له یادی
هونهرمهند ئهحمهد شهماڵ .
لەیادى ئەو مرۆڤانەى کە بەساددەیى
دێنەژیانو
هەر بە ساددەیى خۆشیان ماڵئاوایى
لێدەکەن .

سەردار عەبدوڵلا
گەر ئاوڕێک لەو مێژووە نووسراوەی کە تاکو ئیستا لە سەر کۆمەڵگەی کوردی
لە بەگەگان، زیادترین لاپەڕە تۆمارکراوەکانی ئەو مێژووە پێک دەهێنن.
ڕۆڵی هێزی بزوێنەری مێژوو کە جەماوەری بەرفراوان و مرۆڤە ساددەکانە
بابەتی لاوەکی و لە بیرکراوەی ئەو مێژووەیە. هەروەها پشتگوێخستن و
حیساب نەکردن لە سەر زۆرینەی خەڵکی لای زۆرێک لە مێژوو نووسانی پێشوو،
دەلاقەیەک لە گومان و دوودڵی بە ڕووی ئەو جۆرە لە نووسسینی مێژوودا
دەکاتەوە. ئەم شێوەی نووسینی مێژووە پێشینەیەکی جیهانی هەیەو بە میراتی
بۆ زۆرێک لەوانەی کە سەریان لە نووسینی مێژووی گۆمەڵگەی کوردیش خوراوە
ماوەتەوە.
بۆنموونە: کە باس دێتە سەر مێژووى هەرەمە باڵابەرزەکانى میسر بیرمان
تەنیا ئاراستەى توانایى و هێزى لە بننەهاتووى پاشاکانى فیرعۆنەکان
دەکرێت و باسێک لە گیانبازى و قوربانیەکانى ئەو هەزاران کۆیلەیە ناکرێت
کە بە درێژایى دەیان ساڵ لە کارکردن بە نان و پیاز ئەو هەرەمە
گەورانەیان کردە دیاریەکى سەرسوڕهێنەر و سیمبولى توانایى و خەلاقیەتى
مرۆڤ،!
هەڵبەت، لێرەدا بابەتەکەمان لە سەر مێژوو نیە، کە چۆن نووسراوە یان
دبێت چۆن بنووسرێتەوە و یاخود چۆن کەمى هێناوە لە تۆمارکردنى ڕۆل و
نەخشى مرۆڤە ساددەکان.
گەر ئاوڕێک لە بارودۆخى هونەرمەندانى کورد لە بیست ساڵى کۆتایى سەدەى
بیست بدەینەوە، بە ئاشکرا دەبینین کە ئەو هونەرمەندانە سەختترین
ونالەبارترین دەورەیان تێپەڕاندووە. ئیستیبدادى سیاسى، سانسۆر، فەراهەم
نەبوونى ئیمکاناتى هونەرى و ماڵى بووە هۆى لە ناوچوون و سەرهەڵنەدانى
زۆرێک لە توانایى و کارى هونەرى بەرز.
لە لایەکى ترەوە، هەندێک هۆکارى کۆمەڵایەتى تر هەمان ڕۆڵى نێگەتیڤى لە
بەرەو پێش چوونى ڕەوتى هونەر لە کوردستاندا هەبووە. بە سووک و کەم
سەیرکردنى هونەرمەندان بە تایبەتى هونەرمەندانى میللی دیاردەیەکى
بەرچاو بوو. وشەى (لۆتى) جگە لە تێنەگشتن لە واتاکەى، تاکو ئیستاش
دریغى لە بەکارهینانى ناکرێت لە بەرامبەر گۆرانیبیژانى میللیدا.
هونەرمەندانى کورد، ئەوانەى کە فرسەتى ئەوەیان دەستکەوت بەرهەمەکانیان
تۆماربکەن، هەوڵێکى زۆر و ململانێیەکى درێژ خایانى لەگەڵ بارودۆخى
نالەبارى ئەوسادا ویست. ئەوهونەرمەندانەى کە ڕێیان کەوتبێتە
تەلیڤیزوێنى کەرکوک بۆ تۆمارکردنى بەرهەمەکانیان، کەمیان هەیە
سەرگوزشتیەکى لە تەک سانسۆرى بێڕەحمانەى کاربەدەستانى ئەو دەسگایەدا
نەبوو بێت.
زۆرێک لە هونەرمەندانیش، بەهۆى جێگە و ڕێگەى چینایەتى و دەستکورتى،
توانا هونەرییەکانیان فەوتا یان بە شێوەیەکى ساددە و کاڵ وکرچ
تۆمارکران. هەروەها هونەرەکەیان بووە هونەرى سەرزارەکى و دەماودەمى نێو
خەڵکى و لاپەرٍەکانی مێژووش نا ئاماددەیى خۆى بۆ تۆمارکردنى ناو و
بەرهەمەکانى ئەو سەربازە ونانە ڕاگەیاند.
گەر هەڵدان بە باڵاى کیژى شۆخ و شەنگ و نازدار، سیما و پێناسى بە شێکى
زۆرى گۆرانى کوردى بێت! ئەوا دەکرێت لە نێو ئەو دەنگانەشدا دەنگێک
بدۆزینەوە کە سکى برسى، ڕۆژانى سەختى کار و نابەرابەریەکانى ژیان
ئاوێزانى بوو بێت.
هەرچەند بەداخەوە، *جۆن لینۆنى ئەمریکى لە نێو هونەرمەندانى کوردا
قاتیە، کە وشیارانە نابەرابەریە کۆمەڵایەتیەکان لە قاڵبێکى ئیستاتیکى
بەرزدا بەرجەستە بکاتەوە و خۆى وەک شەماڵ بە تەنیا نەبینێتەوە، بەگژ
سەختیەکاندا بێتەوە و هاوچینەکانى لە دەورى یەکتر کۆبکاتەوە و دەرگاى
هیواو ڕۆژێکى نوێ بە ڕویاندا بکاتەوە.!
بەڵام وەک ئاشکرایە زۆر هونەر هەبوون کە غەیرە ڕسمی و تۆمارنەکراوبوون،
یاخود تەنیا لە چوارچێوەى ناوچەیدا بوون و مەوداى بڵاوبوونەوەیان
بەرتەسک بووە.
نموونەى ئەم باسەش، هونەرمەندى میللى ئەحمەد شەماڵە واتە ئەحەى خولە
سنەیە.کە میژوو و کۆمەڵگە قەرزارباریتى، ئەو هونەرمەندە ساددە و
هەژارەى کە خۆشەویستى مرۆڤە ساددەکانى وەک خۆى بوو.
ئەحمەد شەماڵ، وەک خۆى دەڵێت:
-"کار نەما نەیکەم لە حەماڵى، کریکارى و توونچێتى و هەتا شوانى و
سەپانى".
ئەم خەمەى ژیان و گیرفانى بەتاڵ تەوەرى بنچینەیى گۆرانیەکانى شەماڵ
پێکدەهێنێت. هەر لەبەر ئەمە ئاساییە لاى حەماڵەکان و پاسە شڕۆلەکانى
نێو هێڵەکانى هاتووچۆى نێو شار و هەموو ئەو ئینسانانەى کە هەمان جێگە و
ڕێگەى چینایەتى بە باڵایاندا بڕاوە گوێگرى بە دڵ و داوێنى گۆرانیەکانى
بن.
شەماڵ، هەمیشە خۆى بە تەنیا و بێ هانا دەبینێت، بەشخوراوى خۆى وەک
مرۆڤێکى کرێکار و زەحمەتکێش کە هیچ جێگە و ڕێگەیەکى بۆ بە قایل نابینن،
لە دڵێکى گەرمەوە بە ساددەیى بەیان دەکات. بە مەش ئاساییە کە ڕەشبینى و
ئاخهەڵکێشان باڵى بەسەردا کێشبکات و بە ناچارى بە خۆى و سکاڵانامە دوور
و درێژەکەیەوە مەستانە بەرەو قاپى یەزدان بکەوێتە ڕێ.
شەماڵ، بە دەنگ و لاواندنەوەکانى دەیویست دەستێک، هانایەک وە چنگ بخات،
تا گیانى ماندووى شەماڵى پیرەمێردى بە دووکەڵ قانگدراو لە توونى حەمامى
سوورەتى سلێمانى بکێشێتە دەرێ و ژیاتێکى ئینسانى پێ ببەخشسَت. بەڵام،
ئەمانە، هەموو دەبنە خەونێک و لەگەڵ بێدار بوون هەڵدەوەرێن.
وەک ووتمان: "گوێگرە ڕاستەقینەکانى شەماڵ کەسانى ساددەى لە چەشنى خۆى
بوون". ئەو کەسانەش، تەنها گوێگرێکى دەستکورت و دەستنەڕۆشتوو بوون،
خەمەکانى دڵى خۆیان بە دەنگى شەماڵ دەژنەوتەوە و بە هەمان چەشنى شەماڵ
(ئاخ) لە نێو بەڕەکانى دڵیانەوە دەهاتە دەرێ، ئەوانیش وەک شەماڵ
نەبوونى و ڕەنجەڕۆیى، پەناى پێبردبوونە بەرگۆشەى مەیخانە و قاپى ئارەقى
فەلى خۆماڵى هەرزان بەها، هەر بۆیە گریانى دواى مەستبوون خالێکى
هاوبەشى هەموو ئارەقخۆرەکانى شار بوو لە برى قاقاى پێکەنینى
سەرخۆشەکانى نێو باڕە ڕازاوە و گرانبەهاکان .
لاى مەجلیس و شەوانى پارەدارەکانیش، شەمال تەنیا ڕازێنەرەوەى شەوانى
بادەنۆشى بوو، یارمەتى دەرى بادەنۆشان بوو لە هەست نەکردن بە مووچڕکەى
ناخۆشى دواى هەڵدانى پێکە خەستەکان. لاى ئەوان گرنگ نەبوو شەماڵ چى
دەڵێت، گریانى شەماڵ ئەوانى دەهێنایە پێکەنین، بە پێجەوانەى شۆفێرە
شڕۆلەکانەوە کە لە شەماڵ تێدەگەیشتن و بە گۆرانیەکانى مەست دوبوون و
وەک منداڵ دەگریان.
جێگە و ڕێگەى ڕوو لە خوارى شەماڵ لە کۆمەڵدا، دەبێتە هۆى جێگە و ڕێگەى
ڕوو لە خواریشى لە بزووتەوەى هونەریشدا. لە نێو دەیان تیپى هونەرى پڕلە
ئامێرى مۆسیقیدا، بەشى شەماڵ تەنیا ئامێرى ساددەى تەپڵ دەبێت. گرنگى
دان بەشەماڵ لاى هەندێک هونەرمەندانى دەستڕۆشتوو بە سووکایەتى بە هونەر
دەزانرا! کە ئیستا دواى مەرگى شەماڵ دێنەوە و بە باڵایدا هەڵدەدەن و
باس لە توانایى هونەرى و هەلوێستى نەتەوەیى و نیشتمان پەروەریشى لە
گەڵدا بۆ زیاد دەکەن.! کە دیارە ئەوە نانیکە و لە شەماڵى دەخۆن.
ئەحمەد شەماڵ، ئەو زەحمەت کێشە بوو کە خواردنى وەک خۆى دەلێت:" نان و
دووکەڵ" بوو، شوێنى کارى، شوێنى ژیانى، شوێنى نووستنى، شوێنى ڕابواردن
و کات بەسەربردنیشى تەنیا حەمامە گشتیەکەى سوورەتى سلیمانی بوو.
ئەحمەد شەماڵ، ناوى تەواوى ئەحمەد مەحمود محەمەدە. ساڵى 1932 لە گەڕەکى
چوارباخى سلێمانى هاتۆتە دنیاوە. کۆڵکە خوێندەواریەک لە ڕێگەى حوجرەوە
فێر دەبێت. لە ساڵى 1942 دەچێتە قوتابخانە و فیرى نووسین و خوێندەوە
دەبێت، پاشى دوو ساڵ بە هۆى هەژاریەوە دەستبەردارى ئەو دنیایەش
دەبێت.ساڵى 1943 شان بەشانى باوکى دەستدەداتە کارێکارى و دەبێتە نان
پەیداکەرى ماڵ وخێزان.
لە ساڵى 1950 دا ژنى هێناوە، خاوەنى سێ کوڕ وچوار کچە. ئەحمەد شەماڵ،
لە منداڵیەوە خولیاى گورانى وتن دەبێت، لاسایى زۆرێک لە گۆرانى
بێژەکانى پێش خۆى دەکاَتەوە و پاشان شێوازى هونەرى میللى کۆن وەردەگرێت.
لە ڕێکەوتى 3ى مارسى1997 کۆچىدوایى دەکات و تەرمەکەى لە سلێمانى بە خاک
دوسپێردرێت.
بەڵێ، شەماڵ، بە ساددەیى ژیا وهەر بە ساددەیش ماڵئاواىکرد.کەسێک
نەیتوانى مۆرى کرێکاربوون و بێبەشى لە نێوچەوانى کاڵ کاتەوە، بەمەش
شەماڵ مرۆڤێکى نامۆى نیو نیشتمانى خۆى بوو بە نامۆیى هاتە سەر خاکەکەى
و بە نامۆیش ماڵئاوایى لێکرد.
تۆ بڵیێت، ئێستا چەندین شەماڵى تر، چەندین تواناى هونەرى تر هەگبەى
خەمەکانى شەماڵیان نەدابێت بە کۆڵدا و کوچە و کۆڵانە تەسکەکانى شار تەى
نەکەن. تۆ بڵێیت، ئەم مێژووە هەروەک ئێستا لە ئاست توانایى و ڕۆڵى
ئینسانە ساددەکانى وەک شەماڵى توونچى چاوى خەواڵووى نەکاتەوە، تۆ بڵێی،
لە نێو ئەو شەماڵانەدا، شەماڵێک پەیدا نەبێت کە خەمى ژیان ڕەشبین و
بێهیواى نەکات؟! تۆ بڵێت کەسێک لەو نێوەدا، ڕواژانى سەختى کار و
چەوساندنەوەى هاوچینەکانى بیکاتە (جۆن لینۆن) ێکى تر و گۆرانى بۆ
یەکسانى و دنیایەکى باشتر بچڕێت.!
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------
ئەم بابەتە پێشکەشە بە گیانى براى
جوانەمەرگم کامەران(جوانڕۆ) کە بۆ یەکەمین جار دەنگى شەماڵى پێناساندم.
*جۆن لینۆن:گۆرانى بێژى شۆرشگێڕى ڕاپى ئەمریکیە، گۆرانیەکانى
جەماوەرێکى زۆرى لە نێو خەڵکانى زەحمەتکێش و بێلانەکان دا هەبوو، بە
هۆى ئەم لایەنگیریەشى لە یەکسانى و مافەکانى کرێکاران و مرۆڤە
زەحمەتکێشەکان تیرۆرکرا.
سوپاس و پێزانین بۆ هاوڕێى شاعیر حەمەشوان شەریف لە پێشکەش کردنى
زانیاریەکانى، سەبارەت بە ئەحمەد شەماڵ.
sardar@telia.com
|