٥\١\٢٠١٧
میدیای کوردی لە
بازنەی گەمەکانی سیاسەتدا.

نەژاد عەزیز سورمێ
- بەشی
سێیەم -
میدیای کوردی و سوود
وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ.
لە ڕاست سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا ، میدیای کوردی بە ھەموو
چەشنەکانییەوە توانیویەتی سوود لە ھەل و مەرجە ڕەخساوەکان ببینێ ،
ئەمەش سەرەتا زیاتر لە (میدیای نووسراو)دا ڕەنگی دایەوە ، بەوەی ھەموو
تایبەتایەتیەکانی چاپی بۆ مەیسەر بوو کە تا پێش ڕاپەڕین ئەوەی بە
پێوانەی ئەوان ڕۆژگاران پێشکەوتوو بوو و لەگەڵ سەردەمدا ھاتبووەوە
تەنیا لە (بەغدا) ھەبوو ، تەنانەت بەغدا تا ئەو دەمەیش مەڵبەندی بێ
ڕکابەری چاپکردن بوو ، چونکە کوردستان ئەگەرچی ژمارەیەک چاپخانەی تێدا
بوو ، بەڵام چاپخانەی پەروەردەی لێ بترازێ (ژمارە٢) کە ئەویش تایبەت
بوو بە لە چاپدانی کتێبەکانی قوتابخانە و کتێب و بڵاوکراوەی دی لێ چاپ
نەدەکرا ، تەنانەت کتێب و تاکە گۆڤاری( ئەمیندارییەتی ڕۆشنبیری و
لاوان)ی ئەوسا (کاروان)یش لە بەغدا چاپ دەکران..
بەو ڕەنگە ھات تا لە ناوەڕاستی نەوەتەکانی سەتەی ڕابردوودا ، تەکنیکی
چاپ لە ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینی ، چەندان
چاپخانە و دەزگای وەشاندن دامەزران .. بە ھاتنی کۆمپیۆتەریش ، جۆری چاپ
لە ڕێگاکانی پێشووی تێپەڕاند...
دیارە ھەمیشەیش تەکنیکی چاپ و دیزاین و دەرھێنانی ھونەری بەشی زۆری بە
پێشکەوتوویی ئامێرەکانی چاپەوە بەندە ، ئەگەرچی ڕۆڵی دیزاینەر و
ھونەرکارانیش جێی ئاماژە و لەسەر ڕاوەستان بێ ، کە بێگومان لە ھەموو
باراندا ئەوانن تایبەتایەتی بە ستایلی دەرھێنانی ھونەری بڵاوکراوەکە
دەدەن ، بەڵام بێگومان ، وەک وتمان دامەزراندنی چاپخانەی پێشکەوتوو
ھەروەھا پێداویستەکانی دی چاپ ، بە تایبەتی ئامێری چنین و چاپ کردن و
لایەنی دیزاین و جوانکاری و لێخەوتانی ھونەرکارانی ڕۆژنامە و
بڵاوکراوەکانی دی لە میدیای کوردیدا بە ئاشکرا دەرکەوت ، وای لێ ھات
چاپکراوەکان لەم ڕووەوە بچنە خانەی کێبەرکێوە ؛ لەڕووی فۆنتی تایبەت
بەخۆیان و ھەوڵ دان بۆ ستایلی تایبەت لە بڵاوکردنەوەی وێنە و
تایپۆگرافیای جۆراوجۆر و بایەخ دان بە تایتڵی سەرەکی و لاوەکی و
دابەشکردنی ستوونەکان بەسەر بۆشایی لاپەڕەکاندا و لاپەڕەبەندی و
ھاوسەنگ ڕاگرتنی ھەموو ئەو لایەنانە..
لەگەڵ ئەوەشدا ، چاپکراوەکان (ڕۆژنامە - گۆڤار - بلاڤۆکی دی) ، بە
میدیای بیستراو و بینراویشەوە لە دیزاین و دەرھێنان و ستایلی شاشە ، لە
یەکئەنوایی و لاسایی کردنەوەی میدیاکانی دەوروبەر و ئەوروپایی بەو
ڕادەیە بەدوور نەبوون ھەستی پێ نەکرێ ، ئێستاش زۆربەیان ، (ھەندێکیان
بە وەرگێڕانی ناوی خودی کەناڵەکەیش) کاریگەریی ئەو کەناڵانەیان تێدا
شاراوە نییە...
وەکو گەیاندنیش ، میدیای کوردی تا ئێستا ھەژاری پێوە دیارە ، تەنانەت
ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانیش بە ھۆی زۆری و بۆرییانەوە - ژمارەیەکی کەمیان
لێ بترازێ کە لە پەنجەی دەستێک تێناپەڕن- ئەو گوێگر و بینەرەیان نەماوە
، تیراژی میدیای نووسراویش لەچاو ژمارەی دانیشتوواندا ، ھیچ وەختێک
نەگەیشتووەتە ئاستی جێی باسان ، بڵاوکردنەوەش لەو لاوە بوەستێ، کە ئێمە
وەکو کوردستان دەزگایەکی گشتگیری حکوومەتی یان کەرتی تایبەتمان نییە ،
لە کاتی خۆیدا ڕۆژنامە و کتێب بڵاوکراوەی دی بگەیەنێتە خوێنەر.
کەناڵە ناوخۆییە لۆکاڵیەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانیش زۆربەیان ئەوەیان
لێ دەخوێنرێتەوە کە بە مەبەستی قازانج زیاتر دامەزرێنرابن ، بەو
کەناڵانەوەیش کە بۆ منداڵان خراونەتەگەڕ(٢٣)!
دیارە پێشکەوتنی تەکنیکی، پێویستی بە تەکنیکار ، یا ئەوەی پێی دەگوترێ
کادیری پڕۆفیشناڵ و ڕۆژنامەنووسی بەکار و ھاوچەرخ ھەیە ، لەم ڕووەشدا
ئەگەرچی ھەندێ لە دەزگاکان بایەخیان بەم لایەنە دابێ ، بەڵام بە
شێوەیەکی گشتی ، دیسان ڕۆژنامەنووسانی دوێنێ بە تاو و کەرەستەی ئەوساوە
مەیدانەکەیان گرتووە ، بەتایبەتیش زۆربەی ئەوانەی لە (میدیای
نووسراو)دا کار دەکەن...
ئەم مەسەلەیەش، مەسەلەی پێگەیاندن و ڕێگا خۆش کردن بۆ گەنجانی جیددی و
کارا و خاوەن خەون تاڕادەیەک لە قەدی خۆیدا ماوەتەوە و ھەوڵێکی
بەڕاستیم لەو لایەنەدا نەدیوەو نەبیستووە ، کە بە ڕای من کروکی ھەست
بەخۆکردن و پێشڕەوی لە ژیانی ڕۆژنامەنووسیدا ، وەکو ناویان بە (پیشەی
ماندووبوون) بردووە ، بەو ئاراستەیە دەکرێ...
لێ ئەوەی دەبینرێ و بەرچاوە ڕۆژنامەنووسان نەیانتوانیوە سنوری ئەرک و
ماف لێک جیابکەنەوە.... کارەکە وێرانتریش بوو دوای دەسبکاربوونی ئەوەی
بە (میدیای سێبەر) ناسراوە بە شێوەیەک میدیای خستە دەرەوەی کەوانەی (ئازادی
- بەرپرسیاریەتی) ئیتر ھەر تیرە و لە کەنداڵێ و ھەر یەکە و بە ئاوازێ
بۆ لەیلای خۆی و ناشیرین کردنی لەیلای خەڵکی دی لە ژێر سەردێری - ئەھلی
و سەربەخۆ- و ئازادیدا کەوتنە خوێندن لەیەکدی و بۆ یەکدی!!
ڕاستە ڕەنگە ھەندێ لەو میدیایانە ھەوڵیان دابێ (تاڕادەیەک) ھاوسەنگی
ڕابگرن ، بەڵام خۆ ڕۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ و میدیای سەربەخۆ (ئەگەر
ھەبێ) کاری ھەر ئەوە نییە بەوە ھاوسەنگی ڕابگرێ کە مادەم بیروڕای (ئەلف)ی
وەرگرت و پاشان ھی (بێ) بەو مانایە دەکەوێتەوە ھاوسەنگی ڕاگرتووە !! بە
پێچەوانەوە میدیای پڕۆفیشناڵ ، بەر لە ھەموو شتێک دەخوازێ بیر لە
پێدانی زانیاری بکاتەوە کە ڕێگای خوێنەر و بینەر و گوێگر ڕوون دەکاتەوە
و دەبێتە بەشێک لە پێکھێنانی ڕای گشتی...
ڕۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ ڕەچاوی پیشەییایەتی دەکا ، دەکرێ بەوە ھەست بە
بەرپرسیاریەتی بکا لە پیشەکەیدا ڕاستگۆبێ و دوور لە لێگرتنەوەی زانیاری
لە خوێنەر و گوێگر و بینەر، یا ھەڵبژاردنی ھەواڵ و ڕیپۆرتاژ و ڕاپۆرتی
دیکە بە شێوەیەکی بژارکراو (إنتقائی) و بایەخ نەدان بە زنجیرەی گرینگ و
گرینگتر و گرینگترین ، لە ھەڵبژاردن و بڵاوکردنەوەی ھەواڵدا کە ڕۆڵی
کۆڵەگەی ئەساسی دەبینێ، بەتایبەتی میدیای ڕۆژانە.
ئەمەی دەگوترێ لە قاوخی (خوانەخواستە) ئامۆژگاریدا نییە، بەقەد ئەوەی
لە ئەزموونێکی ناقابیلەوە سەرچاوەی گرتووە.
ھەر لێرەشەوە مۆڕکی ڕۆژنامەنووسی کارا و عاشق بە پیشەکەی، لەگەڵ
ڕۆژنامەنووسانی ڕێبوار و بەڕیکەر لێک ھەڵداوێردرێن ، بەتایبەتی لە کاتە
ھەستیارەکاندا کە ھەڵسوکەوتەکان لە شەوانی بێداری و ئێشکگریی بۆ
ھەواڵێکی چەند دێری ، وەک ڕۆژی ڕووناک دەردەکەون.
ئاماژەیەک بۆ میدیای حیزبی لە کوردستاندا.
سەیرایەتی ھەڵوەستە وەرگرتن لە ھێنانەوەی باسی میدیای حیزبی لەوەدایە
وەک بڵێی بکەوینە بەرابەر دێوەزمەیەک ، لەکاتێکدا خودی ئەو میدیایەی
خۆی بە (ئەھلی) یا (بێلایەن) ناساندووە لە بنەڕەتدا لە منداڵدانی ئەو
میدیایەدا ھاتووە کە سەردەمێکی دوور و درێژ سەنگ و قوڕسایی پێکھێنانی
ڕای گشتی لە ئەستۆدا بووە ، مەبەستم ئەو سەردەمانەیە کە ململانێی سیاسی
و قەومایەتی و تەنانەت چینایەتیش لە کۆڵی ئەو میدیایەدا بووە کە بە (میدیای
حیزبی)یەوە دەیناسین.
بۆ کورد ئەو میدیایەی ھەیبووە بارەکە قوڕستریش بووە ، ھەم لە سەنگەری
بەرەنگاری دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان بووە ، ھەمیش ھۆیەک بووە لەڕاگرتنی
باڵانسی زمان و کولتوورەکەی و گەشەی ئەدەبیاتی... ئەوی ڕاستیشە و
دەخوازێ نەوەی نوێی لێ حاڵی بێ ، میدیای کوردی ھەر لەدەسپێکەوە باوەکو
لەسەر دەستی (ئەنتلێجستا)ی سیاسی کورد بوو بێ ، بەڵام لە پاشاندا لە
ڕێگای حیزبەکانەوە پێگەیشتووە.
ئەگەرچی ئەو پێگەیشتنەیش بە گوێرەی ھەل و مەرجی زاتی و بابەتی لە
سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی جیاواز بووە ، بەوەی لەو نێوەندەدا ، لە
لایەک بارودۆخی سیاسی و لە لایەکی دی پێشکەوتنی تەکنەلۆژی ڕەنگ و ڕووی
میدیای حیزبی کاڵ کردبێتەوە ، بەڵام ھەرگیز بەو مانایە نەبووە ،
ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە ھاوکێشەکاندا پەڕاوێز بوو بێ ، چونکە تا ئێستاش
ڕۆڵ و کاریگەری خۆی لە دەست نەداوە بەھەند وەرنەگیرێ ، ئەمەش دیارە
ئەوەی وەک ئەلتەرناتیف خۆی نمایش کردووە ، لە گەلێک ڕووەوە ، وێنەیەکی
پڕۆفیشناڵی پیشەیی دوور لە دەمارگیری و بێمنەتی لە خاوەندارییەتی و
سپۆنسەرایەتی پیشان بدا...
پێت سەیر نەبێ (ناڵێم ھەمووی) بەڵام ئێستاش لەو لایەنانەوە میدیای
حیزبی ڕووبەدەرتر و زیاتر جێی متمانەیە ، ھەرچی نەبێ خوێنەر و بینەر و
گوێگر دەزانن کە ئەو ڕۆژنامە یا کەناڵی تەلەفزیۆنە یاخود ئەو ڕادیۆ و
سایتە لە کوێوە ھاتووە و بەچ ئاراستەیەکە ، ئینجا ھی ھەر حیزبێک بێ ،
ھەرچەندە من بەخۆم وای دەبینم کە دەبووایە تا ئێستا ئەو میدیایەش واتە
(میدیای حیزبی) گەیشتبوایە ئەوەی ببێتە (میدیای پێکھاتە) ، مەبەستیشم
ئەوەیە ھەر کەناڵێک بێ ئەوەی ناسنامەی ئاشکرای لەسەر بێ کە زمانحاڵی
فڵانە حیزبە یان فڵان لایەن ، لەخۆیدا لە ڕێگای بایەخدانی ڕۆژانەی بەو
بیروبۆچوون و بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵ و ڕاپۆرت و بەدواداچوونانەوە
بناسرابووایەوە ، دیارە کە لە میدیای حیزبی کوردیدا ئەمە نەبووە بەڵکو
لەو ململانێ سیاسیە سەقەت و کورتبینانەوە سەرچاوەی گرتووە بە نموونە
ناسیونالیزم و چەپ و ڕاستڕەو وچەپی ناوەڕاست و دیموکرات و سوشیال
دیموکرات سنورەکانیان تێکەڵ نەکرابن.
ھەر لێرەشدا میدیای حیزبی بەتایبەتیش دوای ڕاپەڕین بە چەند ساڵێک ، ئەو
ڕەونەقەی جارانی نەما کە مینبەری داکۆکیکاری ئەو سیاسەتە ڕاگەیانراوانە
بێ حیزب بانگەشەی بۆ دەکرد ، کار گەیشتە ئەوەی تەنانەت لە ناو خودی
حیزبیش ئەوەندەی بایەخ بەو کەسایەتی یان ئەم دەدرێ بەوەی دی نادرێ کە
زۆرجاران بەرپرسی لاپەڕە یا ھەواڵ ڕەنگە بە مەبەست ئەمە بکا ، دەنا لە
ڕووی پڕۆتۆکۆلییەوە من وەکو ڕای خۆم لاریم لەوەدا نییە لە میدیای
حیزبیدا دەنگ و باسی ئەندامانی ئەو حیزبە بڵاوبکرێتەوە ، بە مەرجێک
ئەوەی بڵاو دەکرێتەوە بھێنێ و ھەواڵ بێ.
بێگومان میدیای حیزبیش لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دی دەگۆڕێ ، بە پێی
چەشنی سیستەمی سیاسی و ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵ و ڕوانینی ئەو حیزبە بۆ
فەلسەفەی گەشە و گۆڕانکاریەکان و شوێنی ئەو حیزبە لە خاوەنداریەتی
پرۆسەی سیاسیدا ، چونکە ئەگەر ئەو حیزبە لە دەسەڵاتدا بێ میدیای جیاواز
دەبێ لەگەڵ میدیای حیزبێک ئۆپۆزیسۆن بێ ، یاخود ھەر بەدوایی لە دەرەوەی
کۆی پرۆسەکەدا بێ ، بە نموونە لە ھەندێک وڵاتدا دەشێ بە پێی قانوونە
کارپێکراوەکانی ئەو وڵاتە حیزب ھەبێت بەھەر ھۆیەک ھەیە ، مۆڵەتی پێ
نەدرێ ، لەو جۆرە حاڵەتانەدا میدیاکەیشی لە ڕووی ئاراستەکردنی ڕای گشتی
و ھونەری چاپکردن و جوغرافیای بڵاوبوونەوە و ئیمکانیاتی وادەی
بڵاوکردنەوە و تیراژوە سنووردار بێ(٢٤).
ئەگەر نموونەیشت ویست ھەر ئەم حیزبانەی خۆمان کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا
لە ناو پرۆسەی سیاسیدان ، لەکاتێکدا لە ژێر حوکمی حکوومەتە یەک بەدوای
یەکەکانی عێراقدا، لەو کاتانەدا کە کارکردنی بە ئاشکرایان لێ قەدەغە
بوو ، تاکە ھۆی ڕۆژانەی پەیوەندی میدیاییان ڕادیۆ بوو، وەکی دی
بڵاوکراوەکانیان ھەندێ جار بە مانگ بەڵکو زیاتریش دوای دەرچوونی
نەدەگەیشتە دەستی خەڵک ، دیارە ئەویش بە نھێنی.
بەڵام دیاردەیەک لە میدیای حیزبیدا کە دەمێکە دەرکەوتووە ، بەتایبەتیش
پاش (ڕاپەڕین) و دەرکەوتنی ئەوەی بە (میدیای ئەھلی) ناسراوە و کە لە
ڕاستیشدا ئەو میدیایەش لە کوردستان جیاوازییەکی جەوھەری لەگەڵ میدیای
حیزبیدا نییە ، بەوەی میدیای حیزبی بە ئاشکرا حیزب سەرپەرشتی دەکا و
خەرجیەکانی لە ئەستۆ دەگرێ ، ئەوەی خۆیشی بە میدیای ئەھلی ناساندووە،
بە ھەر شێوەیەک ھەیە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە ژێر ئاراستەی
سپۆنسەرەکانیدایە و باوەڕ ناکەم ھیچ یەکێک لەو کەناڵانە کە وتمان بە (ئەھلی)
خۆیان ناساندووە بتوانن لە ڕێنمایی باروبووکەرەکانییان لا بدەن ،
ئەوەندە ھەیە ھەندێ لەو کەناڵانە ، زیاتر بە ھۆی نواندنی جۆرێک لە
پیشەییایەتی لە کارکردندا و ھەندێ جار بەرنامەی جیاواز کە پێشتر و (تاڕادەیەک)
ئێستاش لە میدیای حیزبیدا نییە ، توانیویانە سەرنجی بەرامبەر (خوێنەر،
گوێگر، بینەر) بەلای خۆیاندا ڕابکێشن ، دەنا وای نابینم پیشەییایەتی
ھەر ئەوە بێ ، تەنێ چەند ڕایەکی جیا لە سەکۆیەک کۆبکەیەوە ، ئەو
دیاردەیەش وەک لە پێشدا وتمان بە گشتی لە میدیای حیزبیشدا کەم تا کورت
دەرکەوتووە ، بە بەراورد لەگەڵ ئەو میدیایەی لە پاڵیدان ، بە ھەموو
جۆرەکانییەوە ، ھەنگاوی شایان و دیاری نەناوە ، لەڕووی تەکنیکیەوە بێ
یاخود دابین کردنی ئاسۆیەکی کراوەتر کە شەقڵ و نیشانەی سەردەمی نوێی
پێوە دیار بێ.
میدیای بێلایەن.
مەبەست لە میدیای بێلایەن و لایەندار ، لێرەدا ھەر ئەوەنییە میدیایەک
سەر بە حیزبێکی یا لایەنێکی دیاریکراو نەبوو بێلایەنە...
داخۆ لای ئێمە بێلایەنی چۆن خوێندراوەتەوە؟
وەکو ڕای خۆم کە لە زۆر جێی دیکەشدا گوتومە ، وای نابینم لە سەرانسەری
جیھاندا کەناڵێکی میدیای بەو مانایەی ھەندێ بەو سادەییە دەیبینن
بێلایەن ھەبێ ؛ ھەر کەناڵێکی میدیایی دەگری لە (لایەن)ێکەوە باروبوو یا
بە ئیستیلاحی ئێستا سەپۆرت یا سپۆنسەر دەکرێ ، بە ھەر و بۆ ھەر
مەبەستێک بێ ، ئینجا ئەو (لایەن)ـە حیزبێک یا کۆمپانیایەکی بازرگانی (گەورە
یا بچووک) یا سەرمایەدارێک یا ھەندێ جار ئابووری یاخود دەوڵەتێک یا
دەزگایەکی دیاریکراو لە دەوڵەتێکی دیاریکراو (ناوخۆ یا دەرەوە) یان
گرووپێک ، یان ڕەنگە دەزگایەکی ھەواڵگری یا کەسایەتیەکی ناسراو و
ناوداری دیاریکراو یان ھەر خودی دەوڵەت بە بیانووی بەرژەوەندی گشتی
و....تاد.
بەم جۆرەش بێت مومکین نییە میدیا ، (ھەر کەناڵێکی میدیا ) بتوانێت لەو
ھێڵە لابدات کە لە لایەن سپۆنسەرەکەیەوە بۆی دیاری دەکرێ.
ڕاستە ھەندێ لە میدیاکانی دونیا لە ڕووی کارکردن و پیشەییایەتی و
بابەتایەتی و ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ ڕووداوەکاندا لە پێش ھەندەکەی دی دایە
، ئەمەش زیاتر پەیوەستە بە ئاستی پێشکەوتوویی ئەو کۆمەڵگەیەی پەیامەکەی
ئاراستە دەکرێ...
وەرە بە نموونە کەناڵێکی ئاسمانی وەک CNN وەرگرە، ئەو کەناڵە بەحساب (سەربەخۆ)یە
و خاوەنی خۆی ھەیە، بەڵام دیسان بە بیانووی بەرژەوەندی ئاسایشی
نەتەوەیی تەنانەت لە وڵاتێکی وەک ئەمریکایش ، ڕێگەی نەدرا وەک خۆیان
دەیانویست ڕووداوەکانی ١١ سێپتێمبەر بڵاوبکاتەوە، بە تایبەتی لە پێشان
دانی قوربانییەکاندا ، ئەمەش لەخۆیدا ئاستەنگێکی دی لا بەلایە لەو
ڕێگایەی (سەربەخۆیی) و (بێلایەنی) و ئیدیعای لەو بابەتەی پێ دەسەلمێنرێ.
یان کەناڵێکی وەک (الجزیرە) کە ماوەیەکی زۆر بینەرگەلێکی لەڕادەبەدەری
بۆ خۆی ڕاکێشابوو بەڵام لای وردبین و شارەزایان ھەر زوو دەرکەوت ،
کەناڵێکی لایەنداری ئاراستەکراوە و ھەرچی بڵاوی دەکاتەوە بە پێشینە و
نەخشە بۆ داڕێژراوە ، ھەرچی دەیخاتەڕوو ڕاستە ڕەنگە بۆ ماوەیەک
تینوویەتی بینەرانی شکاندبێ ، بەڵام ڕۆژێ نەماندی بەقەد تاڵە موویەک بە
نەرێنی باسی باروبووکەرانی بکا کە دەوڵەتی قەتەرە ، لەکاتێکدا ھەردەم
سەری شاشە و بنی شاشەیان ئۆممەتی عارەبی و دژی ئیسرائیل بووە ، ڕۆژێ
نەماندی باسی پەیوەندی دۆستانەی قەتەر و ئیسرائیل بکا ، یا باسی ئەو
بنکە سەربازییە گەورەیەی ئەمریکا لە (قەتەر) بکا کە ئەوان لە (الجزیرە)دا
بە ئیمپڕیالیزم دەیناسێنن ، یا ھەواڵێک بڵاوبکاتەوە ، وا کەوتبێتەوە دژ
بە قەتەر بوو بێت ، بێگومان ناتوانێ ، بە ھۆیەکی زۆر سادە ، ئەویش
چونکە کەناڵەکە دامەزراوی ئەو وڵاتەیە و بەشێکە لە ئاراستەکراوێکی
نەخشە بۆ کێشراوی ڕای گشتی باوەکو لە ھەندێ لە بەرنامەکانیشدا بە
کۆکردنەوەی دژەکان (کە زۆربەی جارانیش بەتەکبیر بووە) ئیدیعای بێلایەنی
و بابەتایەتی کردبێ(٢٥).
تەنانەت خودی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، پاش شەڕی کەنداو چەندان
کەناڵی ئاراستەکراوی ڕاگەیاندنی تایبەتی بۆ ھەمان مەبەست دامەزراند ،
وەکو چۆن دوای جەنگی جیھانیش ھەمان شتی کردبوو ، ئەو دەمەی میدیایەکی
بەتایبەت ئاراستەکراوی ڕووەو ئەورووپای ئەوسا وەگەڕخستبوو.
نموونەی دیکەش زۆرن ، بینەر و خوێنەرو گوێگری وردبین ھەر زوو دەزانێ
فڵانە کەناڵی TVیا ڕۆژنامە یاخود ڕادیۆ یا سایتی ئەنتەرنێت بۆ کێ و
بۆچی و بە چ مەبەستێک کار دەکەن ، چوون بە ئاشکرا ئەوەی تێدا دەبیننەوە
کە چۆن ھەواڵ و ڕیپۆرتاژ و ڕاپۆرتە ھەواڵەکانیان ھەڵدەبژێرن و بە چ
ئاراستە و لە چ وەخت و بە چ مەبەستێک بڵاویان دەکەنەوە.
بەم شێوەیە ھەر کەناڵێکی میدیایی ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکا لە (لایەن)
ئەو لایەنەوە بۆی کێشراوە باربووی دەکا و خەرجیەکانی لە ئەستۆ دەگرێ و
سپۆنسەر بۆ بەرنامەکانی و ڕیکلامی پێویستی بۆ پەیدا دەکا و ڕێگای
دەستخستنی ھەواڵی لە کاتێکی پێوانەییدا بۆ ئاسان دەکا یان ھەندێ جار
ھەر خۆی دەبێتە سەرچاوەی ھەندێ لە ھەواڵەکانی ، بەتایبەتی ئەو
ھەواڵانەی دەستخستنیان ئاسان نییە ، نەمازە لە وڵاتانی دواکەوتوودا ،
کە قانوون دەورێکی لەو چەشنەی تێدا ناگێڕێ .
ئەمەش وەکو (ئاوت لاین) لە ھەموو جیھاندا وایە ، لەگەڵ تێبینی ئەوەی لە
پێشدا ئاماژەمان پێدا ، بە پێی ئاستی فەرھەنگیی کۆمەڵ و ھەروەھا ئاستی
بەرپرسیاریەتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کاری تێدا دەکەن و عاقڵ پێ شکانی
خودی سپۆنسەرەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی و لە وڵاتێکەوە بۆ ئەوی
دی بە گوێرەی سیستەمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتەوە دەگۆڕێ ، دەنا لە شێوە
گشتیەکەیدا خاڵی ھاوبەش لە ڕووی ئاراستەکردن و تەیارکردنی ڕای گشتی ،
میدیای ھەموو جیھان بە ھەمان ڕەوتدا دەڕوا ، ھەموویان سنووری تایبەت بە
خۆیان ھەیە ، ھەموویان کە ھەواڵ و ڕیپۆرتاژ بڵاودەکەنەوە بەو ڕێڕەوەیدا
بڵاوی دەکەنەوە لە بەرژەوەندی باروبووکەردا دەبێ ، ئینجا تا چەند لە
ڕاستی و بابەتایەتیەوە نزیکە وا پێ ناچێ بە گرفت خوێندرابێتەوە ، لەو
ڕاستەڕا ئیتر میدیای حیزبیش ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرت ، ئیتر وای لێ
ھات ھەر لایەنێک لە فەلەکی خۆیدا بخولێتەوە ، گەیشتە ئەوەی تەخوین کردن
و یەکتر شکاندن بوو بە سیمای میدیای کوردی ئەوان ڕۆژان...
تا ئێرە و تا دوای وەستانی شەڕیش ، ماوەیەکی زۆر میدیا ھەر ئەوە بوو
حیزبەکان بەڕێوەیان دەبرد ، پاشان دوای ماوەیەک ڕۆژنامەی (ھاوڵاتی) وەک
ڕۆژنامەیەکی (سەربەخۆ) و دوا بەدوای ئەویش چەند ڕۆژنامەیەکی دیکە و
چەند کەناڵێکی ناوخۆیی خۆیان (بە ئیستیلاحی خۆیان) بە (ئەھلی) ناساند
کە ئێستاش تێنەگەیشتم مەبەستیان لە (ئەھلی)دا چییە ، وەک لەپێشدا
ئاماژەم پێداوە ، ئەگەر مەبەستیان (جەماوەر) یان (خەڵک)ـە، میدیای
حیزبیش (ئەھالی) و (جەماوەر) و (خەڵک)ی خۆیانیان ھەبووە و ھەیە ، خۆ
ئەگەر مەبەستیان ئەوەیە (سەربەخۆ)ن ، لەسەر ئەو (خۆ)یە پرسیار دێتە
پێشەوە ، داخۆ ئەو (خۆ)یە لە ڕووی ئیشکالیەتی زمانەوە چی دەگەیێنێ؟ ئەو
(خۆ)یە کێیە؟ کەس نێرکە کاردی نییە لەخۆوە ھەڵتۆقێ ، ھەڵسوڕاندنی
کەناڵێکی میدیایش تێچوو و کادر و خەرجی دەوێ.... لەو باوەڕەشدانیم
بەتایبەتی بۆ ئەوان ڕۆژان وەبەرھێنەرێکی وامان ھەبووبێ عاقڵی بەوە
شکابێ ، یاخود دڵی ھاتبێ سەرمایەی خۆی لە پرۆژەی میدیادا بخاتە
مەترسییەوە ، دیسان خەیاڵ لەوە زیاتر ناڕوا حیزبەکان بووبن بە شێوەیەک
لە شێوەکان پشتگیری ئەو کەناڵانەیان کردبێ بەکەش و ھەوایەکی واڵاتر
لەوەی لە میدیای حیزبیدا پەیڕەو دەکرا... ئاکام کەناڵ لەبەرابەر کەناڵ
تا ئەوەی لە (ئەھلی) و (بێلایەن)ـەوە میدیایەک پەیدا بوو بە (میدیای
سێبەر) ناسرا ، ئەمەش پێم وا نییە لە واقیعی ئەو میدیایە بە دوور بوو
بێ.
مەسەلەکە لەوەش پەڕییەوە و وای لێ ھات خوێنەر و گوێگر و بینەری ئاساییش
دەرک بەوە بکات فڵانە ڕۆژنامە یا گۆڤار یا ڕادیۆ یا کەناڵی تەلەفزیۆن
لە چ لایەکەوە پاڵپشتی دەکرێ، تەنانەت پەیداکردنی ڕیکلام و سپۆنسەریش
بۆ بەرنامەکانیان ھەر بە ھەوڵ و کۆششی ئەوانەوە بووە کە لە ئەساسدا
باروبووی کەناڵەکە دەکەن...
لێرەدا جارێکی دی دەخوازێ ئەوە وەبیر بێنینەوە ئەستەمە لە سەرانسەری
جیھاندا کەناڵێکی میدیایی ھەبێ بە مانای وشە (بێلایەن) ، من بەخۆم
بێلایەنی بەخەون دەبینم، خەونێکی خۆشە ، ڕەنگە ڕۆژنامەنووس ھەبن خۆزگەی
بۆ بخوازن ، بەڵام خەونە ، واقیعی حاڵ شتێکی دیکەیە، بەڵێ ڕاستە لە
ئاکامی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئەوەی لەبازنەی ماس میدیا و سایتە
ئەلکترۆنییەکان و پێگەیشتنی بەرەیەک ڕۆژنامەنووس میدیای کوردی بردە
بوارێکی دی، بەڵام نیشانە بەو سیما و ئادگارانەی باسمان کردن وای
نابینم ھیچ لەو کەناڵانەی ئەمڕۆیش لە کارن، بەتایبەتی ئەوانەی خۆیان بە
(ئەھلی) و (سەربەخۆ) و (بێلایەن) ناساندووە وابن...
لێرەش سایلی ھەموو دونیا کەناڵی میدیا یان حیزبێک یا سەرمایەدارێک،
کۆمپانیایەک، دەزگایەکی دەوڵەتی یاخود لایەنێکی ھەواڵگری یا ھەندێ جار
ڕەنگە بازرگانێکی عادەتی باروبووی دەکا، ئێ خۆ ماقووڵیش نییە ھەریەک
لەو لایەنانە پووڵ و پارەی خۆیان لە (ھیچ)دا خەرج بکەن، ئەگەر پێشت وا
بێ بۆ خزمەتی فەرھەنگ و میدیای کوردیە ، ڕەنگە دەوڵەت وەک
بەرپرسیاریەتی ئەوەی لەسەر بێ و لێشی بوەشێتەوە کە ئەویش دووجار بەلای
خۆیدا دەشکێتەوە ، دەنا لایەنەکانی دی ئەگەر خێرێکی لێ نەبینن ئاسان
نییە خاوەندارییەتی بکەن ، تەنانەت ئەمە وەک دەبینین باڵی بۆ میدیای
کولتووری و وەرزشیش کێشاوە... بەڵام لێرەدا
ناشبێ ئەوە نادیدە بگیرێ ، ھەموو ئەو کەناڵانە ، حیزبیەکانی لێ بترازێ
کە بە ڕاشکاوی خۆیان ساغ کردووەتەوە ، دەڵێم ھەموو ئەو کەناڵانە، بەو
ستایلەیان کە تاڕادەیەک جۆرێک لە پیشەییایەتی و بابەتایەتی و خێرای لە
گەیاندن لە ھەندێ لە کارەکانییان ھەوڵ دەدەن پەیڕەوی بکەن ، لێ لەو
سەرەوە لە بیریان دەچێتەوە کە لە توانایاندا نییە ئەو سنوور و
کەوشەنانە ببەزێنن بۆیان دیاری کراوە ، مەگەر لە ھەندێ وتار و
ڕپپۆرتاژی ئاسایدا ، سەرەڕای ئەوەش ئەو چەشنە کەناڵانە (کە دەڵێم کەناڵ
مەبەستم لەھەموو جۆرەکانییەتی) زۆرجار لە ڕێی بڵاوکردنەوەی ھەندێ
بابەتی وروژێنەرەوە خوێنەر و گوێگر و بینەر بۆ خۆیان پەیدا دەکەن،
یاخود بە ھۆی ھەندێ ھەواڵی تایبەتیەوە کە لە بنەڕەتدا بە کاریگەریی و
ھەوڵ و پەیوەندیەکانی باروبووکارەوە دەستیان دەکەوێ بە مەبەست و بۆ
مەبەستێکی دیاریکراو.
ڕەنگە بیرکردنەوەی ھەندێ ڕۆژنامەنووس لە ئەساسدا بەو ئاراستەیە نەبووبێ
کە کار لە کەناڵێکی لەو جۆرە دەکا ، بەڵام دواجار کە ڕێچکەی خۆی
وەردەگرێ ، بێ ئاگا، یان ئاگادار یا لە ناچاری بەو ڕەنگە دەشکێتەوە.
بێگومان سەرھەڵدانی ئەوەی پێی دەگوترێ (میدیای سێبەر) کە ھەمیشە خۆی
بەسەربەخۆ و بێلایەن دەناسێنێ زادەی ئەو کاودانەیە بینیمان ، چۆن وەک (چەندایەتی)
لە کوردستاندا بڵاوبووەوە و گەیشتە ئەوەی ببێ بە سەرچاوەی بژێوی زۆر
کەس کە لەوانەیە ھەندێکیان ئەزموونێکی وایشیان لەکاری میدیایدا نەبێ!!
___________________________
ئاماژە و پەراوێز:
٢٣- میدیای کوردی پاش ڕاپەڕین، چەند ھەنگاوێکی جێی سەرنجی ھاوێشت،
دەکرێ بەھەردوو ڕووی ئەرێنی و نەرێنیەوە بیانبینین، لە پێشەوەیان
وەگەڕکەوتنی چەند کەناڵێکی ئاسمانی ، لەوانیش چەند کەناڵێکی تایبەت بە
منداڵان. ھەروەھا چەند سایتێکی ئەلکترۆنی دوای بڵاو بوونەوەی تۆڕەکانی
ئەنتەرنێت و مۆبایل و پێشکەوتنە تەکنیکیەکانی دیکەی بواری گەیاندن ، یا
ئەوەی بە ئیستیلاح پێی دەگوترێ (کۆمەنیکەیشن) کە ماس میدیاشی لەدوایدا
لێ کەوتەوە و بەوەش میدیا مەودایەکی دی وەرگرت کە لە ھەشتاکاندا و تا
نزیکەی دوادواکانی نەوەدەکانی سەتەی ڕابردوو خەون بوو.
٢٤- لێرەدا مەبەست زیاتر لە میدیای نووسراوە ، چونکە دوای ئەو بەرەو
پێشچوونە تەکنیکیەی گەیاندن و پەیدابوونی سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
نەک ھەر حیزبی ڕێگە پێنەدراو، بەڵکو تاک بەتاکی کۆمەڵیش دەتوانن
بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕای گشتی ئاراستە بکەن و لەھەر کوێی گۆی زەوی بن،
ئەمەشمان لەزۆر شوێنی دونیادا بەخۆمان بینی بەتایبەتی لەوڵاتانەی بە (بەھاری
عەرەبی) ناسران، کە ماس میدیا ڕۆڵێکی کاریگەری لەئاراستەکردنی
خۆپیشاندەراندا گێڕا.
٢٥- بە نموونە بەرنامەی (الاتجاە المعاکس) کە ماوەیەکی زۆر خەڵکێکی
زۆری سەرقاڵ کردبوو.
___________________________
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/midyaykurdil2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/midyaykurdil1.htm
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|