن و ئێمه هاوده‌ردیان بین، برایان شتی وه‌ها له‌دنیادا که‌ی هه‌یه. لیره‌دا مه‌به‌ستی من ئیسلامیه‌کانی کوردستان نیه که که‌م تازۆر هه‌ڵویستیان هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌م کاولکاریه‌ی ده‌وله‌تانی تورکیا‌و ئێران له کوردستان ده‌یکه‌ن.
به‌راستی هه‌قه ئیسلامیه‌کانی کوردستان به پێوه‌ری شین و شایی ده‌سته‌وایی که له‌کاری دیپلۆماسیش هه‌روه‌هایه، له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕووداوه‌کانی ده‌وروبه‌ردا بجولێنه‌وه ، وه ئه‌گه‌ر به‌بێ زێده‌ڕۆیی هاوسۆزی خۆشمان تۆزێ له‌وان زیاتر نیشان بده‌ین کارێکی باشه. به‌لام مه‌عقول نیه منی کورد له مه‌حمود عه‌باسی سه‌رۆکی فه‌له‌ستین، فه‌له‌ستینی تر بم، که له‌دژی خالید مه‌شعه‌لی سه‌رۆکی حه‌ماس ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ره‌نگاریه‌ی حه‌ماس داوای ده‌کا، له‌ناوبردنی فه‌له‌ستینه‌کان بێت، ئێمه ئه‌و به‌ره‌نگاریه‌مان ناوێ.
بۆیه ده‌ڵێم ئه‌و خۆته‌نگاوکردن و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی هه‌ندێ له ئیسلامیه‌کان ته‌واو هه‌ڵه‌یه‌و به ئاگایی یان به بێئاگایی ده‌بنه یارمه‌تیده‌ری بزواندنی هه‌ستی ئیسلامی بۆ به‌ره‌نگاری له‌دژی ئیسرائیل و لایه‌نگری ڕاسته‌وخۆی ڕێکخراوی تیرۆریستی حه‌ماس، دیاره حه‌ماسیش هه‌ر ئه‌وه ئامانجیه‌تی. ئه‌م جۆره هه‌ڵوێسته‌ش له به‌لاڕیدابردنی کێشه‌ی کوردی زیاتر هیچی تری لێ شین نابێت. بۆیه ڕووی خۆم ده‌که‌مه هه‌ندێک له برایانی ئیسلامی کوردستان ده‌ڵێم تکایه به هه‌ڵه بارودۆخه‌که هه‌ڵمه‌سه‌نگێنن.
هه‌ر کاره‌سات و پێشهاتێک له کوردستان ڕووبدات بۆ منی کورد گرنگتر‌و له پێشتر‌و کاریگه‌رتره له فه‌له‌ستین و هه‌موو دنیا، من هێشتا کوردستانم داگیرکراوو ژێرده‌سته‌یه، من جارێ کاره‌ساتی کوردستانم له‌به‌ر ده‌سته، ڕۆژانه کوردستانم مووشه‌کباران ده‌کرێ، دێهاته‌کان کاول ده‌کرێن، به هه‌زاران ده‌ربه‌ده‌ر بوونه، ئه‌وه‌یه کێشه‌ی سه‌ره‌کی من. به‌لام مانای ئه‌وه‌ش نیه که کاره‌ساتی هه‌ر گه‌لێکی دنیا کارمان تێناکاو نامان هه‌ژێنی، ئاخر چۆن ده‌کرێ فه‌له‌ستین و عه‌ره‌ب به ئه‌رکی کوردانی بزانن که به‌رده‌وام فه‌له‌ستینمان خۆشبوێی، به‌لام که دێته سه‌ر کاره‌ساته‌کانی ده‌ربه‌ده‌ربوونی ئێمه له قه‌ندیل و ناوچه‌کانی تر، به فه‌رمی و نافه‌رمی هیچ هه‌ڵوێستێکی جیددیان له‌سه‌ر کورد نه‌نواندوه، ئایا خۆشه‌ویستی یه‌کلایه‌نه له هیچ کونجێکی دنیادا سه‌رکه‌وتووه؟
12-01-2009
|