په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

مه‌نسووری حیکمەت لە کام کلاوڕۆژنەوە دەخوێنینەوە.


ڕێبوار عارف  


لەماڵپەڕی دەنگەکاندا بەڕێزێک بەناوی( ڕۆژ ئەحمەد)وە بابەتێکی بە ناونیشانی ( منسووری حیکمەت لە نێوان ستالینزم و کلیفا یتەکلندا)دا نووسیوە، دەبێ بڵێم زمانی سیاسی ڕەخنەکانی، بۆ من بەهەموو جیاوازیەکانیشمانەوە هێشتا جێگەی پێشوازی لێکردن و ڕێزلێنانە. بۆیە بەلامەوە گرنگ بوو کە ئاوڕێک لەوباسە بدەمەوە، چونکە ئەوەی تائێستە وەک ڕەوشتی باو لە فەزای سیاسی قەڵەم بەدەستانی ناسیۆنالیست وگەلێک لە ڕۆشنبیراندا بەدیدەکرێت، لە پەیوەند بە کۆمۆنیزم و منسووری حیکمەتەوە لەهەرشتێک زیاتر بەداخەوە قسەی بازاڕی و نمایشکردنی فەرهەنگی دواکەوتوانەو دەربڕینی بۆچوونگەلێکە کە ئینسان زۆرجار گوماندەکا کەلەدەربڕینی ڕق وکینەو ناوشیاری زیاتر هیچی تر لەپشت ئەو نووسینانەوە نیەو زۆرجار ئینسان بە ڕۆشنی هەست بەوە دەکات کە تەرف تەنانەت ئەگەر بۆ بەهێزکردنی بۆچوونەکانی خۆشی بێت چاوی بەدوو نووسینی منسووری حیکمەتدا نەگێڕاوە. سەرئەنجام بەدەستی بەتاڵ وشێوازێکی شەرەنگیزەوە زمان لە چەرخدەدەن، بەبێ ئەوەی بیربکەنەوە لەوەی کە ئەو ڕەوشتە نەک هیچ بەرهەمێکی بۆخۆشیان نابێت، بەڵکو خوێنەرێک گەر بێتو دەمارگیری بەرچاوی تاریک نەکردبێ دەتوانێ پەی بە بەرهەق بوونی کۆمۆنیستەکان ومنسووری حیکمەت بەرێ. بۆیە دەڵێم بریا ئەوانەی لەخۆیان ڕادەبینن ئەگەر تەنیا بۆ دژایەتیکردنی کۆمۆنیزمیش بووە بۆ ماوەیەک ڕوو لە ئووسین و بەرهەمەکانی منسووری حیکمەت بکردایە تا لە دۆخێکی تەندروستداردا هەرکەسێک بە لۆژیکی خۆی هەقانیەتی خۆی و بزوتنەوەکەی بسلەمێنێ. بەدڵنیای کۆمەڵگای ئێمە لەهەر سەردەمانێک زیاتر پێویستی بە ڕێگەیەکی لەو چەشنەیە. جێخستنی وەها سونەتێک بۆ کەسانێک کە هەست بە لێپرسینەوە دەکەن لەبەرامبەر بە کۆمەڵگادا، سەرەتایترین چاوەڕوانییە !


ئاوڕدانەوەیەک لەخوێندنەوەکەی ڕۆژ ئەحمەد.


بەرلەهەرشتێک بەهۆی فراوانی سنووری باسەکەو بەداخەوە هەندێ جار تێکەڵوپێکەڵیەک لە نووسینەکەی ئەم بەڕێزەدا، ناچارم کە زیاتر لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی هەڵوێستە بکەین. بۆ چوونە نێو باسەکە چاکترە پەرەگرافی یەکەمی نووسەر بکەینە دەستپێکی بابەتەکە، کە دەنووسێ:( بەبێ گومان لای هەمووان ئاشکرایە کە مەنسووری حیکمەت یەکێک لەبیرمەندە گەورە مارکسیستەکانی چەپی کۆمۆنیزەمە لە ڕۆژهەلاتی ناویندا). ئەم دەربڕینە بەرهەمی بەدواچوونێکە کەم تا زۆر بەم نووسینەوە دیارە کە هەوڵیداوە لەتەنیشت هەر ڕەخنەو سەرنجێکی خۆیدا جێپێی هەندێ لە باسەکانی منسووری حیکمەت هەڵگرێ. بەلام با بزانین کێشەو ڕەخنە سەرەکیەکانی ڕۆژ ئەحمەد چیە لە منسووری حیکمەت. یەکێک لە ڕەخنە سەرەکیەکانی ئەم بەڕێزە لەپەیوەند بە تێزی (سۆسیالیزم تەنیا لە وولاتیکد)یە کە دەنووسێ (( ڕاستە مەنسووری حیکمەت دژی یەکەم یاسای دەوڵەتی ستالینیزم بووە بەلام لەگەڵ دووەهەمین یاسای دەوڵەتی ستالینیزم کە سۆسیالیزمە لە تەنیا ولاتێکدا کۆک بووە چوونکە بە درێژای ژیانی، ڕەخنەو پرسیار یاخود ڕوونکردنەوەو لێکۆڵینەوەی لەسەر سۆسیالیزم بەتەنها لە یەک وولات هەرگیز باس نەکراوەو تاوتۆی نەکراوە لە هیچ پەیڕەو پرۆگرامی ناوخۆی یەکیەتی خەباتکارانی کۆمۆنیست و پارتی کۆمۆنیستی ئیران ودواتریش کۆمۆنیزمی کریکاری... لەکاتێکدا چاو بە مێژووی نوێترین بزوتنەوەکەشی دەهێنین کە کۆمۆنیزمی کرێکاریە دەبینین کە ڕێکخراوی ئەنتەرناسیونال وسۆشیالیزمی ئەنتەرناسیونال ڕەد دەکەنەوەو بە پراتیک تەنها خەبات بۆ بەدەستهینانی سۆسیالیزم دەکەن لە ئیران و عیراقدا... منسووری حیکمت بۆ ساتێکیش لە ژیانیدا ئامادەی نیشان نەداوە لە پێشخستنی ئایدۆلۆژیای ڕێکخراوی ئەنتەرناسیونالیستی و شۆڕشی بەردەوام کە بنەما سەرەتاییەکانی دژ بە یاسای دەولەتی ستالینیستیە هەروەک ئاماژەم پیدا...)). ئەگەرچی ئەم ڕەخنەیە زۆر سەرپێیانەوە شکڵییە، هاوکات نیشانەی کەم ناسینی ڕێگریەکانی بەردەم شۆڕشی ئۆکتۆبەرو کێشمەکێشەکانی نێو حزبی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیای ئەو سەردەمەیە. ڕەنگە وەلامدانەوە بەو مەسەلانە لەچوارچێوەی ئەم باسەدا کارێکی گونجاوی نەبێت. بەتایبەت لەکاتێکدا بابەتێک کە زیاتر لێرەدا جێگەی مەبەستە "سۆسیالیزم لە تەنیا وولاتیکدا"یە لە ڕووسیای ئەو سەردەمانەدا کە بەدلنیای دەمانگەڕێنێتە نێو مێژوویەکی ئاڵوزتری پڕکۆسپی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و بۆچوون و لێکدانەوەی مەیلە جۆراوجۆرەکانی نێو حیزبی بۆڵشەڤیک وتەنانەت ئاوردانەوە لە گوشەنیگای مارکس وئینگلس. بەرلەهەرشتیک ئەوە بڵین خەتایەکی گەورەیە تێزێک کەستالین پێی لەسەر دادەگرت بەناوی سۆسیالیزم لە تەنیا وولاتیکدا وەک بەدیلی پرۆلیتاریای ڕووسیا لەقەڵەم بدرێت. چوونکە بۆچوون و جیهەتگیریەکانی ستالین لە خزمەت دریژەپیدان بە شۆڕشی کرێکاری وهەنگاونان بەرەو جێگیرکردنی سۆسیالیزم وەک ئەڵتەرناتیڤی سیاسی و ئابووری نەبوو لە ڕووسیا. بەڵکو تەواوی باس و بۆچوونەکانی وەک ناسیونالیستێکی ڕیفۆرمیست لە خەونی ڕووسیای گەورەوە سەرچاوەی دەگرت کە لەو سەردەمانەدا پشتیوانیەکی سیاسی و عەمەلی بەهێزی هەبوو بەتایبەت لەکاتێکدا کە پاش شەش، حەوت ساڵ تێپەڕبوون بەسەر شۆڕشی ئوتۆبەردا ئیتر ئومێد بە شۆڕشی جیهانی ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو لاوازبوون دەکشا، بۆیە تێزی" سۆسیالیزم لەتەنیا یەک وولاتدا" بووە بەدیلیکی بۆرژوایانەی ئەو قوناغە کە ستالین ئەسپی خۆی تیاتاودابوو. بەلام ئەمە بەهیچ جۆرێ بەمانای نامارکسیست بوونی تێزی سۆسیالیزم لە تەنیا ولاتێکدا نیە ! هەربۆیە ڕەخنەیەک کەئەم بەڕێزە ئاڕاستەی منسووری حیکمەتی دەکا لەبارەی پەسەندکردنی یەکێک لە تێزەکانی ستالین و ستالینست بوونی منسووری حیکمەت، لە قسەیەکی پۆچو بێ بنەما زیاتر هیچی دیکە نیە. لەمبارەوە سەرنجیتان بۆ گۆشەیەک لە ڕۆشنترین ڕەخنەی حیکمەت لە ستالین و کولیەتی حزبی بۆلشەڤیک پاش مەرگی لینین، ڕادەکێشین، کە لە ڕاستیدا دروست بە پێچەوانەوەیە حیکمەت نەک هەر" تیزەکەی ستالین" بە دروست نازانیت بەڵکو پێوایە کە پێویست بە ڕەخنەی تووندیان لێبگرێت. ئەوەتا هەر لەمبارەوە لە ئاساری منتخب لاپەرە 678 دا دەڵێ ((...من موافقم کەدەبێ تێزی دیاریکراوی " سۆسیالیزم لە یەک ولاتدا" بەو شێوەی کە لە ڕووسیا خرایە ڕوو بەرەو ڕووی هێرش و ڕەخنە لێگرتن بکرێتەوە،و دەبێت بووترێت ئەمە تێزێکی ناسیونالیستی وکۆنەپەرستانە بوو، کە لەو هەلومەرجە مێژووییە دیاریکراوەی ڕووسیادا لەپەیوەند بەو دیدگایانەی کە لە بەرامبەریدا ڕاوەستابوونەوە ئۆپۆرتۆنستانە بوو. بەلام تەوای ئەوباسەی ئەمڕۆی ئێمە لێرەدایە کە لەبەرامبەر ئەم تێزەدا دەبوایە چی بکرایە ؟). ئەمە لە کاتێکدایە کە مەنسووری حیکمەت بە قوڵی بڕوای بە سۆسیالیزم لە یەک وولاتیکدا هەیەو بە ئەسڵێکی مارکسیستانەی لەقەڵەم دەدات بۆیە لەهەمان سەرچاوەدا دەنووسێت:( لە ڕوانگەی منەوە بە مانای گشتی و تایبەتی ووشە (سۆسیالیزم لە یەک ولات )) عەمەلییە. هەڵبەتە من مخالفی ئەو جەریانەم کەلەو مقتەعەدا سۆسیالیزم لە یەک وولاتدا دەخاتە ڕوو لە رووسیادا بۆئەوەی کە لەم پۆششەدا پشت بکاتە شۆڕشی جیهانی و نوکی تیژی شۆڕش لە بواری داخلی و خاریجی، ریفۆرم لەناوخۆدا و ڕاگەیاندنی سازشی چینایەتی لە ئاستی نیۆنەتەوەیدا). جێگەی خۆیەتی لەمبارەوە سەرنجی چەند تێزیکی سەرەکی منسووری حیکمەت بدەین بۆ باشتر ڕونکردنەوەی دروستی بۆچوونەکانی سەبارەت بە سۆسیالیزم لە تەنیا وولاتیکدا کە دەلێ: یەکەم: بەبڕوای ئێمە لە ڕووی تیۆرییەوە، سەربەخۆ لەباسی سۆڤێت، دامەزراندنی سۆسیالیزم لەیەک ولاتدا، یانی دامەزراندنی شێوازێکی ڕاوەستاو پشتبەستوو بە موڵکایەتی سۆسیالیستی و نەهێشتنی کاری گرێگرتەو هاوڕێک لەگەڵ ئەو نەخشانەی کە مارکس وەکوو قۆناغی پایەیی قسەی لەسەر دەکات بەتەواوی ئیمکانی هەیە، نە تەنیا ئەمە بەڵکو مەسەلەیەکی حەیاتیشە لە چارەنووسی شۆڕشی کرێکاریدا. دامەزراندنی سۆسیالیزم ئەرکێکی دەستبەجێ وحەیاتی هەر چینێکی کریکارە کە ئەتوانێت لە هەر ولاتێکدا دەسەلاتی سیاسی بەدەست بێنێت. ئێمە ئەو دیدگایانەی کە بە هەر بیانوو مەبەستیکەوە بێت، وەکوو باسی"زەرورەتی شۆڕشی جیهانی"،"دواکەوتوویی ڕوسیا" سنووربەندی لەگەڵ ستالینیزم و ناسیۆنالیزم"و شتی تر، کاری بەدیهێنانی ئابوورییەکی سوسیالیستی پشتبەستووە بە موڵکایەتی سوسیالیستی و نەهێشتنی کاری کرێگرتە لە دەستوری پرلیتاریای بەدەسەلاتگەیشتوو لەیەک ولاتدا دەنێتەلاوەو هەواڵەی دەورەیەکی تری دەکەن، بەهەڵە و نامارکسیستی دەزانین. دووەم: بەبڕوای ئێمە جیاوازییەک کە مارکس لەنێوان دوو قۆناغی کۆمۆنیزمدا پێناسەی دەکات، جیاوازییەکی زۆر ڕۆشنەو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە باسی ئەرکە ئابوورییەکانی دکتاتۆری پرۆلیتاریاوە هەیە. ئێمە کۆمۆنیزم ( قۆناغی بالا) لە تاکە ولاتێکدا بە مومکین نازانین. هۆی ئەم باوەڕەش ئەوەیە کە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغە بریتین لە فراوانبوونی ئابووری، پەرەسەندنی سەرسوڕهێنەری هۆیەکانی بەرهەمهێنان، ئاڵگوڕی بنەڕەتی لەجێگاو شوێنی ئینسان لە کۆمەڵدا، ڕەوشت وشتی تردا و لەدواییدا نەمانی دەوڵەت، کە بە بڕوای ئێمە ئەمانە لە چوارچێوەی تاکە وڵاتێکدا ناکرێ بێتەدی. بۆ نموونە، مادام سنووری نێوان وڵاتەکان هەبن و ئەم سنوورانەش هێڵی جیاکردنەوەی کۆمەڵە سۆسیالیستییەکان لە کۆمەڵە سەرمایەدارییەکان بن، نەمانی دەوڵەت عەمەلی نییە، بەلام سۆسیالیزم بە مانای قۆناغی سەرەتایی، نە تەنیا عەمەلییە بەڵکوو هەر وەکوو گوتمان زەوریشە. سێیەم: دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، کە لە پلمیکە ئابوورییە ناوخۆییەکانی حیزبی بۆلشەڤیک لە نێوەڕاستی دەیەی( 20)دا، "سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا" ئاڵا و دەروازەی هەڵدان وگەشەی ناسیونالیزمی بۆرژوازی بوو بە هەمان ئەو مانایەوە کە پێشتر ئاماژەی پێ کرا، یانی زاڵبوونی ئالتەرناتیڤی بۆرژوازی بۆ حەرەکەتی کۆمەڵ لە ڕووی بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوە. بەواتایەکی دیکە، هەرچەندە دەستەواژەی" سۆسیالیزم لەیەک وڵاتدا " خۆی لە خۆیدا هەلگری لادانێک نییە، بەلام " سۆسیالیزم لەیەک وڵاتدا " وەک ئاڵای رٍەوتێکی دیاریکراو، لە دەورەیەکی دیاریکراو، لە کۆمەڵێکی دیاریکراودا، ڕەمزی یەک بزوتنەوەی گەورەی دژی کرێکاری و نیشانەی وەستان و شکستی شۆرشی ڕووسیا بوو. ئێمە ئەم ڕەوەندە وەک هەلگری ئالتەرناتیڤی بۆرژوازی لە کۆمەڵی ڕووسیادا مەحکوم دەکەین. لەو هەلومەرجە دیاریکراوەدا، یانی لە هەلومەرجێکدا کە کرێکاران دەسەلاتیان لە دەستدا بوو، سۆسیالیزم لە بزوتنەویەکی بەربڵاوی جەماوەری بەهرەمەندبوو، بووبووە پێناسەیەک کە ڕاست و ڕەوابوونی هەر هەنگاو و پێشرەوییەکی پێ دەناسرایەوە، لە هەلومەرجێکدا کە بۆرژوازی هیچ نوێنەرێکی ڕاستەخۆی لەو ململانییانەدا نەبوو کە پەیوەندییان بە ڕەوەندی حەرەکەتی ئابوری ڕوسیاوە هەبوو، ئەم قۆرمۆڵبەندییە بوو بە شکڵی ناچاری دەرکەوتنی ناسیونالیزمی بۆرژوازی. گەشەی سەرمایەدارانەی بازاڕی ڕوسیا لە ژێر ناوی "سۆسیالیزم لەیەک وڵاتدا" لەبەرامبەر پرلیتاریای شۆرشگیردا دانرا. سەیرەکە لەوەدایە کە نووسەر بۆخۆی لە بەشێکی بابەتەکەیدا دەڵێت:(...ئەم ڕەخنەو پرانسیپانە شەپۆلی جیاوازیەکان بوون کە مەنسووری حیکمەت هێنایە ناو بزوتنەوەی چەپ لەو دەڤەرەدا وە وای لەخۆی و بزوتنەوەکەی کرد کە لە بنەرەتەوە جیاوازبن لە هەموو بزوتنەوەی ستالینیستەکانی تر کەپیشتر لە ناوچەکەدا بونیان هەبوو). ئەی کەواتە ئەمە چی دەگەیەنێ جگە لە تیکەڵوپێکەڵیەک کە ئەم بەڕێزە لە نووسینەکەیدا دامەنگیری بووە ؟. بەشی دووەمی باسەکەی ڕۆژ ئەحمەد سەبارەت بە ڕەدکردنەوەی ئەنتەرناسیونال و خەباتکردن بۆ سۆسیالیزم لە تەنیا ئیران و عیراقدا، ئەمەش بەهەمان شێوە لێکدانەوەیەکی گەلێک کرچوکاڵ و بێ بنەمایە. هەقیقەت ئەوەیە کە هەڵوێستگرتن ونەگرتن لەسەر ڕێکخراوێکی ئەنترناسیۆنالیست ناتوانێت خۆبەخۆ هیچ پێوانەیەک بێت بۆ ئەنترناسیونال بوونی هیچ هێزو لایەنێک، مەگەر لەحالێکدا نەبێ ئەو ڕێکخراوە لە هاوکێشە سیاسی وچینایەتیەکانی جیهاندا پێگەیەکی گرنگی هەبێت کەبەداخەوە ئەمڕۆ ئاسەواری هیچ ڕیکخراویکی لەوشیوە بەدیناکرێت. مەسەلەیەکی ترئەوەیە کە ئایا ئەنتەرناسیونال بەچی لەقەلەم دەدەین وچۆن دەمانەوێ کاری بۆ بکەین؟ ئەنترناسیونال نە تەنیا چەمک و زاروەیەکی سیاسییەو نە نەخشەکێشانە بۆ دروستکردنی. بەڵکو ئەرک و مەهامێکی دیاریکراوە لە قوناغێکی دیارکراوی میژوودا، بەڵکو وەلامدانەوەیە بە چۆنیەتی تەداروک وبەکردەوە دەرهێنانی ئەنترناسیونال ولابردنی ڕێگری وکۆسپەکانی بەردەمیدا. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کەئایا بەڕاستی لە جیهانی ئەمڕۆدا کەسێک دەتوانێت ادعای ئەوە بکات کە زۆرن ئەو مارکسیست و بیرمەندانەی کە وەک منسووری حیکمەت کاری کردبێت بۆ وەلامدانەوە بە کۆسپ وگرێکوێرانەی کە بەرۆکیان بە ئەنترناسیونالستی سۆسیالیستی گرتووە. مەگەر هەر لە تاوتۆی کردنی ئەم باسەی ئەزموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە، بگرە تا شێوەکاری کۆمۆنیستی، تا ڕەخنە لە ناسیونالیزم، مزهەب، تا شەڕی خلیچ،و 11ی سیپتەمبەرو دەیان باسی تر مەسەلەیەکی لۆکاڵی و ناوچەگەریانە یان لە ڕاستیدا مەسەلەیەکی ئەنترناسیونالستین. لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەگەر منسووری حیکمەت تەقەلای ئەوە دەکات کە لە ئیران و عیراقدا دەسەلاتداریەتی سیاسی بەدەستەوە بگرێ و سۆسیالیزم دامەزرێنن، ئایا ئەم هەنگاوە بەهەمان شێوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ناتوانێت دووبارە جەمسەرێکی گەورەی نیونەتەوەی تر دروست بکاتەوە هەونگاوێکی لەڕادەبەدەر مەزن بێت بۆ نزیک کەوتنەوەمان لە ئەنترناسیونالستی سیۆسیالیستی؟ مەگەر سەرەتا هاتنە سەرکاری حکومەتی جمهوری ئیسلامی لە سنورێکی دیارکراودا نەبوو، بەلام دوای چەند سالێک بینیمان کە پانئیسلامیزم نەک تەنیا ناوچە بەڵکو پەلی کێشایە سەرتاسەری جیهان. کەواتە لەئەگەری بەرپابوونی شۆڕشی سۆسیالستی کە بە تایبەت ئەمە لە ئیراندا زۆر لە ڕاستیەوە نزیکترە، ناتوانێت دەرەوازەیەکی گەورەبێت بۆ دووبارە سەرپێخستنەوەی بزوتنەوەی سۆسیالیستی و ئەنترناسیونالیزم.


ڕۆژ ئەحمەد لەبەشێکیکەی نووسینەکەیدا دەلێ " تونی کلیف ئەو ئایدیایەی دروستکرد کە یەکیەتی سۆڤیەتی جاران سەرمایەداری دەوڵەتییە، هەتا هەنووکەش بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە حیکمەتیەکانیشەوە لەگەڵ ئەم ئایدیایەی کلفایتەکاندا کە سۆڤیەتی جاران وتێکرای دەوڵەتە بەناو سۆسیالیست و نیوە سۆسیالیستەکان بە سەرمایەداری دەوڵەتی لەقەڵەم دەدەن وهاوتەریبن وئارگومنیتی ئەوە دەکەن کە سۆڤیەت سەرمایەداری دەوڵەتی بووە بەلام لە ڕاستیدا سۆڤیەت لە هیچ کاتێکدا سەرمایەداری دەوڵەتی نەبووە ! "


گرفتێکی سەرەکی ئەم بەڕێزە ئەوەیە کە بۆ هەرجۆرە هەڵوێستگرتنێک لەسەر ڕووسیای جاران و تەنانەت هەندێک لە ئەسل و بنەماکانی مارکسیزم تەنیا لە لۆژیک وچاویلکەکەی ترۆتسکەیەوە دەبینێتەوە، بۆیە لەمبارەشەوە بۆ سەلماندنی باسەکەی خۆی بۆچونەکانی ترۆتسکی دەکاتە پشتیوانەی سیاسی ودەنووسێ: (تەنانەت خودی لیۆن ترۆتسکیش ناوزەدکردنی سۆڤیەیەتی بەسەرمایەداری دەوڵەتی ڕەدکردوەتەوە ...) ئەکەر پێمان قبوڵە کە ڕابەری حزبی بۆشەڤیک و شۆڕشی ئۆکتۆبەر لینینی بوو، ئەوە ناکرێ بازبەسەر لێکدانەوە بۆچوونەکانی ئەودا بدەین وبۆچوونەکانی تیرۆتسکی بکرێتە بنەمای هەڵسەنگاندنی سیاسی و تیۆری شۆڕشی ئۆکتۆبەر. کەواتە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم بۆچوونەی کە تێزی سەرمایەداری دەوڵەتی لێکدانەوەی تونی کلیفە بابگەڕینەوە بۆ لای لینین کە ڕاشکاوانە باسی سەرمایەداری دەوڵەتی وەک قۆناغێکی دیارکراو تاکتێک بووە بۆ پاراستنی دەسەلاتی سیاسی کە لەبەرژەوەندی چینی کریکارو حکومەتەکەیدا دەکا. لەمبارەوە لە هەلبژاردەی باسەکانیدا دەڵێ:(... هەموو مەسەلەکە چ لە ڕووی تیۆریەوە چ لە ڕووی پراتیکیەوە بریتیە لە دۆزینەوەی ڕێگەیەکی دروست بۆ ئەو مەسەلەیەی کە چۆن دەبێت پەرەسەندنی سەرمایەداری، کە فەرمانێکی ( تارادەیەکی دیاریکراو بۆ کاتێکی دیاریکراو) بەناچار، بکێشێنە ڕاستای سەرمایەداری دەوڵەتی، چ دۆخێک دەبێت بۆ ئەمە فەراهەم بکرێت وچۆن دەبێت فەرمانی گوڕینی سەرمایەی دەوڵەتی بەسۆسیالیزم لە ئایندەیکی نیزیکدا مسۆگەر بکات.) لەدرێژەی ئەم باسەدا لە شوێنێکی تردا دەنووسێ (...سەرماریەداری دەوڵەتی تەنانەت ئەگەر باجێکی لەوەی ئێستە زیاتریش بدەین... بۆ کرێکاران بەسوودە، لەبەرئەوەی سەرکەوتن بەسەر ئەم بێنەزمی وبێ سەروسامانیە لەهەر شتێک گرنگترە...ئەگەر بێت وئێمە سەرکەوتوونەبین بیگۆمان دەبێتە هۆی لەناوچوونمان، لە کاتێکدا کە دانی باجێکی زیاتر بۆ سەرمایەداری دەوڵەتی نە تەنیا ئێمە لەناونابات بەڵکو ئێمە لە دلنیاترین ڕێگە بەرەو سۆسیالیزم دەگەیەنێت). کەواتە تێزی سەرمایەداری دەوڵەتی خویندنەوەی لینینە نەک تونی کلیف، بۆیە منسووری حیکمەت و حیکمەتیەکانیش پێی لەسەر دادەگرن.بۆیە جیگەی خۆیەتی ئەوەش بڵین هەروەک ڕۆژ ئەحمەد خۆی دەلێ: تونی کلیف دامەزرینەری پارتێکە لەسەر بنەمای ئپۆرنیزم و بیرۆکراتیزم دامەزراوە، تۆبلی چ خالیکی هاوبەش لەنیوان بیرمەندێکی کۆمۆنیست و چەپێک کەبازنەی بیرکردنەوەی ئپۆرنیزم و بیرۆکراتیزم بێت ؟


دواین بەشی ڕەخنەی ئەم بەڕێزە کە لێرەدا قسەی لەسەربکەین، ناتەبابوونی دەربڕینی حیکیمەتیزمە کە لەمبارەوە دەلێ:... حیکمەتیزم پۆرترەیتی خودی مەنسووری حیکمەت دەکات وەک پاڵەوانێکی میافیزیکی نەک خەباتگیرو شرۆڤەکەرێکی مارکسیست، من دلنیام گەر ئەمڕۆ منسووری حیکمەت لە ژیاندا بمایە ڕایدەگەیاندو هاواری دەکرد من حیکیمەتیست نیم ....). قسەکە لەسەر ئەوەیە کە مارکسیزم مەزهەب نیە کە پێشوەخت وەلامی پرسیارەکانی ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دابێتەوە، پرۆسەی بەردەوام بوون و پێشرەویەکانی ئەم بزوتنەوەیە لەگەل ئالوگوڕگەلێکی جیهانیدا ڕووبەڕووە کە دەبێت وەلام وەرگرێتەوە. گەر سەرنج بدەین سەردەمانێک کەمارکس تیدا دەژیاو خەباتی دەکرد ئەوا دەبینین کە چۆن سواری شەپۆلی گەشەسەندنی فەلسەفەو فەیلەسوفەکانی ئەو سەردەمانە بووەو مارکسیزم بەرەو لوتکە کشاوە. ئەگەر سەرنجی لینین بدەین لەو ڕاستیە دەگەین کە چۆن لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوودا کە مارکسیزم و کۆمۆنیزم لەفراوانترین ئاستدا پێشوازی لێدەکرا، ئەو وەک ڕابەری شۆڕشێکی کرێکاری دەرکەوت و وەلامی گەلێ پرسیارەی ئەو سەردەمەی دایەوەو لینیزم بووە ئاڵای خەبات تێکۆشان. بەهەمان شێوە لەقوناغێکدا کە جیهان ڕووبەڕووی دەیان پرسیاری نوێ بووتەوەو لەجیهانیکدا کە هەرەسەی یەکیەتی سۆڤیەت وەک شکستی کۆمۆنیزم بانگێژە دەکرێ و گەشەو سەرهەلدانی لیبرالیزم و پەلهاویشتنی ناسیونالیزم و مەزەهەب لە ئالودەکردنی ژیانی مرۆڤایەتی و پەرەسەندایە، حیکمەت دێت نەک هەر وەلام بە پرسیارگەلێکی زۆری سەردەم دەداتەوە بەڵکو لە ڕاستیا جارێکیتر کۆمۆنیزم لەژێر ئاسەواری پاش هەرەسهێنانی بلۆکی شەرق دەخاتەوە سەرپێی خۆی. ئیتر بۆ دەبێ کە حیکمەتیزم بە" میتافیزیک" لەقەلەم بدریت ، کە بەهەموو مانایەک پەلکێشکردنی ئەم زاراوەیە هیچ پەیوەندی و لۆژیکێک لەگەل حیکیمەتیزمدا دروست ناکات و یەکیک لەو چەمکانەیە کە لەم نووسینەدا هیچ بۆشایەک پڕناکاتەوە. لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا ڕۆژ ئەحەد بۆ خۆی دەنووسێ:(( بەبێ سێبەری گوومان منسووری حیکمەت یەکێک بووە لە مارکسیتانەی کە گۆرانکاری پێشکەوتووی بردە ناو بزوتنەوەی مارکسیتی لە ئیران هەر وەک لە بایلۆرافیاکەشیدا ئاماژەی پێکراوە بۆ نموونە ڕەخنەی بنەرەتی لە ناسیونالیزم، دین، بۆرژوازی نەتەوایەتی وبەناو پیشکەوتوو رژیمی پاشایەتی، هتد گرتووە لەسەر ناسیونالیزم ڕەخنەگرێگی سەرسەخت وبیرمەندێکی بێ وینەبووە، جگە لە پارت وگروپە ناسیونالیستەکان ڕەخنەی ئاراستەی بزوتنەوەی چەپەکانی دیکەش گرتووە... منسووری حیکمەت لەسەر ئاین دەورێکی کاریگەری گێڕاوە لە ڕوونگردنەوەی ئەو کێشە کۆمەلایەتیانەی کە ئاین لەکۆمەڵگاکانی جیهانی سێهەم و لە کۆمەڵگا مۆدێرن و پۆست مۆدیرنیستەکانیشدا درووستی کردوە نەک بەتەنیا لە ئیران بەڵکو لە گشت گێتی بەلام بابەتیانە لە بارەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەلاتی ناوین دواوە...)) پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا هەموو ئەمانەی بەڕێزتان ئاماژەی پێدەکەن هێمای جیاوازیەکی ڕیشەی کۆمۆنیزمی مەنسووری حیکمەت نیە لەگەل جۆری کۆمۆنیستەکانی تردا، ئایا ئەم کۆمۆنیزمەی منسووری حیکمەت خاوەنی قوڵترین و ڕیشەیترین ڕەخنەی شۆرشێگرانەو پراتیکی ئینسانی مۆدرن نیە؟ ئەی کەوابێ بەو مانایە هەرهێندەش کافی نیە بۆ ئەوەی کە بڵێن حیکمەتیزم پێویستیەکی زەمانەیە گرنگە چەپ و سۆسیالیستەکان لە هەولێ ئاشنابووندابن بەم بیرمەندە مەزنە !


ماوەتەوە کە بلین وەک چۆن گرنگە کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەهەموو گرفت وکەموکوڕبیەکانیشیەوە وەک یەکەمین ئەزموونی دەسەلاتداریەتی سیاسی شۆڕشی کریکاری بەڕابەری لینینی مەزن بەڕسمیەت بناسین، ئاواش گرنگە کە بۆ تێگەشتن وخۆیندنەوەی مەنسووری حیکمەت بە ڕوانگەو میتۆدۆلۆژی ڕاوستەخۆی مارکس وئینگلس ئاشنابین، هەرئەوکاتە لە جێگەوڕێگەی واقعی ئەم بیرمەندە مەزنە زۆرباشترو واقعیتر حالی دەبین !

 

 

ئۆکتۆبەری 2008