په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٠\٢٠١٣

ماڵئاوا ''ئازاد''ی ئەزیز.

 


ئەمڕۆ ھەواڵی تیرۆرکردنی ئازاد ئەحمەد، رابەری خۆشەویست و کۆمۆنیست دڵی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە کە بە دوور و نزیک لە دەوری ئازاد بوو، ھەژاند.

 


ئازاد مرۆڤێکی دەم بەپێکەنین و خۆشەویست و روح سووک بوو، مرۆڤێکی دڵسۆز و دڵ ئاوەڵە کە ھەموو ژیانی لێبراوانە تەرخان کردبوو بۆ خەبات و ھاوکاریی لە پێناو بەدیھێنانی بەختەوەریی گشتیی و ژیانی ئاسوودە بۆ ھەمووان، ئازاد گەشبین بوو بە سەرهەڵدانی بەھارێک کە تیایدا ئاسەوارێک نەبێت لە ھەڵاواردنی چینایەتیی، رەگەزیی، دینیی و نەتەوەیی... ھتد. ئازاد مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی و کراوە بوو، ئەھلی وتووێژ و دیبات بوو و مەڵبەندی ھۆشیاریی و رۆشەنبیریی بوو.

ئازاد ئەحمەد لە رانیە بە ئازادە سوور و لە ناو ھاوڕێکانی لە سەرتاسەری عیراق بە ئازادی رانیە ناسرابوو، ئازاد مرۆڤێکی دەم بەپێکەنین و خۆشەویست بوو، ھەر کەسێک یەکەم جار دەیدیت نەیدەتوانی خۆشی نەوێت.


ئازاد سەرسەختانە کاری دەکرد بۆ نەھێشتنی توندوتیژیی لەسەر منداڵان و ژنان. ئازاد یەکێک بوو لە رانیە، قەڵادزێ و حاجیاوە و شار و شارۆچکەکانی تردا پاڵپشت و ئاسۆی روزگاری ئەو ژنانە بوو کە بەڤجۆرێک لە جۆرەکان ژیانی لە مەترسیدا بوو، ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیانی دەداڤو رووبەڕووی خێڵەکان دەبووەوە، ئەگەر پێی چارەسەر نەکرابا ئەوە بە پەلە ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری ژنانی ئاگادار دەکردەوە و زۆر چاونەترسانە لەگەڵیان دەچووە شوێنی رووداوەکان زۆر جار ناو دڵی خێڵەکان.


ئازاد یەکێک لەو ھاوڕێ کەمانە بوو کە بەدوای کارەساتی ١٤ی ٧ ی ٢٠٠٠ لە کوردستان مایەوەو بەردەوام بوو لەسەر کارەکانی وەک و مرۆڤێکی کۆمۆنیست و ئازادییخواز. بەدوای لەسەر کار لابردنی ڕژێمی بەعس و داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانانی ئازاد زۆر بوێرانە ڕوو ناوەڕاست و خوارەوەی عیراق کاری دەکرد و زۆر بێباکانە و چاونەترسانە شەڕی بەرامبەر کۆنەپەرستان دەکردوو خەباتی بۆ بەدیھێنانی مافە سەرەتایەکانی خەڵکی عیراق دەکرد.


ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ٣٠/١٠ سعات ٦،٣٠ ئێوارە ھاوڕێ ئازادی خۆشەویست دەرفێندرێت و بە تیرۆرکراوی و سوتاوی لەناو سەیارەکەی دەدۆزرێتەوە.


بە دوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ەوە کوردستان چەندین ئازادییخواز و یەکسانییخواز لەم وڵاتە تیرۆرکران و ژیانیان لێسەندرایەوە. بە دوای پرۆسەی بە ناو ئازادیی عیراق ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی دیارییان بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە نائارامیی و بەڕێخستنی کۆمپانیای بەرھەمھێنانی تیرۆریست، ھەژاریی و برسیەتیی و کوشتن و بڕین، پۆلاریزە و تێکدانی کەش و ھەوای ژیانی ھاوبەش لە سەر بنەمای ھاوڵاتیبوون و ڕێکخستنی چەندبەرەکایەتی و ئاژاوە، لە سایەسەری ئازادیی و دیموکراتیان عێراق بوو بە گۆڕستانێک و ھەزاران مرۆڤ بوونە قوربانی ترس و دڵەڕاوکێ کوشتن و تیرۆر، بوونی ئەم وڵاتە بۆ مەڵبەندی باندەکانی مافیا و بازرگانیکردن بە مرۆڤەکان، راپێچدانی ژنان و منداڵانی ئەم وڵاتە بۆ بازاڕی لەشفرۆشیی، پەرەدان بە شەڕی مەزھەبی و تائیفی مەیدانی بۆ بەرەی ئازادییخوازیی و یەکسانییخوازی تەسک کردۆتەوە. ئێمە رۆژانە شاھیدی تەقینەوە و کوشتنی ھاوڵاتیانین لەم وڵاتە، نەبوونی ئاسایشی گشتیی و پەرەسەندنی کۆنەپەرستیی، زەمینەی تیرۆرکردنی ئازادییخوازان و مرۆڤدۆستانی وەک ئازادی فەراھەم کردووە.


ئازاد و ئازادەکان ترس و ھەڕشەیەکی گەورەن لەسەر ھێزە میلیشیا و کۆنەپەرستەکان ھەر بۆیە تیرۆر دەکرێن و دەیانەوێت لەناویان ببەن.


ئازادی ئەزیز تۆ ھەمیشە لە دڵی ئێمە زیندووی و بە زیندوویی دەمێنیەوە، ھەرچەندە لەدەستدانی تۆ زیانێکی گەورە بوو بۆ خێزانەکەت و ھاوڕیانت و لەگەڵ ئەوەشدا کەلێنێکی لە ریزی خەباتمان بۆ ئازادیی و یەکسانیی دروست کرد، بەڵام دوژمنان دڵنیا دەکەین ئەو ڕێبازەی کە گیانی خۆتت لە پێناوی بەخت کرد بەردەوامە تا بەدیھێنانی ئازادیی و یەکسانیی و دنیایەکی باشتر بۆ مرۆڤەکان.


بەرز و بەڕێز بێت یادی ھاوڕێ ئازاد و ھەموو گیانبەختکردوانی رێگای بەدیھێنانی ئازادیی و یەکسانیی.
رووڕەشی بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی ئازادیی.


لاوژە ماهیە - جەلیل رەزایی
٣١\١٠\٢٠١٣

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک