په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١٠\٢٠١٤

لە پشت شەڕی داعشەوە؟


ستار محەمەد قادر   


بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەڕوات کورد بەتایبەتیش پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە دەلاقەی راگەیاندنەکانیەوە، بەشێوەیەک قسە لەسەر گۆڕانکاری لەهزری حکومەتی ئەردۆغان دەکرد، کە پشتگیری هەمو شتێکی کورد دەکات تا رادەی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیش، بەدەرکەوتنی داعش و پەلاماری بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەو خەونەی پارتی بو بەڵقی سەر ئاو و دۆستە نوێیەکەی کورد نوزەی لەخۆی بڕی و ئەمجارەیان بەبیانوی بارمتەکانیەوە پاکانەی بۆ دەکرا، هەر چەندە ئەوە واقیعێکی نەگۆڕە کە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نین کورد بە مافەکانی شاد ببێت، بۆیە کورد هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر بیەوێت لەنێو هاوکێشە هەرێمیەکانەوە شتێک بەشتێک بکات!

ئێستا ئەوە بۆ هەمو دونیا ئاشکرا بوە، کە تورکیا لایەنگرو پاڵپشتی داعش دەکات و وڵاتێکی وەکو ئەمریکاش لەو بێهەڵوێستیەی تورکیا نیگەرانەو نیگەرانیەکانیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە تورکیا زیاد لە قەبارەی خۆی توشی نەخۆشی لەخۆبایی بون بوەو گوێ بە کەس ناداو گوێیش ناشگرێت لە هاوپەیمانەکانی، هەر چەندە تورکیا دەیتوانی لەڕێی هاوکاریکردنی کوردانی رۆژ ئاواوە رای شەقامی کوردیش بەلای خۆیدا رابکێشێت، ئەو گومانەی کورد لەپرۆسەی ئاشتی بڕەوێنێتەوەو هەمو هێزە سیاسیە کوردیەکان لە هەر چولر پارچەی کوردستان لەنیەت پاکی خۆی دڵنیا بکاتەوە کە ئیتر بەو چاوە تەماشای ئەو وڵاتە نەکەن کە نەتەوە پەرست و رەگەز پەرستە، نورکیا ئەمەی نەکرد، بۆ؟ رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە ۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە کورد تا ئێستا لەلای تورکیا ژمارەیەکە پێویست بەوە ناکات بیخوێنێتەوە؟

ئەم بێ منەتی و بێ هەڵوێستیەی تورکیا لەدەرنجامی خەراب خوێندنەوەی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە ئەوان خوێندنەوەی دروست بۆ پەیوەندیەکانیان دەکەن و باش لەوە گەیشتون کە هێزە سیاسیەکان لە ململانێیەکی بەردەوامدان بۆ ئەوەی هەر یەکەیان ئەجێندای خۆی بەسەر ئەویتردا سەربخات، ئەمەش بوە بەخاڵی لاوازی کورد، کە وڵاتە هەرێمیەکان لەڕێیەوە دەتوانن بە کەماڵی ئیسراحەتیان ریسی کورد بکەنەوە بەخوری؟

ئێمە حاڵی حازر تەنها لەشەڕی داعشدا نین، بەڵکو لە ململانێیەکی حزبی تۆخداین، لەلایەک لە بەرەکانی شەڕدا بەگیانی پێشمەرگە قوربانی دەدەین و لەملاشەوە لەسەر ئەجێندای وڵاتە هەرێمیەکان چارەنوسی کورد دەخەینە قومارەوە، کورد هیچ زەرەرێکی نەکردوە کە شوناسی ئەردۆگان و پارتەکەی بۆی ئاشکرا بو، ئەوەی لەتورکیا چاوەنواڕ دەکرا، ئەوە دەرنەچو، چونکە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی خاکی کوردستانی داگیر کردوەو تا ئەمڕۆش داگیرکارێکی بێ ئابڕو و بەدڕەوشتە، ئەوە ئێمەی کوردین خوێندنەوەی هەڵە بۆ هێندێک شتی لاوەکی دەکەین و دەمانەوێت خۆڵ لەچاوی خۆمان بکەین، کەچی سیاسەتی پارتی دادو گەشە پێدان بۆ چرکەیەکیش هەلی لەدەست خۆی نەداوەو بەردەوام مکوڕ بوە لەسەر رێبازی کەماڵی و تەنانەت ئەردۆگان پرۆسەی ئاشتی لەبەر دید نەگرت و لە بەرنامەیدا بو پەکەکەو داعش بخاتە چوار چێوەیەکەوە!

کورد ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیکی مێژوییدایە، یان ئەوەتا ئەزمون لەمێژو وەردەگرێت، یانیش رێگە دەدات مێژو خۆی دوبارەو دەبارە بکاتەوە، شەڕی داعش چەند رویەکی هەیە، سەرکەوتن تەنها لەبەرکانی بەرگریکردنی پێشمەرگەدا نین، بەڵکو پێویستە شان بەشانی ئەو بەرگریکردنە هێزە سیاسیەکان هەمو هەوڵی خۆیان بۆ ئەوە بخەنە گڕ تا لەڕوە سیاسیەکەشەوە سەرکەوتوبن، شەڕی داعش بریتیە لەشەڕێک کە کۆمەڵێک ئەجێندا لەخۆی دەگرێت، لەپشتی هەر هێڕش و پەلامارێکی ئەم هێزە تاریکستانەوە، پیلانێکی گڵاو دەبینرێت، پیلانێک لەەرنامەیدایە کورد بەدەستی خۆی گۆڕ بۆ خۆی هەڵبکەنێت!

ئەمڕۆ راگەیاندنی پارتە کوردستانیەکان، هێندەی بە شکاندنی پەنجەکانەوە سەرقاڵن، ئەوەندەی تامەزرۆی پشت شکانی یەکترین، هەوڵی خوێندنەوەی جیددی بۆ ئەجێندای پشت هێڕشەکانی داعش نادەن، هەوڵ نادەن ئەو پشتگیریە نێو دەوڵەتیە بکەن بەهەوێنی کوردایەتی و دۆزی کورد لە دەلاقەیەوە سەربخەن، ئەمەش بۆ خۆی کێشەیە، کێشەیەکە رەگێکی قوڵی لەنێو شادەماری کورددا هەیە، پێویستە لەسەر هەمو پارتە سیاسیەکان لەخۆیان بپرسن، ئەو دەوڵتە خەلافەتەی ئەبوبەکر بەغدادی کە سنورێکی بەرفراوان لەخۆی دەگرێت، چ پێویستی بەداگیرکردنی هەولێرو کۆبانی هەیە، لەکاتێکدا لە فەرهەنگی ئیسلامدا دەبێت پاڵپشتی لە خەڵکانی ستەملێکراو بکەن، کەچی ئەوەندەی سەرسەختانە دژایەتی کورد دەکەن، لەهیچ شوێنێکی دیکە نابینرێن، ئا ئەمەیە خاڵی لاوازمان، لەپشت هێڕشەکانی داعشەوە، نەمانتوانیوە خوێندنەوەیەکی دروست بۆ ئەجێنداو جوڵە فیزیکیەکانی ئەم هێزە فرە رەهەندە هەرێمیە بکەین؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک