١\١٠\٢٠١٥
نامەیەکی یوسف
عزەدین بۆ دانەری ''من و خۆم''.
سڵاو
ھاوڕێی ئەزیزم حەمە کاکەڕەش.
لەیەکدا شتەکان کۆدەبنەوەو ھەر لەویشدا جیادەبنەوە. - ئیبن عەرەبی -.
من ھەمیشە کاتێک لەو چەشنە تێکستانە دەخوێنمەوە کەتوانای راکێشانی منی
خوێنەری ھەیە، رەنگە پاش یەکەمین خوێندنەوەی بۆ ماوەیەک لێی دوور
بکەومەوە. یان بابڵێین خۆمی لێبشارمەوە، تا دواتر و لەئان و ساتێکی
دیکەدا، جارێکی ترو لەنێو فەزاو ئەتمۆسفێرێکی ئەو دەمی خوێندنەوەمدا
دەستبکەمەوە بەخوێندنەوەیەکی دیکەو ئیدی ئەمە وام لێدەکات ھەمیشەو بۆ
چەند جارێک تێکستە زیندووەکان بخوێنمەوەو ھەوڵی کەشفکردنی پەنھان و
شاراوەکانی بدەم و رۆبچمە نێو قووڵاییەکانییەوە، بەچەشنێک کەبگەمە ئەو
شوێن و جێگەیانەی کەدانەر بەگەمە جۆربەجۆرەکانی نەیویستووە کەس بگاتە
ئەو جێگەیە.. یان تەنانەت گەیشتنە ئەو شوێن و جێگەیەی کەدانەر بۆخۆشی
بێئاگایە لێی...؟!
ئەزیزم، با کۆپلەیەکی "من و خۆم" وەبیر خۆمان بھێنینەوە کەدەڵێیت:
(دەستم ناگاتە رەنگەکانی ناوەوەی خۆم
لەبەر بێڕەنگی دەرەوەی خۆم
ناھێڵآ گوێم لەدەنگی ناوەوەی من بآ
رژاوە بەسەرما دەنگی دەرەوەی خۆم
ئەمەوآ گوآ لەھاژەی خەیاڵی ناوەوەی من بگرم
ھەراسانی کردووم ھاواری ھیچی دەرەوەی خۆم).
راستییەکەی "من و خۆم" لەو جۆرە تێکستانەیە کەتوانیم چەند جارێک
بیخوێنمەوە، بەڵام ھەر لەسەرەتاوە کاتێک لەھەر خوێندنەوەیەکی دەبوومەوە،
بەپێچەوانەی ئەوەی تێکستەکە لەڕووکاردا ھەوڵی گەیاندنی دەدات، من
دنیابینی و تێڕوانینی یەکێک لەسۆفییەکانم بیر دەکەوتەوە کەئاماژە بەوە
دەدات، شەوق و تاسەی بەیەکگەیشتنی دوو کەس و حەسرەتیان بۆ یەکتر، پاش
بەیەک گەیشتنیان دەپروآ و تەواو دەبێت، واتە ئەو زاتە مەرجی مانەوەی
شەوق و حەسرەت و تاسەی بەیەکگەیشتن و بوون بەیەک، لەبەیەک نەگەیشتن و
نەبوون بەیەکدا دەبینێتەوە!
دەکرێت لێرەوە لەم تێڕوانینەوە لە"من و خۆم" نزیک ببینەوەو بزانین
کە"من و خۆم" ئەو دوو غەریم و دوشمن و جەنگاوەرە دژ بەیەکە نین،
لەنێوەڕاستی پێدەشتە مەیدانێکی جەنگدا بەشیرو مەتاڵەکانیانەوە بەرامبەر
بەیەک چووبێتنە شەڕەجەنگەوە. ئەمە لەڕوویەکەوەو لەڕوویەکی دیکەشەوە ئەو
دوانە یان ئەو دووەی کەدەبنەوە بەیەک و لەکاتێکیشدا ئەگەر یەک بن
دەبنەوە بە دوو و بەدەریش لەگەمەو تەلیسم و سیحری ژمارەکان و پێوەندییە
شاراوەکانیان بەپیتەکانەوە، ھەر لەسەرەتاوە دیارە چەند ھۆگرو سەوداسەری
یەکدین و دەکرێت راشکاوانە تاسەو حەسرەتی ئاوێتەبوونێکی ئەبەدی لە"من و
خۆم"دا ببینینەوە!
ئەم تێکستە لەو جۆرانەیە کەلەئاست دێڕو وشەو دەربڕین و گوزارشتەکانی
نێو خودی تێکستەکەدا راناوەستێت، سەرباری ئەوەی لەزۆر شوێن و جێگەیدا
ئیگۆی دانەرەکەی و ئەو کۆجیتۆیە تێپەڕدەکات کەویستوویەتی تێکستەکە
لەزۆر شوێندا وابەستەی لۆژیکێکی تایبەتی ململانآ و پێکدادانی ناوەکی
بکاتەوە.. واتە وەک گریمانێک گەر ئەم تێکستە داستانی شەڕەجەنگی
دوانەیەک بێت کەھەر یەکێکیان بخوازن و گەرەکیان بێت ببنە ئاڵتەرناتیڤی
ئەوی دی.. ئەو دەم وەک "مەتاع سەفەدی" گوتەنی:
(نزیکبوونەوە لە ئاڵتەرناتیڤێک و پشت گوێخستنی ئاڵتەرناتیڤێکی دیکە،
کارێکی میکانیکییەو ھیچ لە سروشتی خودی ململانێیەکە ناگۆڕێت).
دیارە ھەر ئەو دڵەڕاوکآ و دڕدۆنگی و راڕاییەی نێو خودی تێکستەکەیە
کەناھێڵێت خوێنەر وابڕوانێتە "من و خۆم" کەیەکێکیان ئاڵتەرناتیڤی
ئەویترەو بەمەش تێکستەکە لەدەرەوەی دنیا داخراوەکانی دۆگما دەمێنێتەوەو
دەتوانێت وەک تێکستێکی کراوە لەئاست خوێندنەوەدا واڵا بێت و رەنگە
بشتوانین بڵێین واڵا بوونیش لەئاست خوێندنەوەدا بەبآ حاڵیبوون لەخودی
کردەی زمانی نووسین و پەی پێبردنی، ببێتە لەمپەر.. مەبەستم لەو جودایی
و جیاوازییەیە کەدەکەوێتە نێوان بوونی شتەکان وەک خۆیان و ئەو بوونەی
کە وشەو زاراوەکان و خودی زمان پێی دەبەخشن.
کردەی زمان بەپێی ئاماژەپێدانەکانی "ھایدگەر" ھەوڵدانە بۆ گەڕانەوەی
پێوەندی بە"کەینوونەوە".. یان گەر بمانەوێت لەوە زیاتر خووردی بکەینەوە،
دەبێت بڵێین کردەی زمان لەنووسیندا تاکە ڕێگەیەکە بۆ قووڵبوونەوەو
بینینی ئەودیوی شتەکان، کاتێکیش دانەر دەبێتە موغامیرو سەفەر بۆ
جوگرافیا نەزانراوو پەی پێنەبراوەکانی زەین و فیکر دەکات.. کاتێک ھەوڵی
تەئویلکردنی پێوەندی نێوان خودو شتەکان، یان شتەکان و خود دەدات، کاتێک
عەوداڵ و وێلڕ دەبێت.. تێکستی زۆر سەیرو سەرسووڕھێنەر دێتە بوون
کەبەتەواویی ھەڵقووڵاوی ئەزموونێکی قووڵی بێدەنگ ئامێزی ئەفسووناوییە
کە دەتوانێت پێوەندی ئێمەو شتەکان یان شتەکان و ئێمە بگۆڕێت!
دیارە کاتێکیش تێکستە شیعری "من و خۆم"م خوێندەوە لەخۆڕا دنیای تێڕامان
و قووڵیی تێکستی عاریف و سۆفییەکانم وەیاد نەھاتەوە، لەڕاستیدا "من و
خۆم" ھەڵقووڵاویی ئەزموونێکی قووڵی دانەرەکەیەتی کەدواتریش مانەوەی
دانەرەکەی تاڕادەیەکی زۆر لەدەرەوەی تێکستەکەداو پەراوێزکەوتنی
وایکردووە"من و خۆم" ببێتە یەکێک لەو شیعرانەی کەدەکرێت خوێندنەوەی
جوداو جیاوازی بۆ بکرێت.
"رۆلان پارت" گوتەنی:
( تێکست خۆی لەنێو کارو بەرھەمێکدا دەبینێتەوەو ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت
کەناکرێت تێکست لە رەفەی کتێبخانەیەکدا رابوەستێت، بەڵکو جووڵە
پێکھاتووەکەی لەوەدایە کەتوانای تێپەڕبوون و پەڕینەوەی ھەیە).
"من و خۆم" لەو جۆرە تێکستانەن کەتوانای تێپەڕبوون و پەڕینەوەیان ھەیەو
دەتوانێت ئێمەی خوێنەر بباتە نێو خۆی یان بەپێچەوانەشەوە دەتوانین
لەپشت دێڕەکانییەوە بۆ پەنھان و شاراوەو نەگوتراوو نھێنییەکانی بگەڕێین
و دیوەکانی دیکەی بخوێنینەوە. کاتێکیش دەگەڕێینەوە بۆ گوتەکەی "ئیبن
عەرەبی":
( لەیەکدا شتەکان کۆدەبنەوەو ھەر لەویشدا جیادەبنەوە). دەکرێت ئەم
گوتەیە ببێتە دەرکەیەکی جیاوازی سەرلەنوێی خوێندنەوەیەکی دیکەی
تێکستەکە...!
ھیوام بەردەوامی زیاترتانە.
ھاوڕێت
یوسف عزەدین
ماڵپهڕی یوسف عیزهدین
|