| 
			   
			
			مستەفا زەمانى
			 
			
			بەرجەستەکارى رۆڵى 
			یوسفى راستگۆ. 
			
			 
			کاردۆ  
			
			 
			 مستەفا 
			زەمانى ساڵى 1982لە شارى( فریدون کنار) ى باکورى تاران لە دایک بووە ، 
			بەشى بەڕێوەبردن و پیشەسازیى لە زانکۆیەکى ئەهلى ئیران خوێندووە ،و 
			فەرمانبەرى بەشى ژمێریارى کۆمپانیایەکى ئێرانە، لەتەمەنى 13ساڵیەوە بۆ 
			بەرجەستەکردنى*رۆڵى یوسفى راستگو لە لایەن دەرهێنەرى بەرهەمەکەوە 
			دەستنیشانکرا،سەبارەت بە هەڵبژاردنى (زەمانى) بۆ ئەو رۆلە دەرهێنەر (فرج 
			الله سلحشور) دەڵێت "لەگەڵ ناوهێنانى یوسف خەیاڵمان دەچێتە لاى وێنەى 
			خانمێکى شۆخ و شەنگى چەقۆ بەدەست کە لەبەر سەرسامبونى بە جوانى یوسف ،دەستەکانى 
			خۆى برینداردەکات، لەگەڵ هەمو ئەم باگڕاوندەدا پێموابوو دۆزینەوەى 
			رووخسارێکى جوان و پەسەند لە نیوان 3000 کەسدا کارێکى گران نییە، 
			مستەفا زەمانى تەنها جارێک بە بەردەم شارى سینەمادا گوزەرى کرد کە 
			دەکەوێتە باشورى تارانەوە ، ئیدى بوو بە پالەوان و بۆ ئەوەى لە واقیعى 
			ژیانى یوسفەوە نزیک بێتەوە حەزى ئەکرد هەمیشە لەو تاریکی و تاڵییەدا 
			بژێت کە یوسف لەسەرەتاى ژیانییەوە بینیویەتى ". 
			
			 
			 زەمانى 
			لەبارەى چۆنێتى بەشداریکردنەکەى لە سوریالى یوسفى راستگۆدا دەڵێت "دەمزانى 
			کە تاقیکردنەوەیەک هەیە لەسەر دەستنیشانکردنى کەسێک بۆ رۆڵى یوسفى 
			بیغەمبەر ، رۆژێکیان بەلاى شوێنى تاقیکردنەوەکەدا رەتبووم بەڵام 
			پەیوەندیم لەگەلیاندا نەبوو، تا لەلایەن هاورێیەکمەوە وێنەیەکى 
			فۆتۆگرافیم گەیشتە دەستى دەرهێنەرى کارەکە و هەر لەرێى هاوریکەمەوە 
			پێانوتم کە دەبێت لە رۆژى 26ى نیسان ساڵى 2004دا لە ستۆدیۆ ئامادەبم ، 
			ئەوان پێشتر لەسەر ئەوە رێککەوتبون کە نابێت بەرجەستەکارى رۆڵى 
			پێغمبەران ئەستێرەى سینەمایى بێت، بۆ ئەوەى لە یادەوەریى وەرگردا هیچ 
			پێشینەیەکى نێگەتیڤى نەبێت، بەهەر حاڵ دەستم بە کارکردن کرد و پاش 
			هەفتەیەک بوومە ئەکتەرى سەرەکى کارەکە.  
			
			 
			زەمانى پێیوایە بەرجەستەکردنى ئەو جۆرە کارانە پێویستە بە کەسانێک 
			بسپێردرین کە گوێ بە ئامادەگیى کامێرا و ستافى کارەکە نەدەن، ئەمەیش 
			کارێکى ئێجگار دژوارە ، " زۆرجار لە ناخى دڵمەوە دیاڵۆگەکانم دەوتەوە و 
			هەندێک جاریش هەستم بە گرنگى پەرهپێدانى ناخم دەکرد لەمەشدا خواى 
			گەورە پشتیوانم بوو".  
			
			 
			مستەفا زەمانى کە پێشتر لە چوارچێوەى چالاکى خوێندگەکاندا تەنها خاوەنى 
			چەند ئەزموونێکى شانۆیى سادەبوو ، بەڵام لەڕێى یوسفەوە توانى ببێتە 
			مایەى شاکارێکى گهورەى وڵاتەکەى ، لەم زنجیرە تلڤزیۆنییەدا ماوەى شەش 
			مانگ لە رێى دوو راهێنەرەوە ، فێرى نواندن و سوارچاکى کراوە، هەروەها 
			خودى دەرهێنەرەکە هاوکارى بووە و فێرى شەڕەشمشێرى کردووە، چیرۆکى یوسف 
			بە لاى زەمانییەوە مایەى هەڵوەستە لەسەرکردنی درێژخایەن هەیە چونکە باس 
			لە خۆشەویستییەکى جیاواز دەکات ، "خوداوەند لەم ژیانەدا تەواوى شتەکانى 
			بۆ ئێمەى مرۆڤ دەستەبەرکردووە ،بۆیە دەبێت سودیان لێ وەربگرین و ئازارى 
			دەوروبەر نەدەین پێویستە لە نێو یەکتردا بتوێینەوە ، ئەوەى کە من 
			دەمەوێت لەبەردەستمدایە، وەک خۆشەویستى دایک و باوکم ، لەهەندێک گرتەدا 
			کە پێویستى بە بزواندنى هەستى بینەربوو، لەرێى تلیفۆنەوە قسەم لەگەڵ 
			دایکمدا دەکرد و گوێبیستى دەنگى دەبووم و وزەم لێوەردەگرت چونکە زۆرم 
			خۆشدەوێت و هەستدەکەم ئارامیى و ئۆقرەییم پێدەبەخشێت، پاش قسەکردنم 
			لەگەڵ دایکم دەگەڕامەوە سەر بەرجەستەکردنى رۆڵەکەم" . 
			
			 
			یەکەم گرتە کە کارى نواندنى تێدا کردووە دیمەنى نێو گرتووخانەکە بووە، 
			و لەسەرجەمى دیمەنە ئازاراوییەکانى گرتووخانەکەیشدا بەهیچ جۆرێک 
			فرمێسکى دەستکردى بەکار نەهێناوە چونکە لە ناخەوە گوزارشتى لە دڵێکى 
			ئازاراوی کردووە، زەمانى دواى ئەم کارە هەست بە سەرکەوتنێکى گەورەدکات 
			، چونکە نەک بە تەنها لەوڵاتەکەى خۆیدا بەڵکو لەسەرجەم وڵاتانى 
			عەرەبیشدا زۆر بە باشى لەنێو دڵى هەوادران و عاشقانى چیرۆکى 
			یوزارسیف(یوسف) ى کوڕى یەعقوب و مەعشوقى زولەیخاى خانمى ناودارى میسردا 
			توانى جێى خۆى بکاتەوە. 
			
			_______________________________________________ 
			* یوسفى 
			راستگۆ بەرهەمى ساڵى (2008)ە ،ماوەى 
			نووسینەوەى سیناریۆکەى 4ساڵى خایاندووە، 
			20 مێژوونوس لە نووسینەوەى بەشداربوون ، کە دەرئەنجام 
			1800 لاپەڕەى لێبەرهەمهات. 
  
			  
			
			
			
			kardo_mm@yahoo.com 
			     |