لە
پەراوێزی بوونی یەکێتی بە ئەندامی SI
یەکێتی نیشتمانی: بانگەشەی گەورە، پراکتیکی پێچەوانە،
14-7-2000
وەک نموونە.

عهبدوڵا مەحمود
سەرەتای ئەم مانگە ڕێکخراوی سۆسیال ئەنتەرناسیونالی جیهانی 23 هەمین
کۆنگرەی خۆی سازدا، لەم کۆنگرەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئەندام
و سکرتێرەکەیشی جەلال تالەبانی بە جێگری سەرۆکی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران.
ئەمەش کاردانەوەو بەدواداچوونی جۆراوجۆری لێکەوتەوە.
بەجیا لەوەی کە ئێستا ڕێکخراوەی سوسیال ئەنتەرناسیونال لە چ جێگایەک
بەهرەمەندەو هەڵگری چ پەیام و ئەداتێکی سیاسییە. جێگای خۆیەتی
هەڵوێستەیەکی کورت لە بوونی یەکێتی بە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە بکەین.
زیدەرۆیی نییە ئەگەر بڵێن لەدنیادا هیچ حزب و ڕێکخراوێک بە ئەندازەی
یەکیتی نیشتمانی و ڕابەرایەتیەکەی بانگەشەی دیموکراسی و فرەیی،
بانگەشەی پاراستنی مافەکانی مرۆف و ڕێزگرتن لە ئازادی وبیروراو
چاپەمەنی، یەکسانی ژن و پیاو، عەدالەتی کۆمەڵایەتی... کردبێت.
کەم ڕێکخراو حزبیش هەن هێندەی یەکێتی نیشتمانی لە ئۆپۆزیسۆن و
دەسەڵاتدا، پێچەوانەی بانگەشەکانیان ڕەفتاریان کردبێت.
ئەمەش ڕوداوێکی لەخۆوە یان لاوازیەکی زگماکی یەکێتی نییە، هێندەی
ڕەنگدانەوەی ماهیەتی چینایەتی یەکێتی یە.
یەکێتی هێزێکی قەومپەرست و هەڵگری فەرهەنگی شاخ و دیهاتە لەبەرامبەر
فەرهەنگ و کەلتوری شاری وسەردەمی.
بۆیە بانگەشەکانی لە پەیوەند بە مافی مرۆف دیموکراسی و فرەیی، بانگەشەی
پاراستنی مافەکانی مرۆف و ڕێزگرتن لە ئازادی وبیروراو چاپەمەنی،
یەکسانی ژن و پیاو، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، لە دنیای ناسیونالیزمی ئەم
سەردەمەو دنیای دیهات و فەرهەنگی خێڵ و عەشیرەتیدا، ناتوانرێ مانای
واقعیان هەبێت. پێچەوانەی ئەمە واقعیەتەکەیە. و یەکێتیش بەشێکە لەو
واقعیەتە مەلموسە.
یەکێتی نەهەرگیز توانیویەتی دەنگی "نا" و ئۆپۆزیسۆن لەناوخۆو
دەرەوەیەدا قبوڵبکات و نە حەوسەلەشی بووە دەست بۆ توندوتیژی و چەک
نەبات لە بەرامبەریدا.
یەکێتی چونکە ئەم فەرهەنگی خێل و عەشیرەتە بنەمای سیاسەت و ڕەوتاریەتی،
نەک هەرگیز یەکسانی ژن و پیاوی پێهەزم نەکراوە،بەڵکو وەکو مەلاکان
پاساوی بۆچەند ژنە قبوڵکردووەو هێناوەتەوە.
یەکێتی نەک نەیتوانیووە جیای دین لە یاساو ڕێسا، لەخوێندن وپەروەردە،
لە دەسەڵات جیابکاتەوە و کاری بۆبکات، بەڵکو خۆی وەکو دەسەلات وەزارەتی
ئەوقافی قوتکردۆتەوەو پارەی خەیاڵی لەداهاتی خەڵک ئەکەن بەگەروی ئەم
وەزارەتە دژی شارستانیەدا، یەکێتی نەک بیروباوەری مخالیف بەخۆی قبوڵ
نەکردووە بەڵکە لەناوڕیزەکانی خۆیشیدا کارنامەیەکی گەورەی لەسەرکوت
نانبرین و ڕاوەدونان زیندانی و کوشتار هەیە. یەکێتی هەرگیز مافی مرۆفی
نەک پێنەپارێزراوە، هێندەی مافەکانی مرۆف لەژێرسایەی دەسەڵاتەکەدا
پێشێلکراوە، باسی زیندانی سەرکوتی چەپ و کۆمۆنیست و نووسەران و
ئازادیخوازیش پێویستی بە ئەژمارکردن نییە.
باسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، هەر هیچ و ئەمرۆ هەموو داهات و ئیمکانیەتی
ئەم کۆمەڵگایەی ژێردەسەڵاتی خۆی قۆرغ کردووە، جگە لەخۆی وەکو حزب و
وەکو بەرپرسان و ئەحبابی بەرپرسان هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە حەرەمی
بازاری ئازاد!!یان ببەزێنێ.
با زۆر نەڕۆین، ئەو بنەمایانەی کە مەرجی ئەندامەتی هەرهێزکن بۆ
ئەندامەتی لە ڕێکخراوی جیهانی سوسیال ئەنتەرناسیونال، لەسەریان حزبی
کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەلایەن یەکیتی یەوە بەچەک و زۆری چەک
لێیدراو بارەگاکانی داخران و بەڕۆژی ڕووناک ژمارەیەک کادرو ئەندامی
قەسابی کران و دیل کوژیان کرد. وەکو هەمان ڕەفتاری بەعسیش لەگەڵ خێزان
و کەس وکارەکەیان مامەڵەیان کرد، ڕێگەی پرسەیان لێگرتن و خۆشیان دوو
لەچاوی کەسوکارو ئازیزانیان بەشەو تەرمەکانیان ژێرخاک خستن.
بۆیە ڕێکخراوی سوسیال دیموکرات بە قبوڵکردنی یەکێتی لەو ڕێکخراوە،
بەرلەهەموو شت ماهیەتی خۆی نیشانی دنیا، بەتایبەتی خەڵکی ئازادیخوازی
کوردستاندا کە چەندە ڕێکخراوەیەکی بودەڵەی لێدەرهاتووە.
یەکێتی کە ئێستا بۆتە ئەندامی ئەو ڕێکخراوە، بەر لە ئەندام بوونیشی لەو
ڕێکخراوەدا، هەمان ئەو بانگەشانەی بووە کە سوسیال دیموکراسی بوویەتی،
کەچی لەسەر بەرگری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان لە یەکسانی ژن و
پیاو، ریفراندۆم و بەرگری لە ئازادی سیاسی و وبیرورا،.... لەو حزبەیان
داو بارەگاکانیان داخست و ڕێگەی هەڵسورانی یاساییان لەم حزبە گرت.
بۆیە بوونی یەکێتی بە ئەندام لەو ڕێکخراوەدا ناتوانی یەکێتی بگۆرێت و
بیکات بەهیزێک کە کەمترین پرانسیبەکانی ڕێکخراوی سوسیال ئەنتەرناسیونال
و حزبە سوسیال دیموکراتەکان لە خۆیدا بەرجەستە بکاتەوە، ئەوانەی کە
لایان وایە یەکێتی دەتوانێ ئاڵوگۆر لە سیاسیەت و پراکیتیدا بکات، بە
دنیای واقعی سیاسیەت و حزبایەتی و بزوتنەوەکان نامۆن.
سوسیال دیموکراسی دەمێکە بزوتنەوەیەکی سیاسی و کومەڵایەتییە،
ناسیونالیزمیش بەهەمان شێوە بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە، ناکرێت
پرانیسیەکانی ڕێکخراوەیەکی سۆسیال ئەنتەرناسیونالست لە حزب و
بزوتنەوەکی قەوپەرستدا، جێبکەیتەوە.
تائەوکاتەی یەکێتی نیشتمانی حزبێکی قەومپەرست و ناشارییە، ناتوانێ
مامەڵەی تەندروست لەگەڵ ئازادی و پرانیسبەکانی مافی مرۆف، لەگەڵ
مافەکانی ژنان و مافە فەردی و مەدەنیەکان، لەگەڵ بازارو پرانسبەکانی
عەدالەتی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ دیموکراسی بەمانا باوەکەی بکات.
یەکێتی تائێستا بە کردەوە لەسەر بنەمای دژایەتی ئەم پرانسیبانەی سوسیال
دیموکراسی، توانیویەتی خۆی ڕابگرێت وبمێنێتەوە، هێندەی بانگەشەکانی ڕوو
بەدنیای دەرەوەو کراوەتە خۆراکێکی سیاسی و فریوکاری بۆ جێگا پەیداکردن
لە ناو مەرجەعە نێودەوڵەتیەکاندا، نیوئەوەندە نەبۆتە هۆی ئەوەی کە ئەم
هێزە بەچاوێکی کراوەوە بڕوانێتە مێژوی خۆی، کارنامەی خۆی، ناسنامەی
پێکهاتن و مانەوەی خۆی.
یەکێتی بەم حاڵەی ئێستایەوە، بەو پێکهاتە چینایەتیەوە، بەو ناوەرۆکە
قەوپەرستیەوە، ناتوانێ ئاڵوگۆڕ بەسەرخۆیدا بهێنێت و خەڵکیش بانگەشەکانی
بە هەند ناگرن.
abdulla.mahmud@gmail.com
|