په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠١٠

ئۆسکار و بوتڵە خوێناوییەکان.


نەوزاد شێردڵ  

(من لە مێرد منداڵییەوە ، ئێرەیی بە مافە جوانەکانی ئێوە دەبەم ، ئەی ئاژەڵ و پەلەوەرە بەختەوەرەکان !!).


ساڵانێکی زۆر ، بینینی ناو هۆڵیوودم وەک ئاکتەرێک ، بە خەونێکی مەحاڵ دەزانی ، چ جای بردنەوەی ئەم خەڵاتی ئۆسکارەی ناو دەستم ؟! ، سەرەتا کە پێم نایە سەر کارپێتە سوورەکە ، هەموو هۆشم لای دایکم بوو ، دەمپرسی :- تۆ بڵێ ی ئێستا ڕاستەوخۆ ، لە سەر شاشەی تیڤی یە کۆنەکەمانەوە ئەم خەڵاتە ببینێت ، کە بە نیازم بیکەمە دیاریی ئەو ؟! ، بەڵێ ئەوە من بووم هەر لە مێرد منداڵییەوە دەمگووت :- ئەگەر تاقە گەنجێکی کورد هەبێت و ، بتوانێت خەڵاتی ئۆسکار بۆ کوردوستانەکەی بهێنێتەوە ، هەر تەنها منم و بەس ! ، پێیەکم لەسەر کارپێتەکە و ، فلاشی کامێراکانیش لە سناپی تریسکە وەشاندندا بوون ، بەر لەوەی بچمە ناو هۆڵی پێش بڕکێکانیشەوە ، داوام لە سەر پەرشتیاران کرد ، کە لە نێوان ئاڵپۆچینۆ و ڕۆبێرت دی نیرۆدا دابنیشم ، هەرواش دەرچوو ، کەرنەڤاڵی ئامادە باش سەر ستەیجەکەی کردە چراخان ، ئەوە سێهەم جاری دەست نیشان کردنی من بوو ، لە لایەن ئەکادیمای باڵای هۆڵیوودەوە ، هەردوو ئاکتەری گەنج ، جۆرج کلوونیی و نیکۆل کیدمان ناوی من و ، چوار ئاکتەری تریان لەو پێش بڕکێیەدا خوێندەوە ، - ویڵ سمیس ، جۆنی دیپ ، تۆم کرووز ، براد پیت - ، هەڵبەت هیچ گوومانێکم لەسەر کەووتنی خۆم نەبوو ، دیسان هەرواش دەرچوو ، لەوێ جاک نیکڵسۆن خەڵاتی ئۆسکارەکەی دامێ و ، دوای سوپاس و ستایشی ستافی فیلمەکەمان ، بە ناوی - من کێم و لە کوێم ؟ - ، لە ناو ئاپۆڕەی چەپڵە ڕێزان دا گەڕامەوە جێگەکەی خۆم.
                                          *   *   *
کاتێک بە هۆش خۆم هاتمەوە ، بە سەرێکی گێژ و کاسەوە پرسیم :- من کێم و لە کوێم ؟! ، ئەفسەرێکی ڕەزا تاڵ ، بووتڵێکی شووشەی خوێناوی ، بە قەوارەی پەیکەری ئۆسکارەکە نیشان دام ، ئەو بە گاڵتە جاڕییەوە پێی ووتم :- بەخێر هاتی بۆ هۆڵی زیندانی ، قەزای مەیموونە لە شاری عەممارە ، لە زەمینەی زیندانەکەم ڕووانیی ، کارپێتی سوور نەزیفی پاشەڵی خوێناویم بوو ، تریسکە فلاشی کامێراکانیش ، تەزووی کارەبای ئەو دوو ڕایەڵە بوون ، کە جەمسەرێکیان بە سنگمەوە و ، ئەڵقەی ئەوی تریشیان ، بە ئەندامێکی هەستیاری جەستەمەوە بەسترابوون ، :- ( سە .. باب ی دایک قە ... ) ، ئێمە حزب و دەوڵەت لە جەنگی پاراستنی ، دەرگای خۆرهەڵاتی ئوومەداین ، تۆش بێ ئەوەی خزمەتی سەربازی بکەیت ، بە جانتایەک پڕ مەیلی هۆڵیوودەوە ، بە نیازیت سنووری ووڵات ببڕیت ؟! ، ئەگەرچی من هەرگیز ئەو قەزا و شارەم نەبینیبوو ، بەڵام بە ناو بردنی دایک و باوکم زۆر گەشامەوە ، بە پەرۆشەوە لێم پرسی :- داخۆ ناونیشانی قاپیی ماڵمان و ، ڕووخساری ئەو دوو کەسە دەزانیت ؟! هەڵبەتە سەرەتا ئەو پرسیارەی منی ، بە جۆرێک لە خۆ دزینەوە ، لە زانیارییەکان مەزەندە کرد ، بۆیە تاکوو لە تووانایدا بوو ، بە کێبڵە قوورسەکەی دەستی ، سەری کاسمی شەڵاڵی خوێن کرد.
                                          *   *   *
لیۆناردۆ دیکاپریۆ ی ئاکتەر ، کە لە پشتمەوە ، لە نزیک - مات دامۆن - دانیشتبوو ، دوای پیرۆز بایی ئۆسکارەکەم ، پێی گووتم :- سیناریۆی ئەو فیلمەتانم زۆر لا پەسەندە ، ستاتیکا و فانتازیای - من کێم و لە کوێم ؟! - ، جگە لە نەزانینی کات و شوێنی ڕووداوەکان ، لە بەرانبەریشدا بۆ هەموو زەمەن و ناوچەیەک دەگوونجێت ، نووسینی کێیە ؟! ، پێم گووت :- داستانێکە ، لە بری هەموو دانیشتوانی ئەم گۆی زەوییە ، چل و پێنج ملیۆن کەس نوسیوویانە !! ، - مات - کە هەستی کرد ، زۆر شپرزەی کۆتایی هاتنی ئاهەنگەکەم ، تاکوو چی زوو ترە ئۆسکارەکە بگەیەنمە دایکم ، بە پەنجەکانی دەستی کەمێک ئاوی پرژاندە سەر ڕووخسارم.
                                          *   *   *
ئەمجارەش کە بە ئاگا هاتمەوە ، هەموو جەستەم تەڕ و ، سەربازێک بە سەتڵێکی بەتاڵەوە ، لە سەر سەرم ڕاوەستابوو، ئەفسەرەکە هێوورانە دەدووا :- بە پێی ڕاپۆرتی موختارەکان ، ئاژەڵ و پەلەوەرەکان ، موعتەمیدەکان ، شەقام و کۆڵانەکان هتد .. ، دەڵێن هەر لە ئەزەلەوە ، ناو و ناو نیشانی تۆ بوونی نیە ، هەندێک دەڵێن چوون - چپسی - یەکانی ڕۆمانیا ، قەرەج زادەیت ، زۆرینەیەکی تریش دەڵێن ، هەر لە چەرخی بەردینەوە پێناسەیەکت شک نەبردووە ، لەوێ پەنجەرەیەکی شکاو ، پەیامی کڕێوەیەکی سەختی ئەدا بە گوێمدا ، ووڕێنەکانم لە چاو هەندێک درووشمی ئایدیۆلۆژیدا ، لووتکەی فەلسەفە بوون ، موزەمیدێکی سەروو پەنجا ساڵەی ڕەبەن ، غافڵە شرینقەیەکی نەرمی لێدام ، ئاخر دەیانگووت ، منی تەمەن شانزە ساڵ ، بە بێ ئەو شرینقە کلتوور کەنداوییانە ، مەحاڵە بگەمە کەماڵی ، ئۆسکارە خوێناویەکان.

                                          *   *   *

ئاڵپۆچینۆ دەستی خستە سەر شانم :- ئێستا دوای ئەم نزیکی شەش کاتژمێرە ، ئاهەنگ کۆتایی هات و ، دەتوانیت بە پەلە ، ئەو دیارییە بگەیەنیتە دایکت ، ئەفسەرەکەش دوای نزیکی شەش مانگ ، دەستی خستە سەر شانم :- سەرۆک کۆمار لێبووردنی گشتیی داوە ، خۆت ئامادە بکە تۆ ئازادیت ، هەڵبەت دڵنیاش بوو ، ڕێ تەی کردنێکی نابەڵەدانە ، هەست زامدارانە ، سوبحدەم بۆ زەردەپەڕی بیابان ، ئاکام هەر فەوتانە ، پێم وا بێت ئەو پرسەی درکاند :- داخۆ کەسێ شک دەبەیت ، ڕووی تێ بکەیت ؟! ، سەرەتا وویستم ئەو ڕاستی یە بڵێم :- نەخێر ، لە ووڵاتی زێدی خۆشمدا ، هەروەک حاڵ و وادەی ، نووسینی ئەم دێڕانە ، نە کەس ، نە کار ، نە حەوشە و قاپی ماڵ ، نە جێ و ڕێ ، نە پشت و پەنا ، نە بستێک سەبووریی ، نە قوولانجێک دڵدانەوە .. ، هتد .. هەموو چوون و شکیان نابەم ، بەڵام کاتێک هاوشان بە دەنگی ، ڕۆحیانەتی گۆرکی :- مرۆڤ شایانی ڕێزە ، نەک بەزەیی ، هەر هاودەنگ کە لە پانتایی ، فەزای ئەو ئاسمانە دوورە دەستەشدا ، ئاووڕی بێچووە مەلی ، ناو چەند پۆلێکی کۆچەریم بینی ، ئیتر منیش جووتە باڵی ، هەوڵی فڕینم دا بە یەکدا و ، هیچم نەووت.


(بەڵێ من لە مێرد منداڵییەوە ، ئێرەیی بە مافە جوانەکانی ئێوە دەبەم ، ئەی ئاژەڵ و پەلەوەرە بەختەوەرەکان).

 

ئامریکای باکوور

ماڵپه‌ڕی نه‌وزاد شێردڵ