په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٤

لە کۆبانی مێژووی کورد بە ستایلێکی نوێ نووسرایەوە.


فوئاد زیندانی     

 

ئەو وڵاتانەی بەشدارن لەدروستکردنی هێزە ئیسلامیە تیرۆریستیەکان و پاڵپشتیکردنیان و ئاڕاستەکردنیان، لەبنەڕەتدا ئامانجی سەرەکیان لەناوبردنی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی نەتەوەی کوردە ، بۆیە لەهەردوو ووڵاتی عیڕاق و سوریا تیرۆریستانی داعش (نەوەی جیهادی نیکاح) تەنیا شەڕی گەلی کورد و هەڕەشەی لەناوبردنی دەکەن.


ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەمووکات سوودیان لەپەرتەوازەیی و ناتەبایی ناو ماڵی کورد وەرگرتووە ، کێشەی جۆراوجۆریان بۆ دروستکردووە ، لەکاتی شەڕ و ئاشتیدا لەناوبردنی کورد و دەستکەوتەکانی کوردیان بەبنەما گرتووە . لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سوریا چەندین ڕێکخراوی تیرۆریستی ئیسلامی بەناوی جیاواز لەسوریا پەیدابوون ، کەهەرهەمووشیان دروستکراوی دەزگا هەواڵگریەکانی چەند ووڵاتێکن ، هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی سوریا هەردوو باڵی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لەعیڕاق و سوریا (بەرەی نوسرە ، داعش) شەڕکردنیان دژ بەگەلی کورد ڕاگەیاند و تەنیا شەڕی گەلی کورد دەکەن و ڕاستەوخۆ یارمەتی لە تورکیا ، سعودیە ، قەتەڕ وەردەگرن و تائێستاش بەردەوامن لەهێرشکردنە سەر گەلی کورد لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ، بەتایبەتی داعش وەک هێزێکی وەحشیی بەدڕەوشتی دژە مرۆڤایەتی هەر وەک چۆن ئیسلام لە دوای دروستبوونیدا لە سەدەی شەشەم و حەفتەمدا بەسەرپەڕاندن و ئەنفال دەستیپێکرد ، ئەویش بەهەمانشێوە و ڕێباز و بۆچوونی ئەو سەردەمە پەرە بەتاوانەکانی دەدات دژ بەگەلی کورد ، ئەو تاقمە تیرۆریستە لەوباوەڕەدابوو کەتوانای لەناوبردنی گەلی کوردی هەیە ، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبوو کە گەلی کورد و هێزەکانی (یەپەگە ، یەپەژە ، پێشمەرگە) بەرەنگاری ببنەوە و شکستیان پێهێنن.


لە 15ی مانگی ئەیلولەوە داعش بەپاڵپشتی ڕاستەوخۆی تورکیا ، لەهەموولایەکەوە گەمارۆی شاری کۆبانی ڕۆژئاوای کوردستانیداوە ، لەعیڕاق و سوریا هەموو چەکی قورس و هێزەکانی کۆکردۆتەوە و بۆ ئەوەی شارەکە داگیربکا و خەڵکەکەشی کۆمەڵکوژ بکا ، هەرچەندە داعش لەدژی هێزەکانی یەپەگە چەکی کیمیاویشی بەکارهێنا ، بەڵام بەهۆی بەرگریکردن و بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە و جەماوەری کۆبانی داعش شکستی هێنا ، لەماوەی مانگێکدا زیاتر لە (هەزار) چەکداری لێکوژراوە ، ئەوەش نەک تەنیا داعش بەڵکو حکومەتی تورکیاشی تۆشی شۆک و سەرلێشوان و درۆ کردن دووڕوویی کردووە . کۆبانی هەڵسەنگاندنە نێودەولەتیەکانی گۆڕی بەشێوەیەک زلهێزەکانی خستە ژێر بەرپرسیارەتێکی ئەخلاقی و مێژووی.


داعش بۆ داپۆشینی شکستەکان و دۆڕاندنەکەی و ڕێگا گرتن لە زیاتر داڕووخانی وورەی خۆی و چەکدارەکانی لەبەرامبەر بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە ، درۆیەکی شاخداری بڵاوکردەوە گوایە بەرپرسێکی داعش زانیاری فرۆشتووە بە هاوپەیمانەکان و مۆڵگەکانی داعشی ئاشکراکردووە بۆیە لەئەنجامی خیانەتی ئەو کەسە زیاتر لە هەزار چەکداری لێ کوژراوە !!


لەئاستی ناوخۆی کوردستانیش کۆبانی بووە هۆی ڕێکخستنی ناوماڵی کورد و یەک هەڵوێستی شەقامی کوردی لە ئاستی کوردستانی مەزن بەگشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی . سەبارەت بە کاریگەریەکانی کۆبانی لەسەر پرۆسەی ئاشتی نێوان بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردی باکوری کوردستان و حکومەتی تورکیا ، پرۆسەی ئاشتی ڕاستەوخۆ گرێدروای کۆبانیە چونکە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لەباکوری کوردستان لەو باوەڕەدایە ناکرێ حکومەتی تورکیا لەبەرامبەر کوردی باکور بەناوی ئاشتی بەردەوامبێ لەپرۆسەکە و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بەردەوامبێ لە هاوکاریکردنی داعش بۆ کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی کۆبانی.


لە کۆبوونەوەکانی نێوان پارتەکانی ڕۆئاوای کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی کە لە شاری دهۆک لەنێوان ١٤ تا ٢٠١٤/١٠/٢٢ بەردەوامبوو ، هێرشەکانی تیرۆریستان لەدژی گەلی کورد و شاری کۆبانی یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی کۆبوونەوەکان بووە ، ئەنجامی کۆبوونەوەکان وەک چوارشەممە ٢٢ی ئۆکتۆبەر ڕاگەیەندرا بە ڕێکەوتنی نێوان لایەنە بەشداربووەکان کۆتاییهات ، هەردووک ئەنجوومەنەکە توانیان بگەنە ڕێکەوتنێک کە دەبێتە دەبێتە پاڵپشتیەکی باش بۆ کۆبانی و هاوکات دەبێتە هۆی شکستێکی دەروونی و سەربازی بۆ تیرۆریستانی داعش.


کۆبانی لەهەموو جیهان خەڵکی سەرسامکرد بەو خۆڕاگریە مەزنەی یەپەگە و یەپەژە لەدژی داعش ، هاوکات کۆبانی توانی شەقامی جیهانی بهەژێنێ و ناسنامەی گەلی کورد و شێوازی بەرخۆدانی هێزەکانی کورد لەناویاندا ژنانی کورد بەجیهان بناسێنێ ، ئەو بەرگریەی کۆبانی دەیکا لەمێژووی مرۆڤایەتی وێنەی نیە ، لەشاری کۆبانی مێژووی نەتەوەیی گەلی کورد بەشێوە ڕاستەقینەکەیی و ستایلێکی نوی نوسرایەوە.

 

 

fuadzindani@yahoo.de

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک