لیستی گۆڕان:
لە نێوان خۆشباوەڕی و هەڵبژاردنی سیاسیدا...!
( دەربارەی هەڵوێستگیری
یەکانی کۆمەڵێک لە ڕۆشنفکرانی چەپ و لیبرال بۆ لیستی گۆڕان)

موزەفەر عەبدوڵا
ئەگەر بمانەوێت بە سادەیی لیست ،قەوارە، یان وەک خۆیان دەڵێن بزوتنەوەی
گۆڕان وێنا بکەین، تا زۆر ڕۆشن ناوەڕۆکەکەی دەرکەوێت، ئەوەیە کە ئەم
لیستە بە وێنەی ئۆرگانی جەستەیەکە کە توشی سەرەتان هاتبێت و بە تەواوی
بەجەستەکەدا ڕۆچوبێتە خوارەوە.بۆیە ئیتر ئەم جەستەیە کە هیچ چاوەڕوانی
یەکی ژیانی لێناکرێت و دەبێت بە بارگرانی و دردو مەینەتو خەمو خەفت هەم
بۆ خودی ئەو کەسەو هەم بۆ هەر کەسێکی تر کە چاوەڕوانی ژیان لەو جەستەیە
دەکات.تەنانەت نەک هەر ئەمە بەڵکو ئیتر ئەگەر هەر ئۆرگانێکی ئەوجەستە
سەرەتاناوییە ببڕی بەکەڵکی ئەوە نایەت بیبەخشی بە کەسێکی تر .
واقیعەن لیستی گۆڕانیش ئۆرگانێکی ئەو جەستە سەرەتانەیەو نابێت هیچ کەس
چاوەڕوانی ژیانی لێبکات .هەڵبەت ئەوەش بڵێین کە لیستی گۆڕان بە حوکمی
ڕۆڵی بەرچاوو تاقانەی ئێستای سەرۆکەکەی ،بەر لە غەزرینی بە دڵی یەکێتی
نیشتمانی بە حیساب بێت ئەگەر وا دابنێین کە تاڵەبانی مێشکی یەکێتی بێت.
بۆیە بە پێچەوانەی ئەو بۆچون و لێکدانەوانەی کە پێیان وایە لیستی گۆڕان
،کە ناوی گۆرانە، ئەمە هەمان شێوەو ناوەڕۆکی ئەو جوڵانەوە ناڕەزایەتییە
کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە لایەن خەڵکەوە بەڕێکخرابوو و داوای
گۆڕانیان دەکرد لە ژیان و گۆرزەرانیان کە گیرۆدە ببون بە دەست دەسەڵاتی
یەکێتی و پارتی و حزبە قومی و ئیسلامی یە هاوچینەکانیانەوە.
لە هەقیقەتدا هەروەک چۆن جوڵانەوەی قومی و حزبەکانی هیچ پەیوەندیان
نییە بە ناڕەزایەتی و خەباتی خەڵکی کوردستانەوە بۆ لابردنی ستەمی قەومی
ئاواش لیستی گۆڕان هیچ پەیوەندی بەو جولانەوەی نارەزایەتیەی خەڵکییەوە
نییە کە بە هەزار شێوە دەریان بریوە بەرانبەر دەسەڵاتی نەوشیروان و
هاوبیرو و هاوچینەکانی دوێنیی.
دەتوانرێت دەیان نمونەی تر لە ئاستی جهان بهێنینەوە لەسەر بێ ناوەڕۆکی
و بێ ڕەبتی لیستی گۆران بە نارەزایەتی خەڵکی یەوە.بۆ نمونە ئەو هەرواو
هوریایەی کە خەدامی جێگری سەرۆکی سوریا چەند سال لەمەوبەر سازیدا کاتێ
کە هەڵات ورایگەیاند کە بە زوترین کات ڕابەری ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی
سوریا دەکات بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بەشار ئەسەد.یاخود تەحەروکەکانی
موسەوی لە دژی ئەحمەدی نەژاد لە مانگی ڕابردودا کە ئاڵای سەوزی
ئیسلاحاتی بەرزکردبۆوەو توانی سواری شەپۆڵی ناڕەزایەتی یەکانی خەڵکی
ئازادیخوازی ئیرَان ببێت .لە کاتێکدا جوڵانەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی
ئیرَان بۆ ڕوخانی سەرجەم ڕژێمی ئیسلامی یە نەک بۆ ئیسلاحات.
هەڵبەت ئەم هەقیقەتە، کرێکارو زەحمەتکێشان بەگشتی،وڕابەرانی جوڵانەوە
ناڕەزایەتی یەکان و ڕابەرانی سۆسیالیستی کرێکاری وکۆمۆنیستی باش دەزانن
وە بێگومانیشە کە خەڵکانێکی زۆریش هەیە بەم هەرواوهوریایەی لیستی گۆران
خۆشباور دەبێت .
بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا لە هەمویان زیاتر پێی سەرگەرم بوونە ڕۆشنفکرانی
وردە بۆرژوازی چەپ وهەتا دەگاتە هەڵسوراوانێکی سیاسی کە دەیەو نێوێک
لەمەوبەر تەنانەت بانگێشەی کۆمۆنیزمی کرێکاریان دەکرد و لە پڕێکدا لە
ڕیزەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چونە دەرەوەو کردیانە هەراو دەیان ووت
کە ئەم حزبە لەسەر خەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری نییەو خەریکی پینەوپەرۆ
کردنی، بە حیسابی خۆیان ،جوڵانەوەیەک بون بە ناوی کۆمۆنیزمی کرێکاری
یەوە. کەچی زۆری نەبرد لە ناکاو، وەک دەڵێن، بە قودرەتی قادر، 180 پلە
بایان دایەوەو بێ ئەوەی یەک ڕەخنەی ناکۆکی سیاسی و فکری ریشەییان هەبێت
،نەک هەر گۆڕان بەڵکو وەرچەرخان و وتیان ئێمە ئیتر کۆمۆنیزمی کرێکاری
نین. ئیستاش هەندیکیان بە شەرمەوە خۆییان سەرگەرمی لیستی گۆران کردووە.
بەڕای من تا ئەو جێگەیەی دەگەرێتەوە بەم کەسانەوەو ئەمانە بەشێکیان
توشی خۆشباوەری سیاسی هاتوون . وە پێیان وایە کە لیستی گۆڕان جیایە لە
باڵی ڕیفۆرمی یەکێتی .یاخود دەڵێن لیستی ڕیفۆرم خۆ هەر نەوشیروان نی یە
و ئەمە بزوتنەوەیەکی بەرهەقی خەڵکی کوردستانە لەدژی دەسەڵاتی گەندەڵی
پارتی و یەکیتییە.وە دەیەیان بەهانەی پروپوچی لەم جۆرانە.
بەڵام بە بڕوای من ئەم هاورێ چەپانە کە هەمیشە خەو بە کاری هاوبەشی چەپ
و یەکێتی چەپ و ئەمانەوە دەبینین تا ئێستا سێ چوارێکیان لێدەرچێت کە
چەند قسەیەکی نارۆشن و بێ ئاسۆیان کردوە ئەوانی تر نە وەک تاک نە بە
وێنەی رێکخراو هیچ هەڵوێستێکیان نەنواندوەو ژێر بەژێریش خۆیان خزاندۆتە
لیستی گۆڕانەوە.هەر وەک ئاماژەم پێدا ئەمە لە ئاستێکی گشتیدا
هەڵبژاردنێکی سیاسییە .وە نیشاندانی وەرچەرخانێکی ترە بە لای راستداو
هاوئاسۆیییە لەگەڵ لیستی گۆراندا.
بەڵام جگە لەم هاوڕێ چەپە ڕۆشنفکرانە توێژێکی تری ڕۆشنفکر هەن کە لە
ڕۆژنامەکانی رۆژنامەو ئاوێنەو و هاووڵاتی و دەزگا ئیعلامی یەکانی تر
خەریکی تەنزیر کردن و تیۆرداتاشینن بۆ گۆڕان و لیستی گۆڕان . ئەمانە
پیان وایە لە ئایندەدا ئاڵا شینەکەی لیستی گۆڕان باڵ دەکێشێت و ئاسمانی
کوردستان ساف دەکات و کوردستان دەکاتە سوید و سویسرا . ئاخر لە کوی و
لە کەی و چ برگەیەکی میژووی دا بووە لە سایەی سەرۆکی لیستێکی موتەهەم
بە تاوانی قەتل و عامی سەدان مرۆڤی کۆمۆنیست و ئازادیخواز، هەر لە پشت
ئاشان و قرناقاوە تا بڕینەوەی قاچ و دەستی مرۆڤە زیندوەکان هەتا دەگاتە
تیرۆری ئاشکرای 5 مرۆڤی کۆمۆنیست لە 14-7-2000 ئازادی سیاسی و
رادەربرین و دیموکراسی و دادپەروەری بەرقەرار بێت..!ئێستا ئەم ڕۆشنبیرە
پۆست مۆدێرن و بەناو لبیرالانە کە تا دوێنی خەریکی پارانەوەو لاڵانەوە
بوون لە بارەگای بەرپرسە پلە پێنج و شەشەکان تا ئاوڕێکیان لێ بدەنەوە
بۆ چاپکردنی کورتە چیرۆک و پەخشانە شیعرەکانیان. بەڵام ئەمرۆ ئەمانەش
بونە ڕەخنەگران و بە باڵاهەڵدانی لیستی گۆڕان و سەرکردە قاتلەکەی بە
فریاد ڕەسی خەڵکی کوردستان دەزانن.وە لەم ڕێگایەشدا کارێکی
شەریفانەتریشیان لە ئەستۆ گرتوەو بەلشەفیزم، کە مەزنترین و بەرهەقترین
بزوتنەوەی ئینسانی بوو ئەمانە دەیشوبهێنن بە فاشیزم و تیرۆریزم و
دکتاتۆریەت .
ئەمانەش بەم بانگێشت و تیور داتاشینەیان بە گشتی هەڵبژاردنی خۆیان
کردووە. هەربۆیە رەخنەکانیشیان لە خودی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و
ئیسلامی یە تیرۆریستەکان لەم چەند ساڵەدا لە چوارچێوەی ئەو رەخنە بێ
بنەمایانە ناچێتە دەرەوە کە فەیلەسوف و مونەزرەکانی سی ئای ئەی و
ڕاوێژکارەکانی بۆش و بلیر لە ئیسلامی سیاسی یان دەگرت.
بەڵام بە پێچەوانەی تیور داتاشین و بانگێشتەکانی ئەم دوو تەیفە لە
ڕۆشنفکرانی چەپ و پۆست مۆدیرنیست کە دژی هەمو حزبێکن کە بۆنی چەپ و
کۆمۆنیستی لێ بێت ، دەبێت باش بزانن خودی ئەو جوڵانەوەیەی نەوشیروان
خۆی لە خۆیدا تەحەزوبەو لە هەمان کاتدا تەحەزبێکە بۆنی فاشییزمی
لێدێت.چونکە خۆ دونیای سیاسەت هەر بەرنامە نییە .مەگەر بەرنامەکەی
یەکێتی باسی مەدەنییەت و یاسای پێشکەوتنخوازی و 35 سەعات کار و مافی
ژنان و مافی مرۆڤ و هەموو ئەمانە ناکات؟؟؟!.
لە واقعدا دونیای سیاسەت تەنها دونیای خوێندنەوەی کتێبە ڕەنگاو
ڕەنگەکان نی یە. ئەوان دەبێت بزانن سیاسەت بەر لەهەر شتێک پراتیکێکی
کۆمەڵایەتی و چینە کۆمەلایەتی یەکانە و هەر بۆیەش هەر جوڵانەوەیەکی
سیاسی و حزبی بەڕابەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە دەناسرێتەوە.نەک
بەتەنها بە چەندیتی ئەندامەکانی و بەرنامەکەیەوە.بۆیە هەموو حزب و
جوڵانەوەو قەوارەیەکی سیاسی ،ئیتر لیبرالی، یاخود سۆسیال دیموکراسی،
یاخود قەومی، هەتا کۆمۆنیستیش بێت ،بەرابەرو رابەرایەتی یەکەی
دەناسرێتەوەو لەوانەدا تەجەسوم دەکات.ئەمڕۆش بە هەمان شێوە لیستی گۆڕان
لە نەشیرواندا تەجەسومی کردووە .جا کەسانێک کە لە دونیای سیاسەتدا
مەترێک پێش چاوی خۆیان نابینین و پێمان دەڵین با سەیری رابردوو و
رابەری نەکەین بابەرنامەکە بخوێنینەوە بە بروای من ئەمە هەم کالفامییە
و هەم خۆ هەڵخەلەتاندن و خەڵک تەفرەدانیشە.
هەروەک باسمان کرد ئەم لیستە نەک هەر هیچ رەبتێکی بەو جوڵانەوە
نارەزایەتی یە بەرهەقەی خەڵکی کوردستانەوە نی یە کە لە چەند ساڵی
ڕابردوو دا دژی دەسەڵاتەکەی یەکیتی و پارتی بوو، بەڵکو ئەم لیستە
ئاکامی قەیرانی قولی سەرجەم بزوتنەوەی قومی بە گشتی و، یەکێتی بە
تایبەتی یە.وە ئەم ئاکامەش نە بۆ ئەوەیە کە چارەسەری ئەو قەیرانەی
یەکێتی بکات ،نەخیر.. هەرگیز ..! بەڵکو تەنها بۆ شەریکە بەشی زیاترە
لەو دەفتەرو بلۆکە دزراوای کە هەم لە بانکی یەکێتی دایە هەم لە بانگی
پارتیدایە. بە مانایەکی تر شەڕی نەوشیروان هەر لەسەر پارەی مۆڵکراوی
ناو بانکەکەی تاڵەبانی و هیرۆخان، خانمی یەکەمی عیراق نی یە، بەڵکو
لەسەر ئەو بەشە زۆرەشە کە لە هەموو ڕوویەکەوە دەچێتە بانکەکەی بارزانی
و بنەماڵەکەیانەوە.بۆیە شەڕی نەشیروان و لیستەکەی نەک هەر هیچ پەیوەست
نیە بە ڕەخنەو نارەزایەتییە عادلانەو ئازادیخوازانەکەی خەڵکی کوردستان،
لە کرێکاران و زەحمەتکیشان و لاوان و ژنان و قوتابیانەوە..هتد تەنانەت
شەرو ململانێیەکی سیاسیش نییە .هەرکەس سەرنجێک لە شێوازی بانگێشەی
هەڵبژاردن و ئاژیتاسیۆنەکانیان بکات نا سیاسی بوون و شێوازی چەتەو
ڕێگری و شەقاوەیی و چەقۆ کێشی ئەمانەی بۆ دەردەکەوێت.
بۆیە ئەگەر کەسێکی شەریف و ئازادیخواز ئەمرۆ خۆش خەیاڵە و توشی
خۆشباوەری سیاسی هاتووە بەم لیستی گۆرانە دەبێت هەرچی زووە هۆشیار
بێتەوەو ئاسۆی سیاسی دورو نزیکی خۆی تێکەڵ بەمانە و بە سەرجەم ئەو
پرۆسەیە نەکات کە ئەمڕۆ لە سایەی ئەم حزبانەدا سازکراوە.
توڕ هەڵدانی خۆشباوەری بە لیستی گۆڕان و بایکۆتی هەڵبژارنەکان و
کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازی یەکان بە دەسەڵاتی ئەم دەستەو تاقمە چەتەو
ڕێگرو چەقۆکێشانە ئەرکی دەسبەجێی هەموو کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوانی
بزوتنەوەی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی و ڕابەرانی ڕاستەقینەی ناڕەزایەتی
یەکانی خەڵکە بۆ کۆتایی هینان بە فەزایەکی نا مرۆڤانە کەبەسەر خەڵکیدا
فەرزکراوە.
14-7-2009
|