مه‌سعوود بارزانی.. سه‌رۆک هه‌رێمێکی خه‌مسارد.!
موحسين جوامێر
ناسکترين پايه، به‌تايبه‌تی له وڵاتێک‌دا که هه‌میشه شه‌ڕی ديوه، چه‌وسانه‌وه‌ی چه‌شتووه و له‌قه‌وچه‌درانه‌وه‌ی به به‌ژندا بڕاوه؛ سه‌رۆکايه‌تییه. ئه‌گه‌ر سه‌رده‌می خه‌بات و جه‌نگی گه‌رم و به‌رگری، ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی تێدا نه‌بێ که پیاو بۆی هه‌بێ به‌رپرسێک بخاته به‌رده‌می لێپرسينه‌وه، چونکه ئه‌وسا هه‌ر که‌س ئازاده له شه‌ڕکردن، يان نه‌کردن ياخود ڕاکردن، وه‌لێ ئێسته له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تداريدا که تۆ خۆتت کانديد کرد و پاشان مه‌سئوولییه‌تت خرايه ئه‌ستۆ، ئا لێره‌دا ده‌بێ هه‌ر يه‌کێک هه‌ڵوه‌سته بکا و سه‌رۆک و سالاريش لێی بپرسرێته‌وه، هه‌ر له کاری ورده‌وه هه‌تاکوو درشت، چ جای چاره‌نووسساز. من هه‌نووکه خۆم له قه‌ره‌ی ئه‌و گله‌ييانه‌ی له ديارده‌کان ده‌کرێن و ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ده‌گیرین، ناده‌م، وه‌لێ جێگه‌ی دڵخۆشيیه شته‌کان زۆريان له‌سه‌ر ده‌وترێ و ده‌نووسرێ و هه‌رگیز نابێ که‌س لێیان بێده‌نگ بێ و گه‌ره‌که سياسه‌تی ( ئه‌مه‌ت له کوێ بوو.؟ ! ) بۆ نموونه، ببێته به‌رنامه و ويردی سه‌ر زاران و به‌وردی کاری له‌سه‌ر بکرێت، به‌ر له‌وه‌ی هه‌ست و نیستمان به‌ئاوێدا بچێ و نه‌ياران به‌بووکمان به‌رن ( حه‌يامان ببه‌ن ).
ئه‌وه‌ی ده‌خوازم لیره‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر بکه‌م، دوو خاڵه، که هه‌میشه پێم وابووه بۆ سه‌رداریی کورد و کوردستان زۆر گرنگن وکرۆکی مه‌سه‌له نێوخۆییه‌کانن، که هیچ پێوه‌ست نین به به‌غدا.. يه‌کێکیان ده‌ستووره، ئه‌ويديکه زمانی يه‌کگرتووه، که هه‌ردووکیان هه‌وێنی هێز و پێز و به‌رده‌وامیی میلله‌ته‌که‌مانن، چ له ناوه‌وه و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا و ناشێ بکرێن به‌ژێر لێوه‌وه.. هه‌بوونی ده‌ستوور، هه‌يبه‌ت و شکۆیه‌ک ده‌دا به کورد و ڕه‌گی پێ داده‌کوتێت، هه‌م له ناوه‌وه‌ی عێراق، هه‌م له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و هه‌میش له دنیادا.. هه‌بوونی زمانی ستاندارد، بێجگه له‌وه‌ی خودی کورد ـ وه‌ک يه‌کمیلله‌ت ـ له داڕمان و هه‌ره‌سهێنان ده‌پارێزێ و ڕێگه له‌و ڕۆژه ده‌گرێ تێیدا له پێناسه‌ی کوردا بوترێت : میلله‌تێک بوو به ئاودا هات و به ناندا خورا. پڕۆژه‌ی ده‌ستووری کوردستان، له نیوه‌ی يه‌که‌می نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابووردووه‌وه ئاماده کراوه، ئێسته دوو قلمان هه‌يه، که‌چی هه‌تا ئێسته ده‌رنه‌چووه و خه‌ریکه گڵۆڵه‌ی بکه‌وێته لێژی. دکتاتۆر ڕووخا، ده‌وڵه‌تی دووه‌می عێراق دامه‌زرا، پاشان ده‌ستووری فيدڕاڵ بڕياری له‌سه‌ر درا و ده‌نگیشی بۆ درا، که‌چی هی کوردستان هه‌ر ناو‌کی نه‌بڕا و سه‌رۆک به‌ديارييه‌وه خه‌واڵووه و باوێشکان ده‌دات. به‌ده‌ست خۆم نییه، هه‌موو جار که سه‌رۆکی هه‌رێم باس له ده‌ستوور ده‌کات، ئیمامی مه‌هدیی برا شيعه‌کانم وه‌بیر دێته‌وه، که هه‌میشه دوعای زهووری بۆ ده‌که‌ن، که‌چی هه‌ر نه‌هات.!
به‌نده پرسيار ده‌که‌م خه‌له‌له‌که له کێیه و له کوێیه و ئه‌م خۆ و خه‌ڵکخافڵاندنه له کوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ئايا له سه‌رکردايه‌تييه يان له بنکردايه‌تی؟ ئايا له ده‌سه‌ڵاتی ته‌شريعييه ياخود له هی ته‌نفيزی.؟ ياخود خودی سه‌رۆک ئه‌مر ده‌کا و ده‌ڵێت : من ده‌ڵێم و ئێوه به‌گوێم مه‌که‌ن.! ئانژی له هه‌مووانه؟.. ده‌نا ماقووڵه مه‌سه‌له‌يه‌ک يان پڕۆژه‌يه‌ک که له بنده‌ستی خۆتدايه، نه‌ڕوا به‌ڕێوه يان نه‌يڕوێنیت.؟ هه‌ر دوور مه‌ڕۆ، ئه‌وێ ڕۆژێ مام جه‌لال مژده‌ی دايه کورده ئێزيدييه‌کان که مافيان له ده‌ستووری کوردستاندا پارێزراوه و تێیدا به ته‌خت و به‌خت ده‌بن، هه‌روه‌ها سه‌رۆکی کوردستان که چووه که‌رکووک، نوقڵانه‌ی خۆشیی دايه که‌مايه‌تییه‌کانی ئه‌وێ، که‌چی به کرده‌وه هیچ ئه‌شتێک له ئاسۆدا گزنگان ناوێت. له‌باره‌ی زمانی يه‌کگرتوويشه‌وه، پار له چه‌ندين کۆبوونه‌وه‌ی دهۆک، په‌رله‌مان و زانکۆ‌دا، سه‌رۆکی هه‌رێم بانگه‌وازی دا که ده‌بێ ئه‌م ئاريشه‌يه چاره‌سه‌ر بکرێ و به‌بايه‌خه‌وه ته‌که‌زی له‌سه‌ر ده‌کرد، که‌چی ئێسته خه‌ریکه میلله‌ته‌که هاوێر ده‌کرێ، ناوی زمانی کوردی نامینێ و له‌جياتیی ئه‌م ده‌وترێ زمانی سۆرانی و بادينی، که ئه‌مه‌ش مزگێنییه‌که بۆ بوغز له زگه‌کان که کورد تا ڕۆژی قالوبه‌لايێ هه‌ر دووبه‌ره‌کن يان زێتر، ته‌نانه‌ت له زمانیشدا.
له ديمانه‌يه‌کی کاک سیروان ڕه‌حیم ـ دا دکتۆر مه‌حموود وتی : نه‌وشێروان مسته‌فا وتی مه‌سعود بارزانی نه‌يهێشت ده‌ستووری کوردستان ده‌ربچێت، ده‌نا له‌مێژ بوو ئاماده کرابوو.. ئه‌وجا ئه‌گه‌ر بوترێ پێش ڕووخانی میرغه‌زه‌بی به‌غدا هه‌لومه‌رجی بابه‌تی هه‌بوو که وا بکا پیاو له هێندێ پڕۆژاندا په‌له نه‌کات، نه‌وه‌کا وه‌کوو هه‌ولێری گوته‌نی گا به قوربانی جه‌رگوناوێ بێت، خۆ هه‌نووکه ئه‌م ڕه‌وشه به‌سه‌رچووه و به ياسا دانی پیدا نراوه، ئه‌ی بۆ ئه‌مڕۆ و سبه‌ی پێ ده‌کرێ و وه‌کوو سه‌ياره فه‌ته‌ناشێ ده‌کات.؟.. باشه، ئه‌گه‌ر ترکزه‌يه‌ک له‌باره‌ی ده‌رچوونی ده‌ستووره‌وه له ئارادا بێ، که هیچ نه‌ماوه، ئه‌ی بۆ هه‌نگاوێک بۆ ئه‌و کێشه مه‌زنه‌ی زمانی يه‌کگرتوو ناهاوێژرێ، که له‌زگه به‌س گوێمان له قرمژنی له‌هجان بێت، هه‌ر چييه سه‌رۆکی هه‌ریم خه‌مسارده.!
21/10/2008 mohsinjwamir@hotmail.com
|