نزاى ژنێک.

کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
1
تۆ لەپایزێکى رەنگ زەردى
پایزدا
بە ناخى مندا گوزەرت کردو
خەمێکى پیرۆزت ئاشناى خەمەکانم کرد
تۆ لەبەهارێکى تەمەنى مندا
گوڵاوى بۆنى چڵە نێرگزێکت دا لەقژم و
بەڕەنگى پەلکە زێڕینەو دەنگى باڵندە
کۆچەرییەکان ئاشنات کردم
2
دەزانم لەشەوە زەنگێکدا
ئاوێزانى خەمەکانت دەبم و
خەمەکانم تێکەڵ بە کۆڵانەکانى ڕۆحت دەبێ
و
دەزانم شەوێک لەگەڵ شیعرێکمدا
سەردەبڕدرێمء کەسێک لەخوێنەکەم ناپرسێ
3
تۆ شنەباى پێدەشتى بەهەشتى هەستم
بوویت و
دڕکەکانى مەرگ و چاوەکانى گوناهت
ڕاپێچ کرد
تۆ پەرداخێ شەراب بوویت
و
لەبەردەم حەزێکى سەرشێتدا
ڕژایتء ناتوانیت خۆت کۆبکەیتەوە
4
ئەى باڵندە
بەسەر خەونەکانى مناڵیما بفڕەو
دەنوک لەحەزەکانم بگرە
تۆوى گوڵە گەنمەکانم بۆ بێنە
با لەباخچەکانى دڵما بیچێنم و
وەک دوو مناڵى لادێ نشین
دەسکەنەى گوڵە گەنمەکان کۆ بکەینەوە
5
ئەى باڵندە دەنووک مەگرە
لەپەڕەى گوڵەکان
تۆ فێر نەبووى خوێنى پەڕەى گوڵ بڕێژى
بۆن بە جەنگەوە مەکە
کە تۆ کوڕیژگەى ژێر دەوارى هەوارێکى
سازگارى کوێستانى
6
پێم بڵێ
لەنێوان مەستى چاوەکانء
مەستى پێکى شەرابەکەتدا
کامیان هەڵدەبژێرى
لەنێوان خەونەکانى ئێستاو مناڵیما
کامیان فەرامۆش دەکەى
لەنێوان پەنجە ناسکەکانى کچەکانى نێو قەڵاو
پەنجە قڵیشاوەکانى کچە قەرەجەکان و
پەنجە بەشیر تەڕبووەکانى بییەکدا
کامیان هەڵدەبژێرى
7
کە مردم
رەنگى کفنەکەم بگۆرە
بە رەنگى روخسارى خۆت
چۆن ڕازى دەبى
ڕەنگى کفنەکەم و جلى بوکێنیەکەم
سپى رەنگ بێ
8
تۆ نابێ هاوڕێی
مردوو شۆرەکان بى
ئەوان هەمیشە لەچاوەرێى مەرگدان و
نانیان لەمەرگى تۆو
تیرۆرى مندایە
9
هەور لەمن ئاسودەتر ،کە گریا
زەوى فرمێسکەکانى دەخواتەوە
من چوار وەرزە بۆت دەگریم و
دەمێ نییە فرمێسکێکم بخواتەوە
10
بەرلەوەى تۆ بێى من هاتم
بەرلەوەى من بێم تۆ هاتى
نەبڵێ زۆرت خۆش دەوێم
نە دەڵێم زۆرم خۆشدەوێى.
Kazhal_3@hotmail.conm
|