په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٩\٢٠١٢

لێدوانەکەی ''کاک خالید عەزیزی'' چی دەگەیەنێ؟

جەلال محەمەد     

- بەشی دووەم -

"راستی" و "هیوا"دا:


ناشیرینترین کردەوە ئەوەیە کە بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دیرۆکی ژیانی مرۆڤێک "چ بە باش و چ بە خراپ" بگۆڕیت کە ئەو مرۆڤە لە ژیاندا نەمابێت، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق یەک لەو لایەنانە بووە کە هەمیشە هەوڵی شێواندنی کردەوە و ڕاستینەی ئەو مرۆڤانەی داوە کە لە ژیاندا نەماون، بۆ نموونە بە لای پارتی‌یەوە زۆر ئاسایی بووە کە هەوڵی شێواندنی دیرۆکی پڕشنگداری شەهید کاک ئارام بدات و پەیکەرەکەشی بڕوخێنێت، لە بەرامبەریشدا هیچ پێی شەرم نەبووە کە هەرچی ئەنفالکەر و مستەشار و خیانەتکارە لەخۆی کۆبکاتەوە و بەو شێوەیەی مەبەستیانە وەک کەسانی شۆڕشگێڕ ناویان بهێنن.


هەڵبەت شێواندنی ڕاستیەکان و دیرۆک داتاشین بۆ مرۆڤەکان تەنها پیشەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق نەبووە بەڵکو ئەوەی لەم کردەوە قێزەونەدا سەرقافڵە بووە و بۆڕی ماڵی بارزانیشی داوەتەوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە کە "ڕاستی"یان بە "هیوا" پێناسە کردووە.


بۆ نموونە کاتێک پرسیاری یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان دێتە گۆڕێ ، خالید عەزیزیش دەڵێت:


[سیاسەتی ئێمە سەرکەوت، عەقڵییەت و قسەی ئێمە بۆ یەکگرتوویی، چووە ناو کۆمەڵانی خەڵک لە ناوخۆی وڵات.].


ئاشکرایە کە حیزبی دیموکرات سیاسەتی "گرەوکردن لەسەر ئەسپی تۆپیو" پیادە دەکات و ئەم سیاسەتەش نەک هەر سەرکەوتوو نابێت بەڵکو هیواخواستنە بۆ سەرکەوتن.


واتە ڕاستی و هیوا دوو وشەی جیاوازن ، "ڕاستی" ئەو دیاردەیەیە کە ڕوو دەدات بەڵام "هیوا" دیاردەیەکە مەرج نییە ڕوو بدات . حیزبی دیموکراتیش تەکە حیزبە کە زۆرترین هیوای خواستووە بەڵام هیچ یەک لە هیواکانی نەبۆتە ڕاستی . ئەنجامی بەڕاستی نەبوونی هیواکان پەیوەستە بە سیاسەتی چەواشەکاری و فریودەرانەی حیزبی دیموکرات کە "هیوا و ڕاستیان" لە یەکدی جیانەکردۆتەوە ، واتە هەمیشە هیوای بە ڕاستی پێناسە کردووە.


بۆ نموونە تەسلیمبوونی پێشەوا قازی محەمەد "ڕاستیە" و ئەگەر پێشەوا بیزانییایە ئیعدام دەکرێت ئەو ڕێگەیەی هەڵنەدەبژارد ، بەڵام "هیوای" حیزبی دیموکرات ئەوەیە بڵێت تەسلیمبوون ڕووی نەداوە و پێشەواش بۆ ئیعدامکردن ئەو ڕێگەیەی هەڵبژارد.


دانیشتنی نهێنی دکتۆر قاسملو و چەند وردە پاسدارێک "ڕاستییە" و ئەگەر قاسملو بیزانیبایە تیرۆر دەکرێت نەک هەر دانیشتنی ئەنجام نەدەدا بەڵکو وەسیەتەکەی بابی لەبەر چاو دەگرت کە گوتبووی "بەبینینی عەجەم هەڵبێ" ، بەڵام "هیوای" حیزبی دیموکرات ئەوەیە بڵێت دکتۆر قاسملو دەیزانی تیرۆر دەکرێت بەڵام لە پێناو ئاشتیدا تیرۆرکردنی پەسەند کردووە.


هەڵهاتن و ئۆردوگانشینی حیزبی دیموکرات لە لایەک و فەرامۆشکردنی میلەت و سپاردنیان بە چارەنووس لە لایەکی دیکەوە "ڕاستی"یە ، بەڵام "هیوا"ی حیزبی دیموکرات ئەوەیە بڵێت هەمیشە لە مەیدانداین و ئەزمون و دەسکەوت دەپارێزین و شەو و ڕۆژ خەریکی حەماسە خوڵقێنین.


ئێستاش کاک خالید عەزیزی هەمان "هیوا" دەخوازێت و دەڵێت {قسەی ئێمە سەرکەوت و چووە ناو کۆمەڵانی خەڵک لە ناوخۆی وڵات} ، بەڵام "ڕاستی"ەکەی ئەوەیە کە هەڵهاتنەکەی خالید عەزیزی هیچی وای لە هەڵهاتنەکەی مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە کەمتر نییە و زۆربەی هەرە زۆری ژیانی لە ئۆردوگا و دوورە وڵاتی بەسەر بردووە و لە دوور و نزیکەوە ئاگاداری ناوخۆی وڵات نییە ، کە ئەم فەرمایشتە بە ناوی هەموو خەڵکی ناوخۆی وڵاتەوە دەدات.


بە باوەڕی من سیاسەتەکانی کاک خالید و حیزبەکەی لە دوو بواردا سەرکەوتو بوون:


١- سەرکەوتن لە لێکترازان و لەتوپەت کردنی حیزبی دیموکرات . ئەندازیاری ئەم بوارە مەلا عەبدوڵای حەسەنزادەیە.
٢- سەرکەوتن لە خۆنواندن و تۆمەت هۆنینەوەی ناڕەوا و برەودان بە ڕاگەیاندنی داگیرکەری تورک . خالید عەزیزی ئەندازیار بووە لەم بوارەدا.


پاشان پرسیار لە کاک خالید دەکرێت :- پێت وا نییە ڕێککەوتننامەکە ببیتە بەربەست لە بەردەم دروستبوونی بەرەیەکی فراوان؟


خالید عەزیزی: [ئەوان لە ڕێککەوتنەکەدا گوتوویانە دوو حزبی سەرەکی، بە ڕاستی سەرەکی نین].

بریا خالید عەزیزی وەکو ددانی بەو ڕاستیەدا ناوە کە ئەو دوو حیزبە سەرەکی نین ، کەمێکیش باسی لە حیزبی سەرەکی بکردایە تاکو بمانزانیایە چ حیزبێک سەرەکییە ، چونکە هێندەی من بزانم حیزبەکەی کاک خالیدیش نەک هەر سەرەکی نییە بەڵکو لە دیدی حیزبی دیموکراتەوە هێشتا (برادەرانی دابڕاون و شەرعیەتیان نییە و ناسنامەی حیزبیشیان وەرنەگرتووە و تەنها بۆ شێواندنی ناوی حیزبی دیموکرات سود لە هەمان ناو وەردەگرن) ، کە ئەم گوتانەش لە هەموو کۆبونەوەکانی حیزبی دیموکراتدا باسی لێ دەکرێت.


ئەو دوو حیزبە لەم ڕێکەوتنەدا باسیان لە حیزبی سەرەکی کردووە و کاک خالیدیش زۆر بە ڕاشکاوی ددان بەو ڕاستیەدا دەنێت کە حیزبی سەرەکی نین . بریا کاک خالید یەک ڕاستی دیکەشی ئاشکرا بکردایە ئەویش بانگەشاکەنی هەر دوو لایەنی ناوبراوە بۆ ڕەسەن بوون ، چونکە وەک بانگەشەی ڕەسەن بوونیان کرد پێناسەی ڕەسن بوونیان لە بیر کرد ، کە بە باوەڕی من جوانترین پێناسە بۆ ئەو بانگەشەیە "ئۆردوگانشینی ڕەسەنە".

____________________________________________________

بەشی یەکەم: http://www.emrro.com/lediwanekeykakx1.htm

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک