په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

مرۆڤى باڵا، گەنج وەک نموونە.


ئارێز سمکۆ حوسێن


ئەمڕۆ بەهۆى ئەو هەموو ئاسانکارییەى کە لە بوارەکانى ژیاریدا هەیە، ژیان ساناتر بووە، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆ بچووک بۆتەوە لەبەردەم ئامێرەکاندا، لێرەوەش دەکرێ بگەینە "شتێک" بەوەى کە دەتوانین: قسە لەسەر هەموو "شتێک" بکەین. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەى لەسەر هەر"شتێک" ڕاى خۆمان هەبێ، بۆ ئەمەش گرینگترین"شتێک" کە شایەنى هەموو "شتێک"بێت مرۆڤ خۆیەتى، بە پێچەوانەى ئەوانەى کە بەهەڵەوە و بە ناوى ئاین، رێچکەیەکەوە سووک سەرنجى مرۆڤ دەدەن، چونکە دەتوانین بە شێوەیەکى هۆشمەندانە بێژین: بوونى گەردوون لە پێناو مرۆڤدایە و دەبێ لە خزمەتى مرۆڤیش دابێت.


لێرەوە کە مرۆڤمان کرد بە جەمسەرى هەموو"شتێک" ئیدى لەم نێوەندەشدا مرۆڤ جگە لەوەى کارەکتەرێکى بە جوڵەیە بۆ ئەوەى ململانێى ئەو دۆخە بە تەنراوەى دەوروبەرى خۆى بکات، هاوکات کارەکتەرێکە باڵا، بۆ ئەمەش خودى هۆشمەندبوون کە تەنیا لە مرۆڤدا هەیە، بەمەش تەنیا ئەم پێوەرە بەسە کە تێبگەین مرۆڤ لەگەڵ گشت گیانلەبەرو زیندەوەرێک هەڵاوێردکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێمە مەبەستمانە لە توێژێک بدوێین کە بەر لەهەموو "شتێک" مرۆڤە، ئەویش گەنجە، ئێمە هەوڵ دەدەین تێکهەڵکێشێک لە نێوان گەنج وەک مرۆڤ و باڵابوون وەک چەمکێک بکەین.

 

ئەمەش بەر لەهەر "شتێک"دەبێ بەدواى کۆنی و سەرەتاى سەرهەڵدانى ئەم چەمکە باس بکەین، ئاخۆ کێ سەرەتا ویستى مرۆڤ باڵا بێت؟

 

رەنگە لەنێو دەقە ئاینیەکاندا "شتێک"بدۆزینەوە، بەوەى کە مرۆڤ کارەکتەرێکە لە نێو هەموو جوڵە، سرووتن کارەسات، رووداوەکانى پەیوەستە بە ئاین رۆلێکى کارە دەبینێت، لێ ئەمەش ڕەنگە دواجار نامانگەینێتە بنبەست، چونکە دروستکەرەکەمان بە هەندێ نمایشى و سرووت موژدەى لێخۆشبوونمان پێدەدا، ئەمەش ڕەنگە ئەم بیرۆکەیە بەلایەکدا ببات کە لەگەڵ هزرى باڵابووندا یەکنەگرێتەوە، بەڵام بەڕاى ئێمە ئەم چەمکە دەبێ هزرێکى کۆنینەى لەپێشدا بێت، بۆئەمەش ئێمە پێمان وایە دیکتاتۆرترین هزرمەند و پەیڕەوکارى ئەم بیرۆکەیە هەڵبەتە بە شێوەیەکى کردارى "هیتلەر"ى سەرۆکى ئەڵمانیا و حیزبى نازى بوو، ئەگەرچى بەر لە ئەویش ڕەنگە هزرمەند و فەیلەسوفى تریش هەبووبن، لەمانە "نیتشە"ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ ئەو بیرۆکەى ئەو کە لە تەرزە بۆچونێکدا ئەوەى خستۆتە ڕوو کە هێشتا ئەوەى پێى دەڵێن یاساى جەنگەڵ بوونى هەیە، بەو مانایەى کە بەهێزەکان بێهێزەکان دەخۆن، هەڵبەتە ئەم هاوکێشەیەش بە شێوەیەک بوونى یاخود بۆ خواستنى مرۆڤى باڵامان بۆ نمایش دەکەن. لە بۆیەش "هیتلەر" پێى وابوو مرۆڤ ئەوکاتەى باڵابوو ئینجا دەکرێتە سەنتەرى هەموو "شتێک ". هاوکات تا ئێستاشى لەگەڵ دابێت، گەلى ئەڵمانیا بە جۆرێک منداڵەکانى خۆیان پەروەردە دەکەن و رادەهێنن بەوەى کە ئەوان لەگەڵ هەموو خەڵکى سەر زەمین جوداوازن، بەو ماناییەى کە جۆرێکن لە نموونەى مرۆڤى باڵاو شایەنى ئەوەن باشتر لە خەڵکى بژین.


لێرەوەش بە ڕامان لەم بۆچوونگەلانەى سەروەدا دەکرێ بگەین بەوەى کە دەشێ مرۆڤ بەهەندێ ئاکار و کار بگات بە پلەى باڵا بوون، ئەمەش لەهەموو کاتێکدا ئەگەر بەزانینى ماف و ئەداکردنى ئەرکەکانیان نەبێ موومکین نییە شتێکیتر بێ. کەواتە بۆ گەنجیش هەمان بۆ چوون راستە. لەبۆیە ئێمە وەک گەنج پێویستە لەوە بگەین کە مرۆڤ لە هەموو "شتێک" گرینگترە، هەر بۆیەش ئەرکێکى مێژوویى و مرۆڤیانەیە کە رێز بەر لەوەى لە گەنجیتى و گەنجبوونى خۆمان بگرین، پێویستە رێزى مرۆڤبوونى خۆمان بزانین و، هەست بە گرینگى خۆمان بکەین ئەمەش لە دواجاردا بە کردنى ئەو ئەرکانەى کە لەسەر شانمانە هەر لە کارەوە بگرە تاوەکو هەڵوێست.

 

هاوکات بڕوا بوون بەو ناخ شکۆمەندییەى کە هەموو مرۆڤێک خاوەنییەتى ئەگەر دواجار خۆى لەدەستى نەدات جۆرێکە لە نیشانەکانى کارەکتەرى باڵا، رەنگە لە کۆتاداشدا گه‌یشتبین بە مانایەکى بچووک لە ماناى مرۆڤى باڵا و گەنجیش وەک نمایشکارێکى ئەم چەمکە.

 

 

هەولێر

arezsmko88@yahoo.com