په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 مەلائیکە بە تانکەوە!

عه‌تا قاجری  


تاک لە کۆمەڵگا کار بۆ وەدەستهێنانى ڕەزامەندى کۆمەڵایەتى دەکات ئەویش بەجێبەجێکردنى خواستەکانى کۆمەڵگا. ڕەنگە تا ئێرە ئاسایى بێت و گرفتێکمان نەبێت، بەڵام گرفت لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە ناونیشانى ئەم بابەتە نوکتە نەبێت و بیروباوەڕى خەڵکانێک بێت کە لەم سەردەمەى خۆمان و لەم هەسارەییەى خۆمان بن نزیکتر لەوەش لەم وڵاتەى خۆمان بژین، بەپێى تیۆرى ڕەزامەندى کۆمەڵایەتى ئەمانەش خواستەکانى کۆمەڵگا جێبەجێ دەکەن، واتە کۆمەڵگا هێشتا پێویستى بەم تاکانە هەیە تا پڕِِِِکرەوەى بەشێک لە پێداویستیەکانى بن.


لێرەوەیە کە کۆمەڵە پرسیارێک خۆیان قوت دەکەنەوە کامەیە ئەوخواستە کۆمەڵایەتیەى کە لەمانە خوازراوە؟ ئەى کامەیە ئەو کۆمەڵگەیەى کەخواستى ئاواى لە تاکەکانى بوێت؟ دەبێ چ سەردەم سەدەیەک بێت لەو کۆمەڵگەیە؟ دەبێت کەرەستەکانى بیرکرنەوەو پێوانە عه‌قلانیەکانیان چى بێت؟ کامەیە ئەو تاکەى بەو شێوەییە وەڵام گۆى خواستەکانى کۆمەڵگا بێت؟ تۆبڵێى ئەمانەش کۆمەڵگەیەکى تایبەت بەخۆیان نەبیت و گاڵتە بەهەمو ئەو شتانە بکەن کە لە دونیاى نۆێ و لە دونیاى ئێمەدا هەن؟.


لەپاش ئەو هەمو گۆڕانکاریانەى کە لە دونیا هاونەتە ئاراوەو لەدواى ئەوەى مرۆڤ زور سیستەمى لەژیان تاقى کردەوە و بەردەوامیشە لەتاقى کردنەوەیان وگەڕان بەدواى باشترین و ئاسانترینیان تابەباشترین شێوەخزمەتى خۆى پێ بکات،لەدواى ئەو هەموو گۆڕانە مەزنانەى کەلە بوارى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى و تەکنۆلۆژیا تائەوڕادەییەى ئەم چەرخەى خۆمان بەچاخى خێراى و تەکنۆلۆژیا ناوزەد دەکرێت گۆڕانەکان بەجورێک وا گەورەن جیهان بە گوندێکى بچوک دەخاتە پێش چاو تا ڕادەیەکى زۆریش ئەم تێڕوانیننە ڕاستە بەڵام سەیر ئەوەیە کە هێشتا لەم گوندەدا خەڵکانیک هەن سەریان هەڵنابڕن تابزانن لەگوند چ باسە؟


ئەگەر نەبێتە زۆرڕەوى دەتوانین بڵێن هەندێک جار مرۆڤایەتى ڕابردووى خۆى لەبیردەکات بەجۆرێک سەرى سوڕماوەلەوەى کەچۆن ژیان توانیویەتى بەردەوام بێت لەسایەى ئەوسیستەم و میتۆدە فیکریە کۆنانەدا، هەتاپیشکەوتنیش بەردەوام بێت سەرسوڕمانیش بەردەوام دەبێت.


بۆزیاتر تێگەیشتن لە کرۆکى بابەتەکە ئەم بەسەرهاتە دەکەمە هەوێن کە لە یەکێک لە مزگەوتەکانى پایتەختى کوردستاندا ڕوى‌داوە و کارەکتەرەکانى کەسانى بەرجەستەن ،لێرەوە دەست پێ دەکەم:

 

پورزایەکم قوتابى سەرەتاییه‌ دەرچوه‌ە بۆ پۆلى چوار بە پێى ڕاپۆرتى پزیشکى چاوەکانى نەخۆشى حەساسیەى هەیە و تا قۆناغى باڵق بوون لەگەڵى دەبێت رۆژێک ئەم منداڵە لەگەڵ باوکى و خاَلێکى باوکى دەچن بازاڕ و لەوێ چاویان بە محه‌مه‌دناویک دەکەوێت کە لەگەڵ خاڵى باوکى دا یەکتردەناسن پاش هەواڵ پرسین محه‌مه‌د لە دوورەوە سەیرى چاوى منداڵەکە دەکات یەکسەر دەڵێ چاوى ئەم منداڵە جنى تێدایە و دەست دەکات بە قسەکردن لەگەڵ جنەکان و وەک خوى وتەنى یەک یەک ڕەوانەى جەهەنمى کردن تا هەشت دانەى ڕەوانەکرد و پاشان سەیرى باوکى منداڵەکەى کردو پێ ى وت تۆش جن لە گیانتایە ئیترح ەمەپاڵەوان ئەویشى ڕەوانەى جەهەنم کرد،حەمە پاڵەوان لەشەڕه‌ جن لێ بوویە و سەرکەوتنى بەدەست هێنا ئیتر نۆرەى وتاردان هات کۆمەڵێک هەواڵى سەیرى ڕاگەیاند لەوانە گەیشتنى تانکى زۆر پێشکەوتوو و مۆدیل نوێ بەدەست مه‌لائیکه‌ بەڵام سەرچاوەى هاتنى تانکەکان و جۆره‌کەى ڕووننەکردەوە، لەوانەیە لەبەر مه‌سائیلى ئاسایش و ستراتیژى ئەوەى ڕوون نەکردبێتەوە. محەمەد ئەو قسانەى بەهەموو باوەڕى دەکرد و زۆریش پشت ئەستور بوو.


تۆبڵێت محه‌مه‌د مەبەستى لەتانک چى بێت؟ تانکیش هەمان ئەوشتەى کە ئێمە بیستومانە و بینیومانە لاى محەمەدیش هەمان شتە؟ ئەى مه‌لائیکه‌ت تانکیان بۆچى یە؟ بەتەماى فەتحى کۆێن؟ بڵێت ئەم تانکانەش وەک تانکە ڕووسیەکان لە ئێمە تاقى نەکرێنەوە؟ محه‌مه‌د خۆى گێل دەکات؟ یا هەر خۆى گێلە؟ یا خەڵک بەگێل دەزانێ؟ زۆرن ئەو پرسیارانەى کە خۆیان قوت دەکەنەوە بۆیە من زیاتر پرسیار ناکەم و  بەجێى دێڵم بۆ توى خۆێنەر تا کەمێک فکرى خوتى بۆ ماندوو بکەیت و بپرسیت ئەمەچ چاخێکە؟ و چ خەویکى قووڵە؟

 

 

ataqajri@yahoo.com