لە پێشوازی ساڵی
تازەی خوێندندا.

عهبدوڵا مەحمود
ئەمرۆ یەکەمین ڕۆژی ساڵی تازەی خوێندنە لەسەراسەری کوردستاندا، ئەمرۆ
بە سەدان هەزار خوێندکار ڕوودەکەنەوە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن،
هەروەها بەهەزاران مامۆستا و کارمەند لە پێشوازی ساڵی تازەی خوێندندا
پێشوازی لە قوتابیان ئەکەن.
پشووی هاوینە ڕۆشت و پشوو نەبوو، بێئاوی و بێ کارەبایی، نەبونی
خزمەتگوزاریەکان و گرانی سەرسوڕهێنەر، لە سیمای زوربەی هەرەزۆری
قوتابیەکان و مامۆستایان و کارمەنداندا بەڕۆشنی دەبینرێ، هەمووان
دەزانن کە ئەوەی پێی ووترا پشوو، مەرگەسات بوو.
دەوام دەست پێدەکات و ئیمزای 12 هەزار مامۆستا، بەمەبەستی گەڕانەوەی
دەرماڵەی مامۆستایان و پێدانی زەوی ء هێشتنەوەی ئەو مامۆستایانەی
بڕوانامەکەیان لە خوار بەکالۆریۆسەوەیە بۆ پۆستی بەڕێوەبەری
قوتابخانەکان، لەبەردەم یەکێتی مامۆستایان و بەرپرسانە، چاوەڕوانی
وەڵامن و هەڕەشەی مانگرتن ئەکەن ئەگەر وەڵامیان نەدرێتەوە. کەچی دەزگا
بەرپرسەکان هیچ نابیستن و تا ئێستا وەڵامیان نییە.
خوێندکاران و مامۆستایان بەدەست دەیان و سەدان گرفتەوە دەناڵێنن، زۆری
قوتابی و کەمی بینا، کەمی مامۆستا، کەمی پێداویستیەکانی قوتابخانە،
کەمی کتێب و دەفتەرو قەڵەم، ڕەوشی پەروەردەو فێرکردنێکی دواکەوتوانەو
پڕ توندوتیژی، کەمی موچەی مامۆستایان و کەم دەرامەتی دایک و باوکانی
خوێندکار، لەگەڵ ترس لە سەرماو بێنەوتی و گرانی... هەمویان یەخەی
پرۆسەی خوێندنیان گرتووە.
خوێندکاران و مامۆستایان لە ناو ڕەوشێکی لەوبابەتەدا دەست دەکەنەوە بە
دەوامی ساڵ. لە هەموو گۆشەیەکی ئەم دنیایەدا ئەگەر خەبەرێک لە ژیانی
سەردەمی و پێشکەوتن هەبێت، ئەوا خوێندکاران و پرۆسەی پەروەرەدەو خوێندن،
بنەمای بنیاتنانی پێشکەوتن و نەخشاندنی باشتری ئایندەی کۆمەڵگایە.
زۆرترین بودجەو ئیمکانیات بۆ خوێندن و پەروەردە دابین دەکرێت و توانایی
هەمەچەشنی بۆ تەرخان دەکرێت. باشترین دۆخی پڕ ئارام فەراهەم دەکرێت.
ساڵ بەساڵیش نەخشەو پرۆژە نوێ بۆ پێشخستنی دادەنرێت و هەموو هەوڵێک
دەخرێتە گەر تا ئاستی زانست و خوێندن بەرەو سەر بڕوات. بەداخەوە
لەکوردستاندا ئەمانە نەک نیین بەڵکە بەهۆی فەرامۆشکردنی لەلایەن
دەسەلاتەوە، بۆتە وێرانە.
ژمارەی بارەگا حزبیەکان، و دەزگا هەمەڕەنگەکانی حزب چەند بەرابەری
قوتابخانەکان، ئامادەییەکان، ئامادەییە پیشەییەکان، باخچەی ساوایان، و
زانکۆو پەیمانگا و....کانن.
ژمارەی موچەخۆرەکانی حزب بێئەوەی خێرێکیان بۆ کومەڵگا هەبێت، چەند
بەرابەری ژمارەی مامۆستایانە.
موچەی وەزارەتە زیادەکانی حکومەت چەند بەرابەری موچەی هەموو
مامۆستایانی کوردستانە.
پێداویستی وەزارەتە تەشریفاتیەکانی حکومەت، چەند بەرابەری پێداویستی
باخچەی ساوایان و هەموو ئاستەکانی تری خوێندنە.
پارەیەک کە سەرفی پێگەیاندنی کادرانی حزبی دەکرێت، چەند بەرابەری ئەو
پارەیەیە کە بۆ پێگەیاندنی مامۆستایان و پێشکەوتنی تەخەسوسیان تەرخان
دەکرێت.
سیما و و نەخشەی بارەگا حزبیەکان و چەند بەرابەری قوتابخانەو باخچەی
ساوایان و ... گرنگی پێدراوە.
هەموو پێداویستیەکانی وەکو فینک کەرەوە و گەرم کەرەوە بۆ گەرماو سەرما،
لەهەموو دامو دەزگا حزبی و حکومیەکان بەزیادەوەهەن، و خوێندکاران و
قوتابیان و مامۆستایانیش لەهەموو ئاستەکاندا، یان زۆرکەمیان هەیانە یان
هەر نیانە.
باسی بێ ئاو کارەبایی و هۆڵەکانی سەرگەرمی و وەرزشی و تاقیگە،
پێداویستیە سەرەتاییەکانی فێرکردن و پەروەردە وەکو کۆمپیوتەرو هۆڵی
پشودان و .... دەتوانرێ بەشێوەی گشتی بووترێت لە ئاستی نەبووندایە.
وەسائیلەکانی هاتووچۆو دەماڵەی تێروتەسەل بۆ خوێندکاران و مامۆستایان،
تا ئێستا خەونە و ئەوەی کەهەیە زۆرتر لە سوڵکەرانە دەچێت.
بوار بۆ چێژوەرگرتنی خوێندکاران و مامۆستایان لە پرۆسەی پەروەردەو
فێرکردندا، نزیکە لەسفرو ئەوانەی بەمەبەستی دەستڕاگەیشتن بە زانست و
زانیاری و پێشکەوتن دەخوێنن بەداخەوە فەزایەک زاڵکراوە بەسەریاندا کە
زۆرتر وێڵی تێپەراندن و وەرگرتنی بەڵگەنامەن بۆ دامەزراندن و
دابینکردنی و بژێوی ژیانی مەمرەو مەژیان. باسی کۆنی مەنهەجەکان و شێوەی
ووتنەوەی دەرس و تاقیکردنەوەکان و ترساندنی قوتابیان لە جەنگی دەچوون و
دەرنەچوون و دەرەجە هێناندا، جەنگێکە هێندەی ڕووی لە کۆتایی ساڵی
خوێندنە، نیوئەوەندە بیرکردنەوە لە ئایندەو پێشکەوتنی زانستی دورماوە
نییە.
ترساندنی قوتابیان لەیەکتری و لێک جیاکردنەوەی کوڕان و کچان،
جیاکرنەوەی یاری کچانەو کورانە. زۆرجار پەڕاندنی چەند بەش لە بەشی
بایۆلۆژی و لە ژێرناوی شەرم عەیبەو دواکەوتووی کەلتوریدا، هەڕەشەو ڕەقی
و تەنانەت مانەوەی لێدان و سزای ناپەروەردەیی لە قوتابخانەکاندا، بەسەر
خوێندکاراندا، بیروکراتیەت، .... چەند بەشێکی ترن لە واقعیەتی قێزەونی
پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن.
ساڵی تازەی خوێندن، سیخناخە لەو ڕاستیانە، ئەو ڕاستیە تاڵانەی پرۆسەی
خوێندن وپەروەردەو زانستی هێناوەتە خوارەوە.
ئەوانەی لایان وایە لە دۆخێکی ئاوادا دەتوانن خوێندن و پەروەردە
بەرەوپێشبەرن، دەتوانن نەوەی سالم و تەندروست بەرهەم بهێنن، لە وەهمدا
مەلەئەکەن، لەوەهەمدا دەڕوانە پەروەدەوفێرکردن و زانست.
ئاخر خوێندکار و قوتابیان، جێگای شیاویان نەبێت بۆ دانیشتن، گەرم
کەرەوەو فێنکەرەوەیان نەبێت، مامۆستای پێویستیان نەبێت، دەرس و
مەنهەجەکانیان ئابدەیت نەکرێت، دەرماڵەی هاتوچوویان نەبێت، کتێب و
دەفتەرو دەستڕاگەیشتنیان بەسەرچاوەی پێویست نەبێت، خوێندن خورایی نەبێت،
ترس وەکو مۆتەکە دەستی خستبێتە سەر سنگی خوێندگاکان و و خوێندکاران،
.... چۆن دەکرێت چاوەڕێی ئایندەی باشیان لێبکرێت.
ئەوەی لەم پاشاگەردانیەی پرۆسەی پەروەدەو فێرکردن بەرپرسە، لە
هەلومەرجی خوێندکاران و مامۆستایان بەرپرسە، لە ترس و فەرهەنگی
دواکەوتوانە بەرپرسە،... نە خوێندکاران و نە مامۆستایان و کارمەندانی
پەروەرەدەن، بەڵکو دەسەلاتێکی بنیاتنراوی خاڵی یە لە زانست و پەروەردەو
فێرکردنێکی تەندروست و سەردەمی.
بۆ ئەوەی ئەم تاریکستانەو کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەی فێرکردن و خوێندن و
زانست لە کوردستان وەلابنرێن، تەنها بە سیمینار گێران و کۆنفرانسی
پەروەردەیی ناکرێت، بە ئیمزاکۆکردنەوە و پاڕانەوە ناکرێت، بەڵکو
پێویستی بە وەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتییە، کە
خوێندکارانی ناوەندی و ئامادەیی و پەیمانگاو زانکۆکان ودەست لەناودەستی
یەک وەرێی بخەن بەجۆریک کە بتوانی دەسەڵات ناچار بکات، بودجە پێویست،
زانستی سەردەم، مەنهەجی نوێ، شێوازی پەروەردەو فێرکردنی مۆدێرن،
وەلانانی ترس و جیاکاری، ..... بکاتە ئەمری واقع.
بۆئەمە دەبێ لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێبکرێت و چەندین شت
دابسەپێنرێت تا بتوانرێت ئەو دۆخە تەجاوەز بکرێت. لەوانە:
خوێندنى گشتیىء ئیجبارى تا تەمەنى 16 ساڵیى بکرێت بە یاسا.
خوێندنى باڵا (زانکۆیى، پسپۆڕى)ى خۆڕایىء نزیکەدەست بۆ هەموو
خوازیارانی دابین بکرێت بە دانى دەرماڵەى تێروتەسەلەوە بۆ خوێندکاران و
مامۆستایان و... دابینکردنی هەموو پیداویستیەکانی خوێندن بە خۆرایی.
فێربوون بکرێتە مافى هەمووانء دەستڕاگەیشتنى ئینسانەکان بە فێربوونء
دەورە ئاموزشىیەکان نابآ بەهیچ جۆرێک ببەسترێتەوە بە ئاستى داهاتى
خێزانەوە بۆ ئەوەی هەموو کەس بتوانیت بخوێنێت.
دابینکردنء زامنکردنى بینایەی پێوست و گونجاء، لەڕووى فراوانىء
تەندروستىء سەلامەتیىء خزمەتگوزاریەوە لەوانە (کارەبا، ئاوى ساردو گەرم،
چێشتخانە، دەزگاى فێنککردنەوەء گەرمکردنەوە، هەلى دەستڕاگەیشتن بە تۆڕى
تەلەفۆنىء تەلەفزیۆنىء...تاد
پێکهێنان و دروستکردنی بینا بۆ باخچەی ساوایان لە هەموو گەرەکەکاندا.
فەراهەمکردنى تەسهیلاتى وەرزشىء هونەرىو کەلتووریى خۆڕایى (یاریگا،
هۆلڕء ستۆدیۆى نمایشء نواندن، کتێبخانەء…تاد)ء تەرخانکردنى ڕاهێنەرء
فێرکارانى پێویست لەهەموو قوتابخانەو ئاستەکانی خوێندندا.
دابینکردنى هۆیەکانی گواستنەوەی خۆڕایى بۆ هاتوچۆى مامۆستایان
خوێندکاران.
کۆتاییهێنان بە جیاکاری لە نێوان کوڕان و کچاندا لەهەموو ئاستەکانی
خوێندن و پرۆسەی پەروەردەو فێرکردندا.
زیاکردنی موچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە بەپێی بەڕێوەچوونی
گوزەرانی خێزانێکی 5 نەفەری و بردنەسەری ئەو موچەیە لەگەڵ چونەسەری
نرخی پێداویستیەکانی ژیان.
لە ڕیشەوە گۆرینی مەنهەجەکانی خوێندن و پەروەرەدە جێگیرکردنی خوێندن و
پەروەردەی مۆدیرن و سەردەمی و سپاردنی ئەم ئەرکە بە پرۆفیسۆرانی مەدەنی
و تژی لە هوشیاری زانستی و پەروەردەیی سەردەم.
جیاکردنەوەی دین لە دەرس و ڕێساو یاساکانی خوێندن و پەروەردە.
گوڕینی شێوازی دەرس ووتنەوەو پێگەیاندنی پەروەردەیی و بە شێوازێکی
شارستانی دور لە ڕەقی و توندوتیژی بەکەڵک وەرگرتن لە شێوازی پەروەردەیی
نوێ....تاد
بەدەستهێنانی ئەمانە ممکینەو هیچ قورسیەکی تیا نییە. ئەگەر گوشاری
کاریگەر بهێنرێت بۆ دەسەلات، بودجەو داهات و دەوازەکانیش بۆئەم گۆڕانە
هەیە.
با ساڵی تازەی خوێندن بە بەدەستەوەگرتنی ئەم خواستانە دەست پێبکەین.
ساڵی تازەی خوێندن لە هەموو خوێندکاران و مامۆستایان پیرۆزبێت.
15-9-2008
|