په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٠\٢٠١٠

لەبیربردنەوەی خوێنی سەردەشت و پاشەکشە لە ئازادیی...!


دارا مەحمود  


یەکەمین بەڵێنێک کە هەموو پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دوای ڕاپەڕین بەخەڵکیاندا ئازادی و دیموکراسی بوو. چەند ساڵێک بە بیانووی شەڕی ناوخۆ، هیچکامیان بەدی نەهاتن. بەڵام دوای ئاشتبوونەوە کەم، یان زۆر هەنگاو نران. هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ خەڵکی تینووی ئازادی و دیموکراسی کەتازە پشتی لەبن باری قورسی داپڵۆسین و سەرکوتکردنی ڕژێمەکەی سەدام ڕاستدەکردەوە زۆرو دڵخۆشکەربوون. بەڵام ئەمانە تەنیا بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوودا بەزۆر دەژمێردران. و پاشان بەرەبەرە کەچاوی خەڵک کرانەوەو ئەزموونی گەلانیان دیت و لەڕووی ئەکادیمییەوە شارەزاییان لەسەر ئەو چەمکانە پەیداکرد... خواستی تری ڕەوا سەریان هەڵداو هەموو گوتیان: ئێمە شایستەی پترین. لەئاکامدا دیموکراسی لە سەرەتایەک بەولاوە هەنگاوی نەهاویشت وبەدابەشکردنی دەسەڵات و سامان لە نێوان پارتی و یەکیەتیدا ئەو دیموکراسییە سەرەتاییەش لەباربرا. تائەوەی لەئەنجامی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان و هەوکردنی قەیرانەکان، بزووتنەوەی گۆڕان هاتە ئاراوەو بێ ئەوەی لێرەدا مۆرکی باشی یان خراپی بەگۆرانەوە بلکێنین دەتوانین بڵێین یەکەمین تیشکی دیموکراسی بەدەرکەوتنی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن ،لەم بەشەی کوردستاندا بەدیارکەوت.


بەڵام ئەوەی پتر لەدیموکراسی بەدیهاتبوو، ئازادی بوو. ئازادییەکی کەم وێنە بۆ خەڵکانی سەر پارچە زەویەکی بچووکی وەک باشووری کوردستان، و لەو شوێنە جیوگرافیاییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆهەمووان جێگای سەرنج بوو. بەڵام پاشان چی ڕوویدا..؟


دیموکراسی و ئازادی و چەمکەکانی تری وەک عەدالەتی کۆمەڵایەتی، سەروەری یاسا،و مافی مرۆڤ...هتد کاتێک لەوڵاتێکدا بەدیدی دێن، بۆئەوە نییە سوود یان زیان، بەپارت و لایەنێکی سیاسی بگەیەنن، یان دەسەڵاتی پارتێک مسۆگەر بکەن، یان تەمەنی سیاسی ئەم یان ئەو پارت درێژ یان کورت بکەنەوە، مەزنایەتی بەسەرکردەیەک ببەخشن، یان لێی زەوت بکەن.. بەڵک بۆ دەستەبەرکردنی ژیاێکی ئاسوودەو شایستەی ئێستاو ئایندەی کۆمەڵگا. کۆمەڵگاش وەک یەکە(وحدە) یەک کە شیاوی پارچەبوون و لێک جیاکردنەوە نییە. بەسەرکەوتن لەو پرۆسە گەورانەدا سوودمەند، بەشکەستیشی زەرەرمەند دەبێت.


بۆ نموونە دیموکراسی وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو، و تاقیکراوەی مرۆڤایەتی باشترین شێوازی حوکمەو گەلان لەژێر سایەیدا پتر بەمافەکانیان دەگەن و هەموو کۆمەڵگا پێکەوە سوودمەند دەبێت. بەڵام ئاستی سوودو زیان بۆ پارتە سیاسییەکان وەک یەک نییە.


لەدیموکراسیدا هەڵبژاردن و وەلانان هەیە. پارتێک یان پتر دەیبەنەوەو هیتر دەدۆڕێنن. جار هەیە ئەو دۆڕان و بردنەوەیە کاتی و جاری تریش دەکرێ ببێتە هۆی مەرگی سیاسیی پارت یان سەرکردەیەک و درەوشانەوەی ئەستێرەی پارت یان سەرکردەیەکی تر..


بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسی، بەپلەی یەکەم باوەڕهێنانی ئەو لایەنانە کەبەشداریی پرۆسەکەدەکەن بە دیموکراسی پێویستە، نەک مانەوە یان نەمانەوی فڵانە پارت و کەسایەتی لەسەر کورسی دەسەڵات.


ئەوەی لەکوردستان ڕووی دا باوەڕهێنان بەدیموکراسی نەبوو. بەڵکو لەحاڵێکدا لەسەرکەوتنی خۆیان دڵنیابوون، چ ترس لەهەڵبژاردن. و کاتێکیش دڵنیابوون لەلایەنگیریی بێ وێنەی جەماوەر بۆیان، چ ترس لە ئازادیی..؟


بەڵام جەماوەریش گۆڕان بەسەر دیدو خوێندنەوەی بۆ ڕووداوەکاندا هات و توانای هەڵسەنگاندنی پەرەی سەند. توێژێکی ڕەخنەگر پەیدابوون و دەسەڵات و پارتە سیاسییەکان و گشت پرۆسەی سیاسیان خستە بەر هەڵمەتی ڕەخنەی باش و خراپ. هەندێک لەوانە لەبناغەوە ڕەخنە نەبوون بەڵکو بریتی بوون لە جنێودان و پەنابردن بۆ قسەی سووک و بازاڕیی و بەهانەگرتن و دیفاعکردن لەبەرژەوەندی تاکەکەسی. بەشەکەی تریش ڕەخنەی بابەتیانەی پشتبەستوو بە زانستی سیاسەت و بەراووردکردن لەگەڵ ئەزموونی گەلان و قووڵبوونەوەیەکی مەعریفیانە بە ماهیەتی دیاردەو ڕووداوەکان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیاسیی... بەڵام دەسەڵات(بەهەبوونی جیاوازیی لە نێوان پارتی و یەکیەتیدا) کە پێشتر بە ڕەخنە لێگرتن ڕانەهاتبوو، کاردانەوەی جۆربەجۆری لەخۆی نیشاندا. تاوێک ڕەخنەیان بەسەر بنیاتنەرو ڕووخێنەر دابەشکردو، تاوێکی تریش مەرجی ستایشیان لەپاڵ ڕەخنەدا دانا. لەپاڵ ئەمەدا بەتایبەتی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە وەک هەمیشە سیاسەتی دەمچەورکردن پەیڕەوکرا. نووسەران و ڕەخنەگرانیان بەپلەوپایەو سامان هەڵخەڵەتاند. گەلێک لەوان کەوتنە ئەو داوەوەو ناو،و قەڵەمەکەیان دۆڕاند. بەڵام ئەمانە هیچیان سوودیان نەبوو، و تادەهات ڕەخنەکان بابەتیانەترو بەناوەرۆکترو بوێرانەتردەبوون. ئیتر ڕەخنەگران تەنیا بریتی نەبوون لەوانەی دوورن لەستەمی دەسەڵات و لەو سەکۆو دەزگایانەوە دەڵێن و دەنووسن کە لەڕۆژئاوا چالاکی دەنوێنن، بەڵکو لەناوەوە ڕۆژنامەو بڵاوکراوەو وێبسایتی جۆربەجۆر کەوتنە کار. بەڵام دەسەڵات لەبری بەخۆداچوونەوەو لەخۆپرسینی چما ڕەخنە..؟ یان ئایا ئەو ڕەخنانە دەربڕی واقیعێکن و نوێنەرایەتی هزریی کۆمەڵانی خەڵک دەکەن یاخود تەنیا هی داخ لەدڵانن و پێویستە تەمبێ بکرێن..؟ کە بەداخێکی زۆر گرانەوە دەسەڵات ئەمەی دووەمیانی هەڵبژاردو ئێستاشی لەگەڵ بێت دان بەم هەموو دزی و پێشێلکردنی یاساو بێ عەدالەتی و نابەرابەریانەدا نانێت و ڕێگای تەمبێکردنی گرتۆتە بەر. کەسەرەتا بەهەڕەشەو چاوترساندن و پاشانیش ترۆرکردن کە لەکوشتنی ڕۆژنامەنووسن سۆران مامەحەمەو پاشانیش سەردەشت عوسماندا خۆی نواند. بەمەش ڕانەوەستاو ئاستی ئازادی ڕادەربڕینی بە تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر ڕۆژنامە ئەهلییەکان و داواکردنی بڕەپارەیەک کە لەتوانای ئەو چاپەمەنیانە بەدەرەو هەروا تۆمەتبارکردنی ڕۆژنامە نووسان بەنۆکەرایەتی بێگانە... تەسک و تەسکتر کردەوە.


ئێستاش هەقمانە بپرسین: ئایا دەسەڵات لەمڕووەوە دەیەوێت چی بکات..؟ ئایا بەڕاستی پێوایە کە ئەو مافی دابەشکردن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زارو سامانی کوردستانی هەیە بەسەر کۆمەڵێکی بچووکی سەربە ماڵباتی دەسەڵات بەڵام خەڵک مافی ئەوەی نییە بپرسێت بە پێی چ یاسایەک..؟ ئایا بەڕاستی پێیوایە کە بە ترۆرکردن و ترساندن و بەرتەسککردنەوەی بواری ئازادییەکان... دەتوانێ خەڵکی ناڕازی دەمکوت بکات. یانیش بە دەمچەورکردنی هەندێکان ڕەخنە لەناو ببات..؟ بەداخەوە پێدەچێت دەسەڵات بە بەڵی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە. و لەمەوە دەسەڵات بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، سێ خاڵی سەرەکی ئاشکرا کرد:


١- ئاشکرابوو کە ئەم دەسەڵاتەو بەگشتی مێشکی سیاسیی کورد هێشتا هەر بە شێوازە کلاسیکییەکە بیردەکاتەوەو سوورە لەسەر ئەو دەستەواژەی کەدەڵێت: لەگەڵم بیت خەنیت دەکەم، لەدژم بیت لەناوت دەبەم. کە ئەمەش لەگەڵ سادەترین پرێنسیپەکانی دیموکراسیدا نامۆیە.
٢- ئەم دەسەڵاتە زۆری ماوە فێربێت کە مامەڵە لەگەڵ ئازادیدا بکات و تەحەمەلی ڕەخنەو ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان بکات.
٣- ئەم دەسەڵاتە هێشتا مەست و گێژی سەرکەوتنەو لە خۆباییانە ڕەفتاردەکات و چاوی تەنیا دەوروبەرەکەی خۆی دەبینێت.


پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگای بەرپرس و بەراتخۆرانی بواری ڕۆژنامەوانیدا خۆی مەزڵوم و زۆرلێکراو دەبینێت ودەڵێن:(ئەی ئەگەر چاوسوورنەکەینەوەو، بەرانبەرەکانمان ئازارنەدەین و نەترسێنین و داوای سکاڵایان لەسەر تۆمار نەکەین چی بکەین..؟)* بەڕاست بیرکردنەوەیەکی ئاواو پرسیارگەلێکی لەمجۆرە نیشانەی سوکایەتی کردن بەیاساو بەهیچ دانانی یاسا نییە..؟ ئایا لەژێرسایەی سیستەمێکدا کەناوی لێنراوە دیموکراسی و بانگاشەی سەروەری یاسای تێدابکرێت مرۆڤ لەوجۆرە قسانەی بەمێشکدادێت..؟ ئەدی ڕۆڵی یاساو دادگاکان کوانێن..؟ ئایا یاسایەکیش کە ڕێگا بە پارتێکی دەسەڵاتدارو دەرەوەی دەسەڵاتیش بدات بۆ بەرگری لەخۆی پەنا بۆ ترساندن و ئازاردان ببات یاسای جەنگەڵ نییە..؟ ئایا ئەمە بیرکردنەوەیەکی دیموکراسیانەیە یان عەشیرەتگەریانەی هەرە پاشڤەڕۆ..؟ ئایا ئەم بۆچوونە ڕەوایی بەخشین بە توندوتیژی دەسەڵات و بەزاندنی سنوورەکانی ئازادی نییە..؟


ئەو پرسەی کە سنوورەکانی ئازادی کامانەن و هاوڵاتی تا کوێ و چەندە دەتوانێ سوود لە ئازادی وەربگرێت و کامانەن ئەو شتانەش کە نابێ بکرێن و بگوترێن.. پرسێکی لە مێژینەو کێشەیەکی هەمیشەییە. بەڵام لەم هەموو کێشمەکێشانەدا ئەوەی پێی دەگوترێت جیهانی دیموکراسی تا ئاستێکی زۆر ئەو سنوورانەی دیاریکردووە. بۆنموونە لەهیچ وڵاتێکی دیموکراسیدا سزادان لەسەر ڕادەربڕین چ بە نووسین و چ بە گوفتار نەماوە. مەگەر ئەوەی ئەو ڕادەربڕینە هاندان بێت بۆ توندوتیژی. واتا سنووری ئازادی هاندانە بۆ توندوتیژی و بەواتایەکی تر کەسێک هانی توندوتیژی بدات مافی ئازادی لەدەست دەدات. لەدەرەوەی ئەمە مرۆڤ دەتوانێت هەموو شتێک بڵێت، بەڵێ هەمووشتێک..! بەڵام ئایا گووتنی هەمووشتێک بەم واتایە نییە کە مرۆڤ باشیش دەڵێت و خراپیش دەڵێت..؟ بەڵێ بەم واتایەیە. بەڵام ئەمە کێشەی دەسەڵات نییەو هیچ دەسەڵاتێکی دیموکراسی خۆی بەوەوە ماندوو ناکات داخوا نووسەران و ڕۆژنامە نووسان چەندە شتی باش دەڵێن و چەندەش خراپ. هاوڵاتی، هەر هاوڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە بەهەق یان بە ناهەق ڕۆژی سەدجار دروشمی فڵانە پارت و فڵانە دەسەڵاتە بڕوخێ و نەمێنێت بڵێت..! دەسەڵات دەبێ خۆی بەوەوە ماندوو بکات کەبزانێ هاوڵاتیان پێویستیان بەچییەو چی دەخوازن..! ئیتر گرنگ نییە داخوا ئەو داخوازییانە بەزمانێکی باش دەگوترێن یان خراپ بە شێوازی ساتیرو کاریکاتێر دەگووترێن یان جدی. تووڕەییان پێوەدیارە یان لەسەرخۆیی. بەزمانێکی زبر نووسراون و بێڕێزیان پێوەدیارە یان ئاسایی و ستانداردن... تەنانەت گروپێکی بچوکیش لەخەڵک گوێی لێ ڕادەگیرێت و لە ئاکامدا ئەگەر خواست و سکاڵاکان شیاوی بەدواداچوون بن ئەنجام دەدرێن و ئەگەریش شیاوی بەدواداچوون و ئەنجامدان نەبن دیسان دەبنە مایەی گفتوگۆو لایەنەکان ئاگادار دەکرێنەوە کە ئەوانە لەبەر هۆکاری دیارو ئاشکرا شیاوی جێبەجێکردن نین.


بەڵام لای ئێمە شتەکان لەوچوارچێوەیەدانین. هەموو دەزانن کە دزی و گەندەڵی چۆن تا بینەقاقای دەسەڵات ڕۆیشتووە. کەچی هێشتا دەخوازرێ کڵاو لەسەر هاوڵاتی بنرێت و هەمان دەستەواژە سواوو بێتامەکە دەگووترێتەوە کە: گەندەڵی هەیە بەڵام بەوجۆرە نییە کە دەگوترێت. و باخەڵک بەڵگەمان بۆ بهێنن...! واتا کارەکە پێچەوانە دەکەنەوە لەبری ئەوەی خەڵک پەنا بۆدەسەڵات ببات کەخاوەنی دامودەزگاو میکانیزمی بەدواداچوون و دیتنەوەو سەلماندی وەک پۆلیس، و ئاسایش، و دادگایە... بەخەڵک دەڵێت بەڵگەمان بۆ بهێنن کە خاوەنی هیچ میکانیزمێک نییە. ئایا ئەمە کڵاو لەسەر نان و گاڵتە پێکردن، و خۆدزینەوە نیە لە کارەکە. .؟


ئەمانە هەموو پاشگەزبوونەوەن لە ئازادی و ئەم دەسەڵاتە هەر ڕۆژ پتر سیمای دیکتاتۆری بەخۆیەوە دەگرێت کە هەم خۆی و هەمیش کۆمەڵگا پترو پتر زەرەرمەند دەبێت. و ئەگەر بەگریمانە ملیش بدەین بەوەی دەسەڵاتی پارتی بێ عەیبەو ئەوەی گوتراوەو دەگوترێت لەسەر ئەم حزبە هەمووی ناڕەواو بێ بنەمایە هێشتا کاردانەوەو ڕەفتارەکانی دەسەڵاتی ئەم حزبە نەشیاوو ناڕەواو بەئاکامی زۆر خراپ بۆسەر خودی پارتی دەشکێنەوە.


بابڕێک بگەڕێینەوە دواوە بزانین دەسەڵاتی پارتی لەپرسی کەمال سەیدقادر خۆی خستە ناو چ قەیرانێکەوە..!


کەمال سەیدقادر چ وەک نووسەر چ ئاکادیمی هێندە ناسراو نەبوو،و نووسینەکانی هێندە بەناو خەڵکیدا بڵاو نەبووبوونەوە. بەڵام دەسەڵاتی پارتی بە سەپاندنی سزای ٣٠ ساڵ بەسەریدا هەم ناوبانگی پێ بەخشی و هەمیش خەڵکی گەڕانەوە سەر تەواوی نووسینەکانی تا بزانن چی نووسیوە وا دەسەڵاتی پارتی پێ توڕەبووە. و سەرەڕای ئەمەش دەسەڵات خۆی لەبەرانبەر تەواوی جیهان و کۆڕوکۆمەڵە پەیوەندارەکاندا خستە بەرانبەر پرسیار. و لەئاکامیشدا ملی دا. بەڵام ئەزموونی وەرنەگرت و لەپرسی شەهیدکردنی سەردەشت عوسماندا هەمان هەڵەی دووبارەکردەوە.


سەردەشتی شەهید ڕۆژنامەنووسێکی ئازادیخوازی بەتوانابوو. بەڵام تازە پێگەیشتووی نەناسراو. بەشەهیدکردنی خەڵک دەستەدەستەو بەهەڵپەوە دەگەڕانەوە سەر ئەو نووسینانەو لەبڕی جارێک چەندان جار دەیانخوێندە. کۆپی دەکران و دەستاودەستیان دەکردو بۆ خەڵکانی تر دەنێردران. و تا ئێستاش هەربەردەوامە. بەواتایەکی تر ئەو ئابڕووەی کەدەسەڵات پێیوابوو بەو نووسینانە چوون، بەشەهیدکردنی هێندەی دیکەو بەڕاستی چوو. لەهەمووی ئابڕووچووانەتریش شێوازی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکان بوون کەدەسەڵات بەدەستی خۆی لەسەرخۆی ساغ کردەوە.


هەرلەیەکەمین ڕۆژەکانی ڕووداوەکەوە کاردانەوەی دەسەڵاتی پارتی شڵەژان و دەستەپاچەیی پێوەدیاربوو. دوای چەند ڕۆژ ڕێنوێنییان بەناو کادرو بەرپرسەکان و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیاندا بڵاوکردەوە کە بەهەمووان هەوڵ بدەن بەردێکی لەسەر دانێن..! واتا هەوڵ بدەن لەبیر خەڵکی ببەنەوە.. پاشان بەشێوازی ناڕاستەوخۆ، و لەڕێگای چەند چاپەمەنی و بڵاوکراوەی ناو بازنەی خۆیان گووتیان: کێشەی خانەوادەیی و شەرەفە. دوایی دیتیان ئەم سیناریۆیە زۆر سەختەو بۆیان ناچێتەسەر. ویستیان بەسەر لایەنێکی سیاسی تریدا بهێنن و ناوی بەڕێز کۆسرەت ڕەسوڵیان خستە ناو ناوانەوەو دیتیان ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کەس باوەڕ ناکات کێشەی سیاسیشیان بۆ درووست دەکات لەئاکامدا مێشکی خاو، و کرچ و کاڵی دەزگای پاراستنی ئەم دەسەڵاتە داهێنانێکی زۆر منداڵانەو نالۆژیکمەندانەی خوڵقاندو تاوانەکەیان بەسەر ئەنسارولئیسلامداهێنا.


ئەم شپرزەیی و ئاکامە نالۆژیکمەندانانە وایان کرد کەگوومانی گەلێکان دەربارەی ئەنجامدەری تاوانەکە لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانە ببێت بەیەقین. چونکە کۆمەڵگا لەشانەی هەنگ دەچێت و چۆن هەنگ بەسروشتی خۆی پیسی قبوڵ ناکات و هەر پیسییەک بەهەرشێوازێک بێتە ناوی دەیبینێتەوەو بەهەمووان ئاشکراو تڕۆی دەکەن. کۆمەڵگاش هەربەوجۆرەیە. ئەگەر دامودەزگای پسپۆڕو تایبەت بەئاشکراکردن و سزادانی تاوانباران لەئارادانەبوون، یان ئەرکەکانی خۆیان بەجێ نەگەیاند. عەقڵی کۆمەڵگا ئەو کارەداکات. واتا تاوانبار ئاشکراو ڕیسوا دەکات.


لەمەش بێواتاتر ئەو کۆمسیۆنە بوو کە بۆ لێکۆڵینەوە ڕێکخرا. خودی بەڕێز مەسروور بارزانی زۆرترین ناوێک بوو کە گوومانەکان ڕوویان لێ بوو. دەکرێ بڵێین ئەمانە گوومانی بێ بەڵگەبوون. بەڵام هەر لەڕووی ئەخلاقییەوە چۆن دەکرێ کەسێک کە گوومانی لەسەرە خۆی لە کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی کێشەکەدا بێت..؟


دەسەڵاتی پارتی هێشتا بە هەموو ئەمانەش ڕانەوەستاوەو وا هەر ڕۆژەی ڕۆژنامە یان گۆڤارێک بە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی و داواکردنی ملیارو نیوملیار پارە وشاڵاوێکی بێ ئەمانی چاوسوورانە تەنگەتاودەکات. و بشڕوانن چۆن لەلایەن سەرکردایەتی پارتیەوە شرۆڤە دەکرێت:


بەڕێز فازل میرانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لێیدەپرسن، کە ئایا ئەو بڕە پارە زۆرەی لەو ڕۆژنامانە داواکراوە لۆژیکمەندانەیەو لەتوانادا هەیە بدرێت، زۆر بێباکانەو جوامێرانە! ڕوو لە پێشکەشکەری بەرنامە دەکات ودەڵێت: (ئەگەر لە مورافەعەدا ئەو ڕۆژنامانە تەغریم کران ئێمە لەسەر دەستی تۆ هەموو پارەکەیان بۆ ئیعادە دەکەینەوە...)**


بەڕاستی جێگای داخێکی زۆرە کە سکرتێری پارتێکی سیاسی دەسەڵاتدار کە ئەزموونی پڕ لەهەورازو نشێوی نزیک لە ٢٠ساڵی دەسەڵاتدارێتی هەبێت هێندە ناشارەزا بەیاساو بەدیموکراسی. ئاخر سەرفکردن و مامەڵەکردن بە پارەوە هەروا بەهەوای شان پێشێلکارییەکی گەورەی یاساییە. لەسیستەمێکدا کە دیموکراسی بێت پارە دەبێ بە حساب و کتاب سەرف بکرێت. بەڵام هەموو دەزانین کاتێک پارە بەلێشاو، و بەبێ حساب و کتاب بێتە ناو خەزێنەی پارتی هەروا بەبێ حساب و کتاب و بەهەوای شانیش لێی خەرج دەکرێت. پارتی و سەرکردایەتییەکەی دەخوازن چی بەدەست بخەن..؟ واپێدەچێت ئەم جۆرە سکاڵاو داوایانەی لەو ڕۆژنامانە کراون چۆن شێوازێکی عەشیرەتگەریانەیان پێوەیە شرۆڤەکردن و مامەڵەکردنەکانیش هەر عەشیرەتگەریانەن. پارتی دەخوازێت هەر ڕەخنەو توانجێک کە بەکەیفی ئەو نەبێت بخاتە بەر چەکوشی یاسایەک کەسەرەپەتەکانی بەدەست خۆیەوەیە. و لەبەرانبەر هەر حوکمێکی دادگاش کە توانای جێبەجێکردنی نەبێت ئەو جوامێری، یان سەخاوەت و دڵاوایی بنوێنێت..! بەڵام ئاکام پێچەوانەیە. لە هەرکوێ بواری ئازادی و ڕادەربڕین لەئارادا نەبن، هاوڵاتیان ئەوەی کە دەبووایە لە ڕێگای چاپەمەنیەکانەوە بگوترێن، لەمەجلیسان و هەرکۆڕو کۆبوونەوەیەکدا دەیکەن بە نوکتەو توانج و گاڵتە پێکردن. جگە لەمەش ئەگەر پارتی لەدانانی ئەم لەمپەرانە لەناوەوی کوردستان سەرکەوتووبوو، ئەدی چی لەو خەڵکەی تاراوگە دەکات و چۆن ئەو وێبسایتە کوردیانەی ڕۆژئاوایان پێ دەمکوت دەکرێت کە خوێنەریان لەوانەی ناوەوە پترە..؟


با هەموومان دژی قسەو تۆمەت و ڕەخنەی بازاڕیانەو زمانی زبرو بێ ڕێزی و دەرەوەی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی بین. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر هەموو ئەمانە هەشبن شیاوی سزادان نین. چ جایەکی ئەو سزا قورسانەی وەک ترساندن و بەندکردن و ترۆرکردن... زمانی زبر کاتێک ڕەواج پەیدا دەکات و چیژ بە خوێنەر دەبەخشێت ،کە زمانی ئاسایی کاریگەریی و توانای گوتنی نەبێت.


زمانی زبر لە دوو حاڵەتدا بەکاردێت: یەکەم، کاتێک خاوەنی ئەو زمانە هێندەی بۆ گوتن و نووسین پێ نییە و ناچار بۆ ڕاکێشانی سەرنج و خۆنیشاندانی ئەوەی گوایە نەترسە پەنادەباتە بەر زمانی زبر. دووەم، کاتێک خاوەنی ئەو زمانە دەگاتە ئەو باوەڕەی کە زمانی ئاسایی تێری گەیاندنی مەبەست ناکات، و بەرابەرەکەی لەزمانی ئاسایی و فکرو مەعریفە حاڵی نابێت.


ئەمە لەحاڵێکدا کە ساتیرو کاریکاتێرو هاوشێوەکانی بەزمانی زبر دانانرێن و بەشێکی ئاسایی جیهانی ڕۆژنامەوانین و بە گشتی لەجیهاندا هیچ ڕژێمێک نەک هەر بەساتیر، بەڵکو بە جنێو، و زمانی زبری بەرابەرەکەشی نەڕووخاوە. چونکە زمانی زبر کاریگەریی کەمەو پێویست نییە دەسەڵات لێی بترسێت. بەڵکو پێویستە لەبەکارهێنانی خراپی دەسەڵات لەلایەن خۆیەوە بترسێت. چونکە ئەو خەڵکەی کە لە هەڵبژاردنێکدا باوەڕی پێ بەخشیوە، لەتوانایدایە زۆر بە ئاسانی لەیەکێکی تردا لێی بستێنێتەوە..!


بەگشتی دەسەڵاتی پارتی بەدووجۆر لێکدانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەو ڕەخنەگران دەبێتەوە: یەکەم، ئەوەی ئەوانە تەنیا قسەی پڕوپووچ و بێ بایەخن. دووم، ناڕاست و بێ بەڵگەن.. کەدەکرێت هەردووکیان ڕاست بن. بەڵام پرسیاری ئێمە لێرەدا ئەمەیە کە چما پارتی بەو هەموو دیرۆکە پڕ لە شانازی و شەرمەزاریەیەوە لە قسەی پڕوپووچ و بێ بایەخ دەترسێت و بەکوتەک وەڵام دەداتەوە..؟ ئایا ئەمە نیشانەی عەقڵی بچووک و نەفامی سیاسیی نییە..؟ دووەم ئەگەر ناڕاست و بێ بەڵگەن چما پارتی و دەسەڵات بەگشتی ڕاستییەکان بەوجۆرە دەشارنەوە کە هاوڵاتی بەگومانەوە بۆ هەموو شتێک بڕوانێت و پشت بە بەندو باوو قسەو قسەڵۆکان ببەستێت و گومانەکانی خۆی لێ ببێتە ڕاستی و یەقین..؟


لە هەموو جیهانی دیموکراسیدا ڕووی داوە مرۆڤێک لەسەر ساتیرێک لەلایەن دەسەڵاتەوە ترۆربکرێت..؟ دەسەڵاتێک ساتیرێکی پێ تەحەمول نەکرێت چۆن دەتوانێت دەم لە ئازادی و دیموکراسی وەربدات..؟


لە ئەمەریکا دیتمان چۆن کەشیشێکی سەربە گۆنگەڵ ویستی قورئان بسوتێنێت. و ئەمەریکاو ڕۆژئاوا دووچاری گرفتی گەورە بکات. بەڵام کاردانەوەکان چۆن بوون..؟ تەنیا تکایان لێکرد ئەو کارە نەکات. نەکەس هەڕەشەی لێکرد، نە گیراو نە ترۆرکرا. کەچی لای ئێمە کاتێک لەسەر پۆخڵەواتەکانی مەزهەب دەنووسرێت یەکسەر بە ناوی سوکایەتیکردن بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام، نووسەران دەبنە ئامانجی شاڵاوی بێ ئەمانی دەسەڵات. ئەمە چ ئازادییەکەو چ دیموکراسییەکە..؟


هەروا سایتی ویکیلیکیس ئەو هەموو بەڵگەنامە نهێنیانەی شەڕی ئەفغانستان و عیراقی ئاشکراو بڵاوکردەوەو بەرپرسانی پنتاگۆن و کۆشکی سپی نیگەران و تەنگەتاوکرد لەوەی بڵاوکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە لەم کاتەدا زیان بە سیاسەت و سومعەو ئاسایشی سەربازەکانیان دەگەیەنێت. و هەوڵیش درا بڵاوکردنەوەیان بوەستێنرێت. بەڵام لەئاکامدا هەر بڵاوکرانەوەو کەسیش سزا نەدرا. بەڵکو ئەوە دەسەڵاتە لەو وڵاتەدا کە لەهەڵەکانی خۆی و خەتاکاراندا دەپێچێتەوە.


ئایا ئەوەی کەمالی سەیدقادرو سۆرانی مامەحەمەو سەردەشت عوسمان و چاپەمەنییەکانی وەک ئاوێنەو لڤین و هاوڵاتی لەوانە زیانبەخشتر بوون..؟ یان هێشتا پێیانوایە شەرەفی ئەوان ژن و کچەکانیانەو ناوهێنانیان ئابڕووچوونە..؟


بەڵام واپێدەچێت ئەو هاوکێشەی پارتی دیموکراتی کوردستان کاری لەسەردەکات جۆرێکی ترە. هاوکێشەکە بەوجۆرەیە کە ئەوان شۆڕشیان کردووە، بەقوربانیدانی ئەوان شۆڕش سەرکەوتووە، لە هەڵبژاردنەکانیشدا کە تائێستا کراون زۆرینەیان بەدەستهێناوە.. کەواتە ئەوان مافی ئەوەیان هەیە لەهەرچی چاو، و دڵ و گەدە دەیخوازێت سەرگوڵەکە بۆخۆیان هەڵبژێرن و بۆ خەڵکیش بنژیل و بەرماوە. بۆخۆیان پشکی شێرو بۆ خەڵکیش قرپۆک و ڕزیو.. لەمە بەولاوەتریش خۆ بەخاوەنماڵ دەزانن و خەڵک کرێچی. هەمووشت بەموڵکی خۆیان دەزانن و ئەوەش کەدەیدەنە خەڵک سەخاوت و جوامێریی. بەڵام پێویستە هەموومان ڕاستییەک بزانین: هەردەسەڵاتێک ئەگەر وڵات بۆ هاوڵاتیانی بکاتە بەهەشتی بەرین و دانەدانەی خەڵک لە نازو نیعمەتدا نوقم بکات.. هێشتا ئەو مافەی نییە لەوەی یاسایەکی ستاندارد پێیدەبەخشێت، بەناهەق دەست بەسەر بستێک زەوی و دینارێکدا بگرێت. ئەگەر دانە دانەی خەڵکی کوردستان ببنە خاوەن زەوی و خانووی خۆیان هێشتا هیچ دەسەڵاتدارێت ئەو مافەی نییە بە فێڵێکی یاسایی ببێتە خاوەن سەدان دۆنم زەوی. کوردستان بەسامانی سەرزەوی و ژێرزەوی وڵاتێکی دەوڵەمەندە، ئەمەش نەک هەر هەمووی موڵکی ئەو خەڵکەیە کە ئەمڕۆ لەسەر ئەم خاکە دەژی، بەڵکو موڵکی تەواوی نەفشەکانی ئایندەشە.


بادەسەڵات ڕاستییەکی تریش باش بزانێت، تائەو هەموو پێشێلکارییانە بەردەوام بن و تا دزی و گەندەوڵی و بەکارهێنانی خراپی دەسەڵات هەروا درێژەیان هەبێت، گەلێک لەوە پتر دەگوترێن کە تا ئێستا گوتراون. و بەکورتی دەسەڵاتێکی شەلاتی و چەقۆکێش لەناو لێشاوی ڕەخنەو ناڕازیبوونەکاندا ، دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بێت کە نووسینی چەقۆکێشانەشی لەبەردەمدا قووتدەبێتەوە..!

___________________
پەراوێزەکان:
* بڕوانە: بەدران حەبیب، گۆڕان و یەکێتی هەر دەڵێی سێوێکن و کراون بەدوو لەتەوە. دەستوور. ناوەڕاستی ئۆکتۆبری ٢٠١٠ چاوپێکەوتنێکی ئەم گۆڤارە لەگەڵ بەرپرسی دەزگای ئاراس بەڕێز بەدران ئەحمەد حەبیبدا.

** بگەڕێوە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی زاگرۆس تی ڤی لەگەڵ بەڕێز فازل میرانیدا کە لە ٢٠ی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٠دا ئەنجامدراوە.
 

ماڵپه‌ڕی دارا مه‌حمود