٧\٢\٢٠١١
نە بە زیندوویى نە
بە مردوویى (سەردەشت) نابێ لە هەولێر بێ!

بەشدار عوسمان
راستە ئەو گەنجێکى خێرلەخۆنەدیوى شارى قەڵا و منارە بوو، راستە ئەو
رۆژنامەنووسێکى خەمخۆرى دهڤهری زەرد بوو، راستە ئەو خەمى نەبوونى
ئازادیی و برسیەتیی منداڵان و بەدبەختیی و بێ چارەیى گەنجانى شارەکەى
کار و پرۆژە و بەرنامەى هەمەڕۆژەى بوو، راستە ئەو خەونى نەهێنانەدى
خۆزگە و خولیاکانى کچ و کوڕانى شارەکەى بە دەیان شەو خەوى لێدەزراند،
بۆ نەبوونى هێزێک و دەرکێشانیان لە نەبوونى و برسیەتیی و کۆیلایەتى...،
بەڵام لەبەر ئەوەى بە بێ ئامادەبوونى بە زیندوویى، تۆمەتیان بۆ
دورستکرد و نەک هاوکاریش نەبوون لە دورستکردنى پەیکەرەکەى بەڵکو
رێگرییشیان بۆ دانانى دورستکرد و هەمیشەش لە هەوڵى کوژاندنەوەى پەیامى
سەردەشت و ونکردنى وێنە و پەیکەرەکەین لەنێو هزر و دەروونى خەڵکى
شارەکەى و دهڤهرهکهی، رێگه نادهن هەڵسوڕاوانى (کەمپینى سەردەشت
عوسمان بۆ ئازادیی رادەربرین) پەیکەرەکە لە هەولێر دابندرێ، کە
دەبووایە وەکو ئهمهکێک بەرامبەر گەنج و رۆژنامەنووسێکى شارەکەیان
روویان نەهاتایە ئەو جۆرە رێگریانە بکەن و گومان و پرسیارەکان لەسەر
خۆیان زیاتر و قووڵتربکەنەوە و هاوکارێک بوونایە، بەڵام بەداخەوە تا
ئێستا ئەو مێژووەیان بۆ خۆیان تۆمار نەکردووە و رەزامەند نەبوونە.
گوناهى سەردەشت راستگۆیى بوو، هەستکردن بوو بە ئێش و ئازارەکان،
گەیاندنى پەیامى نەوەیەکى یاخى بوو بەدەسەڵات، گوناهى سەردەشت خەون
بینین بوو بە دنیایى نایەکسانیی و ناعەدالەتیی، خۆزگە و هیوایەکى
گەنجانە بوو بۆ دەست راگەیشتنى هەمووان بێ جیاوازیی بە خۆشیی و خۆشگوزهرانییهکانی
ژیان، دەبێ ئەو خەون و خولیا و هیوا و ئاواتانەى ئەو گەنجە
رۆژنامەنووسە هێندە سەخت بێ مەترێک زەوى پێ رەوا نەبینن بۆ پەیکەرەکەى؟!
پەیکەرى ئازادیی بۆ رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، پرۆژ و بەرنامەى
هەزاران ئازادیخواز و نووسەر و رۆژنامەنووسە لە سەراسەرى دونیا،
خەڵکانێکى زۆر کۆمەک و هاوکاریی ئەو پرۆژەیان کردوە و رۆژانە چاوەڕوانى
شەکانەوە و دانانى ئەو پەیکەرەن وەکو نیشانهیهکی ئازادیی و رێزگرتنێک
لە پەیامە ئازادیخوازەکەى سەردەشت و زیندووڕاگرتنى وێنە و پەیامەکەى،
رێگریی لە دانانى، وەستانەوەیە بەرامبەر ئیرادەى هەزاران ئازادیخواز،
پێشێلکردن و گوێ نەگرتنە لە هەزاران رۆژنامەنووس.
وێنە و پەیکەرى سەردەشت لەنێو دڵ و دەروونى منداڵان و لاوان و کچان و
کوڕان و پیر و پەککەوتوانى ئەم مەملەکەتە و هەموو رۆژنامەنوسان و
ئازادیخوازانى دونیایە و هەمیشە بە زیندوویى دەیهێلنەوە، سەردەشت
سیمبوڵى ئازادیی رادەربرینە، نیشانهی (نا)گوتنە بە شتە قەدەغەکراوەکان،
بۆیە پێویستى بە تۆمەت هۆنینەوە و رێگرى ناکا لە بەرامبەر پەیکەر و
پەیامەکەى و ئێستاش دەرفەت ماوە کارێک بکەن و هەڵوێستێک وەرگرن بۆ
مێژووى مرۆڤایەتى.
هەولێر جێگهى ئەنفالچیەکان و بەعسیەکان و فایلدارەکانى تیادەبێتەوە،
جێگهى دز و گەندەڵەکانى تێدادەبێتەوە، جێگهى خائین و جاسوس و
مستەشارەکانى تێدادەبێتەوە، جێگهى شەهوەتباز و سیخور و خۆفرۆشانى
تێدادەبێتەوە، بهڵام جێگهى سەردەشتى پاک و بێگەرد و بێکەسى تێدا
نابێتەوە. هەر دەبێ واشبێ! لە شارێکدا جێگهى ئەو هەموو ناشیرینیانەى
تێداببێتەوە نابێ سەردەشت نە بەزیندوویى نە بە مردوویى تێیدا بێ.
رێگەنەدان بە پەیکەرى ئازادیی بۆ رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان لە شارى
هەولێر، هەنگاوێکیتری دەسەڵاتدارانە بۆ دوورکەوتنەوە لە ئازادیی و
نزیکبوونەوەى زیاتر لە دیکتاتۆریی و تاکڕەویی و قهبوڵنهکردنى
جیاوازییەکان تەنانەت بە مردووییش، بۆیە دەبێ لەگەڵ ناڕەزایەتى و
خۆپیشاندانى توندی رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان بەرەو روو بێتەوە.
ماڵپهڕی بهشدار
عهلی
|