له خۆزگه‌وه بۆ ئۆخه‌ی .
هوشیار عوسمان
خۆزگه‌و ئاره‌زوو یه‌کێکه له خواسته ده‌روونی یه‌کانی ئاده‌میزاد ، له هه‌موو بوارێک‌دا مرۆڤ له دڵه‌وه ئاوات ده‌خوازێت بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و شتانه‌ی که حه‌زی پێ ده‌کات و به کرده‌وه‌ش هه‌وڵ و ڕه‌نجی بۆ ده‌دات . گرنگ ئه‌وه‌یه چه‌نده ئاره‌زوو هه‌یه‌و تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک له پێناویدا کۆشش ده‌کرێت.
لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو شاهیدن بۆ ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی که له هه‌موو چاخ و سه‌رده‌مێکدا مرۆڤه‌کان کردویانه‌و حه‌زه‌کانیان له دڵه‌وه کردووه به ئه‌مری واقیع و له سایه‌یدا حه‌ساونه‌ته‌وه . ئێمه‌ی کورد له ناو کۆمه‌ڵگای جیهانیدا وه‌ک خه‌ڵکی دیکه سه‌دان خۆزگه‌و ئاره‌زوو له ده‌روونماندا په‌نگی خواردوه‌ته‌وه و شه‌وانه خه‌وی پێوه ده‌بینین . ئاخۆ توانیومانه تینویه‌تی هه‌ناومان بشکێنین و هیواو ئاواته‌کانمان له بچوکه‌وه بۆ گه‌وره به ده‌ست بهێنین؟؟!! ئایا ئێمه له ئه‌مڕۆی ئه‌م جیهانه‌دا وه‌ک میلله‌تانی تر ئاواتمان هه‌یه‌و له هه‌نگاونان بۆ گه‌یشتن پێی هه‌مان به‌رزو نزمی دێته ڕێگامان ،؟؟ یان جۆر‌و ڕه‌نگ و قه‌باره‌ی خۆزگه‌کانی ئێمه له چاو هیوای خه‌ڵکی دیکه‌دا جیاوازییان ئاسمان و ڕێسمانه!!
ئێمه له کوێین و ئه‌وان له کوێن؟؟ ئه‌گه‌ر وه‌ک یه‌ک واین خاڵه هاوبه‌شه‌کانمان کامه‌یه؟؟ ئه‌گه‌ر به‌یه‌ک ناخۆین هۆکاره‌کانی چی یه؟؟ چی بکه‌ین تا بتوانین له که‌مترین کاتدا به گه‌وره‌ترین خۆزگه بگه‌ین و زیاتر ئۆخه‌ی له سه‌ر زارمان بێت ..
هیچ که‌س له خۆوه به هیواکانی نه‌گه‌یشتووه و ده‌بێت له پێناویدا کار بکات و مایه‌ی بۆ دابنێت ، ئه‌گینا به ته‌نها خۆزگه‌یه‌ک به هه‌شتیک بنیات ده‌نراو ئێمه‌ی کوردیش هه‌رگیز ماڵ وێرانی و ژێر چه‌پۆکه‌ییمان نه‌ده‌بینی و ئه‌و هه‌موو ئازاره‌مان نه‌ده‌کێشا ، له هه‌مان ڕوانگه‌وه میلله‌تانی تریش به ڕۆژێک و له ئاسمانه‌وه خۆشبه‌ختیان به سه‌ردا نه‌باریوه ، به‌ڵکو هه‌رکه‌سه‌و به‌پێ ی ژیری و هۆش و لێکدانه‌وه‌ی خۆی کاری بۆ ئه‌وه کردووه خۆزگه بکاته ئۆخه‌ی و پله به پله له مه‌یدانی ژیاندا کامه‌رانی به ده‌ست بهێنێت ..
لێ مخابن کورد له‌م زه‌مینه‌دا کۆششه‌کانی که‌م بڕ ده‌کات و له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌زاران خۆزگه‌ی هه‌یه ، که‌چی به‌رهه‌مه‌که‌ی ناگاته ئۆخه‌ی !! که هۆکاره‌که‌یشی زیاتر له خۆی دایه و دواتریش ده‌وروبه‌ر زیاتر ده‌بنه هۆی پوچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی.
هه‌موومان خۆزگه ده‌خوازین بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دیموکراسی ، بۆ دڵسۆزی و پاکی ، بۆ ڕاستی و نیشتمان په‌روه‌ری ، بۆ ویژدانێکی ڕه‌سه‌نی کوردانه‌و...که‌چی هه‌رکامێکمان له ئاستی کار‌و به‌رپرسیاریه‌تیدا وه‌ک پێویست ئه‌رکی سه‌رشانمان جێبه‌جێ ناکه‌ین و له فرسه‌تێک ده‌گه‌ڕێین بۆ خۆدزینه‌وه ، له‌ولایشه‌وه تاوانه‌کان ئاراسته‌ی که‌سانی تر ده‌که‌ین .!! ئالێره‌وه خۆزگه‌کان له بار ده‌چن و هه‌رگیز کۆرپه‌ی ئۆخه‌ی له ووڵاته‌که‌ماندا له دایک نابێت و ئاخ و ئۆف و ناڵه‌و گریان و ده‌ردو ئازار به‌شی شه‌وو ڕۆژمان ده‌بێت .!!
با بۆ ساتێک هه‌ر یه‌که‌مان به‌خۆدا چوونه‌وه‌یه‌ک بکه‌ین و بزانین بۆچی خۆزگه‌ی ئێمه تامردنه‌و له گۆڕیشدا ئۆخه‌ی نابینین؟؟!!....
hushyarosman@yahoo.de
|