په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

         نەرمتر لە ئاو.


سەرهەنگ خامۆش

کاتێ گوێم
لە دەنگى پێى ئاو دەبێ
دەزانم تۆى
بەسەر تاڤگەى دڵمى مندا
هەنگاو دەنێى
دەڕژێیتە نێو
کێڵگەى تینووى چاوەڕوانیم
تەڕ دەبم لە ئاو
تەڕ..تەڕ لە تۆ

تۆ لە ئاو دەچیت
لە ئاو نەرمتر دێیت
نینۆکەکانت
لە کەنارى فیراقدا
هەڵدەواسى
خاڵیم دەکەیتەوە لە خۆت
خاڵى دەبمەوە لە ئاو

کاتێ باوەشت لێ دەگرم
لە ئاو خاوتر دەبیتەوە
شل..شل وەک ئاو
جەستەى سڕ بووم
لە گوناهەکانى عیشق
دەشۆیتەوە
بسمیلم دەکەى لەخۆت
بسمیل دەبم لە ئاو

کاتێ دەنگى ئاو دەبیستم
هەر دەڵێى تۆى
بانگم دەکەى
کە دێم بۆ لات
نقوم دەبم لە عیشقى تۆ
نەرم وەک ئاو
بەنیو ڕۆحما گوزەر دەکەى
تەریق دەبمەوە لە تۆ
تەریقم دەکەیتەوە لە ئاو

تۆ کە دێیت
لافاو لەگەڵ خۆتا دێنى
جەستەم لەکەنارى دەریایەک
جێ دەهێڵى
نەرمتر لە ئاو
خۆت لە ناخم دەئاڵێنى
تەڕ..تەڕ وەک ئاو
دەڕژێیتە نێو گەرووى وشکم
لێوان لێو دەبم لە تۆ
لێوان لێو دەبمەوە لە ئاو

بۆنى ئاو
بۆنى تۆى لێ دێ
بۆیە هەر کە هەناسەم
تێکەڵ هەناسەى ئاو دەبێ
یەکسەر ئاوێتەى تۆ دەبم...!!


Xamosh_s@hotmail.com