١٨\٣\٢٠١٤
نۆژهنكردنهوهی
وەڵامهكان.
هەژێن
- بەشی
دووەم -
ئەگەر
پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا
خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو
سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین
چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین
پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە.
سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی
ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی
زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە
كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی
ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.
ئهوهندهی من بیستبێتم ئهنارشیزم، ههوڵێكه
بۆ تێكدان و پرشوبڵاوی بزووتنهوهی كارگهری، چۆن تۆ پاگهندهی ئهوه
دهكهی، كه ئهنارشیزم پێچهوانهی ئهوەیه؟
بەر لەوەی بێمە سەر وەڵامدانەوە بە پرسیارەكە، ئایا هیچ بەڵگەیەكی
مێژووی یا ئێستایی لەبەردەستاندا هەیە، كە ئەو پاگەندەیە بسەلمێنێت؟
ئایا ئەگەر ئاوەز و بیركردنەوەی خۆ بەكارببرێت و خۆ لە دووبارەكردنەوەی
دەقە ئامادەكراوەكان لابدرێت، هەر بەو سەرنجامە دەگەین، كە تۆ پاگەندە
دەكەیت؟
لە هەموو سەردەمەكانی مێژوودا دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان، كۆمەڵگە و
چەوساوانیان بەوە ڕاگرتوون و ترساندوون، كە ئەگەر لە سایەی دەسەڵات و
پێشڕەوی دەسەڵاتخوازان دەربچن، ئەوا وەك مەڕی بێشوان گورگ دەیانخوات.
ئەناركییەكان، كرێكارانیان و هاوچینە ژێردەستەکانیان بۆ سەربەخۆیی و
خەباتی ڕاستەوخۆ و خۆبیركردنەوە و خۆكارابوون و خۆبڕیاردان و خۆڕابەری
هاندەدەن و لە بەرامبەردا دەسەڵاتخوازان بۆ ئەوەی كرێكاران لە
خۆشباوەڕیی بە دیكتاتۆرییهتی پێشڕەوان و یەكسانی ژێر سایەی دەوڵەتی
بەناو كرێكاری ڕاگرن، بە سوودوەرگرتن لە شێوازی پاگەندەی سەروەران
كەوتوونەتە شێواندنی ڕاستییەكان. بەداخەوە لە سەردەمی كۆمەڵەی
نێونەتەوەیی یەكەم و دواتریش تا ڕوخانی ئیمپراتۆری بۆلشەڤیكەكان و
ئێستاش، لەبەرئەوەی كە مرۆڤەكان هەزاران ساڵە بە نادەربەستی و ملدان
بەنوێنەرایەتی و شوانەیی ڕامیاركاران ڕاهاتوون و دەستەمۆبوون، ئەو
پاگەندانە كاراییان لەسەر بیركردنەوە و بڕیاری چەوساوان بەگشتی و
كرێكاران بەتایبەتی داناوە. باشترین نموونەش ئاراستەكردنی ئەم
پرسیارەیە لەلایەن مرۆڤگەلێكی چەوساوە، كە بەداخەوە لەم سەرەتاییەی
سەدەی بیست و یەكەدا هێشتا باوەڕیان بەو پاگەندە بێبنەمایانە هەیە.
ئەوەی كە دەسەڵاتخوازان لەنێو بزاڤی سۆشیالیستییدا بۆ ئەوەی بتوانن
تاكە ناڕازی و یەكسانیخوازەكان بە پێداویستی ئۆتۆریتەی خۆیان و پێویستی
شوانەیی ڕامیاریی و ڕێكخراوە نێوەندگەراكان خۆشباوەڕبكەن و لەو ڕێیەوە
پاوانكردنیی (دۆمینەتكردنی) بزاڤەكە لەژێر كارایی خۆیاندا مسۆگەربكەن،
دەست بە ڕەخنەی بێبنەما یا چەواشەكارانە دەبەن و ڕەخنەی ئەناركییەكان
لە نێوەندگەرایی بەڕێوەبەرایەتی و ڕێكخراوەكان دەگۆڕن بە پاگەندەی
دژایەتی ئەناركییەكان بۆ ڕێكخستن و سەربەخۆیی كرێكاران.
بۆ ئەوەی پرسەكە ڕۆشنبێتەوە، لێرەدا ناچار بە لەسەروەستانی زیاتر دەبم.
وەك ئاشكرایە ڕامكارە دەسەڵاتخوازەكانی نێو بزاڤی سۆشیالیستی، خوازیاری
نێوەندگەرایی ڕێكخراوەی جەماوەریی و ڕامیاریی و بەڕێوەبەرایەتیی
سەروخوارن و وەك پێداویستی وەڵامدانەوە بە خواستەکەیان لە هەنگاوی
دواتردا پێویستیان بە پێكھاتەی قوچكەیی ( ھیرارشیی) ڕێكخراوەكان و
ڕێكخستنی كۆمەڵگە ھەیە، تاوەكو ڕێوشوێنی پاوانگەرانە بۆخۆیان
مسۆگەربكەن و ئەمەش دەكاتەوە ھەمان شێوازی ڕێكخستن و پێكھاتەی سیستەمی
چینایەتی و ھەمان میكانیزمی كاردكردیان دەبێت و هیچ پێکهاتەیەکی
قووچکەییش بەبێ بوونی سەروەری تاکێك یا هەندێك بەسەر هەندێکی دیکەدا و
بەبێ نێوەندگەرایی بوونی نابێت و لەبەردەم هێزی بەرەنگاری ڕەوتی
دژەتەوژمدا خۆی پێڕاناگرێت.
لێرەدا من زۆر بە هوشیاریی و مەبەستەوە خۆم لە بەکاربردنی دەستەواژەی "سۆشیالیستە
دەسەڵاتخوازەكان" لادەدەم و بە نەگونجاو و ناتەواوی دەبینم، چونكە
ناكرێت یەكسانیخواز بیت و ھاوكاتیش دەسەڵاتخواز بیت، ئەو دوو چەمك و
ئامانجە، ڕەتکەرەوە و پێچەوانەی [پارادۆكسی] یەكدین. ئەگەر سەرنجی
مێژووی دوو سەد ساڵەی ڕابوردووی بزاڤی سۆشیالیستی بدەین، بە بەڵگەی
سەلمێندراوەوە دەبینین، كە نێوەندگەرایی (سێنترالیزم)، پێكھاتەی
قوچكەیی (ھیرارشی)، پاوانكردن (دۆمینەتكردن) ، بیروكراسی، سەر و خوار،
فەرماندەر و فەرمانبەر بەرھەمدەھێنێتەوە، كە دواجار ئەگەر ئەو ڕێكخستن
و ھێزانە بەخت یاریانبێت، ئەوا وەك پاشاکانی شەترەنج بە لێدانی
بەرامبەرەكەیان، بەبێ ھیچ ئاڵوگۆڕێك لە سیستەمی كایە و ڕۆڵەكاندا،
جێگەی بەرامبەرەكیان دەگرنەوە؛ بەواتایەكی دیكە، ھیچ لە سیستەمە
چینایەتییەكە و سەروەری ھەندێك لەسەر ھەندێكی دیكە ناگۆڕێت، بەڵكو
زیاتر لەوەش بەناوی خودی چەوساوانەوە ڕەوایەتی زیاتری پێدەبەخشێت و
بەناوی چەوساوانەوە، خودی چەوساوان سەركوتدەكاتەوە.
لە بەرامبەر ئەمەدا ئەناركییەكان، بۆ ئەوەی بەر بە زاڵبوون و پاوانكردن
لە ڕێكخستن و بیروكراسی لە بەڕێوەبردن و ڕێوشوێنی فەرماندەر و
فەرمانبەر لە كۆمەڵگەدا بگرن، لە ئەزموونگیریی خەباتی ڕۆژانەوە و وەك
بەرەنجامی پراكتیكی چەند سەدەوە، ھەوڵی بە كولتووریكردن و جێخستنی
كۆمەڵێك میكانیزم و شێوەی ڕێكخستن و شێوازی بەڕێوەبردن دەدەن، تاوەكو
شكستەكان دووبارە نەبنەوە و سەرەنجامی مانگرتن و ڕاپەڕین شۆڕشەكان
گەڕانەوە نەبن بۆ ڕەوایەتیدان بە سیستەم و سەروەری چینایەتی و
نائومێدبوون نەبن لە ڕوودانی گۆڕان، دژایەتی سەرسەختی ئەناركییەكان بۆ
شێوەی ڕێكخستن قوچكەیی و شێوازی تێكۆشانی فەرمانبەرانە و میكانیزمی
دەستەبژێرانەی بەرێوەبەردن و پاشڕەوی ئەندام و تاكی خۆشباوەڕ و
ڕەدووكەوتووی ئایدیلۆجییەكانی سەروەریی چیانیەتی، خۆیان لەم
دەستەواژانەدا كورتدەكەنەوە؛ خۆڕێكخستن لە جیاتی ملدان بە ڕێكخستنی
دروستكراو و سەپێنراو، خەباتی خۆخۆیی و چالاكی ڕاستەخۆ لە جیاتی
گوێڕایەڵی بۆ نێوەند و سەرانی ناوبژیگەری ڕێكخراوە نێوەندگەراكان و
قوچكەییەكان، خۆبەڕێوەبەرایەتی لە جیاتی ملدان بە نوێنەرایەتی كەسانی
ناخۆیی، سەربەخۆیی لە جیاتی پاشكۆیی بۆ پارت و دەسەڵات. ئایا لەسەر ئەم
بنەمایانە، كام بەرە [سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان یا دەسەڵاتخوازە بەناو
سۆشیالیستەكان] لەنێو كرێكاران و زەحمەتكێشاندا خەریکی دروستکردنی
پەڕشوبڵاوی و دەستەگەریی (سكتاریزم) و ملكەچی و نادەربەستبوون و
بڕوابەخۆنەبوونن ؟
لەم بارەوە، ھەوڵدەدەم لە داھاتوودا لەبارەی جیاوازییەكان و ڕێكخستن و
ئەڵتەرناتیڤەوە زنجیرە وتارێك بنووسم ...
ئێوه باوهڕتان بهكاری هاوبهش لهگهڵ گروپه
چهپهكانی دیكەدا ههیه، ئهگهر وهڵام ئهرێیه، ئایا له بهشداری
و سهركردایهتی هاوپهیمانییهكاندا مهرجێكی دیاریكراوتان ههیه؟
لەسەر ئەو بنەمایەی كە ئەناركییەكان نە باوەڕیان بەوە هەیە، كە
ڕابەرایەتی بكرێن و نە بەوەش كە ڕابەرایەتی كەس بكەن، بەڵكو پێیانوایه
هەموو كەس دەتوانێت ڕابەرایەتی خۆی بكات و ڕزگاری هەموو كەسێكش، لە
گرەوی تێكۆشانی خودی ئەو كەسەدایە. هەر لێرەوە هەموو ڕێكەوتن و
پێكهاتنێكی دەرەوەی كۆڕ و كۆمەڵە كرێكاریی و خۆجێییەكان ڕەتدەكەنەوە،
ئەمە بۆ خەباتی توێژەكانی دیكەی وەك خوێندكاران و خانەنشینان و
پەككەوتان و بێكاران و جوتیاران و … تد هەر ئاوا دەبینن. بۆیە هەموو
كارێكی هاوبەش لەسەر ئاستی دەستەگەریی و دەستەبژێریی ڕەتدەكەنەوە و
تەنیا ددان بە یەكێتی چینایەتی چەوساوان لە ڕێكخراوە جەماوەریی و
خۆجێییەكاندا دەنێن و هەموو ڕێكخستن و پێكهاتە و دەزگە و كارگێڕییەكی
قوچكەیی (هیرارشی) و دەستەگەریی و دەستەبژێریی، ڕەتدەكەنەوە.
بە بۆچوونی من، ئەركی ئەناركییەكان ئەوە نییە بچن لەتەك چەند
چەنەبازێكی ڕامیاركار یا دەستەبژێرێكی خۆڕێكخستوو لە سەرووی خەڵكەوە،
كاری هاوبەش بكەن، بەپێچەوانەوە ئەركیان قاودانی ئەو دەستەبژێرە
دەسەڵاتخوازانەیە لەنێو چەوساواندا و هاندانی خودی چەوساوانە بۆ
پێكهێنانی ڕێكخستنی سەربەخۆی چینایەتیی و توێژیی لە شوێنی كار و خوێندن
و گەڕەكەكان و كێڵگەكاندا.
لەبەرئەوە، وەڵام نەرێنییە و لە جیاتی بەفێڕۆدانی وزەی شۆڕشگێڕانە لە
مشتومڕی دەستەگەری و ململانێ و كێبركێ لەتەك كەسانێك، كە ھەر لە
سەرەتاوە ئامانجیان جێگرتنەوەی سەروەرانی ئێستایە و ھەنگاو بە ھەنگاو
نەخشە بۆ دەستەمۆكردنی بزاڤە كۆمەڵایەتییەكان دادەڕێژن و ھەوڵی
پاشكۆكردنیان دەدەن. چونكە ئەگەر قسە لەسەر یەكێتی چینایەتی چین و
توێژە پڕۆڵیتیرەكان (چەوساوانی بێدەسەڵات)ە، ئەوا دەستەگەریی و
ڕێكخراوەی ڕامیاریی و سەركردە و ڕابەر، [وەك مێژوو نیشانماندەدات و
سەرەنجامی ئەزموونەكان دەیسەلمێنێت] تێكدەر و وێرانگەری ڕیزی
خەباتكارانەی پڕۆڵیتاریان و ھەوڵێكن بۆ بەرپێگرتن و گێرانەوەی ئەو تاكە
پڕۆڵیتێرە شۆڕشگێڕانەی، كە لە سیستەمە چینایەتییەكە یاخیدەبن و
سنوورەكانی سەروەری دەبەزێنن، بۆ نێو جاڵجاڵۆكەی سیستەمی چینایەتی و
خەساندنیان.
ههڵوێستی ئێوه بهرامبهر ئایین چییه؟
ئایین یا ڕێڕەو (مەزھەب) تا ئەو كاتەی كە پرسێكی كەسیی و پەیوەندییەكی
كەسیی تاكە لەتەك ئەو شتەی كە دەیپەرستێت، ئیدی ئەو شتە مرۆڤیك بێت، یا
مانگا و هێزێكی خەیاڵی سەروومرۆیی لە بۆشایی ئاسماندا، كەس بۆی نییە
خۆی تێھەڵقورتێنێت و ئازادی پەیڕەوكردنی بەرتەسكبكاتەوە، بەڵام كاتێك
ئەم پەیوەندی و ئارەزوومەندییە تاكەكەسییە دەگۆڕدرێت بۆ
ئایدیۆلۆجیایەكی سەروەریی و پاڕاستنی سیستەمە چینایەتییەكە و
لەقاڵبدانی ئازادی و سەربەخۆیی كەسانی دیكە، ناتوانرێت و ناكرێت وەك
پرسێكی كەسیی چاوی لێبكرێت، بەڵكو وەك هەر ئایدیۆلۆجیایەكی
دەسەڵاتخوازانە دژایەتیكردنی ئەركی هەر كەسێكە، كە دڵی بۆ ئازادی و
یەكسانی و دادپەوەریی لێدەدات، بەڵام لێرەدا دەبێت شێوازی ئەو
دژایەتییە ڕۆشنبكرێتەوە، دژایەتی ئایین وەك ئایدیۆلۆجیای دەسەڵات و
سەروەری، نەك دژایەتی تاكی خۆشباوەڕ بە ئایین. ئێمە دەتوانین دژایەتی
ڕێڕەو [مەزهەب] بكەین، بەڵام مافمان نییە ئازادی پەیڕەوكردنی ئایین لە
هیچ كەس بستێنینەوە. هەروەها دژایەتی مەزهەب وەك ئامرازی چەپاندنی
مرۆڤەكان، بە بڕیاردەركردن و سووكایەتی بە سومبولەكان و ڕوخاندنی
پەرستگەكان ناكرێت، بەڵكو بە گێڕانەوەی ویست و خەیاڵی ئازادی بۆ مرۆڤ،
ئایین دەپووكێتەوە و لەم ڕێگەیەوە متمانەی تاكی دەستەمۆ لەدەستدەدات،
ئەویش بە هوشیاربوونەوەی تاك نەك بەناچاركردنی تاك بە وازهێنان یا
سووكایەتی پێكردنی باوەڕەكەی.
كاتێك لە ڕەوتی خەبات و یەكگرتنی كۆمەڵایەتییدا، تاكی چەوساوە توانای
خۆی و پەرجووی ھێزی یەكگرتووی چین و توێژەكەی دەرككرد، ئیدی پێویستیی
ورەیی بۆ ھێزێك لە سەرووی خۆیەوە نییە و ناشبێت. ئەو كات خۆبەخۆ و
ھەنگاو بە ھەنگاو بە ڕادەی ھەڵكشانی ھوشیاریی چینایەتی لە وابەستەیی
ھێزی دەرەكی و خەیاڵكردی سەرووی خۆی ڕزگاریدەبێت، ھوشیاری چینایەتیش،
پرۆسێسێكی سروشتی خەباتی ڕۆژانەیە، كە تاك لە متمانە بەخۆ و بە ھێزی
یەكگرتنی چینەكەی دڵنیا و بڕواداردەكات و لێرەوە دێتەكایەوە، نەك بە
سەپاندنی لەلایەن دەستەبژێرێكەوە.
مهگهر ڕێكخراوه جهماوهرییه ئهنارشۆ سهندیكالیستهكان
جۆرێكی دیكە له ڕێكخراوی پاشكۆ نین؟
نەخێر. چونكە پێش ھەموو شتێك گروپ و ڕێكخراوە ئەناركیستەكان بەخۆیان
ڕێكخراوی ڕامیاریی قوچكەیی (ھیرارشی) و ڕوو لە دەسەڵات نین و گروپە
ئەناركییەكان تەنیا ئۆرگانی ڕاگەیاندن و پاگەندەكردنن و ھیچ ڕۆڵێكی
ڕابەریی و ڕامیارییان نییە. ئامانج لە پێكھێنانی ڕێكخراوگەلێكی
جەماوەری كە ئەناركییەكان ھەوڵیان بۆ دەدەن، ئەوەیە كە لە ڕووی
چینایەتییەوە سەربەخۆ بن و ڕۆڵی میانجیگەری نێوان ئەندامانیان و
دەسەڵات یا ئەندامانیان و خاوەنكار و كۆمپانییەكان نەگێڕن، دووەم
ڕێكخستنی ئاسۆیی ناقوچكەیی (ناھیرارشی)یان ھەبێت، واتە لەسەر بنەمای
فەرماندەر و فەرمانبەر پێكنەھاتبن، سێیەم كاروباری ڕێكخراوەیی و
بڕیاردان و جێبەجێكردن لەسەر بنەمای دێمۆكراتی ڕاستەوخۆ بێت، چوارەم،
شێوازی خەباتییان ڕاستەوخۆ دوور لە بڕیاری بیروكراسییانەی سەركرادیەتی
و ڕەزامەندیی دەسەڵات بێت، بێجگە لەمانە، یەكێكی دیكە لە جیاوازییەكان
ئەوەیە، كە گروپ و ڕێكخراوە ئەناركییەكان، تەنیا ئۆرگانی بڕیاردان و
داواكردن نین، بەڵكو ھاوكات فێرگەیەكن بۆ خەباتی چینایەتی و گێرانەوەی
متمانەبەخۆبوونی تاك و خۆربیركردنەوە و خۆڕێكخستن و خۆجێبەجێكردن بۆ
تاك (ئەندامان/بەشداربووان). ھەموو ئەمانەش ھەوڵێكن بۆ بەرگرتن لە
سەرھەڵدانی بیروكراسی ڕێكخراوەیی، بەرگرتن لە دروستبوونی توێژاڵیكی
ئۆرۆستوكرات لە سەرووی ڕێكخراو و بزووتنەوەكەوە، بەرگرتن لە زاڵبوون و
خۆسەپاندنی كەسانی توانادار و بەرگرتن لە سازشكردن لەتەك دەسەڵات و
كۆمپانییەكان، لە سەرووی ھەموو ئەمانەوە لەنێوبردنی زەمینەكانی پاشكۆیی
و دەستەمۆبوون بۆ پارتەكان و دەسەڵات.
پاشان، بێجگە لەوانەی سەرەوە، ئەنارکۆسەندیکالیزم شێوازی ڕێکخستنە نەك
خودی ڕێکخستن، دەرکی ئەنارکیستەکانە بۆ ڕێکخستنی جەماوەریی بە پشتبەستن
بە ئەزموونەکانی خەبات. سەندیکالیزم پێش سەرهەڵدانی تیئۆری و تێڕوانینی
ئەنارکۆسەندیکالیستی بوونی هەبووە، ئەوەی ئەنارکیستەکان پێی هەستاون،
ئاراستەکردنی خەباتی سەندیالیستی بووە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی
چینایەتی، بەرەو کۆمەڵگەی ناچینایەتی. لەسەر ئەو بنەمایانە
ئەنارکیستەکان ناکەونە لاساییکردنەوەی دەسەڵات و پارت و گروپە
رامیارییەکان، کە چین و توێژە پرۆلیتێرییەکان وەك پاشکۆی خۆیان و لە
چوارچێوەی سنوورەکانی ئایدیۆلۆجیادا ڕێکدەخەن و مۆری دارایی [موڵکیەتی]
خۆیانیان لێدەدەن، نەخێر تەواو بە پێچەوانەوە ئەنارکییەکان هەوڵی
قوتکردنەوەی رێکخراو بەناوی خۆیانەوە نادەن، بەڵکو هەوڵی جێخستنی
شێوازەکانی خەبات و ڕێکخستن و بیرکردنەوەی دژەسەروەرریی لە بزووتنەوە
کۆمەلایەتییەکاندا دەدەن. لەبەرئەوە هەر کات ئەنارکییەکان لە شوێنێك و
سەردەمێکدا بەهۆی کەم ئەزموونییەوە یا لەژێر کارایی دەسەڵاتخوازە بەناو
سۆشیالیستەکان کەوتنە وەها هەڵەیەکەوە، ئەوا بیگومان بێجگە لە
تەواوکاریی نەخشە و ڕامیارییەکانی دەسەڵات و سیستەمە چینایەتییەکە [دژە-شۆڕش]،
هیچ کارێکی دیکە ئەنجامنادەن و دژایەتییکردنیان ئەرکی خەباتکارانەی هەر
شۆڕشگێڕێکە.
ئهگهر ئهنارشیزم دژی نێوهندبوونی دەسەڵات و ڕێكخستن و بهڕێوهبردنه،
ئهی وڵات چۆن ڕێكدهخهن؟
ئهناركیستهكان نهك هەر بەتهنیا دژی نێوهندێتی دەسەڵاتن، بهڵكو
دژی خودی دەسەڵاتیشن. چونكه چهمكی دەسەڵات بهبێ بوونی دوو جهمسهری
دژبهیهكی كۆمهڵگه و سەروەر، واته دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات،
بێواتاترین دهستهواژه له دهربڕینی هزریدا پێكدههێنێت.
كاتێك كە واژەی دەسەڵات دێتەپێشەوە، دەستبەجێ واژەی بێدەسەڵات بە ھۆشی
كەسی ئازادیخوازادا گوزەردەكات و سەرنجیڕادەكێشێت و دایدەچڵەكێنێت.
چونكە ئەوەی تا ئێستاكە ھەبووە و لە ئارادابووە، دەسەڵاتی كەمینە بووە
بەسەر زۆرینەدا، ئیدی ئەو كەمینەیە چەند كۆیلەدار و ئیمپراتۆر و
ئاخایەك بووبن یا چەند ڕامیار و سەرمایەدارێك بووبن، ھیچی لەوە
نەگۆڕیوە، كە دەسەڵاتدارییان لە ئەنجامی نایەكسانی دەسەڵاتدا، كە
بەرھەمی نایەكسانی ئابووریییە، سەریھەڵداوە. لەبەریەوە، ناكرێت و
نادروستیشە كە واژەی دەسەڵات لە جیاتی خۆبەرێوەبەرایەتی و خۆڕێكخستنی
ئازادیخوازانەی كۆمەڵگە، كە لەسەر بنەمای یەكسانی ئابووریی و
دادپەروەریی كۆمەڵایەتی دێتەبوون، بەكاربەرین.
ئەگەر ئێمە خوازیاری كۆمەڵگەی ئازادبین، كەواتە ناچار بە خەبات دژی
ھەموو ئەو پێكھاتانە دەبین، كە كۆمەڵگە لە كۆیلەتیدا ڕادەگرن؛ واتە دژی
ئەو پێكھاتانەی كە سەروەریی كەمینە بەسەر زۆینەوە دەپارێزن و خودی ئەو
سەروەرییە لەسەر بنەمای نایەكسانی تاكەكان لە پێگەی ئابووریی و
كۆمەڵایەتییاندا دێتەئاراوە و ئامانج لە قوتكردنەوەی دەسەڵات [فەرمانداریی
/ دەوڵەت] بەسەر کۆمەڵگەوە، پارێزگارییكردنە لەو نایەكسانییانەی كە
نایەكسانی دەسەڵات لەنێوان گشت تاكەكانی كۆمەڵگەدا دروستدەكەن. وەھا
پێكھاتەیەك، لەخۆیدا بازنەیەكی داخراو، كە تێیدا ڕۆڵ و مافی تاك لە
دەوری چەقی نایەكسانیدا دەسوورێتەوە، پێكدەھێنێت. بەواتایەكی دیكە
نایەكسانی ئابووریی، نایەكسانی كۆمەڵایەتی دروستدەكات و نایەكسانی
كۆمەڵایەتیی، نایەكسانی دەسەڵات دروستدەكات، بە ھەمان شێوە لەو سەرەوە،
دەسەڵات ئامرازێكە بۆ پاڕاستنی نایەكسانی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی، كە
نە نایەكسانی دەسەڵات بەبێ نایەكسانی ئابووریی بوونی دەبێت و نە
نایەكسانی ئابووریی بەبێ نایەكسانی دەسەڵات دەتوانێت دررێژە بە مانەوەی
خۆی بدات و كۆمەڵایەتیی ببێتەوە و بمێنێتەوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ھۆیانەی سەرەوە، تەنیا ئەڵتەرناتیڤێك، كە دەتوانێت
كۆتایی بە نایەكسانییە ئابووریی و كۆمەڵایەتیی و دەسەڵاتییەكان [دەسەڵاتی
دایك و باوك بەسەر منداڵاندا، دەسەڵاتی مامۆستا بەسەر خوێندكاراندا،
دەسەڵاتی بەڕێوەبەر بەسەر فەرمانبەراندا، دەسەڵاتی خاوەنكار بەسەر
كرێكاراندا، دەسەڵاتی زەمیندار بەسەر جوتیاراندا و دەسەڵاتی پیاو بەسەر
ژن و دەسەڵاتی ژن بەسەر پیاودا، دەسەڵاتی پەنادەر بەسەر پەنابەردا]
بھێنێت، یەكەم لەنێوبردنی خودی دەسەڵاتە وەك پێكھاتەیەكی ڕێكخراوی
سەرووخەڵكی، كارێكی ئاواش بەبێ لێدانی بنەماكانی واتە دارایی تایبەتیی
و دەوڵەتیی و كاریكرێگرتە و مێنتالێتی و ڕێسای كولتووریی و پێگەی
كۆمەڵایەتی باڵا و پایین، ئەستەمە. بەم جۆرە دەبینین، بۆ ئەوەی
دەسەڵاتی سەرووخەڵكی كەمینەیەك لەسەر زۆرینە لەنێوبەرین، پێویستە
خۆبەرێوەبەرایەتی گشتی یا ھەمووانی پێشنیاربكەین، بۆ ئەوەی وەھا
خۆبەڕێوەبەرایەتییەكی گشتیی مسۆگەربكەین، پێویستە میكانیزمەكانی
جێگیركردن و پاڕاستنی وەھا خۆبەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی دەستەبەربكەین،
وەھا دەستەبەركردنێكیش بەبێ لێدان و ڕەتكردنەوەی میكانیزم و
ئامرازەكانی دەسەڵاتی سەرووخەڵكی واتە دێمۆكراتیی نوێنەرایەتی [فەرمانڕەوایی
پارلەمانی]، ناتوانێت ببێتە بەشێك لە كەتوار و بنەمای خۆبەڕێوەرایەتی
گشتی؛ كە دواجار ئەوەی كە لە كۆنەوە تائێستا ناسراوبێت و دەركەوتبێت و
پێشتریش ئامراز و میكانیزمی بەرێوەبەرایەتی نادەوڵەتیی بووبێت، تەنیا
دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ [دێمۆكراسیی گەلیی یا ھەمووانەییە]. وەھا
دێمۆكراسییەك وەك میكانیزمی ڕێكخستنی سەرخانی كۆمەڵ، بەبێ بوونی
ژێرخانی تەبا و گونجاو لەتەك بەرێوەبەرایەتی گشتی و كۆمەڵگەی ئازاد،
ئەستەمە خۆی بگرێت. لەبەرئەوە بۆ خۆگرتن و جێكەوتەبوونی ڕێكخەری
سەرخانێك، پێویستمان بە بنەمای ژێرخانیی ھەیە، كە لە ڕەتكردنەوەی پایە
ئابوورییەكانی ژێرخانی دەسەڵاتی سەرووخەڵكیدا دەتوانێت سەرھەڵبدات،
بەواتایەكی دیكە بەبێ ڕەتكردنەوەی دارایی تایبەتی و دەوڵەتیی و
كاریكرێگرتە، ھیچ كات ناتوانین بە بنەماكانی كۆمەڵگەی ئازاد و
سەرخانەكەی [دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ] بگەین، ئەو بنەمایانەش بەرهەمهێنان و
دارایی كۆمەڵایەتیی [گشتی نەك دەوڵەتی]، كاری ئازاد و خۆبەخشانە،
ھەرەوەزیی و كۆمەڵە كشتكاریی و پیشەسازییەكانی گوند و شارن.
بەو جۆرە كاتێك، كە ئێمە لە دەروونی خودی كۆمەڵگە و سیستەمی چینایەتیدا
پایەكانی كۆمەڵگەی داھاتوو [ناچێنایەتی] لە ژیان و خەباتی ڕۆژانەدا
بكەینە بەشێك لە كولتووری چەوساوانی ئازادزیخواز، واتە لە جیاتی ملدان
بە كاری زۆرەملێ و كرێگرتەی سەرمایەداران و دەوڵەت، ھەروەزییە
ھاوبەشەكانی خۆمان پێبھێنین، لە جیاتی پاشڕەویی پارتەكان و ڕیفۆرمی
دەسەڵات، ڕێكخراوە و ڕێكخستنە ئاسۆیی و زنجیرییە جەماوەرییەكانی چین و
توێژە پڕۆڵێتێرەكانمان پێكبھێنین، كاتێك لە جیاتی ژیانی تاكگەرایی
لیبراڵی و ھەرەوەزیی خێڵگەرایی، كۆمونە گشتییە ئازادەكان لەسەر بنەمای
ئازادی تاك و ھەرەوەزیی كۆمەڵ پێكبھێنین، كاتێك لە جیاتی دەنگدان بە
ڕامیاران و ھەڵبژاردنی چەوسێنەرانمان، خۆبەڕێوەبەرایەتی بۆ
ھەروەزییەكان و كۆمونە ئازادەكان و گەڕەك و گوند و شارۆچكەشارەكان
پێكنھێنتن، ئیدی ئەو كات ھەم ڕوخاندنی دەسەڵاتی چێنایەتی ئاسان و شیاوی
وێناكردن و دەرککردنە و ھەم ئەگەرەكانی گەڕانەوەی سیستەمی چینایەتی
وەلادەنرێن و ھەم پێكھێنانی كۆمەڵگەی ئازاد ئاسانترین و بێمەترسیترین
كارێك دەبێت، كە مرۆڤی ئازادیخواز بەبێ دوودڵی دەتوانێت دەستی بۆ بەرێت،
چونكە ئیدی سیستەمی چینایەتی و دەسەڵاتی سەرووخەڵكی و سەرمایەداری،
بەشێك نابن لە مێنتالیتی و شێوەژیان و كولتووری خەڵك، بەڵكو بوونێكی
ناكۆك و لاوەكیان لە كۆمەڵگەدا دەبێت، وەك بوونی سیستەم و كاركردی
فیئۆداڵی لە بەرەبەیانی سیستەمی بۆرجوازییدا.
لە وەھا كۆمەڵگەیەكدا ھیچ پێداویستی بە نێوندی ڕێكخستن و بەڕێوەبردن و
بڕیاردان نابێت، چونكە تاكی ئازاد و ھەرەوەزیكار، بۆ ھەستان بە ئەركی
سەرشانی بەرامبەر ھاونیشنگەكانی ھیچ پێویستی بە فەرمانی كەسانی سەرووی
خۆی و دەسەڵاتی نێوند نییە و خۆبەخۆ و خۆبەخشانە كار و فەرمانی
كۆمەڵایەتیی وەك ڕێسایەكی كولتووریی بنەمای ڕۆشنبیریی پێكدەھێنێت.
لێرەوە ئیدی پێویستی نێوەندگەرایی ڕێكخستن و بەرھەمھێنان و دابەشكردن و
بەرێوەبردن نامێنێت و تاكەكان لە كۆمیونیتییەكاندا ھاریكار و پشتیوانی
یەكدی دەبن و كۆمیونیتییەكان ھاریكار و پشتیوانی یەكدی و كیشوەرەكانش
تا دەكاتە ئاستی كۆمەڵگەی جیھانی ئازاد.
__________________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey1.htm
ماڵپهڕی ههژێن
|