په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٥\٢٠١٠

نامەیەک بۆ بەهەشت:

بگات بە دەستى کاکە (سەردەشت عوسمان).


ئارێز سمکۆ (دهام)

سڵاو و رێز ئازیزم کاکى برا سەردەشت...


دەستپێک دەبێ بڵێم پلەى بەرزى شەهادەتت و نازناوى شەهیدى قەڵەمت پیرۆز، ئاخر خۆت گوتەنى مردنێک لە پێناو میللەتەکەم شانازییە، بشبووورە رەنگە درەنگ بێت بۆ ناردنى ئەم نامەیەم، هەرگیزیش ئەم نامەیەم بە موناسەبات تێمەگە چونکە کار وابڕوات بە بۆنەکان ڕاناگەین، دەمویست شیعریشت بۆ بنووسم یان ڕاستتر شیعر گەرەکى بوو بۆ خاترى تۆ بمنووسێتەوە بەڵام کوا دەهێڵن تامى شیعر بکەین، کوا بوار ماوە خەیاڵ بکەین و فانتازیا بنووسینەوە، دەزانم تۆ ئێستا زۆر بێکاتى و سەرقاڵیت و بە پەرۆشەوە کارەکانت ڕایى دەکەیت، دڵنیاشم قەت دەستبەردارى هەواڵپرسینى ئەم نیشتمانە و خەڵکەکەشى نابیت دیارە ئەمەش کاتێکى زۆرى پێویستە و تۆش دەبێ بە کارەکانت رابگەیت، لێ هەندێک شت هەیە دەبێ بۆتى روون بکەمەوە و پێت بڵێم دواى تۆ زۆر شت روویدا، هەموو هاوڕێ هاوپیشە هەولێرییەکانت لەلایەن برادەر و خزمانیانەوە گلەیان لێ دەکرێت، هەموویان پێمان دەڵێن واز بێنن و چیتان لەم سەر ئێشییە با شتێکتان بەسەر نەهێنن.


براگیان هەموومان بۆت نیگەران بووین بەڵام ئەوەى نیگەرانمان دەکات ئەوەیە تۆ ئێستا بە سەدان کەسى فزوڵى بۆتە هاوڕێت بۆیە دەبێ لەمەودوا ئەوەندەى سەیرت بە تیرۆکردنى خۆت بێت، ئەوەندەش سەیرت بەوە بێت هەندێک خەڵک هەیە بۆ لە دواى تیرۆرکردنت بوونتە خەمخۆرت، بە تایبەت ئەوانەى تۆ دەتخستنە ژێر پرسیارى جیدى و دواجار بەرانبەر تۆ و میللەتەکەت شەرمەزار دەبوون ئێستا بوونەتە پارێزەر و براى گیانت، بەڕاستى سەیرە برا بکوژەکانت خەمیشت بۆ بخۆن و نیگەرانیشبن، ئاخر دێن بۆ پرسەت و سەرخۆشى لە بنەماڵەکەت و هەڤاڵانیشت دەکەن، بەوەش واز ناهێنن بەڵکو رووداوى تیرۆرکردنەکەت دەشێوێنن تا کەس گومانیان لێ نەکات، لێ خەمت نەبێ بۆ هەموومان روونە با خۆیان بکەن بە ئەستێرەى سیویلیش هەر دەیانناسینەوە و دەیانبینین.


چاک لە بیرم نەماوە لە چ رۆژێک بوو یەکتریمان ناسى، ئەوەندە دەزانم هێشتا نەمان دەزانى دونیا ئەوەندە جەنجاڵ و پەنهان و پڕ لە نەهێنییە، هێشتا بە خەمە گەورەکان ئاشنا نەببووین، دواى زەمەنێک دابڕان قەدەرى ئەم میللەتە منى لە (دهام)کرد بە (ئارێز)، تۆى لە (سەردەشت) کرد بە (سەرۆ و دەشتى)، ئێمە نەمانویست بنووسین ئێمە هەوڵى خۆ دەرخستنمان نەبوو، ئەم خەمە گەورانە ئێمەیان دەرخست، ئەم هەموو نیگەرانییە قەڵەمى لەناو دەستەکانماندا بە گەڕ خست، ئێمە ویستمان لە ناو مێژوودا ئیشێک بکەین بۆ ئەم میللەتە کەچى مێژوو ئێمەى لە نێو خۆیدا تواندەوە و پەراوێزى خستین و بە نیگەرانیەکانى سپاردین، ببورە ئیدى رەوتى ژیان دەڕوا و چاوەڕێى کەسمان ناکات.


بیرمە سەردەشتى برا، لە باخچەکەى کۆلیژى زمان کە من و تۆ چەند هاوڕێیەکى تر باسمان لە نیگەرانیەکانى ئەم نیشتیمانە دەکرد، باسمان لە جگەرگۆشە بێنازەکەى پەشێو دەکرد باسمان لەو قات و قوڕیە بێتامەى ئەم مەملەکەتە و خۆزگەمان دەخواست رۆژێک بکوژانى تەیرەکەى سەر منارەى مزگەوتى خانەقا دادگایى بکرانایە، تۆ بە زەردەخەنەیەکى بێئومێدانە پێمت وت: ئەوەندە دەم بە رەخنە مەبە برا بۆ هەولێر چى بۆ نەکراوە ئەو هەموو دار خورماییان لەسەر شەقامى شەستى چاندووە! ئەوڕۆ سبەکى دەیکەنە دەستەخوشکى دوبى، دوایش برا با ئەو پیاو چاکانەى خۆمان (پخت) نەکەن، لێ قەدەر واى ویست و جەلادەکانیش ماڵیان نەشێوێ تۆیان زوو فڕاند ئەوان نەیان دەزانى تۆ سەدان پڕۆژەت بۆ ئەم مەملەکەتە پێییە، هەستیان بەوە نەکرد تۆ ئەم وڵاتەت چەند خۆش دەوێت و ئامادە نەبوویت شارەکەى خۆت بۆ بکوژەکانت چۆڵ بکەیت، نەیانتوانى لەوە بگەن تۆ پەپولەیەکیت و بە شیلەى هزرت گەرەکتە هەنگوینى سەرفرازى بۆ کوڕان و کچانى ئەم گەلەى خۆت بەرهەم بهێنیت، دەزانم بەلاى تۆوە گرینگ نییە تیرۆرکراى، دەزانم ئازار بەوە دەخۆیت ئەوان لە خەیاڵ تێناگەن و سزاى خەیاڵپڵاوانیش دەدەن، باش ئەوە دەزانم تۆ زوو زوو لە بکوژانت خۆش دەبیت، تۆ ناتەوێ چیتر مەرگى جەلادەتى کۆترەکان ببینیت، تۆ لەوە پاکتر بوویت رقت لە ئینسان بێت، چونکە تۆ هەستت بەوە دەکرد ئەو کۆمەڵگایەى جەلاد بەرهەمدەهێنێت پڕە لە نایەکسانى و نا دادى، باش واقیعى ئەم جڤاکەت هەڵسەنگاندبوو بۆیە دڵنیام هیچت لە دڵ نەمایە و ئێستا دەتەوێ هەنگاوەکانت دەست پێبکەیتەوە، برا چاک دەزانم ئەگەر بۆشت باس نەکەم تۆ هەر پێى دەزانى، ئێستا تۆ بوویتە باشترین کەرستەى موزایەدەکردن و بازرگانى بە خوێنت دەکرێت، بە داخەوە کاکە سەردەشت هەرچەندە ئێمە نیگەران بووین بە هەواڵى تیرۆرکردنت بەم شێوە دڕندانەیە بەڵام دڵنیام ئێستا تۆ لەگەڵ خوێندنەوەى ئەم نامەیە زەردەخەنەت دێت چونکە ئەو شوێنەى تۆى لێیت دوورە و دەستى مرۆڤکوژەکانیان ناگاتێ، ئاخر دڵنیام بەهەشت کەسانى دوو ڕوو بەخۆوە ناگرێت، ئەو کەسانەى کە لەسەر شاشەکان وەک کۆترى ئاشتى خۆیان نمایش دەکەن و، لە ژێرەوەش هەزران پیلان بۆ سڕینەوەى خەیاڵ و بیروڕاى جیاواز و هونەر و ئەندێشەى جوان و هزرى ئازادمان دادەڕێژن، سەیرە برا سەیر لەناو شارێکى ئەمین وەک بەرپرسانمان ناوزەندى دەکەن، سەربارى بەهەدەر رۆیشتنى سەدان هەزار دۆلار بۆ دەزگا ئەمنیەکان کەچى تۆ دەبەن و دواى ئەوەى بەدەیان بازگەتدا دەپەڕێننەوە لە شارێکى تر تیرۆرت دەکەن، بریا وایان نەکردایە هاوڕێ نازانم چۆن دەستیان چووە خوێنت تۆ بڵێت ئەم بکوژانە ئیحساسیان نەبێ، نازانم چۆن دەتوانن تۆ بڵیت خۆیان منداڵیان نەبێت دەبێ ئەوە نەزانن کە جەرگسوتاوکردنى دایک و باوک چەندە بە ئازارە، ببورە برا رەنگە زیاد لە پێویست کاتتم گرتبێت، بەڵام دڵنیابە تۆ لە هەموومان ئاسوودە تریت، ئاخر تۆ خۆت رات وابوو لە پێناو ئەوەى میللەتەکەم هۆشیار بکەمەوە سەرم پێشکەش دەکەم، بنوو هاوڕێ تۆ دڵخۆشترین ئینسانى کوردیت چونکە نەتتوانى زارت ببەستى و دەست بە شەبقەى بێباکیتەوە بگریت نەوەک باى مەرگى نا وەخت بێت و راپێچت بکات.
سەرم ئێشاندیت هەر بە خۆشى بژیت و سەرکەوتوو بیت.


تێببنى: برا پەلەش مەکە هەر کاتێک ئەم لیژنەیە کارەکەى خۆیان تەواو کرد، نامەت بۆ دەنووسم و ناوى بکوژەکانیشت پێ دەڵێم، هاوکات کە وێنەى ئاهەنگى دەرچوونەکەشت هاتەوە بۆتى دەنێرم.


لەگەڵ رێزدا....

ماڵپه‌ڕی ئارێز سمکۆ