په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

(نۆمانکلاتۆر)ەکەی بەختیار عەلی!

  سه‌لام عه‌بدوڵا   


(ناوی یەک کەس لەو چینە ئەرستۆکراتییە تازەیە بەخراپە بە بەیانی لە دادگا خۆت دەبینیتەوە)!
سەردێڕی ئەم وتارە بە وشەیەکی بە هەڵەبەکارهێنراوی بەختیار بڵاودەکەمه‌وە و وشەکە بەم شێوەیە دەنووسرێ(نۆمنکلاتورا-nomenklatuerو لە پەیڤینیشدا دەگوترێ: نۆمنکلاتوە)دەنووسرێت؛ کۆنزەرڤاتیڤەکان هەڵەیە و بەم جۆرە دەنووسرێ(کۆنزێرڤەتیف)؛ (دونیا)هەڵەیە و دنیا دروستە؛ (مساوەمە)هەڵەیە و (موساوەمە) درووستە. چاکتر وایە ئەم برادەرە دەست لە بەهەڵە بەکارهێنانی وشەی لاتینی و ئەڵمانی هەڵبگرێت، چونکە زۆربەیانی بە هەڵە نووسیوەو پێشووتر لەچەند نووسینێکمدا دانەبەدانەیانم راستکردووە، بەو ئومیدەوە خوێندکاران بەهەڵە بەکاریانەهێنن.
خۆزگا هەڵەکەی بەختیار هەر ئەوەندە بوایە، بەڵام هەرجارێک بابەتێکی بخوێنم، بە دەیان و سەددان هەڵەی پڕ سەیروسەمەر و جەواشەکاری دەبینم و مرۆڤ ناتوانێ لەئاستیاندا بێدەنگ ببێت:
1- بەختیار دەنووسێ: (ناوی یەک کەس لەو چینە ئەرستۆکراتییە تازە بەخراپە بە بەیانی لە دادگا خۆت دەبینیتەوە یان بە رۆژی نیوەڕۆ دەتڕفێنن)!
ئەمە راست نییەو ئەوەی تۆزێک ویژدانی هەبێت بەچاوی خۆی دەبینی چۆن راستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە رۆژنامە، تەلەفزیون و رادیوکان، نەک هەر بە خراپە، بەڵکو هەندێ جاریش بە زیادرۆییش ناوی ئەو چینە ئەرستۆکراتییە دەهێنرێت بەبێ ئەوەی بدرێن بە دادگاو ئەگەر رەخنەگرێک درابێتە دادگا، ئەوا گەرچی پێم باشە کێشەی (قەڵەم بە قەڵم) چارەسەربکرێت، بەڵام لە وەڵاتانی وەک ئەڵمانیا کە خاوەن نزیکەی50ساڵی ئەزموونی دیموکراسییە، بە بەردەوام نووسەر و خاوەن ئیمتیازی رۆژنامە و گۆڤارەکان دەدرێنە دادگا((بەختیار دەتوانێ لەم بارەیەوە پرسیار لە گۆڤاری تیتانیک، کتێبخانەی جۆرجی دیمیترۆڤ لە فرانگفۆرت- و زۆربەی کتێبخانە چەپەکانی ئەڵمانیا-و تەنانەت لە رۆژنامەی بیڵد بکات، چەندین جار رووبەڕووی دادگاکان بوونەتەوە و سزای جۆراوجۆر دراون. لە کوردستانیش، بۆ نموونە من مافی رەوای خۆمە، یەکێک وەک مەحمود قەرەداغی لەبەر ئەو تەشهیرو سوکایەتیپێکردنە کە لە کتێبەکەی بە من دەیکا، بدەم بەدادگا، بەڵام من قەڵەمەکەم پشتوپەنامەو بەهەموو دادگاو یاساکانی دنیا نایگۆڕمەوەو ئەگەر جارێکی تر من و کاک مەحمود رووبەڕووی هەمان بارودۆخی زیندان بووینەوە، ئەوا بێگومان هەر وەکو جاران بەهەمان هەڵویست و رەوشت، رەفتاری لەگەڵ دەکەمەوە.
2- بەختیار دەنووسێ: (...گەنجان گلەییان لەوە هەیە کۆمەڵگا کۆمەکی خێرایان پێناکات و یارمەتیان نادات زوو ببن بە پیاوو گەورە ببن.)
بەختیار بەخۆی لە وەڵاتێکی ئۆروپی دەژێ و دەبێ بزانێ لەوێ حکومەت، بۆ نموونە(بەڕێوبەرایەتی لاوان)ی دامەزراندووە و بە هەزاران پسپۆڕی بوارە جۆربەجۆرەکانی بۆ لاوان دامەزراندووە یان بە رێگای(بەڕێوبەرایەتی کار)ەوە کۆڕو خوول بۆ گەشەپێدان و گەڕان بۆ کارکردن رێکدەخەن و حزب و کڵێساکان لە هەموو بوارێکداو بەشێوەی جۆراوجۆر کۆمەک بە لاوان دەکەن. چاوەڕوانی لاوان لە کۆمەڵگا مەسەلەیەکی تایبەتمەند نییە بە کۆمەڵگایەکی رۆژهەڵاتی یان رۆژئاوایی و بەڕاستی حکومەت و کۆمەڵگا بەگشتی دەبێ لەبەرامبەر لاوان بە کچ و گوڕ لە ئاستی بەرپرسیارییەتی بن!

3-بەختیار: (حزب ئێستا وشەیەکی بێمانایە هەموومان بەکاریدەهێنین ، چونکە بوونی راستەقینەی نەماوە تا کەس لێی بترسێت)
بەختیار لە ئەڵمانیا دەژێ و حکومەتەکەی لەلاین حزبێک یان هاوپەیمانی چەند حزبێکدا بەڕێوەدەچێ و تا سەرئێسقان کۆمەڵگایەکی حزبییەو ئەگەر بەختیار لەبری ئەو بۆچوونه‌ سەقەت و بێ بنەمایە، تۆزێ خۆی ماندوو بکات، ئەوا بەدڵنیاییەوە ناتوانێ ناوی ئەو هەموو حزب، گروپ، کۆمەڵە و رێکخراوانەت بۆ ریزبکات!
ئایا بەختیار دەتوانێ تەنها نموونەیەکمان بۆ بهێنێت لەبارەی کۆمەڵگایەکی ئەم جیهانە بەرفراوانە، تێیدا حزب وەک پارێزەر یان دەربڕی بەرژەوەندی ئابووری، رۆڵی سەرەکی نەبێ؟! من دڵم بۆ"مێگۆلکەکانی-ئەم وشە قیزەوەنە لە ئەقڵی مامۆستاکانی بەختیار و خۆی بە قەرز وەرگرتووە "ئوستاد دەسووتێ کە بڕوا بەو نەزانین و کۆڵه‌وارییه‌  دەکەن.

4- مامۆستا دەنووسێ: (حیزب ئێستا تەنیا خزمەتکارە، سوپایەکی یەدەک و هەڵگیراوە بۆ رۆژی تەنگانە، دەمامکێکی سیاسییە بۆ نوخبەیەک کە زۆر بەخێرایی لە سیاسەت دووردەکەونەوە. بوونی حزب ئێستا بوونێکی رەمزییە...)
حیزب؟! کام حزب؟ هەموویان؟!
ئەو سێ پرسیارە پووچەڵی ناوەڕۆکی رستە بێتام و لەزەت و خڕفانەی مامۆستا دەردەخات و لەوەش زیاتر بە گشتگیرکردنی وشەی حزب،سه‌رلێشێواوتر ده‌بێ ، ئەوجا بزانن لەبەردەم چ گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌کی عه‌نتیکه‌ راوەستاوین. هەر حزبێک لاگیری لە بەرنامەو پڕۆژەو چین و توێژێکی دیاریکراو دەکات و بەکردەوە فەزای ژیانی رۆژگارمانی داگیرکردووە، بۆیە حزب بوونێکی رەمزی نییە و (بەختیار عه‌لی)ش !
5-ئوستاد فێرماندەکات کە: (پڕۆژەی گۆڕینی مرۆڤی کورد بۆ کۆیلە، پڕۆژەیەکی ترسناکی هەموو کۆنزەرڤاتیڤەکانی ئەم ناوچەیەیە، لە رۆحی خۆرهەڵاتەوە هاتووەتەدەرێ.).
سیاسەتی داگیرکردنی وەڵاتان لە روحی کەڵەکەکردنی سەرمایەدایەو ئەمەش پەوەندی بە"روحی رۆژهەڵات یان رۆژئاوا"وە نییەو ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە، دەبینین داگیرکردنی زەوی و زاری خێڵ، ناوچەو هەرێم و وەڵاتانیتر ئەنجامدراوە.
6- کاک بەختیار فرەبێژییەکی بێوێنە دەکات کاتێ لە وەڵامی پرسیارەکان، بانگەشە بۆ(ئازادکردنی مرۆڤی کورد و گەنجی کورد)دەکات! سەیرکەن و فێری ئەم دەربگرینە ببن((مرۆڤی کورد و گەنجی کورد))! دوو رۆژنامەنووسەکەی لیڤین و ئاسۆ(یاسین عومەر و هێمن باقر)زەحمەتی ئەوەش ناکێشن پرسیار لە نهێنی و مانای(مرۆڤی کورد و گەنجی کورد)ەکەی بەختیار بکەن تا"دەوڵەمەنتر"ببین.
7- بەختیار باسی((مرۆڤی کوردی ئازاد و کوردستانێکی دیموکرات)دەکات!
ئایا ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئەسپانیاو ئیتالیایەکی دیموکرات، مرۆڤەکانیان بە ئازادی دەژێن؟! ئەگەر وا بێت ئەدی ئەو هەموو ناڕەزایی دەربڕینە لە دژی فاشیزم، بێکاری، سێکسیزم، دیپۆرتاتسیونی زۆرەملێی پەنابەران، سۆزانچێتی، پیاوسالاری، کوشتن و زەوتکردنی ژنان و منداڵان، داگیرکردن و ملیتاریزم لەسەر ئاستی جیهان و چەوساندنەوەی چینایەتییە بۆ ئەنجامدەدرێ؟! بەختیار کوردستانێکی دیموکرات و مرۆڤێکی ئازادی دەوێ، بە پەرلەمانێکی ناحزبی(!)و ئەو ئازادییە کە بانگەشەی بۆ دەکات هەر ئازادی بازاڕی ئازاد و لیبڕالیستەیە کە لەگەل سەرکەوتنی دەسەڵاتی سەرمایەداری بە ئاگرو ئاسن پەیڕەودەکرێ...بۆچوونەکەی چەند کۆن و سواو گاڵتەجاڕییەو ئەوجا چەند خوڕافییە!
گەرچی بەختیار سیاسی نییەو دوورە لە تێڕوانینی حزبیانە، بەڵام خەم بۆ(رۆحی نەتەوە)دەخوات و دەیەوێت(ستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوەوە)ش لەناو ببات!
پرسیارەکە ئەمەیە: هەموو باس لە لەناوبردنی ستەمی کۆمەڵایەتی دەکەن، بەڵام لەسەر بنەمای چ ئابوورییەک؟ سامانی کوردستان چۆن بەرهەمبهێنرێت و دابەشبکرێت؟ مانای ئازادی مرۆڤ چییە؟ مرۆڤ چەند کاتژمێر کاربکات؟ چی بە زمانی پیاوسالاری بکەین؟...هتد و لەدواییشدا پرسیار دەکەم ئەگەر ئازادی بەمانا کۆمونیستییەکەی واتە(لەناوبردنی کۆمەڵگای چینایەتی)، ئەدی ئازادی بەمانا بەختیارییەکەی چییە؟!
بۆچوونەکانی بەختیار عەلی قسەوباسی زۆر هەڵدەگرێ و ئەو جۆرە خیتابە نموونەیەکە بۆ شکستی خاوەن جۆرە تێفکرینێک کە پێیان وایە بۆچوونێکی هاوچەرخیان داهێناوەو ئەڵتەرناتیڤێک بۆ بیروبۆچوونی کۆمونیزم پێشکەش دەکەن، بەڵام کە مرۆڤ دەیانخوێنێت، دەردەکەوێت کە ئەوانە کەسانی بێبڕستن و لەناو بازنەی  نه‌زانیی و بێهوده‌یی دەسووڕێنەوە...


26/11/2007
dwaroj@yahoo.de