په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

من لە رابردوودا هیچم نەکردووە،
کەواتە، ئێستا هیچم بۆ... ناکەن!!


ستارمحەمەد قادر    


من لە رابردووی خۆم پەشیمان نیم، لێ ئێوە رابردووتان شێواند!. ئێوە کوڕی ئەمڕۆن، کەچی لە رابردوودا ژیان دەکەن. لە کاتێکدا کوڕی رابردوو نەوەیەکی دی بوو، ئەمڕۆش نەوەی خۆی دەوێ. ئێوە رابردووتان لە پێناوی ئەمڕۆدا بوو، یان ئێستاتان بۆ رابردووە؟!. ئایا پرسیاری ئەوەتان لە خۆتان کردووە، بۆ دەبێ مرۆڤ گەلی ئەمڕۆ بە رابردووەوە پابەند بکرێن؟، تا کەی رابردوو وەک خۆی و بۆ خۆی بە جێ نەهێڵین و بە پێوەری ئەمڕۆش مامەڵە لە گەڵ ئەمڕۆماندا نەکەین؟. رەنگە رابردوو زۆر برینی لە سەر جەستەو یادەوەریمان بەجێهێشتبێت، ئەگەر بیانبینین!. با ئەمڕۆ لە هەوڵی ساڕێژ کردنی برینەکنماندا بین، نەبادا تا ئەزەل پێیانەوە بناڵێنین!.


رابردوو خۆشە لە کاتێکدا وانەی لێوە فێر بین، لێ نەک تەنها بۆ بەشێک بیکەین بە وانە، با ئەوەندە بە رابردووەوە پەیوەست نەبین. لە وانەیە زۆر خاڵی رەش لە دوو توێی ئەو رابردووەدا بوونی هەبێت!، کە ئێمە، ئەوان، تۆ، من ئەنجاممان دابێت!. ئەوانەی هەمیشە بۆ رابردوو دەگەڕێنەوە، ناتوانن ببن بە کوڕی ئەمڕۆ، یان رەنگە بۆ ئەمڕۆ شتێکی ئەوتۆیان پێ نەبێت؟. من لە رابردوودا هەرچی بووبم، لە کەسێکی ئاساییەوە تا دەگات بە سەرۆکی حزبێک، لە پێشمەرگەیەکەوە بۆ جوتیارێک، لە نان دەرێکەوە بۆ نان خۆرێک، تەنها خائین نەبووبم! کەسێکی ئاساییم وەکو هەر هەمووان، هاو وڵاتییەکی ئەم نیشتمانەم.


ئێوە لە زۆر شتدا خۆتان دەگۆڕن، تەنانەت دەتانەوێت لە گەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهانیشدا خۆتان بگونجێنن، ئەی بۆ لە هەر ساتەوەختێکدا کە بتانەوێت بە یادەوەرییەکانی رابردووەوە مامەڵە لە گەڵ ئێستای ئێمەدا دەکەن؟. یان ئەوەتا رابردوو و یادەوەرییەکانی لە ئەرشیفی بیرکردنەوەی ئێوەدا قبووڵی سازشکردن نییە لە ئێستاماندا؟!. ئاخرخۆ ئێمەش لەرابردوودا تاڵاوی زۆرمان چەشتووە، لە هەموو کارەساتەکاندا ئێمە دەکراین بە قەڵغان و قووربانی!. لە نزیکترین رابردوودا ئەنفال کراین، هەر لەویشدا کیمیا باران، ئەوسا زیندانەکانی دوژمن لە ئێمە سیخناخ کرابوون، بۆ دەتانەوێت لە بیری خۆتانی بەرنەوە؟!. تکایە کە باس لە رابردوو دەکەن لە بیرتان نەچێت دەست لەو رابردووە شێواوەی ئێمە مەدەن!، ئەوەی ئێوە باسی لێوە دەکەن، ئەوانەی ئێمە نییە، نیشتمانێک جیاوازی لە نێو هاوڵاتیانیدا هەبێت، دەبێت رابردووەکانیشیان جیاواز بێت!. سەیرە مرۆڤ بیەوێت وێنای رابردوو لە ئێستادا بەرجەستە بکات و بیەوێت کوڕی ئەمڕۆش بێت؟!. کەس نکوڵی لەوە ناکات ئەگەر ئێمە رابردوومان نەبوایە ئێستامان نەدەبوو، ئەگەریش بە یادی رابردووەوە بمانەوێت لە ئێستادا ژیان بکەین، ئایندەمان هەرگیز نابێ. لێ گەڕێن با هەر سەردەمەو زادەی خۆی بێت، دەرگای زانکۆکان بە رووی ئێستادا بە بیانووی رابردووەوە دامەخەن، لێگەڕێن با ئەوانەی دەیانەوێت لە ڕێگای زانستەوە لە شوێن تاریکی، رووناکی لەم نیشتمانەدا هەڵ بکەن، دەست مەخەنە رێگایان، با نەچن لە وڵاتێکی دی، لە غەریبی لێکۆڵینەوەکانیان پێشکەش بکەن، شارەکان وەکو یەک بەبێ ناونیشان ئاوەدان بکەنەوە، رێگاو بانەکان هەر هەموومان پێیاندا تێپەڕدەبین، راستە لەم نیشتمانەی ئێمەدا زۆر دەرگای گەورەو باڵەخانەی گەورە بوونی هەیە، بەڵام ئایا ژمارەی ئەوانە چەندە کە دەتوانن لێیان بچنە ژوورەوەو تیایاندا بحەوێنەوە؟. هەوڵ بدەن وێنای نیشتمانێکمان بدەنێ نەک چەند کۆشک و باڵەخانەیەک، هەوڵ بدەن ئەزموون لە رابردووەوە وەربگرن لە پێناو خزمەتکردنی ئێستاماندا، نەک ئێستا لە پێناو رابردوودا سەربڕن!. ئەم گوندە دەکەوێتە سنووری گۆشەیەکی ون بووەوە، بۆیە دەبێ وەکو شارەکەی ، گووندەکەی، ماڵەکەی خۆتان لێی بڕوانن و دەستی ئاوەدانی بۆ درێژ بکەن، تا کەی دەتانەوێت بەرابردووەوە برەو بە ئێستامان بدەن، تاکەی لە بەرنامەتاندایە بەو رابردووەوە راممان بکەن؟!.

 

خۆ هەر ئێمە بووین لەو رابردووەی کە ئێوە باسی لێوە دەکەن سەرو ماڵی خۆمانمان بەخشی، ئێمە بووین ئێوەمان درووست کرد، ئێوە کوڕی ئەم میللەتەن، چۆن دەبێت کوڕ چاکەکان بدات بە چاوی باوکیدا؟!. تکایە لە ئایندە بڕوانن، با بە دەستە جەمعی ئەو تارماییانە بڕەوێنینەوە کە جۆرەها شتی نامۆی داوە لە یەخەی هەر یەکێک لە ئێمە. با لەئێستاوە ئەو جیاوازییانە بکوژین کە بەرهەمی رابردوویەکی تاریکن. ئەمڕۆ شتی نوێی لێمان دەوێت، چاوەکانتان بکەنەوە. توانای بینینتان زۆر لەوە زیاترە کە پێی دەڕوانن. زۆر شت لەم نیشتمانەی ئێمەدا هەیە جارێکان پەیتان پێیان نەبردووە، زۆرێکی دی هەر نەکەوتوونەتە بەر نیگاکانتان!. ئاخر ئێوە خۆتان بە کوڕی ئەم گەل و نیشتمانە دەزانن، چۆن دەبێ سەفەری ئەو شوێنانە نەکەن هەر هێندەی چۆلەگەو دار بولبوول و گوڵ لە یەکەوە دوورن، چۆن دەبێ ئەو کوخانە نەبینن کە گوزارشت لە یادەوەری و ئازارەکانی ئەم گەلە دەکەن؟. ئەم نیشتمانە، نیشتمانی باڵندە کۆچبەرەکانە، لە رابردوودا پێشمەرگە هەمیشە لە سەفەری عەشقدا بوو لە گەڵ مەرگ و خاک و خەڵکدا، بۆ واتان لێهات؟، ئێستا باوەڕناکەم ئەو رابردووە جوانە ببینن؟!. یان تەنها رابردووتان بۆ ئەو پێگەیە دەوێ ئەمڕۆ تیایدان؟.

 

دابەزن، وەرنە خوارەوە، واقیعی خۆتان لە میللەتەکەتاندا ببینن. ئەوەی ئێوە دەیبینن واقیعی خۆتان نییە، واقیعی هەر هەموومان دەبێ لە حزووری کەس و کاری ئەنفال و کیمیا بارانی هەڵەبجەو منداڵی باوک کوژراو و ژنانی رەشپۆشی ئەم نیشتمانەدا بێت، لە حزووری ئەو خاکە سووتماکەدا بێت کە لە پاش رزگاربوونی فەرامۆشتان کردووە. وا لەو خەڵکە مەکەن لە پێناو درووستکردنی شەقامێک، بنکەیەکی تەندرووستی، قووتابخانەیەکدا ئەو شتانەی لە رابردوودا بۆ خۆیان، نیشتمانەکەیان ئەنجامیان دابوو، بڵێن بۆ ئێوەمان کرد!، ئاخر گوناهێکی گەورەیە شۆرشەکانی کورد بۆ کورد ئەنجام نەدرابێ و هەموو بەرخۆدانەکان، شەهیدەکان، پاشماوەی کارەساتەکان ئەمڕۆ لە حزووری حزبدا بە چۆکدا بێن!. تکایە ئاوڕێک لەو کاولکارییانە بدەنەوە لە دەرئەنجامی ململانێ ناتەندرووستەکانی حزب حزبێنەدا بەرهەم هاتوون. راستە هەر حزبەو تایبەتمەندی خۆی هەیە، لێ نەتانتوانی دەست بەسەر ئەو جیاوازیانەدا بگرن تا لەناو میللەتدا نەبێت بە نەریتێک. بڕوانن کاتێ زوومی کامیرای یەکێک لە کەناڵەکان روو لە هەر دەڤەرێک دەکەن، تراژیدیای چ نەریتێکی بکوژ دەخەنە پێش چاوی کۆمەڵانی خەڵکەوە، ئەگەر کەناڵی هەر کام لەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەی کوردستان بێت، ئەو خەڵکە وا ناچارکراون بکەونە شاباشی ئەو حزبە!. تاوان نییە دەڤەرێک ئەگەر سەر بەم حزب بێت لە هەموو خزمەت گووزارییەک بێبەش بکرێت؟.

 

کێ لە ئێمە هەیە ئەو راستییانە نەزانێت کە هەموو شۆڕشەکانی کورد جگە لە کورد و خاکی کوردستان شتێکی دییان شک نەدەبرد، هەر کوڕی شار و شارۆچکەو گوندەکان نەبوون بەرگریان دەکرد؟!. تکایە شتەکان چۆنن وەها بیانبینن، ئێمە هەر شتێکمان لە رابردوودا کردبێت، بۆ رزگار بوون بووە لە جەورو ستەمی داگیرکەران، ئەدی ئێوەش هەروا نەبوون؟!. تکایە ئەگەر بە راستی هیچ ئاڵۆزییەک لە نێوانی ئێوەدا نەماوە، ئاوڕێک لەو ئاڵۆزییانەش بدەنەوە کە بەرهەمی ئاڵۆزییەکانی ئێوەیە بووە بە ماڵ بەسەر ئێمەوە؛ با لەوە زیاتر لە "دوالیتیدا" ژیان نەکەین. واز لە تەسکییە بهێنن، ئێوە ئێستا لە رەوشێکی دیدان، میللەت هەر هەمووی بە چاوێ تەماشا بکەن، لەو لاوانە بڕوانن وا بارگەیان بۆ هەندەران دەگوازنەوە. با ماشێنی جام رەش و شاری خەونەکان نەبێت بە هۆکاری ئەوەی کە هەست بە نامۆبوونتان بکەین و بڵێین دنیای ئێمەو دنیای ئێوە ئەرزو ئاسمان لە یەکەوە دوورن!. کاتێ لە بەردەمی ئاوێنە لە خۆتان دەڕوانن، لە بیرتان نەچێت زۆر شتی دی هەیە ئەبێ شێلگیرانە لێیان بڕوانن!. ئێوە لە رابردوودا خۆتان بە کوڕی ئەم گەلە دەزانی، لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا بۆ جارێکی دی گوێبیستی ئەو گووتانە دەبینەوە، وەرنەوە ئامێزی ئەو گەلەی کە بە چاوی ئومێدەوە لێتان دەڕوانێت، بۆ جارێکی دی تکایە جامی ماشێنەکانتان داگرن واقیعی خۆتان ببینن، چۆن دەکرێت هەر لە بەرزی بڕوانن، بگەڕێنەوە، چونکە هەر دەبێ بگەڕێنەوە، دوایی ئایندە وانەی تەفرەدانمان فێر دەکاو وامان لێدەکات هەموو ئێستاو رابردوویەک بەر نەفرەت بدەین!.