په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

لاوازی ڕۆڵی میدیاكانی كوردستان

لە بزواندنی  هەستی نەتەوایەتی لە تەنگژەی ئێستای كوردو توركدا.

 

خه‌بات لاوباخ         

 

لە دوای هاتنەناوەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ ناو گۆرەپانی سیاسی و شۆڕشگێڕی باكوری كوردستان  ، میدیاكانی توركان بەگشتی ولەم تەنگژەیەدا

بەتایبەتی ،هەموو بوارەكانی میدیایان خستۆتەگەڕ بۆ شێواندنی ڕاستیەكان و بەهێزكردن و بزواندنی هەستی نەتەوایەتی لای هەر تاكێكی تورك دژی كورد وبزاڤە ڕەواكەی ، بەدەیان كەناڵی ئاسمانی توركی و جیهانی و ڕۆژنامەكانیان و

سایتی ئینتەرنێت و سیاسەتمەدارەكانیان لە دەرەوە و ناوەوە كەوتونەتە پڕۆپاگەندە بۆ پەیداكردنی پشتگیری زۆرتر بۆ نیازە گڵاوەكەیان ، كە هێرشكردنە سەر ناوچە ئازادكراوەكەی  باشوری كوردستان و كپ كردنی دەنگی ئازادی كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان ، تەنانەت بڵاوكردنەوە و‌ هەڵواسینی ئاڵە شڕە سورەكەیان ، كە نیشانەی خوێن ڕشتنە ، لە ماڵان و دوكان و بازارەكانیان ، تەنانەت لە ئەوروپاش كردویانە بەپیشەیەكی ئاساییان.

 

لەدوای گۆڕینی سیستەمی كەلتوری جیهانی  وهاتنی سیستەمی گلۆبالیزم و پەرەسەندنی باری ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ ناو كۆمەڵگای كوردستان ،هەوڵدانی ووڵاتانی داگیركارانی كوردستان لە هەموو ڕێگاییەكەوە بۆ كەمكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی ، تا ڕادەیەك داكشانی و نزم بوونەوەی ئەم هەستە ڕەچاو دەكرێت ، ئەمە زەنگێكی ترسناكە بۆ داهاتووی كوردستان.

بەداخەوە میدیاكانی ئیمڕۆی كوردستان هیچ ڕۆڵێكی بەرچاوییان ‌نەگێڕاوە بە تایبەتی لەم تەنگژە سیاسیەی ئیمڕۆ كوردستانی تێكەوتووە ، كە دەبینین ڕۆژانە هەواڵی دڵتەزێن و ترسناك دەبیسترێت و زۆر بەخەمساردییەوە دەڕوانرێتە بابەتی ڕۆژگار ، بەپێچەوانەی میدیاكانی جیهانەوە ،كە گرنگی تایبەتیان داوە بەم تەنگژەیە و هەریەك بۆ سودی خۆی لێكی دەداتەوە و تیشكێك لە لێكۆڵینەوە و پێشبینیەكان و ئەنجامەكانی دەخەنەسەر بابەتەكە.

ئەگەر بڕوانینە ووڵاتێكی زلهێزی وەك ئەمەریكا ، كە كۆمەڵگایەكی فرە نەتەوە و ئابوورییەكی بەهێز و تەكنەلۆژییەكی پێشكەوتوو و سیستەمێكی دیموكراتی سەردەم ،كەچی لایەنی هەستی نەتەوایەتی  فەرامۆش نەكراوە و بەردەوام لە سەر  زمانیانە و هانی هاووڵاتی خۆیان دەدەن ،كە لەپێناویدا قوربانی بدەن.

یان ووڵاتانی دراوسێمان ، هەموو بابەتێكی سیاسی و ئابووری و كەلتوری دەقۆزننەوە بۆ هاندانی میللەت بۆ پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتیان و بەكارهێنانی بۆ سودی خۆیان ، تەنانەت ئایینی ئیسلام بەكارنەهاتووە بۆ خواپەرستی بەڵكو بۆ هەستی نەتەوایەتی چی عەرەب ،فارس یان تورك ، كەچی ئێمەی داگیركراو لە سێ پارچەدا و نیمچە سەربەخۆییەك لە پارچەیەكدا ، نەمان توانیوە هیچ دەرفەتێك بەكار بهێنین بۆ پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتیمان.

بەداخەوە تائێستاش بە پێچەوانەی عەرەب و فارس و توركەوە ،كە  هەموو جۆرە ڕیكلامێك دەكەن بۆ دوژمنایەتی كورد و كوردستان و نكۆڵی لە بوونی كورد دەكەن  ، كەچی ئێمە بەردەوامین  لە ڕیكلامەكردنی كەل وپەلی ووڵاتانی داگیركار و هێنانی گۆرانیبێژانی عەرەب و تورك و بەخشینی پارەیەكی زۆر و لاسایی كردنەوە و بەكارهێنانی ئاوازەكانیان و شێواندنی كەلتوری كوردیمان.

لە جیاتی شیواندنی كەلتورەكەمان بە كەلتوری بێگانە و بانگەوازی برا بچوكیان بدەین و خۆ بەكەم بزانین و دوژمنایەتی شۆڕشگیڕانی پارچەكانی تر بكەین و هەڵسین بە داخستنی بارەگای پارتەكانی هاوسۆزی پ.ک.ك.  یان بڵاوكردنەوەی چەند ڕستەیەكی كاتی هەرزەكاری لە پەڕاوێزی شاشەی كەناڵەكان بۆ پەیداكردنی چەند سەنتێك ، كە هەر پێویستیان پێ نیە ، دەبوایە  هەوڵ بدرایە چەند پڕۆگرامییەكی بەسود و پڕ لە زانیارییان تێدا بووایە لە بارەی مێژووی پڕ لە خوێناوی كورد و خوێنمژی داگیركارانی كوردستان و پشتگیریكردنی ڕۆڵە نەبەزەكانی كورد لە پارچە داگیركراوەكانیان ،نەك ناوبردنیان بە تێرۆریست و یاخی بوو.

پێویستە میدیاكانی كوردستان بەئاگا بێنەوە بەتایبەتی  كەناڵە ئاسمانیەكان  چیتر بەرنامەی كاڵ وكرچ پێشكەش نەكەن و هەوڵ بدەن میللەت هوشیار بكەنەوە و ترسناكی و پیلانگێڕی و دوژمنكاری ووڵاتانی دراوسێ شی بكەنەوە و لاوان پشتگوێ نەخەن وبەدەنگیانەوە بچن تا ئەوانیش لە ڕۆژی تەنگانەدا بەدەم ووڵات و نەتەوەوە بچن ، كاتی بێدەنگی بەسەر چووە.

كامانەن ؟؟ ئەو كەسا‌نەی هەوڵی ئامادەكردن و پێشكەش كردنی بەرنامەیەكی پڕ بەپێزن، بۆ بزواندنی هەستی نەتەوایەتیمان ، یان دەرخستنی نیازپاكیمان كە ئێمە ڕەگەزپەرست و شۆڤێنی نین و دژی هیچ نەتەوە و كەمایەتیك نین و حەزمان بەئاشتی و پێكەوە ژیانە بەیەكسانی ، چۆن ئازادیمان بۆ خۆمان دەوێت ،ئاواش بۆ توركمان و ئاشوری و كلدانی  هتد ... دەوێت.

پێویستە لەسەر نوسەر و ڕۆژنامەنوسان بکەونە خۆیان و ڕووی ڕاستی دوژمنان نیشان بدەن و چیتر ملكەچ و پابەندی سیاسەتی پارتەكان نەبن.

ئیمڕۆ هەموو میدیای تورك لە خزمەتی هەستی نەتەوایەتیدایە تا گەیشتۆتە ئاستی ڕەگەز پەرستی و فاشیستی، كەچی میدیاكانی ئێمە دەستەوئەژنۆ دانیشتوون و زۆرجار خزمەت بە دوژمنكاری داگیركاران دەكەن و ووتاری نابەجێ بڵاو دەكەنەوە.

پێویستە دەست بەكار بن لە پێناوی بەرز ڕاگرتنی شۆڕشە ڕەواكەمان لە هەر چوار پارچەكە و برەوپێدانی گیانی هاوكاری و هاوسۆزی و یەكگرتوویی  و یەكدەنگی و ڕیسواكردنی كارە دوژمنكارییەكانی داگیركاران و دەرخستنی جیاوازی نێوانمان ، ئەوان ڕەگەزپەرست و شەڕانگێز ، ئێمە ئاشتیخواز و نیشتیمانپەروەر.

 

Kardo961@yahoo.de