په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٣\٢٠١٢

 مریشک و قه‌ره‌جیی.


سەعید عارف باپیر   

مەبەستم شکاندن و ھەڵبواردنی گروپ و ئەتنێکی قه‌ره‌جیی نییه‌ ، تەنھا ئەوەیە ، بەناوی قه‌ره‌جییەوە نەزیلەکەم بیستووە.


فێڵێکیان ھەیە بۆ دزینی مریشک:


((بەوەی ڕیخۆڵەیەکی ئاژەڵ بەتەڕی دەپارێزن ، لەکاتی پێویست دا ، سەرێکی بەگرێدراوی ، وەکو چەشتکەی خۆراک ، دەخەنە بەردەمی مریشکی برسی ، کاتێ مریشکی ھەڵخەڵەتاو ڕیخۆڵەکە قوت دەدات ، قه‌ره‌جییەکە فوودەکات بەسەرە کراوەکەی لای خۆی دا .. بەجۆڕیک لە ناو زگی مریشکەکە دا وەکو میزەڵدان دەئاوسێت ، ئیتر مریشک ، قیڕەی لێ دەبڕێت ، چونکە سینەو گەروی بەڕیخۆڵە فوو تێچوەکە دەماسێت ، بەبێ قیڕەو گارەگار ، دەگەیەنرێت بن تورەکەی دزەکەوە.)).

لە ئاستی تاکە کەس دا:


کەسێک ، نەبوونی توشی قەرزی بکات ، لە برادەرە بازرگان و پارەدارەکەی ، دەبێت چاوەڕوان بێت وەکو مڕیشکی قه‌ره‌جییەکەی لێ نەیەت . چونکە بازرگان وەکو سیاسی ھاو ڕەوشتن . مۆراڵ دەکەوێتە پلەی دوەم و دواترێکەوە . ھەلپەرستی و بەرژەوەندخوازی کاریگەری زیاترە لەسەر کردارو ڕەوشتیان . بەو ھۆیەوە ، بەشایەتی ئاشکراو باسکردنی زۆر و لەھەمو مەجلیسێک دا ، ئەو قەرزەد دەبەخشێ . جگە لەوەی کەسی موحتاج خۆشی دەبێت بە بلوێر ژەن و پەسنێکاری قەرز بەخشەکە . بەلام ھەمیشە لەنھێنی بێ دەنگی دا قەرزەکە وەردەگرێتەوە . کارەسات لێرەوە دەست پێ دەکا.


بەوەی قەرزەکە دەبێتە ڕیخۆڵە قوت دراوەکە ، خاوەن قەرز فووی پیادەکات . دواتر بە قەرزدانەوەش ، قەرزدار دەبێتە دیلی ڕابوردوی خۆی . لە چاوشۆڕی و بندەستی یەکانی خۆی بۆ پاک ناکرێتەوە ، لەگەڵ ھەمو سیفاتە بەدەکانی قەرزبەخشەکەی دا ، ناچارە لەسەر وەسفی چاکەو پیاوەتی باسکردنەوەی بەردەوام بێت . ھەر باسێکی غەدرو ناڕەواییەکانی ، بە زەمی پاشملە و ھەڵبەستراو ، بەدنمەکی قەرزدار دێتە حساب . قەرزدار بۆ دەربازبوون لەپێوەندەکەی ، وەکو مارەکراوێک ،( تەڵاق) بۆی دەبێتە مەحاڵێکی دورو پێچاو پێچ.

نەزیلەو نمونەکەم ، بۆ ئاسان گەیاندنی مەبەستێکی ترە لەدنیای فراوانتری سیاسەت و کۆمەڵگەدا، بەبێ ھیچ مەبەست و ئارەزویەکی شکاندن.

*  *  *

کاتێک بزوتنەوەی سیاسی و چەکداری لە پێش شەستەکان و دواتریشی دا،‌ دەکەوێتە ژێر باری قەرزی کارێزمای سەرکردەوە .

"دوای بەڵای فوو تێچونی ڕیخۆڵەکە!!".


بە چەند ڕوداوی بەرکارو خۆڕاپسکاندنی ١٩٦٤ ، و ڕاونان و ڕەھەندەبوونی سنورەکانی وڵات و گیرسانەوەیەک لە(ھەمەدان) . دیسان گەڕانەوە و ھەڵاتنێکی تر لە ١٩٦٦دا بۆ نێو دەسەڵاتی دەوڵەت ، پێجەوانەی ئەوەی ڕۆژێک لەدژی ئەو دەسەڵاتە شۆڕش و یاخیگەریەکە دەستی پێ کردوەو . دواتر دەستپێکردنی فەسڵێکی خوێناوی یەکتر کوشتن . لەسەرەنجام دا، بەکەمترین ئاوی ڕوەوە ، بەناچاری گەڕانەوەبۆ بن دەستی سەرکردە قەرز لێ کراوەکە، لە (دیلمان) . ھەتا ھەرەس و ئاشبەتاڵی شۆڕش لە ٥ مارتی ١٩٧٥دا .

لەگەڵ خەمی قورسی ئەوەش دا ؛ ناچاربووەکان ، بە لایەنی منەوەری بزوتنەوەکە وھەڵگری پەیامی ڕۆشنبیری و پێش کەوتنخوازی ، دژ بەکۆنەپەرستی و نەزانی ،و خێڵگەری بەجێماوی سەدە تاریکەکان دەژمێردران .
سەرجەم ، بەجۆرە لێکدانەوەیەک:
" تێکشکان و ناوزڕانی تازەگەری بوو، لەبەردەم کۆنەخوازی دا .".

*  *  *

دوای ھەرەس ؛ دەست پێ کردنەوەی" شۆڕشی نوێ" لەساڵی ١٩٧٦دا . دەستپێکی چاکو بەجێ بۆ سڕینەوەی ڕابوردو نوێ کردنەوەی خەبات ؛ لەدوای پێچانەوەی بازاڕی ١٤ساڵەی شۆڕشی ئەیلول بەچاک و خراپیەوە .

" ڕیخۆڵە فووتێکراوەکە پوچو بەتاڵ کرابوو ، دەکرا لە سێنەو ھەناو دەربکێشرێتە دەرەوە .".

دەکرا دەستپێکێکی نوێی لێ بەرھەم بھێنرایە ، ئەگەر براکوژی و پاوەنخوازی نەکرایە بەئەڵقەی گرێدانەوەی ڕابوردوە تاڵ و بەدەکان و ببێت بەھۆی گەڕانەوە بۆ بای یەرەکۆن ، فووتێکردنەوەی ڕیخۆڵە بەجێماوەکە و ، دیسان تەواو کردنی فەسلە گاڵەتەجاڕیەکانی شانۆگەری (مریشک و قه‌ره‌جیی) .
چۆن؟
یەکێتی نیشتمانی لەدوا ساتی ئێستای دا.

دیسانەوە توشی میراتگری ، مێژوە پڕ لە تراژیدی و ناکامی یەکانی ١٩٦٤ــ١٩٧٥ خۆی کرایەوە ، دیسان بەھۆ ی یەکتر کوژی و پاوەنخوازی ، دوبارە چونەوە ژیر باری پەرچەکرداری پارتیەوە . لەئیشتاش دا، بەھۆی ڕیکەوتنامەی ستراتیژی نێوان ناڕۆشنی دو سەرۆکە گەورەکەوە .

ھەنوکە رایەک ھەیە ، بەوەی یەکێتی بەجۆرێک جوت بۆتەوە لەگەڵ ئەجێندای پارتی دا . دەگونجێت ، لەئایندەیەکی تری دا، وەکو قۆناغی ١٩٧٠ــ ١٩٧٥، خۆی باوەخون بکاتەوە.
یان توشی بچوک بوونەوەیەک ببێت ، بگاتە ئاستی حیزبە پەراوێزیەکانی نێو کایەی ئێستای ھەردو پارتە سەرەکیەکە.


*  *  *

"پارتی خاوەنی کردارە ، بەرانبەرەکەی پەرەچەکردار دەنوێنێت ."
پارتی چۆن خاوەنکردارو ، چۆن بکەڕێکە ؟
پارتی ڕیخۆڵە فڕی دەدات ، بەرامبەرەکی قوتی دەدات .
پارتی بە شێوازی (دوبارە داڕشتنەوەی مێژو) دەیەوێت لەدروست بوونیەوە لە ١٩٤٦وە بۆ ئێستا ، بوون و مێژوی خۆی دابڕێژێتەوە . ئەو کارە لە مێژو‌دا ، ستایڵێکی لە ناساندن و سیاغەکردنەوەی مێژو بەمۆدێلەکانی فاشیزمی ئیتالی ، و نازیزمی ئەڵمانی ، ستالیینیزمی ڕوسیای سۆڤێتی ، لەخۆرھەڵات و لای خۆمان ، بەعسی یەکان بەو جۆرە مێژویان دەخوێندەوە .

{مێژو بەجۆرێک دەخوێننەوە ، کەخۆیان ئیشتیھای دەکەن و خۆیانی تیادا دەکەن بەسەرەتاو کۆتایی ھەمو بوونێک . بەھۆی ھەڵبواردنی ڕوداو کەسایەتی نامەرغوب ، یان قەبەکردنی ڕوداو کەسایەتی یەکانی خۆیان ، ھەڵبژاردنی نمونە پێشینەکانی مێژو ، بۆ ھاوشێوەکردنی بەخۆیان . لەنمونەی نازیەکان ،سوپایان بە ڕایخی سێھەم ناودەبرد ، بەو ێنە گرتنەوە لە سوپای بسمار وەک (ڕایخی دوەم) و سوپای شارلەمانی جەڕمانی وەک (ڕایخی یەکەم . بەعسییەکانیش(جەنگی قادسیە دوەم ) ی سەدام ، وێنەی خۆی لە (جەنگی قادسیە) یەکەمی قارەمانانی مێژویی( سەعد)و (قەعقاع) وەردەگرت .}

پارتی ، بەجۆرێک مێژوی خۆیان دەخوێننەوە لە ١٩٤٦ەوە بۆ ئێستا ، تاکە لایەنی ڕاست و سەوابی بزوتنەوەی سیاسی و چەکداری کوردی بوون ، مێژو ی لەپێش خۆیانەوە ئەگەر ھەندێک تروسکایی تیا بووبێت ، لە سەیدعوبەیدیلای نەھری تادەگات بە شێخ مەحمود ، ھاو مەشرەبی خۆیان بوون بەناکامی نێوە ناچلی ھە وڵیان داوە ، لەسەر دەستی لێزانی کامڵی ئەمان دا کارەکە بەئاکام گەیشتووە ، خۆ ئەگەر ئەمان نەبوونایە ئەوە کورد گورگ دەیخوارد ، دواتریش لە پاش خۆیانەوەھەمو ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆنەکانی خۆیان بەلادەرو گومراو دۆڕاو دەخوێننەوە لە مێژوی ‌بان ٦٥ساڵەیەیان دا ، ئەوانە بە پەشێمان بوونەوە ، باوەخون و گەڕانەوە بۆ باوەشی پارتی دایک مەحکوم بوون(*) .

ھەڵەو شکست و گۆڕەپان چۆڵ کردن و میلەت بە جێ ھێشتن لە تەنگانەدا ، یان پاساوی دەرەکی بۆ دەھێننەوە، یان خۆیانی لێ دەبوێرن . دواتر لەھەوڵی بێ وچان دان بۆ سەپاندنی ڕەمزەکانی خۆیان بەسەرگشت دا .

سەرجەم ھەمو ئەمانە بۆ شەرعیەت و مانەوەی تەنھای خۆیانە لەکایەی بوون و دەسەڵات دا و بۆ بێ دەنگ کردنی ئەوانی ترە . بەواتای دەرخواردانی ڕیخۆڵە و فووتێکردن و قیڕە لێ بڕینە.

*  *  *

مێژوی (ی .ن،ک) لە سەرەتاوە بۆ ئێستای پێکھات و پارویەکی قورس وگرانە ، (پ،دک)‌ بتوانێت لە پرۆسەی مۆدێلی ( دوبارە مێژو ھەڵبەستنەوە)کەیدا بەسانایی ، قوتی بدات .

زۆر دوری ناخەینەوە ، لەکاتێک دا ( ی ،ن،ک) لەسەرەتای راپەڕینەوە لەگۆڕەپانەکەدا ھێزیکی بەرچاوی خاوەن مێژوی مەیدانی بوو ؛ جیاواز تر لە( پ،د،ک) کە زیاتر لە حیزبێکی ئوردوگا نشین و تەریوەی ئەو دیو سنورەکان بوو .
چی وای لە (پ،د،ک) کرد ، لە وکاتەوە بۆ ئێستا ببێت بە ھێزێکی ھەژمونگەری گۆڕەپان ؟ تائەو سنورەی پڕکێشی دەکات ، بۆ پێشەوایی کردنی ، بەشە کانی تری کوردستانیش !!
بە و ھۆیەی توانیویەتی ، دو شار لە سێ شارە سەرەکیەکەی بن سایەی دەسەڵاتی دیفاکتۆی کوردی قوت بدات . ھێمان ، ئیشتیھای کراوە یە بۆ شاری سێھەمیش.
قو‌تدان ، وشەی گونجاوە بۆ شێوازی تۆتالیتاریانەی پارتی ، ئەگیناحوکم کردنی ھەرشارێک بەدیموکراتی ڕاستەقینە ، نەک وەکو پاشناوەکەی پارتی ، ناکرێت پێی بگوترێت قوتدان .
ئەمانە ڕاستیەکن دەکەونە ژێر باری سەرنجەوە .

ھەڵە کوشندەکانی یەکێتی بۆ سازاندنی ئەم بارە ، بەسەرەکی ئەمانە بوون:


١ ــ بوغرایی (ی،ن،ک) لەسەرەتاوە ، توشی کورتی ھێنانی کردوە بۆ ھەڵسەنگاندنی کات و روداو ، سەردەم .
٢ ــ دەست پێ کردنەوە شەڕی ناوخۆ ، دوبارەو سێ بارە کردنەوەی ھەڵەیەک بوو ، لە ھە مو سەرەتایەکیەوە بەقازانجی (پ،د،ک) تەواو بووە ، ھەمیشە (پ،د،ک) بەھۆی شەڕەوە ، دەسکەوت و ھەژمونی خۆی سەپاندوە .
٣ ــ دواتر ، پاوەنخوازی و نەھێشتنی دروست بوونی دەنگی جیاواز، زیاتر بەسودی ( پ،د،ک) شکاوەتە .

پارتی لەپاڵ ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان خۆی و یەکێتی دا ، دەنگ و قیڕەی لەھەمو لایەک دەبڕی ، ئەگەر لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن لەم دو ساڵی دواییەدا دروست نەبووایە .

دەنگی جیاواز چۆن دروست بوو ، ئۆپۆزیسیۆن چۆن پێگەیشت؟

کاتێک (ی،ن،ک) بەھۆی ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ (پ،د،ک) دا بەرەو سازش و داخزان دەچو لە ھێڵی ماینەفێستییە بنە ڕەتیەکەی ، ھەروەھا بەشێکی گرنگی ئۆرگانەکانی خۆی توشی ڕەنجە ڕۆیی و بەشخوران کرد.

لەوێدا ،کەسانێکی دیارو ھیزێکی مەحروم و نارازی بەسازش ، خۆی وەکو بەرەیەکی ڕیفۆڕمخواز خستە ڕو ، دواتر بەقۆناغەکانی وازھێنان و پێکھێنانی دەزگای میدیاو ڕاگەیاندن و ھوشیاری و ڕۆشنبیری داھات و ، گەیشتە سازاندنی بزوتنەویەک ، کە دەیتوانی لەدەروەی خۆی بەرەی کۆن و نوێی بێزارو نارازی بارو دۆخەکە کۆبکاتەوە ، تاگەیشتن بە پێکھێنانی لیستی سەربەخۆی ئۆپۆزیسیۆن و دواجار پێکھێنانی کیانی سیاسی و بەدوای جۆرێک گەشەکردن و ڕەساندنی ئۆپۆزیسیۆنی گشتی.

(گۆڕان) بزوتنەوە باسکراوەکەیە ، وەکو دەنگی جیاواز لە (پارتی) و (یەکێتی) دەسەڵاتدار . سەرکردەی یەکەم و پلەکانی دواتری زوربەی جەماوەرو ھەوادارانیشی لە پاوەنی ناوچەی دەسەڵات و ھەناوی یەکێتی دروست بوون ، ئەوان بوون سەرقاپێکی داخراویان ھەڵدایەوە .

دیسان ( گۆڕان) وەکو بزوتنەوەیەک ، لە شوێنێکی تردا ، بە قۆناغی جۆراو جۆردا توانی رێخۆڵە قوتدراوەکەی (یەکێتی) لە سینەو ھەناوی خۆی بکێشێتە وە ، بتوانێت دەنگ و سیما ی جیاوازی خۆی ڕابگەیەنێت و ، کاریگەریەکانی دەست پێبکات .

بزوتنەوەی گۆڕان ، تائێستا توانیویەتی خۆی لەھەڵە کوشندەکانی یەکێتی دوربخاتەوە بە داواکردنی فرەیی و خۆ پاراستنی لە چەک وخوێنڕشتن و بەردەوامی کاری سیاسی و میدیایی ،ھەوڵی خۆسادە کردنەوە و پیشاندانی ڕوی جەماوەرخوازیانەی .

ئەمانە وشک کردنەوەی سەرچاوەکانی گەشەکردنی تاکحیزبی و تۆتالیتارین .
بەڵام پرسیارێک دێتە گۆڕێ .

ئاخۆ دەتوانێت دەتوانێت بەر بە تۆتالیتاری ھەژمونگەریانەی (پارتی) بگرێت ، یان ناچاری بکات بە گۆڕێن و کرانەوە ، لە بیرو پێکھاتەکەی دا ؟

(یەکێتی) تائێستا نەیتوانی ئەوانە بکات ، یان نەیتوانی لە( پارتی) تێ بپەڕێنێت .
ئاخۆ (گۆڕان ) دەتوانێت لە(یەکێتی) خۆی تێ بپەڕینێت ، یان نامورادیەکانی یەکێتی بسڕێتەوە ، خۆی بگات بەئاکام ؟
لێرەدا ، ڕاستیەکی نیگەرانی بەخش ھەیە ناکرێت بازی بەسەردا بدەین .
بزوتنەوەی گۆڕان ، بەشێکی گەورەی لە غوبن و بەشخوراوی حیزبی پێکھاتوە ، زوربەی ھەوڵەکانی بۆ گێرانەوەی ماف و ئیستیحقاقەکانی خۆیەتی لە (یەکێتی) .
بەجۆرێک میراتی یەکێتی بەش کراوە لە نێواندوپشکی (مێژو) و(ویژدان) ە مۆراڵیەکەی .
(مێژو) وەکو کراسێکی خوێناوی لەتاقی (یەکێتی) دا بەجێ ھێلراوە ، یەکێتی بەبێ گوێدانە بۆنەکان لەشین و شایی دا بە پەڵە خوێناویەکانیەوە دەیپۆشن .
بەشە (ویژدان) مۆراڵیەکەی یەکەی ، (گۆڕان) بەرۆگری زیندو راگرتنی پرنسیپ و جۆشدانەوە مۆراڵیەکانە .
مەحاڵە پرنسیپ و بنەما ئەخلاقیەکانی ،کەپێکھێنەری کاروانی مێژوە بریندارەکەن ، لەیەک ھەڵپچڕێن .

لێرەوە گۆڕان پاش توانای تێپەڕاندنی بەسەر یەکێتی بڕینی لوتکەی ئەو دا دەگاتەوە دامێنی ھەڵەموت و بەرزاییە تۆتالیریخوازانەکەی پارتی .

باوەڕیک ھەیە ، ئەگەر لەم بارە لۆکاڵیە نترازێت و بارێکی ھەرێمی و گرانتر ، بخرێتە سەر کۆڵی (گۆڕان) ، چوارپەلی دەکەوێتە زەوی. بە پێی ھەنگاوەکانی ڕۆژ و دەرکێشانەوەی ڕیخۆلە فوودراوەکە ، لەوە دەچێت سەرکردەی یەکەمی گۆڕان ، ،ئەو( ڕاستی)ە لە ھەمو کەسێکی تری باشتر بزانێت.
_______________________________________________
په‌راوێز:
* ئەوەی لێرەدا (پارتی) قەرزی دەکات بۆ سەلماندنی بۆچونەکانی . شکستی ھەمو ئەوانەیە ، کاتی خۆی نەچونەتە ژێر باری ھەژمون و ئەجینداکانی سەرۆکی پارتی ، لەحەمزە عەبدوڵاوە بۆ برایم ئەحمەدو تاڵەبانی و دوکتۆر مەحمود و سامی عەبدوڕەحمان . کاتێک ھەر یەکێک لەمانە ، جۆرێک ھەوادار وپارت و بزوتنەوەی خۆیان ھەبووە . (سەرچاوە زیندو نوسراو زۆرە بۆ کەسێک لەو ڕوەوە ئارەزوی لێکۆڵینەوە بکات ، بەڵام دەبێت زیاتر یان وەکو ــ قانیعی فەرد ــ کەس و لایەنی بە تواناو پاڵپشتی ھەبێت).
 

١٦\٣\٢٠١٢ ستۆکھۆڵم

ماڵپه‌ڕی سه‌عید عارف باپیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک