په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٨\٢٠١٨

لە یادی ٤ ساڵەی تاوانی کۆمەڵکوژیی خوشک و برا ئێزیدییەکاندا

ھەر کەسێک نکۆڵی لە تاوانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بکا دەبێ سزا بدرێ.

 


لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش یەکێک لە ھەرە قێزەونترین تاوانەکانی سەردەمیان بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی شەنگال و پێشتریش برا کریستان و شەبەک و تورکمانە شیعەکانی ناوچەی موسڵ ئەنجامدا, کە نموونەی ئەم تاوانانە لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا لە جیھاندا نەبووە.

ئێمە لە ٤ی ئابی ٢٠١٤ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا وەک یەکەم لایەن ئەو تاوانەمان بە جینۆساید ناساند و داوامان لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و کوردستانی کرد بەرەو روی تاوانەکە ببنەوە لەو پێناوەشدا کاری بە بەرھەممان ئەنجامدا , لە یادی چوار ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا داواکارین .

- حکومەتی ھەرێمی کوردستان فشار بخاتە سەر حکومەتی ناوەندی بۆ ئەوەی پەیماننامەی رۆما واژۆ بکات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆ ئەوەی نیازپاکی خۆی لە رێگای بە ئەندامبونیەوە لە دادگاکە بۆ پێکھاتەکانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید رابگەیەنێت کە دژ بە دوبارەبوونەوەی تاوانەکانی رابردووە کە بەسەر گەلەکەماندا ھاتووە( ھەڵەبجە, ئەنفال, بارزانی, فەیلی, تەعریب, شەنگار, سمبێل .... )), کە تاوانەکانی شەنگال و دوز سەلماندییەوە بە ئەندام بوونی عێراق زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانەو سزا دانی بکەرانی و ناساندنی حەقیقەتی یاسایی تاوانەکەیە لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا.

- داوا لە دەسەڵاتدارانی کوردستان دەکەین, داواکاری بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بکەنە یەک لە داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لە دانوساندنەکانیان لە گەڵ حکومەتی ناوەندی بەغدا لە گەڵ لایەنە عێراقیەکان و سازشی لەسەر نەکەن .

- ھەر کەس و لایەنێک لە کوردستانەوە ریکلام بۆ داعش بکات, پێویستە بە تاوانی ھاوکاریکردنی تیرۆر و بانگەشە بۆی دادگایی بکرێت.

- ھەر کەس و لایەنێک نکۆڵی لە جینۆسایدی ئێزیدی و کریستان و پێکھاتەکانی دیکە بکات لە لایەن داعشەوە پێویستە سزا بدرێت و ئینکار کردنی تاوانەکانی جینۆساید وەک تاوان سەیر بکرێت لە ھەرێمی کوردستان, بە یاسا رێکبخرێت و پێشێلکارانی سزا بدرێن .

- ھەر پارت و لایەنێکی سیاسی ئینکاری جینۆسایدی ئیزیدی و کریستان و شەبەک و .... بکات , یاخود برەو بە سیاسەتی جیاکاری بەرامبەریان بدات لە ئاستی خوارەوە پێویستە قەدەغە بکرێت.

- پێویستە ئەو چەکدارە کوردستانیانیانەی لە ریزی داعش بوونە, لە کاتی واز ھێنانیان دادگایی بکرێن لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە.

- پێویستە ئەو تاوانانەی لە رابردوودا لە رێگای ٧٤ فەرمانەکەوە بەرامبەر بە ئێزیدی و کریستان و پێکھاتە ئاینییەکانی کوردستان کراوە, تۆمار بکرێن وەک مێژوو و بچێتە بواری خوێندنەوە, کەسایەتییەکانیان بناسرێن وەک تاوانبار نەک قارەمانی مێژویی.

- دەبێت سنورێک بۆ تەجاوزات بۆ سەر ناوچەی ئێزیدی و کریستان و پێکھاتەکانی دیکەی کوردستان دابندرێت, تایبەتمەندی ناوچەکانیان بپارێزرێت و لە دەسەڵاتدارێتی کوردستاندا رۆڵی زیاتریان پێ بدرێت تا وەرگرتنی بەرزترین پۆستی سیاسی و ئیداری.

- داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەین, ھەر دیلێکی داعشی ھاووڵاتی ١٢٤ وڵاتەکەی ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیان لایە تەسلیم بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکەن, بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن, مخابن تا ھەنووکە کەمتەرخەم بوونە .

- داواکارین لە ھەردوو لایەن بڕیار بەدەستان و تاوانبارانی داعش دیاری بکەن, ئەوانەی لە بڕیاردان و تاواندا رۆڵیان ھەیە, ناوەکانیان بدەنەدادگای تاوانی نێو دەوڵەتی.

- پێویستە لە ئاستی جیھانیدا گەلەکەمان شوێن پێی تاوانباران ھەڵبگرێت و لە وڵاتەکانیان سکاڵا لەسەر چەکدار و لایەنگرانیان تۆمار بکرێت.

- داواکارین ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری داگیرکردنی شەنگال لە ٣-٨ لە لایەن داعشەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت, ئەگەر شکستی سەربازییە ئەوانەی ھۆکاری شکستەکەن سزا بدرێن و لە بەرپرسیارێتی سەربازی دوور بخرێنەوە, ئەگەر کارئاسانیکردنێک ھەبووە بۆ لایەنی بەرامبەر, ئەوا بە تاوانی ھاوکاریکردنی جینۆساید سزا بدرێن.

- داواکارین حکومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی زیاتر تەرخان بکات بۆ ئازاد کردنی کچان و کوڕانی ئێزیدی کە ٤٨,٣%یان تا ئێستا لە دیلیدا ماون , وە ھاوکاریان بکرێت دوای گەڕاندەوەیان بۆ ئەوەی ژیانێکی شەرافەتمەندانە بژێن.

 


تۆڕی ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی - ٣٧٦ رێکخراو
کوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی رێکخراوە کوردییەکان بۆ قەدەغە کردنی چەکی ئەتۆمی - رێکخراو)١٣٠

 

 

kw_genocide@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک