په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٢\٢٠١٠

     محەمەد ساڵح دیلان
 
 لە بیستەمین ساڵیادیدا و بیرەوەرییەک.

 

کامیل ژیر

وەرە ئاواز
وەرن ئامێرەکانى ساز
وەرە سۆزی بزڕکاوی دەنگی هۆزار
وەرە ناڵەی تووڕە بوونی کەوی کۆسار
لەگەڵ هاژەی ئاڵۆزاوی تاڤگەکانا
لەگەڵ خوڕەی ئاوی لێڵی جۆگەکانا
وەرن هەموو یەکگرین و بەکولڕ بگرین
مەرگەساتی شیوەنێکی وەها پچڕین
کە زایەڵەی بگاتە لای هەوری ئاسمان
بیگرێنێ و دایبکاتە شەستە باران
تەپ و تۆزی ئەم پایزە ترسناکە بشواتەوە
پاداشتێکی وەرد و باخی وشکی هونەر بداتەوە
دەی هەورەکە بیکە بە تۆف، بەڕەهێڵە، یا بەزریان
بۆ کپ بوونی شاگەروویەک کەسەردەمێ ئەیچریکان
نەک بەتەنیا دەماری لەش، یاخود هەناو
ڕەگی بەردی شاخەکانی ئەکرد بەئاو
ئەی هەورەکە، مەگرمێنە، دایکە باران
باڵاتربوو لەگرمەی تۆ، دەنگی دیلان
ئەی کۆمەڵی باڵدارانی ئاوازە بێژ
زامێ دای لەجەستەی هونەر، نابێ ساڕێژ
بچریکێنن، چریکەتان، مەگەر بۆشین، یا بۆگریان
شوورەییە چریکەی دەنگ، دوای چریکەی بەرزی دیلان
ئەی تەلی ساز، مەرگی دیلان، بۆشاییە، کەلەبەرە
مەرگی دیلان کوستی منە، کۆستی تۆیە، هی هونەرە
     *   *   *
وەرە هەڵبەست
وەرن بزوێنەکانی هەست
وەرە سۆزی هەستی ناسک
وەرە ئەندێشەی بەباسک
تێکەڵ ڕستەی شین و زاری
لەگەڵ وێژەی وردەکاری..
ڕەوانبێژی؛ لێکچواندن، ڕەگەز دۆزی، درکە و خوازە
هەرچی واتای جوانکارییە، چی بۆ هەڵبەست نۆتەی سازە
وەرن بگرین بۆ ئەو دەستەی ئەیهێنانە کۆڕِِ و ئارا
بۆ نیگارو بۆ ڕووبەندی ڕیزی وشە لەجێی تارا
وەرە پێنووس، بۆ واقت وڕ، بۆ وەستاوی دەستەوەستان
بۆ خۆناکەی بەکۆتەرە، بەخۆڵەمێش، لەدوای دیلان!؟
وەرە بگری، کە گریانیش پرۆستۆی ڕەوای تۆیە
وەرە بگری کەوا ستەم لەگریانیش سڵ و کۆیە
     *   *   *
ئەی وێژەوان؛ مەرگی دیلان بۆشاییە، تەمی پەستە
مەرگی دیلان کۆستی منە، کۆستی تۆیە، هی هەڵبەستە
     *   *   *
باکێشەی زۆر، چەرمەسەری
ئاوارەبوون دەربەدەری
هەرچی تریش کەبۆ دیلان باری نوێ یە، یا دێرینە
وەکو زامی دڵ و ئازار، بابێن بۆ ئەم کۆڕی شینە
ئەی تاریکی ڕۆژی ڕوونی چوار دیواری بەندیخانە
ئەمجارەیان دیلانی دیل توند کراوی گۆڕستانە!
ئەی پێوەند و کۆت و زنجیر، ئیتر چنگی ژەهراویتان
ناگاتە سەر هەستی ناسک، سۆزی خاوێن، گیانی دیلان
ئەی کوردستان، دیلان شێتی سروشتت بوو ..
ئەی نەتەوە، دیلان پێزو پڕشتت بوو ..
بەیادی کەن، دیلان لەڕێی نیشتمانا، ڕێگە و پرد بوو
بەیادی کەن، دیلان مرۆڤی تێکۆشەر، دیلان کورد بوو ..
     *   *   *
ئەی نیشتمان، مەرگی دیلان، بۆشاییە، کارەساتە
مەرگی دیلان کۆستی منە، کۆستی تۆیە، هی خەباتە
     *   *   *
بەڕێزەکان، ئەو بەهرەیەی هی ئێوە بوو، والەسەیوان
وەرن ببین بەکۆتەڵی چلەی ماتەم، چلەی دیلان
وەرن بڵێین دیلانی کورد، دەستی مردن نایمرێنێ
سازو ئاواز، وێژە و هەڵبەست، ویژدانی گەل ئەیژیێنێ

بەرێزەکان، مەرگی دیلان، مەرگی لەشە، نەوەک هی گیان
لەهەرجێیەک، پێویستیبێ، ئامادەیە گیانی دیلان
ئێستە بەدوا، دیلان لەناو دڵا ئەژی، لەچاوانا
لەتریفەی مانگەشەوا، لەشەبەقی بەربەیانا
لەپێدەشت و لەسەر چیا و لەئاسۆدا، دیلان دیارە
لەئاهەنگ و زەماوەندی سەرکەوتنا، سەرقەتارە
لە نێرگزا، بەتاسەوە، بۆنی دیلان هەڵئەمژین
لەنەورۆزا، هەر ناپاک و ئەژدەهاکە، کەئەیکوژن
بەڕێزەکان، کەباخ و ڕەز بسووتێنرێ، دەنگی دیلان
ئەچێتە پاڵ دەنگی خیام، ئەبن بەتەم، هەورو باران
ئەبنە بەفر، شەختە و سەهۆڵ، تۆف و زریان، ئەبنە تەرزە
ئەبن بەبا، بەبروسکە، بەلافاوی ڕووی ئەم ئەرزە
کەڕەز نەما، لەتاو کوپەی بەتاڵی مەی، دوو هەستیار
نەخێر هەزار، بۆ گازەرەی پشتی تاوان، ئەبن بەدار
لەمەیخانەی بەبێ مەیدا، نەفرەت ئەکەن لەکاری بەد
ئەبن بەقین، سەری ئاڵۆز، دەسی یاخی، بەکفرەحمەد
بەڕێزەکان: ئەگەر هات و بەپێنج شەممان
ڕێتان کەوتە دوا مەڵبەند و گۆڕی دیلان
لەوێ نەبوو .. بۆ هەڵبەستی سۆفی خوازی لەبارەگای
مەحویدایە
لەهەینی دا، بۆ ئاوازی شمشاڵ و نەی لەلای دەروێش
عەبدوڵایە ..
لەتاوە گۆز، لای مەولەوی، لەشەممانا، ئەڵاوەیسی
ئەچریکێنێ .
بە یەک شەممان، لەلای نالی، یا لای سالم، بژاری خار، گوڵئەچێنێ ..
لەلای بێخود، لەلای نوری، لای کەمالی، بەدووشەممان
گوێ هەڵخستووی وشەی تەڕە
بەسێ شەممان، لەلای گۆڕان، لای جگەر خوێن، لای قەدری جان
لەشکاری پەپووی شەڕە
بەڕێزەکان؛ بەچوارشەممان
ئەگەر چوونە گردی سەیوان
گیانی دیلان لەوێ نەبوو .. لەو مەڵبەندە تەنگ و تارە
لەلای گۆڕی مامە کوڕنو، یا والەسەرگردی یارە
لەگەڵ گیانی شێخ مەحمود و پیرەمێردی پیری ڕێگە پیشاندەرا
لەگەڵ هەموو هونەرمەند و هەستیارێک و مرۆڤێکی تێکۆشەرا
وەکو خانی، کۆیی، سەلام، هەوری، بێ کەس، حەمدی، موختار
زێوەر، جزیر، قانیع، ئەسیر، کامەران و رەمزى و دڵدار
دەسگیراوی سروودێکی باڵاترن بۆ ڕزگاری
لەنەورۆزی ئایندەدا، پێشکەشی کەن وەکو دیاری
     *   *   *
بەڕێزەکان، وای ئەبینم خودی دیلان، جارێکی تر
بژیێتەوە
لەبێستانی داهاتوودا، گەشاوەتر
بڕوێتەوە
لەگەڵ گیانی ئازیزانا، بێنەوە کۆڕ، بێنەوە سەرشانۆی ژیان
سەی ئەزغەر وەک سەرقافڵەیەک، زیرەک وێڵی کۆڵوانەسوور، تایەر حەیران
مەردان بەئای ئای و سەبا، شەماڵ بۆ لەیل هەرێ لەیلێ، سێوە سەحەر
ئەحەی ناسر بەخاوکەرو، نیگای کابان لەشەقامی چۆڵ و سێبەر
کاوێس ئاغا شەڕی دەربەند بچریکێنێ، بیکا بەگۆڵدەست و دیاری
عارف لەلای جزیرەوە، مژدە بدات: بەفر باری، بەفر باری
قادر لەناو پەڕەی گۆڵی سەربەستیا چریکەی بێ، ڕەشۆڵ قەتار
قادری تر لەسەر قەڵای هەولێرەوە، مەلا کەریم لەسەرچنار
دەروێش ئەولا بەشمشێر و کەشکۆڵەوە، دەف بژەنێ، چالاک ئەکتەر
دووپەپوولەی وەکو کارزان، وەکو فرمان، بەرەو ئاسۆی ڕوونی هونەر
لەجەژنێکی سەرکەوتنا کۆڕآ بگرن، هەموو بیکەن
بەگوڵمەزێ..
لێوی خەمی ساڵە هامان، زەردەخەنەی ڕزگاربوونی
تێدا بزێ..
     *   *   *
بەڕێزەکان: کۆچی دیلان، جگەر بڕو مەرگەساتە
کۆستی وێژە، کۆستی هەڵبەست، کۆستی هونەر، هی خەباتە
ئەی کاوەی کورد؛ توو کوردستان، بەشداری بە لەم گۆڕەدا
ئەی نیشتمان؛ تۆ پیرۆزییت، خەمخواری بە لەو گۆڕەدا.
_____________________________________
شیاوى وتنە وەک بیرەوەرییەک :
1- ئەم هۆنراوەیە لە چلەکەى دیلاندا 13/12/1990 لەهولى روشنبیریی جەماوەرى سلیمانى خوێندرایەوە.
2- لەکاتى خویندنەوەکەدا ، کە جەماوەرێکى زورو بریکارى وەزیرى روشنبیریی عیراق و بەرپرسانى ئەوروژەى رژیم لە سلیمانى ئامادەى بوون ، بوو بە چەپلەَ لیدان بۆ هەندێ بەیتى هۆنراوەکە بەتایبەتى بۆ{دیلان لەڕێی نیشتمانا رێگەو پردبوو - دیلان مروڤى تیگوشەر دیلان کوردبوو.. لەنێرگزا بەتا سەوە بۆنى دیلان هەڵئەمژین - لەنەوروزا هەر ناپاک و ئەژدەهاکە کەئەیکوژین .. ئەوە بوو لەنەروزى دواى ئەو بۆنەیەدا راپەرین بەرپابوو و ناپاک و ئەژدەهاکەکان کوژران.
3- بەریوەبەرى کۆڕى چلەکە ماموستا مستەفا سالح کەریم چەندجاریک وتى تکایە لە چلەى ماتەمدا چەپلە نیە ، بەلام جەماوەرەکە چەپلەى زیاترى لیئەدا.
4- بۆ ئیوارەکەى لە هۆلى یانەى پیشەسازى ، بەوبۆنەیەوە ، خوانێک رێکخرا ، کاک خەسرەو جاف دواى ئەوەى مەست بوو، هەستاو بەدەنگى بەرز لەبەر چاوى ئەو بەرپرسانە وتى من لە کامیل ژیرەوە فێرى کوردایەتى بووم و بووم بە کاژیک ‍! بەلام ئەوانیش لەو مەستتربوون و قسەکە سەرنجى رانەکیشان!

 

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر