ماوەیەکە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێکى کوردستان لە درۆ و موبالەغەى بەرپرسە سیما یەکسانیخوازەکان دوورکەوتونەوەو بایەخ بە نووسین و بڵاوکردنەوەى ئەم ڕیپۆرتاژانە دەدەن بە گوێی خوێنەرى پرۆفیشناڵى ئەمڕۆى کوردیدا.
ئەوەى دەمەوێـت لەم وتارەدا بیلێم مەلاعەلى دانشتووى شارۆچکەى کەڵەکى نزیک هەولێرە ، ماوەى چەندساڵێکە پیشەى برینەوەى دەواودەرمان لەرێگاى خواردنە سروشتیەکانەوە پێشکەش بەخەڵک دەکات ، من قسەم لەسەرپیشەکەى نییە چونکە تا ئێٍستاکە دکتۆرەکانى کوردستان و وەزارەتى بەناو تەندروستى نەگەشتونەتە ئەوئاستەى کەهاوڵاتیان لێیان ڕازیبن ، کە سەردانى نەخۆشخانەکانى حکومى دەکەیت، وەڵامى نێگەتێڤیانەت دهدەنەوە بۆ ئەوەى ناچاربیت و سەردانى نەخۆشخانە ئەهلیەکان بکەیت، ئەوانیش هاوتەبا شەریکن لەگەڵ دەسەڵاتدارانى حکومەتدا و بچوکترین نەشتەرگەریت بەیەک ملیۆن دینارى چاپى تازە بۆ دەکەن.. جگە لەسەرانەى شەوانە کە بۆ یەک شەو سەد دۆلارى ئەمریکییت لێ وەردەگرن .
مەلاعەلى لە دیدارێکیدا لەڕۆژنامەى پرس دا دەربارەى پەیوەندیەکانى لەگەڵ خودا له وهڵامدا دەڵیت : من تەنسیقم لەگەڵ خودا زۆر باشە ئەگەرپێى بڵیم باران ببارێنە دەیبارێنێت ، ئەم ڕستەیەى مەلاعەلى ئەگەر بگاتە جێگاى مەبەست ، پێویستە بکرێتە وەزیرى کشتوکاڵ چونکە ئەم ساڵ لەشارى هەولێردا یەک سەتڵ ئاوى باران نەباریوە ، ئەو ڕۆژەش وەزارەتى ئەوقافى هەرێم تەنها داواى لەپیاوانى کوردستان کرد کە کۆببنەوە بۆئەوەى نوێژە بەبارانە بکەین بەڵکو دونیاى نیشتمانەکەمان پڕئاوى باران بێـت، کەچى ل ەشوێنى باران بەفربارى ، هەولێریشى نەگرتەوە و کەرکوک و خانەقینى دابڕاو لە کوردستانى لانکەى دیموکراسى گرتەوە.
بە بۆچونى من پێویستە مەلاعەلى بکرێتە بەرپرسی کەشوهەوا ، خۆ ئەوانەى ئەمڕۆ لەدەسەڵاتدان و بەرپرسیارێتـى وڵاتیان گرتۆتە دەست هاوتەبان لەگەڵ مەلاعەلىو مەلاعبدلخالیقى خەوگێر کە پارساڵ ویستى سوکە ئینقلابێک بکات لەڕێگاى گێرانەوەى خەوە ساربوەکەیەوە، هەمووتان لەسەریەک سیستەم و ڕێچکەیەک کاردەکەن خۆل لەچاوى هاوڵاتیانى کوردستان دەکەن، ئهمه سەدان ساڵە دوبارە دەبێتەوە عاقیبەتتان خێربێـت , دەسەڵاتى دیموکراسى ئەگەر ئاوا ژیان بگوزەرێنن ، یەمەن و سعودیەى خێڵەکى لە چاوتاندا سویدى ئێستایە !!!
|