په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢۴\٦\٢٠١٠

نامەیەکی کراوە بۆ: هه‌ڵسووڕاوانی چەپ، کۆمۆنیستیی و کرێکاریی.

 

 


1. هاوڕێیان هەروەک ئاگادارن بەدوای ترۆری سەردەشت عوسماندا بزووتنه‌وه‌یەکی ناڕەزایەتی سەری هەڵداوە و تا ئێستا چەندین کۆڕی ماتەمینی و سیاسی، خۆپێشاندان لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان و لەدەرەوەی وڵات بەڕێوەچووە. هەر لەو پەیوەندەشدا چەندین "کەمپین"، "لیژنە"، "کۆمیتە" و کۆڕ و کۆمەڵ بۆ ڕاپەڕاندنی چالاکیەکانی پەیوەست بەم ناڕەزایەتیەوە، چ لەناوخۆ و چ لەدەرەوەی وڵاتدا پێکهاتون. خۆشبەختانە هه‌ڵسووڕاوانی کۆمۆنیست و چەپ، حیزب و ڕێکخراوەکانیان چالاکانە بەشداری ئەم بزووتنه‌وه‌ ناڕەزایەتیە بوون و ڕۆڵی خۆیان بینیوە لە بەرپاکردنی چالاکیەکان و پێکهێنانی ئەو ئۆڕگانانەدا.

2. بەڵام بۆ ئەوەی "بزووتنه‌وه‌ی چەپ و کۆمۆنیستیی" لە ئاست بەشداری چالاکانە واوەتر بڕوات و باڵادەستی بەدەستبهێنێت، پێویست بە خۆکۆکردنەوەی دەکات لە بلۆکێکی ڕادیکاڵدا لەناو ئەو بزووتنه‌وه‌یەدا بەدەوری پلاتفۆڕمێکی چەپدا. مەبەست لە پلاتفۆڕمێکی هاوبەشی چەپ، وەلانانی جیاوازیەکان و هێنانەدی یەکیەتی حیزب و ڕێکخراوە چەپەکان نیە بەشێوەیەکی گشتی، نەک هەرئەوەش بەڵکو هەتا هاوئاهەنگکردنی کارەکانی چەند حیزب و رێکخراوەیەکێش نیە بەتەنها لەناو ئەو بزووتنه‌وه‌ ناڕەزایەتیەدا، بەڵکو پلاتفۆرمێکە لەپەیوەست بەم دیاردە دیاریکراوە بۆ تەواوی هه‌ڵسووڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست، بەوانەشەوە کە لەدەرەوەی ڕێکخراوە و حیزبەکاندان، چ وەک کەسایەتی سەربەخۆ یا چ لەشکڵی کۆروکۆمەڵ و مەحفەلەکانی بێ ناونیشاندا هەن. ئەڵبەتە بزووتنه‌وه‌ی چەپ زۆر بەرفراوانترە لە کۆی ئەو قەوارە ڕێکخراوەییانەی کە هەن. پلاتفۆڕم بۆ بزووتنه‌وه‌کەیە نەک بۆ ڕێکخراوەکان. مەبەست لە پلاتفۆڕمەکە سەروسامان پێدانی بزووتنه‌وه‌ی چەپە و دەرهێنانیەتی لە شکڵی بلۆکێکی یەکدەست و خاوەن پەرچەمی خۆی لەناو ئەو بزووتنه‌وه‌ ناڕەزایەتیەی کە دژی ترۆری سەردەشت عوسمان هاتۆتە ئاراوە.

3. ئەوە ڕاستە ئەم بزووتنه‌وه‌ ناڕەزایەتیە ڕاستەوخۆ بەدوای تیرۆرەکەدا لە دوو هەفتەی یەکەمیدا گەیشتە ترۆپکی خۆی و پاشان بەرەو خاوبونەوە چوو. چالاکیەکان بەبۆنەی چلەی ترۆرکردنەکەیەوە جارێکی تر بزووتنه‌وه‌کەی هێناوەتەوە گۆڕێ. هەرچەندە واچاوەڕواندەکرێت کە هەمدیسان بەرەو خاوبونەوە بڕوات بەڵام بەو پێیەی ئەو لیژنەیەی کە سەرۆکی هەرێم پێکی هێناوە، نەک هەر بێلایەنانە کارناکات و شەرعیەتی نیە، بەڵکو ناتوانێت بەڵگەیەکی دروست و جێگەی متمانەی جەماوەر بخاتەڕوو بۆیە ئەم مەسەلەیە بەزیندوویی دەمێنێتەوە و ئەگەری سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوە و هاتنەمەیدانی بەهێزە. بۆیە خۆئامادەکردنێکی پێشوەخت و خستنەڕووی پلاتفۆمێکی چەپ وەک ئاڵتەرناتیڤێکی عەمەلی لەبەردەم ئەم بزووتنه‌وه‌یەدا بایەخێکی گەورەی دەبێت.

4. بەم پلاتفۆڕمە سەربەخۆیە، چەپ وەک بلۆکێکی بەهێز هەم دەتوانێت بچێتە جەنگی باڵادەستی ئاسۆی ناسیونال-لیبرال و ڕیفۆرمیستی زاڵ بەسەر بزووتنه‌وه‌کەدا و هەم دەتوانێت لەبەرامبەر دەسەڵاتدا دەرکەوێت و ناوەڕۆکی ئەم بزووتنه‌وه‌ ناڕەزایەتیە ڕادیکاڵتر بکاتەوە و داوێنەکانیشی بەرفراوان و بەربڵاوبکات. بەهەر ئەندازەیەک چەپ لەم کارەیدا سەرکەوێت و پێشڕەوی بکات، ئاڵتەرناتیڤی چەپ و کۆمۆنیستیی لە دەرونی بزووتنه‌وه‌ ئازادیخواز و دیموکراتیکەکاندا دەکاتە واقعیەتێکی عەمەلی و چەپ و کۆمۆنیزم لەئاست کۆمەڵگەدا هێز و توانا دەگرن.

5. ئێمە لە "ره‌وه‌ندی سۆشیالیستیی كڕێکاریی"، پەیوەندی و دیالۆگ لە نێوان حیزب، ڕێکخراوە، کۆڕوکۆمەڵ و هه‌ڵسووڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست بە پێویست دەبینینەوە بۆ کارکردن لە پێناو هێنانەدی پلاتفۆڕمێکی هاوبەشی چەپ لەناو ئەو بزووتنه‌وه‌ ناڕەزیەتیەدا. ئێمە لە ڕێگەی ئەم نامەوە بانگەوازتان دەکەین بۆ پەیوەندی و دیالۆگ لەم مەیدانەدا.


ره‌وه‌ندی سۆشیالیستیی کرێکاریی
www.rewend.info 
20 -6-2010