په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٧\٢٠١٥

من قوربانی کارەساتێکم کە ١١ ساڵ پێش لە دایکبوونم روویداوە!

لاوژە ماهیه     


کاتێک لە دوورەوە لە ڕێگای شاشەی تیڤی، لاپەرەی ڕۆژنامە و لاپەڕەی فەیسبۆک ھەواڵی ئەو کارەساتانەی کە لەلایەن مرۆڤەوە توشی مرۆڤ دەبێت، دە بینین زۆربەمان بۆ چەند ساتێک دڵمان دەھاژێت و دەکەوینە ژێر کاریگەری ئەو کارەساتانەوە و بۆ ماوەیەکی کاتی دڵمان تەنگ دەبێت، بەڵام ھەواڵەکان ھەرچۆنێک ڕوماڵ بکرێن ناتوانن لە دوورەوە بمانخاتە واقیعی ڕوداوەکان و ھەلومەرجی بەرکەوتووان و تێگەیشتن لە خەسارەتەکانیان. ھەواڵی ئەنفالکردن چەند لادێی نەیجریا لە لایەن بۆکۆحەرامەوە یان تەقینەوەی بۆمبێک لە پاکستان و ئەفغانستان لە پەراوێزی ھەواڵەکان ناتوانێت ھێندەی تەقینەوەی بتڵێکی گاز لە گەڕەکەکەمان ڕامانچڵەکێنێت و کاریگەری لەسەرمان جێھێڵێت. کەواتە ھەرچۆنێک ھەواڵەکانمان پێبگات ھێستا ناتوانین ھەستەکانمان بەرینە جێی ڕوداوەکان و بە ڕوح و جەستەوە خۆمان لە جیاتی قوربانییەکان دابنێین.


ھەزاران کتێب لەسەر وێرانکاری و خەسارەت، بۆمبی ئەتۆم نووسراوە و سەرجەم دانیشتوانی گۆی زەوی لێ ئاگادار کراوەتەوە، بەڕای من خەسارەتی دڵڕەقی و توندوتیژی و زەبر و زەنگی ھێزە دیکتاتۆرەکان لەسەر جەستەو و سایکۆلوژیەتی ئینسان لە بۆمبی ئەتۆم کەمتر نییە.


ئەگەر وەک نمونە گەڕەکێکی شارێکی سوریا سەیربکەین کە لە شاشەی تیڤیەوە پێنج ساڵ پێش ئێستا بە دەبابەو شۆفڵ تەختکرا و خەڵکەکەی کوژران یان ئاوارە بوون، دووای پێنج ساڵ دۆخی ئەوانەی کە نەکوژران و ھەڵھاتن چۆنە؟ ئێمە بۆ ساتێکی کەم لە پەراوێزی ھەواڵەکانەوە بینیمان گەڕەکێک وێرانکرا بەڵام داستانی کچێکی ١٢ ساڵ کە لە دووای لەدەست دانی خێزانەکەی وەکو کۆیلەی سێکسی دەفرۆشرێت بە شێخە دەوڵەمەندەکان لە میرنشینەکانی کەنداوی عەرەبی، لێرە بە کوژاندنەوە و گۆڕینی کەناڵی تیڤییەکە کۆتایی پێنایەت.


من دەمەوێت بەم پێشەکیەوە باسی تراژیدیایەک بکەم کە ئەڵقەی یەکەمی ١١ ساڵ پێش لەدایکبوونی من دەستیپێکردووە و ھێشتا ئەڵقەی کۆتایی نەھاتووە، باسی وێرانکاری کارەساتێک بکەم کە دوای نیو سەدە ھێشتا کاریگەری ئازارەکانی بەرۆکمان بەرنادات.


داستانی کارەساتەکەی من، لە زمانی ئەو کەسانەوە کە خۆیان لەناو واقیعەکەدا بوون، بەم شێویە:


بەدوای کودەتا شومەکەی بەعسیەکان لە شوباتی ١٩٦٣ سیاسەتی ترساندن و تۆقاندن بە گرتن و کوشتن باڵی کێشا بەسەر ھەموو عێراقدا. لەو کاتەدا حیزبی کوردی لە ئیدامەی شۆڕشی ئەیلول، وەک پیشەی ھەمیشەییان مفاوەزات دەکەن لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتەدا. بەدوای بەئەنجام نەگەیشتنیان جارێکی تر خەڵک دەبێتەوە قوربانی و باجەکەی دەداتەوە.


چەند ڕۆژ بەر لەوە ھێزی کوردی پەنا بۆ شاخدەبەنەوە، ھێزەکانی کۆیە لە ھەیبەتسولتان خۆیان حەشاردەدەن، بەعسیەکان ھێرش دەکەنە سەریان و سەرکەوتونابن و لە ھێرشەکانیان ناکام دەبێت. بەعسیەکان تۆڵەی شکستەکانی خۆیان لە خەڵک دەکەنەوە، بە پێی پیلانێکی لەپێش ئامادەکراو سەرباز و چەکدارەکانیان لە شاری کۆیە لەسەر دۆمینە لەناو خۆیان لە چاخانەی سلێمانی حەمە قاوەچی دەست دەکەن بە تەقە و بەو شێوەیە بە پێی پلانەکەیان ترس و تۆقاندن بلاوکەنەوەو خەڵک چاوترسێن دەکەن.


وەرز: ھاوین، رۆژ: ٤\٧\١٩٦٣، کات: دوای نیوەڕۆ، تەقە لە شار دەست پێدەکات و نائارامی بڵاودەبێتەوە، ھاوڵاتیەکی سڤیل بە برینداری ڕادەکات، خەڵک چاوەڕوانی ئەوەن کە ڕوبدات، لەبەرئەوەی دەزانن لە ھەرکاتێکدا بێت دەقەومێت، مام شەعی لە جەرگەی بازاڕ بریندار دەکرێت و بە شپرزی و خوێنە چۆڕکێ بە کۆڵانەکاندا ھەڵدێت، خوێنێ لەبەردەرگای مالان دەچۆڕێت، تەنھا دڵۆپە خوێنێکیش بەسبوو بۆ بەعسیەکان کە کارەسات بخولقێنن!


ھەر وەک خەڵک چاوەڕێیان دەکرد قەوما و فەزای عەسکەرتاری شار دادەگرێت و دەوری کۆیە دەگیرێت و ھەمو جۆرە ھاتوچۆیەک قەدەغە دەکرێت. ڕەش بگیر دەستیپێکرد، ھەرچی بینیان گرتیان، گرنگ نەبوو منداڵە، گەنجە یان پیرو پەک کەوتەیە!. دەسڕێژ دەکەن بەناو خەڵکدا، خەڵکی سڤیل و بێتاوان لەسەر شەقامەکان گولە باران دەکەن، ھاوڵاتیەک بەناوی مەلای شێخ تەھا " بە برینداری ھاواریدەکرد، بەڵام کەس نەیدەتوانی فریای کەوێت، خۆم بەچاوی خۆم بینیم، خستیانە ناو زیلێکی عەسکەری، دواتر بە برینداری کوشتیان" ئەمە وتەی شاھیدێکە، ھاوڵاتیەکی تر بەناوی حەمیدی نەجار بە ھەمان شێوە لەسەر شەقام دەبێتە قوربانی دەستی بەعسی فاشیست سەرلەبەیانی ڕۆژی دوایی، بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک شەش لەم ھاوڵاتیە سڤیلە بێتاوانەی کە دەستگیرکرابوون، لەدرێژەی چاوترسێنکردنی خەڵکدا، دەبەنە ناو خێمەیەکی سەربازی بەعسیەکان کە لەناو جەرگەی شاری کۆیە ھەڵدراوە، مەلایەک و کەشیشێک بانگ دەکەن و بەزیندویی ڕێوڕەسمی مەرگیان بەڕێوە دەبەن، ئەوەی کە ئەم شەش قوربانییە لە گیرفانیانە تەسلیمی مەلاو کەشیشەکەی دەکەن وەک سەعات و پارەو.....کە بیدەنەوە دەستی کەسوکاریان، قوربانییەکان بەناوی سلێمانی حەمە قاوەچی، شەفیق حەمەد، حەمەدەمینی ئەحمەداغای، حەنا یوسف تۆما، محمد رەشاد حەویزی، یوسف حەنا تۆما لە دینگەکانی ناو بازاڕی کۆیە دەبەسترێنەوەو گولە باران دەکرێن وە بۆماوەی ٢٤ کاتژمێر دەھێڵدرینەوە. دیارە ئەم سیاسەتی ترسو تۆقانە بەردەوام دەبێت ڕۆژی ٣٠/٧ کۆمەڵێکی تر لە دینگەکانی ناو بازاڕ دەبەستن و گولە بارانیان دەکەن، کە سێ کەسیان برا دەبن.


بۆچی من قوربانی ئەم کارەساتەم؟


لە گەرەکی ماڵی مەلایان( جەلیزادەکان) لە کۆیە کە نزیکی ناوبازارە، خێزانێکی ئاسایی(ماڵ باپیرم واتا باوکی دایکم) ، ھاوینان دەچنە چنارۆک بۆ سەر زەویەکانیان و خەریکی باغداریان دەبن، ئەم ھاوینە شومە، بەھۆی خراپی بارودۆخەوە ناچارن بگەڕێنەوە کۆیە بۆ ماڵی خۆیان. لەم خێزانەدا دایک، باوک چوار کچ کە گەورەکەیان نۆ ساڵە، برایەکی بچوکیان دەبێت، دایک دوگیان دەبێت و چاوەڕوانی کۆرپەلەی شەشەم دەکەن.


ماڵی ئەوان یەکێک لەو ماڵانە دەبێت کە پریشکی خوێنی مام شەعی لەبەر دەرگەیان کەوتووە، حەرەس جمھوریەکان زۆر دڵڕەقانەو بێڕەحمانە لەدەرگا دەدەن، لەترسی ڕەشبگیری کە لەدەرگای ھەر ماڵێک دەدرێت پیاوەکان ناچارن خۆیان حەشاربدەن و ژنەکان دەرگا بکەنەوە، ئەمە لە ھەموو ماڵەکان ڕودەدات، سەعات شەشی ئێوارە دەبێت مونیرە خانم، ناچاردەبێت دەرگا بکاتەوە، پێی دەڵێن ئێوە بریندارتان لە ماڵەکەتان حەشارداوەو دەیانەوێت بڕۆنە ژورەوە، بەڵام ئەم ژنە قارەمانە بەرگری دەکات بەپێی ئەم وتانەی کە دەگێڕدرێنەوە لولەی چەکەکەیان دەگرێت و پاڵیان پیوە دەنێت، ڕێگا لە چونە ژورەوەیان دەگرێت، وە دەرگاکە دادەخاتەوە، دەرگایەکی لە تەنەکە دروستکراو، جارێکی تر گورگە ھارەکان لە دەرگا دەدەنەوە، ئەمجارەیان دەرگاکە ناکاتەوە، بەڵام وەڵامی گورگەکان لە پشت دەرگاوە فیشەک بارانکردنیان دەبێت. مونیرە مەلا تاھیر جەلیزادە و تاقە کوڕەکەیان بەناوی شوان کە لە باوەشی دایکی دەبێت و نۆ مانگان دەبێت بریندار دەبن. شاھیدی ئەم کارەساتە ماھیەی کچی گەورەی مونیرە خان دەبێت کە ئەوکات تەنھا نۆ ساڵە!


ماھیەی بێچارەو بێدەسەڵات نازانێت چیبکات و چۆن فریای دایک و برای برینداری بکەوێت. بە ھاوار و گریان ھانا بۆ دەرو دراوسێ دەبات کە ھەمویان خزمو کەسی یەکترین، ئەوانەی کە دەتوانن کۆدەبنەوە، لەناوخۆیان قسەوباسدەکەن کە چیبکەن خۆ کەس ناوێرێت بچێتە دەرەوە چۆن فریای بریندارەکانیان بکەون؟ دەڵێن مونیرە خان دەڵێت لێمگەڕێن با کەسی تر نەبێتە قوربانی من، لە حەوشە کەوتوەو خوێنی لێدەڕوات. چاوە پڕ لە ئەسرینەکانی ماھیە بۆ دایکی و نەنە ئامین بۆ تاقە کچەکەی دڵیان قوڵپەی دەدا، لەم نێوەدا مونیرە خەمی تاقە کوڕەکەی بوو، " کوڕەکەم ڕزگارکەن خۆم قەینا" بەھەر بەدبەختی و قسەکردنی خەڵک لەگەڵ بەعسیەکان ڕێگا درا مونیرەو شوان بگەیەندرێنە خەستەخانەی کۆیە، لە خەستەخانە تەشخیسدرا کە دەبێت لە زوترین کاتدا بگەیەندرێتە ھەولێرو عەمەلیات بکرێت، بەڵام درندەکان ڕێگایان نەداو ئەمشەوە لە خەستەخانە مونیرە بە بێھۆشی دەمێنێتەوەو سەعات ٦ی بەیانی ڕۆژی دوایی واتا دوای ١٢ سەعات گیان لەدەستدەداو شوان ھەر بە برینداری دەمێنێتەوە، ئومێدیان ئەوە دەبێت کە بارودۆخەکە باشتر بێت و ڕەوانەی ھەولێر بکرێت.


ڕێوڕەسمی ناشتنی.


تراژیدیای بەخاکسپاردن بۆ خۆی کارەساتێکی تر دەبێت، پیاوان ھەموی خۆیان شاردۆتەوە، ھاتنە دەرەوە قەدەغەیە، جارێکی تر بۆ قەبر ھەڵکەن موڵەتی ناشتن توشی کێشەدەبن، ژنان لەسەر پەیژەی دایدەنێن و ھەڵیدەگرن و لە نزیکترین شوێنی مومکین لە قەبرستانی دەروێش خدر بەخاک دەسپێردرێت.


چەند ڕۆژێکی کەم دوای ئەوە، شوانیش گیان لەدەستدەداو، لەپاڵ دایکی بەخاکی دەسپێرن.


پەیوەندی ئەم کارەساتە بە منەوە.


ماھیە سابیر، کچی سابیر مالا ڕەئوف (حاجی سابیر یادی بەخێر) و منیرە مەلا تاھیر کە شاھیدی کارەساتی گولە بارانکردنی دایکی و براکەی دەبێت، دواتر لەساڵی ١٩٧٣ ھاوسەرگیری دەکات و ساڵێک دوای ئەوە کچێک دەھێنێتە جیھانەوە، ئەوکچە ناوی دەنێن لاوژە.


ھەربۆیە من، خوشکوبراکانم، پورو پورزاکانم، منداڵەکانی ئێمە ناڕاستەوخۆ قوربانی ئەم کارەساتە و کاردانەوەکانی ئەم تراژیدیایەین.


ھەروەک وتم چوار کچ بێدایک دەبن، گەورەکەیان کە دایکمە نۆ ساڵەو بچوکەکەشیان تەنھا دووساڵە.


لەنێویاندا تەنھا کەسێک کە شاھیدی گولە بارانکردنی دایکی و براکەی بووە دایکم دەبێت، بۆیە دایکم دەبێتە ئەکتەری لێدانەوی ئەو فیلمە و ڕۆژانە ئەو تراژیدیایە باسدەکرێت بۆ خوشکەکانی و ئەو خزم و کەسانەی کە دەیانەوێت ماجەراکە بزانن.


بەجیا لەوەی کە دایکم لە ناز و خۆشەویستی دایکی بێ بەری دەکرێت، لە ھەمانکاتدا شاھیدی کارەساتێکی وەحشیانە دەبێت کە قوربانییەکانی ئازیزترین کەسەکانی خۆی، دایک و براکەی دەبن. ئەم داستانە تاڵە دەبێتە کابوسێکی نەبڕاوە کە نە ڕاچڵەکینی تێدایە نە ڕۆژ بوونەوە، سەرتاپای ژیانی دایکم دادەگرێت. من پێموایە کاریگەریەکانی لەسەر ئێمە بە منداڵەکانیشمانەوە دەبیندرێت.


کچە شەنگالیەکە دایکم بیردەھێنێتەوە.


کیژۆڵەیەکی پێست سپی مو کاڵی زۆر جوان، لە یەکێک لە کەناڵەکانەوە ڕۆژانە چەندین جار بۆ ڕێکلامی کەناڵەکە نیشاندەدرێت، ناوی کۆمەڵێک لە قوربانییەکانی خێزانەکەی دەھێنێت، چاوی پڕە لە پەژارەو گریان گەروی دەگرێت و دەڵێت ئەمانە ھەموی لەدەستی داعەشدان. زۆر نا بەرپرسانە کەناڵێک کیژۆڵەیەکی قوربانی بەکاردەھێنێت، بۆ سەرنجڕاکێشانی بینەر! ئەم کچۆڵەیە ھەموجارێک وێنەی دایکم بە منداڵی دەھێنێتە بەرچاو. وێنەی دایکم ماوە کە لەسەرەتای شەستەکان بۆ خوێندنگا گرتویەتی، سپی و موکاڵ و خرپنە، بە بێ ئەوەی بتوانم لێی دەربازبم دەرکەوتنی ئەو کچە لە شاشەی کەناڵەکە، وێنەکەی دایکم دێنێتە پێشچاوم کە چۆن ھەردوکیان قوربانی کارەساتن.


سەرباری ئەوەش جیاوازیەکی زۆر لەنێوان دایکم و ئەم کچۆڵەیە دەبینم، دایکم کەسوکاری تری لە دەوریدا ماوەو ھەوڵیانداوە کۆمەکیان بکەن، نازو خۆشەویستیان پێداون، نەنکی، باوکی، ژنی دووەمی باوکیان و ھەروەھا خزمەکانیان، ھەمویان کەسانی باش و میھرەبان بونە، من تا گەورەشبوم بە باوەژنی دایکم دەوت دایە خەجیج، لەبەرئەوەی ھەستم بە خۆشەویستی نەنکایەتی دەکرد لێی. واش ئەم تراژیدیایە بەردەوام لەبردەمی دایکم دێ و دەچێت، لەوەتەی فاممکردوە من گوێم لەم داستانە دەبێت و دەبێتەوە، کاتێک ھاوڕێکانم دەھاتنە ماڵەوە بۆلامان دوای ٥ دەقە دایکم ئەم فلیمەی دەگێراوە ، زۆرجار پێی ئیزعاجدەبوین، بەڵام کە گەورەتربوین و زانیمان بابەتەکە چییە دەمانویست گوێیلێبگرین، یان زۆر جار بیری بەینەوە. کاتێک بۆ سەردانی کەسوکار یان ناو بازارو سەرقەبران دەچوین، دەمانویست دایکم لە ڕێگایەکی ترەوە بەرینەوە، بەڵام وەک ئەوەی ھێزێک بەرەو ئەم ماڵەی ڕابکێشێت کە ئێستاش ماوەو ھەر ھەمان دەرگایەو جێگای گولە ڕەشەکانی پێوە ماوە، یەکسەر بەرەو ئەوێ دەڕۆیشت لەبەردەم دەرگاکە وەستانێکی خێرای دەکردو بۆ یەک سات خەیاڵی دەڕۆیی کە ڕادەچڵەکی، چاوی پڕ لە گریان بوو. وە ھەمو جارێک دەیوت ئەمە جێگای فیشەکەکانە کە بەر دایکم کەوت.


سەرەڕای ئەوەی کە دایکم کەسێکی لێھاتوو و خاوەن کەسایەتیەکی ئازا و بێوێنەیە ، بەڵام زۆر جار غەمبار دەبوو وە تا ئێستاش دەچێتە ناوخۆی و بیردەکاتەوە. کاتێک دەڵێن کەسێک کوژرا دایکم ڕادەچڵەکێت، کاتێک دەڵێن منداڵیک بێ دایکە، دایکم دەستدەکاتە گریان، و ھەمیشەش لە خەم و بیرکردنەوەی لێقەوماوانە و زۆر بە هەست و سۆزە.


بۆ ئێمە کە نەوەی دوەمی ئەم کارەساتەین و ئەوانەی دووای ئێمەش بێ کاریگەر نەبووە، ئەم بارودخو گێرانەوەی دایکم کاریگەری لەسەر داناوین، ھەمیشە لەخەمی دایکامان بوین، نازانم بەکام زمان کاریگەریەکان دەرببڕم و بیانووسمەوە، بەڵام ھەمیشە ھەستدەکەم، بۆشایەک لەدڵمدایە، من کەمتر ھەستم بەوە دەکرد کە لەسەر خوشک و براکانم چەند کاریگەری بووە، نازانم بۆ ھەمیشە ئەم ھەست و ئیحساسەمان لەناخمان دەشاردەوە، تا ماوەیەک پێش ئێستا براکانم ھاوڕێو ھاوژینمیان بردبو بۆ شوێنی ڕوداوەکەو وێنەیان گرتبو، وە لە فەیسبوک بڵاویانکردبۆوەو ئیحساساتی خۆیان لەبارەیەوە نووسیبوو، لە ھەمانکاتدا پورزاکانیشم بە کۆمینت ئیحساسی خۆیان دەربڕیبو، بەدوای ئەوە بە تەواوی بۆمدەرکەوت کە ئێمە ھەموومان قوربانی کارەساتێکین، کە لەمنداڵی دایکمان لە خێزانەکەمان روویداوە، وە بۆم دەرکەوت تەنانەت لەسەر منداڵەکانیشمان کاریگەری جێھێشتوە.


زۆر جار ھەستم بە بۆشایی بێ نەنکی "دایکی دایک" کردووە و لای خۆمەوە دڵم پڕبووە، کە ھەرزەکاربوم بەخۆمم دەوت ئەگەر ئیستا نەنکم مابایە دەچوم دەردە دڵم لای دەکردو گلەیەکانی خۆم کە ھەموو منداڵێک لە دایک و باوکی ھەیەتی بەتایبەتی لە تەمەنی ھەرزەکاری دەمبرد بۆلای، بەڵام ئێستا دەپرسم، ئەگەر ئەم کارەساتە بەسەرمان نەھاتبایە، گلەیی و گازندەکان ھەر ھەمان شت دەبوون، ئایا ئاراستەی ژیانمان بەرەو شوێنێکی تر نەدەڕۆیشت؟


لێتانی ناشارمەوە ئەو کارەساتە ئەوەندە گەورەیە لەدڵی من و خێزانەکەمدا، کە برینەکەی ھەرگیز ساڕێژ نابێت، ئەم برینە ٥٢ ساڵە خوێنی لێدێت، ئەم فیشەکەی لە دڵی نەنکمیدا ئازارەکەی تا ئێستاش کاریگەری لەسەر نەوەکانی دوای خۆی دادەنێت. تا ئێستا جورئەتم نەکردووە بۆ منداڵەکانمی باسبکەم، زۆر جار دەمەوێت پێیان بڵێم کەمن قوربانی کارەساتێکی لەمجۆرەم، بەڵام ناوێرم بیگێرمەوە بۆیان.


ئامانجم لەم نووسینە چیە و بۆ لەم ساڵدا دەیگێرمەوە.


لێرە ناچارم جارێکی تر بێمەوە سەر ئەم کچە ئێزیدیەی کە قوربانی دەستی داعەشە! وەک وتم دایکم بیردەھێنێتەوە.


کوردستان وڵاتی کارەساتەکانە، بەشی ھەرە زۆری خەڵکی کوردستان قوربانی کارەساتی لەمجۆرە و لەمە دڵتەزێنترن، بەجیا لە کارەساتی گەورەی وەک ئەنفال کمیابارانی ھەڵەبجە، کارەساتی شەنگال و قوربانیانی دەستی داعەش. ئەوان بەکۆمەڵ بونەتە قوربانی، ئەو منداڵانەی کە شاھیدی کارەساتی لەمجۆرەن، ھەموو شتێکیان لەدەستداوە تەنانەت ھەندێکیان دەستدرێژی سێکسیشیان کراوەتە سەر، لەوانەیە کەس نەبێت یارمەتیان بدات، یاخود دەوروبەریشیان ھەر لە کابوس دەژین و پێویستیان بە کۆمەک ھەیە، من لە تەجروبەی خۆمەوە دەڵێم ئەم کارەساتانە تا چەند نەوەش کاریگەری دەمێنێتەوە، وەک و وتم لەم شوێنانەی کە بەکۆمەڵ روویداوە کاردانەوەکەشی بەکۆمەڵ دەبێت. کاریگەری ئەم ھەموو کارەساتە چ جۆرە کۆمەڵگایەک بەرھەمدەھێنێت؟


لەنێوان ١٩٦٣ بۆ ٢٠١٥ زیاتر لە نیو سەدەیە، لەم ماوەیەدا ئاستی زانیاری ئینسان و زانستی دەروناسی و کۆمەڵناسی زۆر پێشکەوتوەوە، ئەگەر خەمخۆر ھەبێت کۆمەکی پڕۆفیشۆناڵ بگاتە ئەم ئینسانانە بۆئەوەی کە کاریگەریەکانیان بەسەردا کەمبکرێتەوە. دەبێت کۆمەڵگای بەشەری تێگەیشتنێکی قوڵتر لەم قوربانیانە وەرگرێت، دەبێت جوڵانەوەیەکی بەھێز دروست بێت کە لە ئاست کارەساتەکن بێت، ئەگەرنا تا چەند نەوەی تریش کۆمەڵگای ئێمە ناتوانێت کۆمەڵگایەکی تەندروست بێت. من کەسێکم ناتوانم بەرامبەر کێشەکان دەستە وەستان دانانیشم ھەمیشە دەمەوێت بە عەمەلی بێمە مەیدان، ھاوڕێیەکی منداڵیم بووە قوربانی کەلتوری ناموسپەرستی بڕیارمدا ھەموو ژیانم دژی کەلتوری پیاوسالاری بجەنگم، بەلام لەئاستی ئەم ھەموو کارەساتە کەمێک خۆم دەستەوەستان دەبینم و نازانم چیبکەم، تکایە کۆمەکم بکەن بۆئەوەی بزانین چیبکەین و چۆن فریای ئەم ھەموو قوربانییە بکەوین؟


کۆمەڵگا پێویستی بە ڕوحی ھاوکاری و ھاوچارەنووسی و بەرپرسیاریەتیە لە ئاستی یەکتری، زۆرجار گوێمان لیدەبێت قوربانی کارەساتەکان دەڵێن ھیچمان بۆ نەکراوە، ئەوان ناھەقیان نییە کە کۆمەک بکرێن، یەکێک لەوشتانەی کە دایکم لەم کەیسە زۆر نیگەران دەکات ئەوەیە، کە ئەگەر سەربە حزبێکی دەسەڵاتدار نەبیت ھیچ جێگاو ڕێگایەکیان بۆ داناندرێت.


لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، سەرباری ئەم کارەساتە گەورەیەی کە ژیانی دایکمی قاڵب داوە شانازی بە ئازایەتی و زیرەکی و لێھاتووی دایکمەوە دەکەم کە ھەمیشە ئیلھامی خۆڕاگری چاونەترسی بوە بۆ ئێمە.


داوی لێبووردنیش دەکەم ئەگەر دڵی کەسانێکم تەنگ کردبێت بە خوێندنەوەی ئەم بابەتە دڵتەزێنە، و لەوانەیە کەموکوڕیشی زۆربێت بمبوورن.


دوای لێبوردنی تایبەتم بۆ دایکم و پورەکانم ئەگەر جارێکی تر برینم کولاندنەوە، بەڵام نووسینەوەیم بە پیویست زانی بۆ بارسوکی دڵی خۆم.


سەری ڕێزو نەوازش بۆ خاڵم و نەنکم و ھەموو قوربانیانی دەستی ڕەشی تیرۆریستان دادەنوێنم.


ھەرچەندە ھەرگیز نەمبینیون بەڵام جێگایەکی تایبەتان لە دڵم ھەیە و ھەمیشە لە ناخمدا لەگەڵتان دەدوێم.
 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک