محەمەدى بیستوسێ ساڵ بەندکراو:
- دواى 23 ساڵ زیندانى، رامکردو گەیشتمەوە کوردستان. - تریاکم بەسجنەکان دەفرۆشت، بەڵام ئەوەى بمزانیبایە حەرەسى خومەینیە دەمخستە ناو خەتى (هێرۆین)ەوە. - پاسدارێک هەبوو تریاک و هێرۆینى لەناو نایلۆن دەپێچایەوە، وەک جگەرەى لێدەکرد و بۆى دەهێنانین. - لەرێگەى دکتۆرێکى چاوەوە تریاک و هێرۆینم بۆ دەهات، چونکە جانتاى دکتۆرەکە نەدەپشکنرا ! - ئەوەى بمانزانیبایە جاسوسى دەکات و خەبەرمان لێدەدات، دەمان کوشت ! - لەساڵى 1981 ئەو کاتەى قوەت خاسە بووم لەسوپاى عیراقى، لەناوچەى پێنجوێن بریندار بووم، هاوڕێیەکەم کەئەویش برینەکەى سەخت بوو، تکاى لێکردم بیکوژم تابەبریندارى نەکەوێتە دەست، بەڵام من دەستم تێى نەچوو، بۆیە گوللەیەکى نابەسەرى خۆى و خۆى کوشت!، من بەبریندارى خۆم دابەدەستەوەو 23 ساڵم لەزیندان بردە سەر، لەو ماوەیەشدا هەر خەریکى کرین و فرۆشتنى موادى بێهۆشکەر (تریاک، حەشیشە، هێرۆین) بووم، تا ساڵى 2003 بەو پارەو پولەى لەو کارە بنیادم نابوو، توانیم دیوارو تەلبەندەکانى بەندیخانە ببرم و فیرار بکەم و بێمەوە کوردستان.
ئەمە چیرۆکى پیاوێکە کەلەساڵى 1981 لەشەڕى (عیراق- ئیران) دەگیرێ و بەشێکى گرنگى ژیانى لەبەندینخانەکانى ئێران بەئەسیرى دەباتە سەر، ئێستا کەئەو دیمانەیەى لەگەڵدا ساز دەکەین ، سێ ساڵ بەسەر راکردنەکەى لە بەندیخانەى شیرازدا تێدەپەڕى.
ئینتەرڤیو و فۆتۆ: کەریمۆک
(محەمەد سدیق خەلیل)، لەدایکبووى شارى کەرکوکە و تەمەن 71 ساڵ. لەئێوارەیەکى بێدەنگدا لاپەڕەى یادەوەریەکانى بیست و سێ ساڵ لەمەوبەرى هەڵدایەوەو گوتى: ( دواى ئەوەى شەڕى خورەم شەهر تەواو بوو، من سێ رۆژ مۆڵەتم وەرگرت و گەڕامەوە بۆ کەرکوک، کەلەناو شەڕدا مۆڵەت وەرگرتن زۆر زەحمەت بوو. یەک رۆژ بەسەر مۆڵەتەکەم تێپەڕى، برقیە هات گۆتیان دەبێ دەسبەجێ بگەڕێیتەوە بەرەى شەڕ بۆ کوردستان لەناوچەى پێنجوێن،من کۆمەڵێک قوات خاسەم لەگەڵ بوو، لەگەڵ لیواى 90 چووین بۆ ئەوێ.
لەکۆتایى زستانى ساڵى 1981دا، شەڕ گەرم بوو، کوژراو بریندارێکى زۆرمان هەبوو، لەسەر لوتکەى شاخەکان بووین و دنیا زۆر سارد بوو، بارانێکى زۆر دەبارى، من خۆم خستبووە ژێر دوو (لاشە کەلەشەڕەکەدا کوژرا بوون) تا تەڕ نەبم و سەرمام نەبێ!.
پاسدارێکى زۆر رووبەروومان هەبوو، بەجان و جگەر شەڕیان دەکرد، چونکە زۆربەیان تەلەبەکانى خومەینى بوون. شەو داهات، لایتى سەیارەکانمان کوژاندەوە هاتینە (ئەحمەد ئاوا)و لەوێوە سەرکەوتینە سەر شاخى مەلەخوردەوە، زنجیرە شاخى سورێن، سەرەتا رێگامان لێ ونبوو، دواتر جەماعەتى (دیموکرات) کەلەپێشمانەوە بوون، رێگاکەیان نیشانداین، گەڕاینەوە و ئەو رۆژە شەڕمان بۆ نەکرا. بۆ رۆژى دواى هێرشمان کردە سەر شاخى مەلەخوردەوە و تێکشکاین و نزیکى 36 نەفەرى ترمان لێ کوژرا، لەو شەڕەدا من دەست و پێم زامدار بووم. دوو رۆژ بەبریندارى بەرگریم کرد دواتر فیشەکیشم تەواو بوو، لەو شەڕەدا هاوڕییەکەم لەگەڵ بوو زۆر بەسەختى بریندار ببوو، تکاى لێکردم بیکوژم، بۆ ئەوەى بەبریندارى نەکەوێتە بەر دەستیان، بەڵام من دەستم تێى نەچوو، بۆیە فیشەکێکى نا بەسەرى خۆیەوەو خۆى کوشت.
+ لەو کوژراوانە کەسى کوردى تێدا بوو؟
- نەخێر کەسیان کورد نەبوون. زۆر بەکەمى خەڵکى کوردمان لەگەڵ بوو. چونکە هەمووى میلاکى سەربازى قوەت خاسە بوو، هیچى سەربازى موکلف نەبوون.
لەپاشاندا ئێرانیەکان هێرشیان هێناو من گیرام و بەدیلى منیان گواستنەوە بۆ ناو ئێران. منیان برد بۆ ئیستیخبارات و ماوەیەک لەوێ مامەوە، دواتر گواستمیانەوە بۆ تاران و لەوێشەوە بۆ شیراز و حەوت ساڵ لەوێ لەئیستخبارات مامەوە. لەماوەى ئەو حەوت ساڵەدا رۆژانە خەڵکیان دەبرد بۆ ئیعدام کردن، ئیعدام کردن زۆر کارێکى ئاسان بوو، هەندێ کات من لەژوورى ئینفرادى بووم، ژوورى عمومیش هەبوو کەپێنج تا حەوت نەفەرى تێدا بوو. رۆژ هەبوو دوو نەفەر بانگ دەکرا و نەدەهاتەوە، ئەوەى پێیان گوتبا جل و شتەکانیشت لەگەڵ خۆت بهێنە ئەوە بۆ ئیعدام بوو!.
زۆر جار ئەوانەى جاسوسیان بەسەرمەوە دەکرد دواى ئەوەى لێکۆلینەوەیان لەگەڵ دەکردم، دەهاتمەوە ئەو نەفەرم تێر شەق دەکرد. بۆیە دوو بارە منیان دەگەڕاندەوە بۆ ئینفرادى و ئەزیەتیان دەدام، پێاندەگوتم ناهێلین بەئیسراحەت دانیشى و بەزم و رەزمان بۆ دروست بکەى، هەتا وایان لێهات لێم بێزار بوون. دواتر منیان بردە شوێنێکیترو لەگەڵ حەوت هەزار بەندیتر دایان نام، گوتیان مەدەت حەیات لێرە بمێنێوە. کاتێک چوومە ئەوێ موئامەرەیان لێکردبووم بمکوژن، چونکە من بێدەسەلات نەبووم و دەستم دەوەشاند، پێشتر زۆرجار لەپاسەوانەکانم دابوو، لەوێ پەنجاو حەوت نەفەرى بەندى سیاسى هەبوو، لەژێر چاودێرى ئیستخبارات دابوو، تەنها لەرووى ئیدارەوە سەر بەسجن بوو، تەنانەت بەڕێوەبەرى بەندیخانەکەش نەى دەتوانى موداخەلەیان بکات، منیان دانا لەگەل ئەواندا، کەزۆربەیان (موجاهیدنى خەلق و پەیکارو تودەو...هتد). لەبەر ئەوەى من هەم لەشەڕدا گیرا بووم و قوەت خاسە بووم، هەروەها یارمەتى (حزبى دیموکراتى ئێران)یشم دابوو، زیاتر ئەوان ئەو مەسەلە کوشتبویان.
+ چۆن زانیان تۆ یارمەتى حزبى دیموکراتت داوە؟
- ئەوان زانیارى تەواویان لەسەر من هەبوو.
+ جا بەراستى یارمەتى حزبى دیموکراتت دابوو؟
- بەڵى لەکاتى شەڕدا، چونکە ئەوان شوێنەکەیان لەئێمەوە نزیک بوو.
+ ئەو کات پەیوەندى نێوان حزبى دیموکرات و حکومەتى بەغدا چۆن بوو؟
- پەیوەندیان زۆر باش بوو، بەڵام (قاسملو) ئەوکات یارمەتى سوپاى ئێراقى قبول نەدەکرد. ئەگەر ئەو رازى بوایە ئێمە دەمانتوانى بچینە قوڵایى خاکى ئێرانەوە .
سەبارەت بەژیانى بەندیخانەو مانەوەى ئەو چەند ساڵەى (محەمەد سدیق) گوتى: (لەسجندا پیاوێک هەبوو ناوى حاجى راستگۆ بوو پەیوەندى نێوان سجن و ئیستخبارت بوو کەروتبەى رائیدى لاى خۆمانى هەبوو. بەسجنەکانى گوتبوو من لەکوشتنى ئەو پیاوە تەنها یەک ورەقە زەرەر دەکەم چونکە ئەو کابرایە شەڕاویە). راستە من شەڕم زۆر دەکرد بەڵام مافى خۆم بوو من حەوت ساڵ بوو گیرا بووم، چیم پێ بکرابایە دەمکرد. یەکێکیان موجاهیدىخەلق ناوى کامەران بوو خەڵکى ئیسفهان بوو، هات و پێش ئەوەى بڕۆمە ناو سجنە سیاسیەکانەوە پێى گوتم: (نەخشەى ئەوەیان بۆت کێشاوە بتکوژن. گوتم چەقۆ هەیە؟ گوتى بەڵى. گوتم دوو دانە چهقۆم بۆ بێنە). دوانى بۆ هێنام یەکێکم خستە گیرفانو و ئەویترم خستە ناوگۆریەمەوە. چوومە ژوورەوە، ژوورەکە کەسى تێدا نەبوو چۆلیان کردبوو بۆ من. بۆ ئەوەى بەئاسانى بمکوژن. منیش کاتژمێر یانزەى شەو رامکردە دەرەوە ناو سالۆنەکە، هاوارم کردو دەستم کرد بەجنێودان: (ئەگەر ئێوە پیاون، مەردن، شەریفن، چیتان لەدەست دێت تەخسیرى مەکەن. وەرن گەر توانیتان بمکوژن، ئەگەر منیش چەندى بتوانم پێتانى دەکەم. گوتم تەنها یەکێکتان وەرنە پێشەوە). هەموویان وەکو مامریان لێهاتبوو. یەکێک هەبوو ناوى (موستەفا سولتانى) بوو، ئەویش لەوەختى خۆى پاسدار بوو، لەسەر تریاک گیرابوو، بەڵام بەسیاسى لەقەلەمیان دابوو، ئەو گەورەى شیرازیەکان بوو، هات گوتى (محەمەد) ئێمە باوەڕمان بە(حاجى راستگۆ) نەکرد، گوتی وەڵا ئەگەر تۆ کورى باش نەبویتایە بەقسەى حاجى راستگۆمان دەکرد و دەمانکوشتى، گوتم وەڵا من حاجى و ماجى ناناسم، هەرچى کەسێ بیەوێت شەڕم لەگەڵ بکات ئامادەم، منەتان بەقۆندەرەم، سەیرم کرد هەموویان بێدەنگن. لەوە بەدواوە کەس نەیدەویرا بەلاى ژوورەکەى مندا تێبپەڕێ لایان وابوو من پیاو دەخۆم. هەروەها کەس نەى دەوێرا لەژوورەکەى من بخەوێت، ژوورەکانیتر زیاتر لە 20 نەفەرى تێدا دەخەوت کەچى من بەتەنها دەخەوتم. ماوەیەک مامەوە هەستام کامەى دوژمنى دەوڵەت بوایە دەمهێنایە لاى خۆم، زیاتر لەوانەم دەهێنایە لاى خۆم کەتازە دەهاتن. یەکێکیانم هێنایە ژوورەکەى خۆم ناوى (دەروێش عەلی) بوو، هاوارى دەکردو جنێوى دەدا بەدەوڵت و بەخومەینى، هەمویانى لەزواق نابوو، خۆى کاربەدەست بوو، دواتر ئیعدامیان کرد، برایەکى هەبوو وەزیر بوو ئەویشیان ئیعدام کرد، دەرویش عەلى لەدەفتەرى خامەنەیى کارى دەکرد، بۆیە چاک کەسایەتى خامەنەیى دەناسى. دەنگیشى خۆش بوو زۆرجار گۆرانى بۆ دەگوتین.
ناوبانگى من بڵاوببۆوە گوتبویان کابرایەک هەیە چاو نەترسەو وایەو وایە و ئیستخباراتى دارزاندووەو ئێرەش وا لێدەکات. هیچ شت بەلاى منەوە گرنگ نەبوو تەنها هەوڵماندا ئیش بکەم و پارەم دەست بکەوێت تا ژیانى چاک بکەم .
+چ ئیشێک!؟
- مەگەر پێم نەگوتى! مەوادى موخەدیر!.
+ لەکوێ بۆت دەهات؟
- پاسدارەکان بۆیان دەهێنام، چونکە دەیانزانى من حەوت ساڵ لەئیستخبارات بەند بووم، هەروەها ئەو کات ئەوەى بمانزانیبایە جاسوسى دەکات خەبەرمان لێدەدات، دەمان کوشت !.
+ لەو ماوەیەدا کەس بەدەستى ئێوە کوژرا؟
- ئەرێ وەڵا وامان دەکوشتن، تەنانەت بەمنیان دەگوت ئیزرائیل، شەو چووبامە سەر یاتاخى هەرکەسێک تەواو!.
+ باشە ئاشکرا نەدەبوون؟
- نەخێر، کەس نەى دەوێرا خەبەر بدات.
+ چۆن دەتانزانى ئەو کەسە جاسووسە؟
-پۆلیسەکان خۆیان دەهاتن پێیان دەگوتین، ئەى چۆن کاکە، ئەوان لەکاتێکدا (جنس) واتە موادى موخەدەرم بۆ بهێنن و پێمبفرۆشن، خۆ دەبێ پارێزگاریشم لێبکەن .
+ لەو ماوەیەدا چەند کەستان لەناوبرد، ئەوانەى جاسوسیان بەسەرتانەوە دەکرد؟
- (بەپێکەنینەوە) جارێکیان کیلۆیەک تریاکم بۆ هاتبوو، هێشتا دابەشم نەکردبوو، چونکە کاتژمێر یانزەى شەو دەستم بەفرۆشتن دەکرد، دوو نەفەرمان لەخوارەوە دادەنا، بۆ ئەوەى ئەگەر پۆلیسێک بێت پێشى لێبگرن و بیکەن بەشەڕ هەتا من فرسەتم بێت موادەکان لەژوورەکەى خۆم دەربکەم، چونکە راستەوخۆ دەهاتنە ژوورەکەى من، ئەوە بوو یەکێک هەبوو لەقەنادى ناو بەندیخانە ئیشى دەکرد چوو بوو خەبەرى دابوو، چونکە لەناو بەندیخانە زۆر شت هەبوو، سینەما هەبوو هەر هەفتەى دوو فیلم سینەما نمایش دەکرا، تەلەفزیۆنى تایبەتى کەتەنها بۆ سجن پەخشى دەکرد، هەروەها بانکى تایبەتى هەبوو، هەروەها کارگەى درومانى جلوبەرگ و دارتاشى هەبوو، بەتایبەتى رۆژانى سەردان ئەو شتانەى دروست دەکران لەلایەن بەندیەکانەوە دەفرۆشرا، بەتایبەتى ئەو بەندیانەى کە ماوەکەیان لەتەواو بوون نزیک دەبۆوە .
من خۆم پێویستم نەبوو کار بکەم، بەهۆى کارەکەمەوە باشترین ژیانم هەبوو، خەڵک پارەى نەبوو جگەرە بکرێ من رۆژێ سێ پاکەتى وینستۆنم دەکێشا. راستیەکەى ئەوە بوو من لەئیستخبارات بەدەست شەڕم لەگەلیان دەکرد، بەڵام لێرە بەموادى موخەدەر شەڕم لەگەڵ دەکردن. ئەوەشى بمزانیبایە حەرەسى خومەینیە دەمخستە ناو خەتى هێرۆینەوە، ئینجا هێرۆینمان بەچەندین جۆر بۆ دەهات. تەنانەت بەکۆتریش دەمان هاورد!
+ بەکۆتر چۆن؟
- ئەوە کوڕەزاى عەریفێکمان هەبوو ماڵەکەى نزیک بەندیخانەکە بوو، زیاتر لەبیست کۆترى هەبوو، دەچوو هێرۆینى لەژێر باڵى کۆترەکانەوە دەبەست و هەڵى دەفڕاند بۆ سەر سجنەکە، ئێمەش دانمان بۆ رۆ دەکرد تادەهاتە ژوورەوە و دەمگرت! ئەگەر ئەو رۆژە سێ کۆتر هاتبا واتە (3) گرام هێرۆینمان دەست دەکەوت. بۆ هەر گرامێک من 15 هەزار توومەنم دەدا بەعەریفەکە بەڵام من دووسەد هەزار تومەنم قازانج دەکرد. یان جار هەبوو یەک کیلۆ تریاکم لەرێگەى قوتى شیرى نیدۆ بۆ دەهاتە ناو سجن. لەبازار یەکێک دەیکڕى و دەیخستە ناو قوتوى شیرەکەو نیشانى دەکرد و لەگەل شیرەکانیتر دەیناردە فرۆشگاى بەندیخانەکە، لەوێ منیش هەموو شیرەکانم دەکڕى. ئەمە زۆر ئاسان نەبوو. یاخود لەرێگەى دکتۆرێکى چاوەوە تریاک و هێرۆینم بۆ دەهات، چونکە جانتاى دکتۆرەکە نەدەپشکنرا. کەشەو دادەهات بەخێرایى دەستم دەکرد بەدابەشکردنى، بەرپرسى ژوورەکان سرەیان دەگرت منیش بەگوێرەى دەست مسقالێکم دەدا بەو و دوو مسقالم دەدا بەم، کێشان نەبوو بەگوێرەى قیاسى دەستم دەمبڕى پارچەى بچووکم دەبڕى گەوەرم دەبڕى بەکەیفى خۆم، بەیانیش پارەکانم کۆ دەکردەوە چونکە ناویانم لەپارچە کاغەزێک دەنووسى. لەرێگەیەکیتر ئەو موادانەم بۆ دەهات کەرەنگە سەرتان سوڕ بمێنێ. پاسدارێک هەبوو تریاک و هێرۆینى لەناو نایلۆن دەپێچایەوە وەک جگەرەى لێدەکرد (بەپێکەنینەوە) دەیخستە ناو (قون)یەوە و بەداوێکى باریک دەیبەستەوە، کەدەهاتە ژوورەوە داوەکەى رادەکێشاو دەر دەهێنا!!، کاکە ئاوایە پارەم دەدا پێى!. بەڵام لەگەل ئەوەشدا ئامۆژگاریم دەکردن کەدوور بکەنەوە چونکە بێچارە دەبن دواتر ناتوانن ماڵتان ببەن بەڕێوە، بەڵام ئەوەى حزب اللەى بوایە، ئەسلەن تووشى هێرۆینشم دەکردن، سەرەتا نەختێکم بەلاش دەدایێ هەتا دەهاتە ناوبازنەکەو فێر دەبوو، ئەوسا بەپارە، هەتا دەى خست، خستنێک بەحەیاتى هەڵنەستێتەوە! بۆ نمونە بمزانیبا کەسێک حەزى له هێرۆینە، بەکەسێکم دەگوت بڕۆ هێندێک هێرۆینى بدێ بەلاش، بەڵام زۆرى نەدەیێ تابڕشێتەوە تەنها دوو دوکەلى پێبداو نەشئە بیگرێت. ئیتر فێر دەبوو، بەردەوام دەیکڕى. کاتێکیش ئیدارە پێیزانیبا هێرۆیینیە، یەکسەر دەیبردنە ناو سجنێکترەوە کە نەکەس لەوێ دەرئەچو و نەکەسى بۆ دێت .
+ باشە ئەو ئەندامانەى حزب اللە بۆ گیرابوون؟
- یان مەشروبى خوارد بوو، هەندێکیشیان بۆ جاسووسى دەیان نارد، ئەوەى بۆجاسووسى هاتبایە، هەندێکجار سجنەکان خۆیان دەیان کوشت !
بەراستى ئەمجۆرە مامەلانە سەخت بوو، بەڵام زۆر بەشارەزایى ئەنجامم دەدا، بۆ نمونە هەندێکجار دەچووم لەفرۆشگەى بەندیخانە خوارمەنیەکى زۆرم دەکرى، هەر لەناو فرشگاکە دام دەناو دەمگوت بۆم بفرۆشنمەوە، دواتر پارەکەم پێدەکردن بەدەفتەرچە چونکە پارەى نەختى قەدەغە بوو، یان ئەو پارەیەى دەستم دەکەوت دەمخستە ناو بۆرى قەرەوێلەکان، هەموو هەفتەیەک یەکجار دەهاتن هەموو ژوورەکەیان دەپشکنى هیچیان پەیا نەدەکرد! هەمووشیان دەینزانى قاچاغچى گەورەى سجن خۆم بووم .
من لەهەر جێگەیەک دانیشتبام دەبوو ئەو شوێنە تریاکى لێبێت، رۆژێک لە جێگایەک دانیشتبووم، مەئمورێک هاتە ژوورەوە، کابرایەک هەبوو حوکمى ئیعدامى درابوو، ئیعتارفی فرۆشتنى هەزار کیلۆ تریاکیان لەسەر کرد بوو، بەڵام هیچ جۆرە موادێکى خەتەریان پێوە نەگرت بوو، ئەویان پشکنى، چارگە مسقالێک تریاکێکیان لێگرت کەفرێى دابووە سەر ئەرزەکە! بەڵام لەبەر خاترى ئەوەى ئیعدام نەکرێت و حوکمەکە سووک بێت چووم گۆتم ئەوە هى منە! زابتەکەش لەخواى دەویست شتێک لەمن بگرێ! گوتى وەرە بنووسە ئەوە هى منە، منیان برد بۆ فەحس، سەیریان کرد بەکارم نەهێناوە (چونکە من بەهیچ شێوەیەک بەکارم نەدەهێنا)، گوتیان باشە کەبەکارت نەهێناوە بۆچیت بوو، بردمیان بۆ ئیرشاد، (ئیرشاد شوێنى ئەشکەنجەدانى زیندانیەکانە بۆ ئیعترافکردن). گوتیان لەپێشى تۆ هیچ تریاک بۆ ناو سجن نەدەهات، تۆ چیت کرد؟! چۆن تۆ تریاکت ناسى؟! چونکە من لەپێشدا نەمدەزانى تریاک چییە! بەڵام دواتر (تریاک، حەشیشە، هێرۆین) هەمووى لاى من دەست دەکەوت وەک بازاڕ!
+ جگە لەفارس و تورک و عەرب و کورد، چ نەتەوەیەکەتر زیندانى بوون لەوێ؟
- (لوڕ)یشى لێبوون، کەئەسلى خۆیان بەکورد دەزانى. نزیکى هەزارو پێنج سەد کەس دەبوون. گەورەى ئەو لورانە ناوى (سەدرولا جامبازى) بوو، کەگەورەو شێخى ئەوان بوو، برادەرم بوو، هەژدە پاسدارى بریندار کرد بوو، بۆیە گیرا بوو.
لەماوەى ئەو بیست و سێ ساڵەى زیندانیم، ناوەوە دەیانگواستمەوە بەندینخانەى شارێکیتر، بە حیسابى خۆیان هەتا پیاوبم، هەموو بەندینخانەکانى ئێرانیان پێکردم، بەڵام فایدەى نەبوو، دەیانگۆت تۆ چۆن تریاکت دەست دەکەوێت چۆن سەگ دروست دەکەیت، بەوانەى موادى بێهۆشکەریان بۆ دەهێنام پێیان دەگوت سەگ. سەریشیان لەوە سوڕ مابوو قەت تریاکیان پێنەدەگرتم، رۆژێک تریاکم دابوو بەجەماعەت، نزیکەى دوو مسقال تریاک لەگیرفانم مابوو، لەپڕ هاتنە ژوورەوە من دانیشت بووم، گوتیان هەڵسنە سەرپێ. چاویان لەمن نەبوو، من لەپەنجەرەیەکى بچوکەوە تریاکەکانم دانە دانە فڕێدا خوارەوە، لەوێش بەندییەکان هەڵیان دەگرتەوە، وەختێ منیان بینى گوتیان ئێمە بەدواى تۆدا دەگەڕێین، ئەوە بۆ لێرە دانیشتووى؟ منیش گوتم کەس بەمنى نەگۆتیە هەڵسە. پشکنیانم هیچم پێنەبوو.
منیش کە شتم بۆ دەهات نەمدەهێشتەوە، سێ چوار حەرەسم بەچەقۆوە دادەناو بەشەو دابەشم دەکرد. ئەگەر هاتبان یەکێک دەیگوت: (سێ تەبەق دەستت) واتە دەست بوەشێنن. ئەوسا من خێرا جنسەکەم دەگواستەوە ژورێکى تر. لەدواى ئەوە بەدواى ئەو کەسەدا دەگەڕان کەخەبەرى داوە. شەو بەناو ئەو کەسانە دەکەوتین کەدەمانزانى خەبەریان داوە، باشمان لێدەدان، برینداریشمان دەکردن. جا یەک سەکى دەدرا یەک زامدار دەبوو. یەک فەلەج دەبوو. هەروەها کاک (محەمەد) باسى ئەوەشى کرد، کەچۆن لەشیشى قەرەوێلەکانەوە چەقۆی دروستکردوەو دواتر لەبەشى دارتاشى ناو سجنەکە بەنهێنى دەسکى بۆ دروستکردوون و هەر خۆشى نەخشانودنى چونکە وەک خۆى دەلێ: (دەستى وێنە کێشانم هەیە و وێنەى عومەر خەیام یان هەر شتێکیترم لەسەر دەسکەکان دەکێشا، ئەوجا بەسجنەکانى هاوڕێم دەفرۆشتەوە). لەبارەى ئەوەى چۆن ئەم ئاسنانەت وەک چەقۆ تیژ دەکرد، گوتى: ( چەند سجنێکم بەکرێ گرتبوو، ئەوانیش بۆ هەر چەقۆیەک سێ تا چوار رۆژ بەچیمەنتۆیان دادەهێنا تا تیژ تیژ دەبوو، ئەوسا بۆیان دەهێنامەوەو کرێى خۆیانم دەدانێ).
پاش ئەوە کاک محمەد سەبارەت بەچۆنیەتى راکردنەکەى لەبەنیدنخانە و گەڕانەوەى بۆ کوردستان گوتى: (بەهۆى ئەو پارەو پولەى لە بەندینخانە دەستم کەوتبوو، بووم بەخاوەنى ئەنگوستیلەیەکى ئەلماس کەنزیکەى بیست تیکە ئەلماس دەبوو، رەنگى ئاوى بوو، جۆرێکى زۆر کۆن و زۆر بەنرخ بوو، کەمترین ئەلماسى دونیا بوو، کەبووە فریادرەس و رزگارمان بوو).
+نرخەکەى دەگەیشتە چەند؟
- وەلاهى هەرچەند بڵێى پارەى دەکرد، یەکێک دەیتوانى بەوپەڕى خۆشیەوە بیست ساڵ ژیانى پێ بکات، دەتوانى ماڵى پێ بکڕى، سەیارەى پێ بکڕى، واتە تەواوى ژیانتى پێ مسۆگەر بکەى .
بەسەرۆکى پاسەوانەکانم گوت: دەمانەوێت رابکەین ئەگەر هاوکاریمان بکەى (گوتم هەندێ لەپۆلیسەکانى بەر دەرگا دەکوژین رادەکەین، ئەفسەرەکە گوتى ئەگەر ئەوان بکوژن ئێمە ناتوانین لەئێراندا بژین)، گوتم دەباشە تۆ تەنها کارەباى ئەو تێلانەى سەر دیوارەکانى بەندینخانەکە بکوژێنەوە ئێمە خۆمان دەیپسێنین. دواتر بەهۆى قاڵدرمەى بەشى دارتاشى بەندینخانەکەوە بەسەر دیوارە شەش مەتریەکان دەکەوین. کەچووینە سەر دیوارەکە فرێى دەدەینە خوارەوە بۆ سەرکەوتن بەسەر دیوارێکیتر چونکە چوار دیوارى شەش مەترى گەورە لەپێشمان هەبوو. ئێمە دوو کەسى ئێراقى و سێ کەسى ئێرانى بووین. لەرێگەدا دواى ئەوەى لەدیوارەکاندا ئاودیو بووین، لەگەڵ ئەفسەرەکە وارێکەوت بووین لەدیوارى چوارەم ئەنگوستیلە ئەلماسەکەى بۆ دابنێم و بێت بیبات و تابەیانى کەس ئاگادار نەکاتەوە، ئەگەریش بۆم دانەنا بیکات بەتەقەو هەموو لایەک ئاگادار بکاتەوە، ئەو کاتەش دەستگیر دەکراینەوە . ئیتر چوارەم دیوارمان بڕى و بەبەیاباندا رۆیشتین تا ناوچەى ئەهواز، لەوێ لەگەڵ ئەو عەشایرە عەرەبانە تێکەڵ بووم کەدەیانەویست بەقاچاغ سەردانى مەزارە پیرۆزەکانى نەجەف و کەربەلا بکەن. لەوێوە لەگەلڕ ئەواندا لەناوچەى (میهران) ئاودیو بووین بۆ شارى عمارەو لەوێشەوە تومەنەکانم کردە پارەى ئێراقى و گەڕامەوە هەولێرێ .
+ لەماوەى ئەو 23 ساڵهى بەند بوویت، بۆ هیچ هەولێ راکردنتان نەدا؟
- چۆن!! سجنمان بڕیوەو رامانکردووە، بەڵام دەرباز نەبووین و چەند نەفەریشمان لێ ئیعدام کراوە. جارێکیان مشارمان هێنا، ئاسنەکانى سەر دیوارەکەمان بڕى بوو، بەتەواوى نا هێندێکى پێوە مابوو، تا نەزانن چونکە هەموو رۆژێک دەهاتن بەدار لەئاسنەکانیان دەدا تابزانن ساغن. ئەوە بوو کۆمەلێک، شەو لەپەنجەرەوە دەرچوون رابکەن، بەڵام من ئەقلم ئەوەى نەگرت بۆیە لەگەلیان نەچووم. چەند جاری تریش هەر رازى نەبووم، هەموو جارێش خۆم نەخشەکەم دادەنا بەڵام لەدواى نەدەچووە ئاقلمەوە، بەڵام ئەمجارەیان قبولم کرد و ئەوەتە رزگارمان بوو . دواى بیستم یەکێک لەئێرانییەکان کەلەگەلڕ ئێمەدا راى کرد گیراوەو ئیعدام کرا !.
سەبارەت بەخانەوادەو ژیانى خێزانى (محەمەد سدیق) گوتى: (بەر لەوەى سجن بکرێم خێزانم هەبوو، بەڵام هاوسەرەکەم کۆچى دوایى کرد.. دواى چەند ساڵێک ویستم ژیانى هاوسەرى لەگەڵ کچە میمکێکم دروست بکەمەوە، بەڵام بەسەردا گیرام، ئەویش دە ساڵ چاوەڕێى کردم، لەدوایدا شووى کرد.
هەروەها لەناو گفتوگۆکانماندا چەند جارێک باسمان لەوە کرد، کەتۆ بەو ئازادییە باسى زیندان و تریاک و راکردن دەکەى ناترسى، لەوەڵامدا گوتى: (نەخێر من چیم لەژیاندا ماوە!!) تەمەنم 71 ساڵەو بەشى ترسان ناکات!! ئێستا دەتوانم بگەڕێمەوە ئێران، چونکە ئەوان حەقى فیرارکردنت دەدەنێ، بەڵام ئەگەر نەت گرن دواى مانگێک هاقیان نییە بەسەر تەوە .
لەراستیدا کاک محمەد بێباکانە دەدواو ئەو شتانەشى کەگێرایەوە وەک یادەوەرى ئۆخژنیان پێدەبەخشى .
|