په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەیی و نەریتێکی بکوژ!


ستار محەمەد قادر


بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەوەی لە راگەیاندنەکان گوێمان لێی دەبێت، زۆر جیاوازترە لەو واقیعەی کە مرۆڤ بە چاوان دەیانبینێت، وا باس دەکرێت کە ئەمڕۆ شاری کەرکوک بە بۆنەی یادەکانی ئازارو نەورۆزەوە خەریکی خۆ ئامادە کردن بوونە بۆ پیرۆزکردنی ئەو جەژنەو لە بۆنەیەکی تەقلیدیی و کلاسیکەوە بیگۆڕن بۆ بۆنەیەک کە هەستی نەتەوایەتی تێیدا کاراکتەری کارا بێت، لێ سەد مەخابن بە ئەمڕۆیشەوە نە کەس لە چییەتی ئەو جێژنە تێ دەگاو نەش کەس ئامادەکاری ئەوەی تێدایە وەکو بۆنەیەکی نەتەوەیی مامەڵەی لە گەڵدا بکات، ئەوەی هەیە جگە لە جێژنێک کە لە دێر زەمانەوە کراوە بە نەریتێکی بکوژ و سەیرانێکی خۆ خەڵەتێنەر کە فاکتەری سەرەکی ماڵ و منداڵ و لە چاو لێکەری زیاتر، باوەڕ ناکەم شتێکی دیکە بووبێت! چونکە لەم وڵاتەی ئێمەدا بە تایبەتیش کەرکوک کە ساڵەهای ساڵە لە ژێر جەورو ستەمی بەعسدا ناڵاندوویەتی، دانیشتوانەکەیشی تا رادەیەکی زۆر هەژارن، جگە لە نەورۆز ئیدی باوەڕناکەم هۆکارێکی دیکە هەبێت بۆ ساتێکیش بووار بدات بە کەسو کار یان خێزانی ئەو خەڵکە هەژارە بۆ دەرچوون لە ماڵ و هەڵمژینی هەوایەکی پاک و بێ گەرد دوور لەو جەنجاڵییەی شار.


من لێرەدا بە پێَویستی دەزانم پرسیاری ئەوە بکەم: ئایا ئەگەر نەورۆزیش وەکو هەر بۆنەیەکی دی لە ئاست حیزبدا بچووک نەکرایەتەوە و مامەڵەیەکی تەندرووستی لە گەڵدا بکرابایە، ئەوەندە بێ ماهییەت دەبوو کە خۆی تەنها لە سەیرانێکدا وێنا بکردبایە؟! بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە خوێنەر خۆی سەر پشک دەکەم چی وەڵامێک لە گەڵ باروو دۆخی دەروونیی و کەسێتی و بەرژەوەندییەکانیدا دەگوونجێت و بە باشی دەزانێت، بیداتەوە! چونکە من ئێستا یادەوەرییەکانم لە هەر نەورۆزێکدا دەمگەڕێنێتەوە بۆ ئەو رۆژانەی لە تەمەنی لاوێتیدا کە لە ناو رێکخستنەکانی یەکێک لەو دوو حیزبەدا بووم و هەموو سالێک لە گەڵ هاتنی نەورۆزدا خوێن لە جەستەماندا بە شێوەیەکی زۆر نا ئاسایی دەکەوتە جووڵەو وای لێمان دەکرد ئەگەر بۆمان بکرابایە ئاورمان لە جەستەی خۆمانیش بەردەدا، لە یادمە زۆر جار شەقامەکانمان ئاور تێ بەر دەدا، هەر چەندە ئێستا بیری لێ دەکەمەوە کە کارێکی باشمان ئەنجام نەدەدا، لێ وەکو دەڵێن هەموو کارێک کاردانەوەیەکی هەیە، ئەو ئاگر کردنەوەی ئێمەیش کاردانەوەی ئەو یاساخە بوو کە رژێم خستبوویە سەرمان.
ئەمڕۆ لە سەر هەموو لایەکمان بە حیزب و رێکخراوە مەددەنییەکانەوە بە پێوستی دەزانم لە بەرانبەر ئەو بۆنە نەتەوەییەدا ئەرکێکی نیشتیمانی بخەینە ئەستۆمان و دەسبەرداری ئەقڵی حیزبی ببین و دوور لە هەر بەرژەوەندییەک مامەڵەی تەندرووست لە گەڵدا نەورۆزدا بکەین، چونکە سەردەمی بچووک کردنەوەی بۆنەکان بۆ ناو بۆتەقەی حیزب بەسەر چووەو ئەگەر لە سەر هەمان ریتمی رابردوو بمانەوێت برەو بە هەر بۆنەیەک بدەین، وا بزانم جگە لە خۆمان وەکو نەتەوەیەک باوەڕناکەم نەتەوەیەکی دی تێیدا زەرەرمەند بێت!


من پێم سەیرە ئێمە نەزانین بۆ چی و لە پێناو چیدا لە نەورۆزدا ئێمە شایی وز لۆغان دەکەین، بیکەین؟! ئەمڕۆ یەکێک لە هاوشاریەکانی کەرکوک پێی راگەیاندم کە ئایا دەزانیت کاوەی ئاسنگەر... فارسە؟! لە وەڵامدا وتم: تەنها کاوە تا ئەمڕۆ وەکو سیمبولێک لە دیرۆکی ئێمەدا بە بێ ئەقڵی حیزبی ستاتۆی خۆی هەیە، لەم دوواییەدا ئەویش کرا بە کۆچی قووربانی و ئەگەر نەورۆز بۆ کاوەیش نەبێت خۆ سەری ساڵی کوردییە ئەگەر ئەویش نەکرێت بە سەری ساڵی فارسی؟! من لێرەدا قسەم لە سەر نەورۆز نییە، ئەوەندە قسەم لە سەر کارەساتی جەرگبڕی هەڵەبجەو راپەڕینە، چونکە ئەگەر ئێمە لە بارتەقاماندا نەبێت یادی نزیکترین کارەسات لەمێژووی خۆماندا بە شێوەیەکی شارستانییانە بکەینەوە، چۆن دەتوانین بۆنە کۆنەکان لە زاکیرەماندا بەرز رابگرین؟ ئایا دەکرێت مێژوویەکی نزیکی خۆمان لە یاد بکەین کە بۆ یەکەم جار لە دیرۆکی ئێمەدا بوو بە هۆکاری ئەوەی شوێنێکی ئاراممان بۆ فەراهەم بکات، کە دەکرێت ئەگەر خۆمان بمانەوێت دەروازەیەک بێت بۆ هەموو شوێنە نا ئارامەکانی دیکەی کوردستان؟! یان دەکرێت کیمیا بارانی هەڵەبجە لە یادەوەریماندا بسڕینەوە و تەنها بۆ یادکردنەوەیەکی ساڵانە کورتی بکەینەوە کە تا ئەم ساتە وەختە خەڵکانێک هەن لە چاوەڕوانی دەستێکدان کە یارمەتییان پێشکەش بکات، بۆ ئەوەی لە مەرگ رزگاریان بێت؟! بۆیە لە پێناو ئەوەی خۆمان لە نەریتە بکووژەکان قووتار بکەین، بە پێویستی دەزانم بە خۆماندا بچینەوەو بزانین چ کارەساتێک لە کارەساتەکان کارەساتتر بە سەر ئەو میللەتەدا هاتووە! نەک لە راگەیاندنەکانمان جێژن و بۆنەیەکی جەرگ بڕ یان خۆش پیرۆز بکەین کە لە لای کۆمەڵانی خەڵک جگە لە سەیرانێک، هیچ ماهییەتێکی دیکەی نەبێت؟!
 

 

 

Star_qadr@yahoo.com