٦\١\٢٠١١
ناسناوی
خێڵه‌کیی و ناوچه‌گه‌ریی نیشانه‌ی پاشڤه‌ڕۆیی و خولیای ره‌گه‌زپه‌رستییه.
له ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه به‌ر له ئاداری ١٩٩١
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی کوردستانی باشوور
ناسناوی خێله‌کیی وه‌ک ناوی: (زاراوه، خێڵ، تیره، بنه‌ماڵه، پایه‌ی
دینیی و جڤاکیی) و ناسناوی ناوچه‌گه‌ریی وه‌ک ناوی: (ولات، ناوچه،
شار، گوند، گه‌ڕه‌ک)یان به‌خۆوه نه‌ده‌لکاند، پێانوابوو ئیدی ئه‌و
سه‌رده‌م به‌سه‌رچوو.. ناکرێ که‌سێک خۆی به پێشڤه‌ڕۆ بزانێ که‌چی
ناسناو - یان نازناو -ی خێله‌کیی و ناوچه‌گه‌ریی بۆ ناوی خۆی یان ناوی
دووه‌می یان سێیه‌می هه‌ڵبژێرێ و شانازیی پێوه بکا، که‌چی وه‌ک
بینیمان هاوکات له‌گه‌ڵ راپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان له ساڵی
١٩٩١ به هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدارنی
کوردستان له‌پێناو هێزپه‌یداکردن و کارڕاییکردنی نه‌خشه و پیلانه
سیاسه‌تبازییه‌کانی خۆیان خێڵه‌کانیان زیندووکرنه‌وه و فه‌رهه‌نگی
گوندیی و دابونه‌ریته کۆنه‌پارێزییه‌کانیان بوژاندنه‌وه.. له
ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مدا به شێوه‌یه‌کی فروان ئه‌و ناسناوانه
په‌یدابوون و نووسه‌ران و به‌ناو رۆشنبیرانی تووشی نه‌خۆشییه‌کی
کوشنده کرد.
ئێمه وه‌ک رۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆ - که یه‌که‌م ژماره‌ی له ساڵی
١٩٩٤ ده‌رچوو - هه‌ستمان به مه‌ترسییه‌کی گه‌وره
کرد له‌و باره‌وه، بۆیه بۆ رێگرتن له‌و شاڵاوه پاشڤه‌ڕۆییه‌ی ئه‌و
ناسناوه بڕیارماندا هه‌ر که‌سێک ئه‌و ناسناوه به‌خۆیه‌وه بلکێنێ با
بابه‌ت بۆ ئێمه نه‌نێرێ.. سه‌ره‌نجام زۆر سه‌رکه‌وتووانه بابه‌تی هیچ
که‌سێکمان بڵاونه‌کرده‌وه که ناسناوی له‌و جۆره‌ی پێوه‌بوو، توانیمان
کۆمه‌ڵێک که‌سیش وا لێبکه‌ین بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانیان واز له‌و
ناسناوانه بهێنن.. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانیش رۆژنامه‌که‌مانیان دانه‌خستبا
ئه‌وا کاریگه‌رییه‌کی پتریشمان ده‌بوو له‌و رووه‌وه.
ئێستاش ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆ که درێژه‌پێده‌ری رۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆیه،
چواره‌مین ساڵه به‌رده‌وامه، ئێمه به پێی توانا به‌رده‌وام کۆششی
خۆمان کردووه بۆ نه‌هێشتنی یان لاوازکردنی ئه‌و دیارده ناشیرنه،
نامه‌مان بۆ زۆرێک له‌و که‌سانه ناردووه که بابه‌تیان بۆ ئێمه
ناردووه و ئه‌و ناسناوانه‌یان به خۆیانه‌وه لکاندووه، به نه‌رمیی
و به روونکردنه‌وه‌ی پێویست گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ کردوون که واز له‌و
ناسناوانه بهێنن، هه‌ندێکیان - ژماره‌کی که‌میان - زۆر ده‌مارگیرییانه
و ره‌گه‌زپه‌رستییانه وه‌ڵامیان داینه‌وه، هه‌ندێکیشیان به کۆمه‌ڵێک
بڕوبیانووی بێسه‌روبه‌ر و لاواز وه‌ڵامیان داینه‌وه.
هه‌موو ئه‌و بیانووانه لای ئێمه نابه‌جێن که ده‌ڵێن ئه‌و ناسناوانه
په‌یوه‌ندییان به هزر و فه‌رهه‌نگیی خێله‌کیی و ناوچه‌گه‌رییه‌وه
نییه، وه‌ک یه‌کێکیان ده‌ڵێ زۆرێک له شاعیر و نووسه‌ره کۆنه‌کانمان
ئه‌و ناسناوانه‌یان هه‌بووه! یان یه‌کێکیدی ده‌ڵێ شاره‌که‌ی ئێمه یان
ناوچه‌که‌ی ئێمه یان گونده‌که‌ی ئێمه قوربانیان زۆر داوه و
شۆڕشگێڕن! یان یه‌کێکیدی ده‌ڵێ من به دژی حکومه‌تی به‌عس ئه‌و ناسناوه‌م
هه‌ڵگرت بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌که هه‌ر بمێنێ و له‌نێونه‌چێ یان واتایه‌کی
شۆڕشگێڕیی بوو بۆ ئه‌وکات و جێی شانازییه! یان یه‌کێکیدی ده‌ڵێ بنه‌ماڵه‌که‌ی
ئێمه یان خێڵه‌که‌ی ئێمه شه‌هید و بریندارێکی زۆرمان داوه و شانازیی
پێوه ده‌که‌م! یان یه‌کێکیدی ده‌ڵێ ئه‌وه خه‌ڵک ئه‌و ناوه‌ی لێناوم و
هه‌ر به‌و ناوه ناسراوم.. ئه‌گه‌ر ئه‌و ناسناوه له‌خۆم بکه‌مه‌وه که‌س
نامناسێ! یان یه‌کێکیدی ده‌ڵێ راسته ئه‌و ناسناوانه بۆنی خێڵه‌کیی و
ناوچه‌گه‌ریی لێدێ به‌ڵام ئه‌وه له‌مێژه تووش بوومه و تازه لێم
نابێته‌وه! یان یه‌کێکیدی ده‌ڵێ ئاخر من له‌مێژه به‌و ناوه ده‌نووسم
و کۆمه‌ڵێک بابه‌ت و چه‌ند په‌رتووکێکم هه‌یه ئه‌گه‌ر ئێستا به
ناوێکیدی بنووسم که‌س نامناسێ! یان یه‌کێکیدی ده‌ڵێ خۆ ناسناو گرنگ
نییه گرنگ ئه‌وه‌یه چی ده‌نووسی! یان له هه‌مووی نابه‌جێتر ئه‌وه‌یه
که ده‌ڵێ ئه‌وه له هه‌موو جیهان هه‌یه و له ووڵاته پێشکه‌وتووه‌کانیش
ناسناو هه‌یه! له وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی دواییێش ده‌ڵێین: جگه له‌وه‌ی
ناسناوی ئه‌و ووڵاتانه‌ی که پێیانده‌ڵێن پێشکه‌وتوو وه‌ک هی ئێمه
نییه به‌ڵکه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان ناسناوی خێزانێکه نه‌ک ناوی خێله‌کیی
و ناوچه‌یی، هه‌رچه‌نده له‌و وڵاتانه به‌و جۆره‌ی ئێمه نییه به‌ڵام
ئه‌گه‌ر گریمان واشبوو خۆ مه‌رج نییه ئێمه ده‌بێ یان پێویسته لاسایی
دیارده‌یه‌کی خراپ و پاشڤه‌ڕۆییانه بکه‌ینه‌وه!
ئێمه زۆر خۆمان راگرت و تا ئێستا ئه‌و باره قورسه‌مان هه‌ڵگرتووه،
به‌ڵام ئیدی وا هه‌ست ده‌که‌ین ئێستا ده‌توانین جارێکی‌دی به‌رانگژی ئه‌و
دیارده‌یه ببینه‌وه، بۆیه تکا له هه‌موو ئه‌و که‌سانه ده‌که‌ین
- مەبەستمان هاوڵاتیانی باشوورە - که بابه‌ت بۆ ئێمه ده‌نێرن با ئه‌و جۆره ناسناوانه له ناوه‌کانیان
بکه‌نه‌وه و ناوێکی دووانه یان سێیانه بۆ خۆیان دابنێن، ئه‌گه‌رنا
ئه‌وا به داوای لێبووردنه‌وه ئێمه چیدی بابه‌ته‌کانیان بڵاوناکه‌ینه‌وه،
چونکه ئێمه پێمانوایه هه‌ڵبژاردنی ئه‌و جۆره ناسناوانه بۆ هه‌ر که‌سێک
وابه‌سته‌بوونی که‌سه‌که ده‌گه‌یه‌نێ به فه‌رهه‌نگی خێڵه‌کیی و ناوچه‌گه‌ریی..
ئه‌ویش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه که له‌پاڵ ئه‌و ناسناوه‌یدا پێگه‌یه‌کی
کۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ خۆی دروست بکا که هێزێکی مادیی و ده‌روونیی و گیانیی
پێده‌به‌خشێ، واته که‌سه‌کانی خێڵه‌که‌ی یان ناوچه‌که‌ی له
پێداویستییه‌کانی ژیانی و له ململانێ و شه‌ڕه‌کانی له به‌رامبه‌ر که‌سه‌کانی
خێڵ و ناوچه‌کانیدی به که‌لکی بێن، باکیشی به‌وه نییه که به‌و
هۆیه‌وه کۆمه‌ڵ پارچه پارچه ده‌بێ و دووچاری جوایه‌زیی ناپێویست و
ناکۆکیی ره‌گه‌زپه‌رستییانه و پاشڤه‌ڕۆیانه ده‌بێته‌وه و مرۆڤ له
په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شانه‌وه ده‌خا و یاسای جه‌نگه‌ڵ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵدا
پایه‌دار ده‌کا که تێیدا به‌هێزه‌کان بێهێزه‌کان ده‌خۆن.
جا دووباره تکایه، ئه‌گه‌ر بابه‌ت بۆ
ئێمه ده‌نێری.. با ته‌نیا به ناوی خۆت یان ناوی خۆت و ناوی دووه‌مت
بێ جا ناوی باوک بێ یان دایک، ئه‌گه‌ر حه‌زیشت کرد یان ناوی که‌سێکیدی
هه‌مان دوو ناوی به‌ڕیزتانی هه‌بوو ئه‌وه ده‌توانی ناوی باپیر یان
داپیریش وه‌ک ناوی سێیه‌م بخه‌یه‌سه‌ر، ئه‌گه‌ر که‌سێکیدیش هه‌مان
ئه‌و سێ ناوه‌ی هه‌بوو ئه‌وه ده‌توانی بیکه‌یه چوار ناو، ئه‌گه‌ر
ئه‌وه‌ش هه‌بوو ده‌توانی ژماره‌یه‌کی بخه‌یه‌سه‌ر، به‌ڵام له هیچیاندا
ناوی (شێخ و مه‌لا و حاجی و مام و خاڵ و داده و پلک و سه‌ید و
چه‌له‌بی ئاغا و کوێخا و ... ناوی له‌و بابه‌تانه)ی نه‌خه‌یه
نێوانیان، واته ته‌نیا (ناو) به‌کار بهێنه.. ئه‌گه‌ر ناسناویش بۆ
ناوی دووه‌م یان سێیه‌م به‌کارده‌هێنی ئه‌وه (ناسناو)ی له‌و
بابه‌تانه به‌کاربهێنه که له خواره‌وه له تێبینییه‌که
ئاماژه‌مان پێداوه.
___________________________________
تێبینیی:
دیاره ئێمه پێمان باش نییه که هیچ که‌سێک ناوی باوک و باپیر ته‌نانه‌ت
ناوی دایکیشی به‌خۆوه بلکێنێ، چونکه راست نییه مرۆڤێک ته‌نانه‌ت به
ناویش خاوه‌نی مرۆڤێکیدی بێ به‌ڵکه پێویسته مرۆڤ ئازاد بێ و ته‌نیا
خۆی خاوه‌نی خۆی بێ، به‌ڵام جگه له‌وه‌ی که هێشتا مرۆڤ هێنده پێنه‌گه‌یشتووه
تا خۆی له ناوی باوک رزگار بکا.. باوکسالاران و ده‌سه‌ڵاتدارنیش به
شێوه‌یه‌کی گشتیی له جیهان به یاسا نامرۆییه‌کانیان رێگه له‌وه ده‌گرن
مرۆڤ ناوی باوک فڕێ بدا. ئه‌وه به‌وه چاره‌سه‌ر ناکرێ هه‌ر ته‌نیا
لای خۆت ناوی باوک فڕێ بده‌ی به‌ڵکه ده‌بێ سیسته‌م ناچار بکرێ که به
یاسا قه‌ده‌غه‌ی بکا و به فه‌رمیی جێبه‌جێ بکرێ.. ئه‌وه‌ش پێویسته هه‌ر
له ئێستاوه خه‌باتی بۆ بکه‌ین، باشترین ناوی دووه‌میش لای ئێمه بۆ
ناسینه‌وه‌ی هه‌ر که‌سێک ناسناوێکی دوور له فه‌رهه‌نگی ره‌گه‌زپه‌رستیی
و دینیی و ناوچه‌گه‌رییه.. بۆ نموونه وه‌ک (شادیی، ئارام ، کامه‌ران،
ئاسووده، ئاسۆ، به‌شدار، شه‌یدا، دڵخۆش، خه‌بات، دڵدار، سۆزدار ... تد.).
٥\١\٢٠١١
- ئه‌مڕۆ -
|