پاڵه‌وانی ڕاسته‌قینه و فس فس پاڵه‌وان. هه‌وڵێک بۆ په‌شیمانکردنه‌وه‌ی (ڕێبین هه‌ردی) له نووسینێک به‌ناوی (ئه‌و هه‌موو ده‌به‌نگیه چیه؟ وه‌لآمێک بۆ فس فس پاڵه‌وانه‌که‌ی ده‌رهێنه‌ری ئاریا).
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
(ڕێبین هه‌ردی) یه‌کێک بووه له‌و نووسه‌رانه‌ی، که زۆر جدییانه له‌ناو ئه‌ده‌ب و فیکری ئێمه‌دا هه‌وڵی تێکشکاندنی پایه‌کانی (پاڵه‌وان)یان داوه. ئه‌گه‌ر (پاڵه‌وان)ی ئه‌گریکی ئه‌و که‌سه بوو، که ده‌بوایه په‌یڕه‌وی بێچه‌ندوچوونی فه‌رمان و فه‌رمووده‌کانی خواوه‌ند بکات، وه‌کو ئه‌وه‌ی (سیزیف) کردی، ئه‌وه (پاڵه‌وان)ی ستانداردی ئێمه له‌پێناو ئه‌وه‌ی نه‌بێته (فس فس پاڵه‌وان)، ده‌بێت په‌یڕه‌وه‌ی فه‌رمان و فه‌رمووده‌کانی ئایدۆلۆژیا بکات. (ڕێبین هه‌ردی) وه‌کو یه‌کێک له نووسه‌ره جدییه‌کانی دوای ڕاپه‌ڕین و وه‌کو ئه‌ندامێکی (ڕه‌هه‌ند) ئیعتیباری بۆ (فس فس پاڵه‌وان) دروست کرد. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له ناوی (فس فس پاڵه‌وان) بده‌ین، ئه‌وه به‌ئاسانی له‌وه تێده‌گه‌ین، که ناوێکه له ده‌ره‌وه‌ی زمانی ستانداردی ئێمه. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ی ده‌توانێت یاده‌وه‌رییه‌کی جوان بۆ ناوه‌کان دروست بکات. واته ناوێکه له‌گه‌ڵ قێزکردنه‌وه و نه‌فره‌تکردندا نه‌بێت، ناتوانێت ده‌ربکه‌وێت. به مانایه‌کی دیکه (فس فس پاڵه‌وان) وه‌کو ئه‌نتۆنیمێک له‌به‌رامبه‌ر (پاڵه‌وانی ڕاسته‌قینه)دا، قوربانیی ده‌سته‌لآتی ناولێنانه. ئه‌و ده‌سته‌لآته‌ش له‌سه‌ر هه‌ردوو پایه‌ی ئیکۆنۆمی و کۆمه‌لآیه‌تی وه‌ستاوه. له بیرمانه به‌عس تاکه سه‌رچاوه‌یه‌ک بوو، که ده‌یتوانی ئه‌و دوو ناوه له تاکه‌کان بنێت. (پاڵه‌وانی ڕاسته‌قینه) ئه‌وانه بوون، که له زنجیره شه‌ڕه‌کاندا گیانی خۆیان فیدای دیکتاتۆر ده‌کرد، به‌لآم (فس فس پاڵه‌وان) ئه‌و که‌سه بوو، که ئه‌و گیانه فیداکارییه‌ی تێدا نه‌بوو. بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداریی کوردییش خۆی جۆرێک له ده‌سته‌لآتی ناولێنانی هه‌بووه. چ ئه‌ده‌بیاتی به‌رگریی شاخ و چ ه‌ی کوردایه‌تیی ناو شاره‌کانیش پڕن له وشه‌گه‌لی (ئازا)، (جوامێر)، (چه‌له‌نگ) و (پاک) له‌به‌رامبه‌ر وشه‌گه‌لی وه‌ک (ترسنۆک)، (ناجوامێر)، (ده‌سته‌پاچه) و (ناپاک)دا. ناوی (پێشمه‌رگه)ش وه‌کو که‌سێکی قاره‌مان و گیانفیدا خۆی له‌ناو ئه‌و سیسته‌می ناولێنانه‌وه چاوی هه‌ڵهێناوه. هه‌ر له‌ناو ئه‌و ئه‌ده‌به‌دا به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ڕووبه‌ڕووی ناوی (فس فس پاڵه‌وان) ده‌بینه‌وه. (پاڵه‌وانی ڕاسته‌قینه) پشتبه‌سته به هێزێکی کۆمه‌لآیه‌تیی گه‌وره‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه (فس فس پاڵه‌وان) که‌سێکه ته‌نیا و په‌راوێزخراو. که‌سێکه قوربانیی مه‌یلی ئیندیڤیدوالیزمه. (پاڵه‌وان) یاخود (قاره‌مان) ئاوه‌ڵناوێکه بۆ پیاوی ئازا و چه‌له‌نگ، بۆیه ئه‌و ئاوه‌ڵناوه نه‌ک هه‌ر ناخرێته دوای ناوی ژنه‌وه، به‌ڵکو به‌ر هه‌موو پیاوێکیش ناکه‌وێت. یه‌کێک له‌و سیفه‌تانه‌ی (فس فس پاڵه‌وان)ی پێده‌ناسرێته‌وه، ئه‌وه‌یه له‌شێوه‌ی گروپ ده‌رناکه‌وێت. تا ئێستا نه حزبێک و نه ڕێکخراو و نه سه‌ندیکایه‌ک هه‌بووه به‌ناوی (فس فس پاڵه‌وان)ه‌کان. هه‌ر بۆیه هێرشی (پاڵه‌وان) بۆ سه‌ر (فس فس پاڵه‌وان) هێرشێکی کۆمه‌لآیه‌تییه بۆ سه‌ر تاکێک، چونکه (فس فس پاڵه‌وان) جۆگرافیایه‌کی ته‌سکی هه‌یه. به مانایه‌کی دیکه جۆگرافیای (فس فس پاڵه‌وان) ته‌نها ناخی خۆیه‌تی. لای ئێمه کاتێک ده‌وترێت (فس فس پاڵه‌وان)، ئه‌وه ڕێک به مانا دژه‌که‌ی ده‌وترێت، که (قاره‌مان Champion)ه. (قاره‌مان)یش له فا‌نتازیای ئێمه‌دا ئه‌و ئێندیتییه‌یه، که توانایه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه له نواندنی موعجیزه‌دا، بۆیه ده‌بێت جیای بکه‌ینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و (پاڵه‌وان)ه‌ی، که ئێمه له‌جیاتی وشه‌ی (کاره‌کته‌ر) له ئه‌ده‌بدا به‌کارمانهێناوه. له زمانه‌کانی دیکه‌شدا (پاڵه‌وان) هه‌مان ئه‌و دوو مانایه‌ی هه‌یه. (هیگڵ) کاتێک به (دیکارت) ده‌ڵێت (پاڵه‌وان)، له‌به‌رئه‌وه نییه، که (دیکارت) ده‌یتوانی شه‌ڕه‌شمشێر بکات و به‌گژ دێ‌و و ئه‌ژدیهادا بچێت، له کاتێکدا (دیکارت) ڕێک به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه بوو. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک به ترسنۆک ناویان ده‌برد، که نه‌یده‌وێرا بیرۆکه‌کانی خۆی زۆر به‌ئاشکرا له فه‌ڕه‌نسا ده‌ربڕێت و ڕووی له هۆڵه‌ندا کرد. مه‌به‌ستی (هیگڵ) ته‌نها ئه‌وه‌یه، که (دیکارت) له توانایدا بوو خۆی به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو گومانه‌ی ناو سه‌ری بگرێت، که به‌هۆیانه‌وه وای هه‌ستده‌کرد له‌م دنیایه تاق و ته‌نیایه.
ئێمه له‌م نووسینه‌ماندا چیی‌تر ناوی (فس فس پاڵه‌وان) به‌کارناهێنین، به‌ڵکو بۆ ناوه ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێینه‌وه، که ئه‌ویش (ئه‌نتی هێرۆ Antihero)یه. ئه‌گه‌رچی له زمانه‌کانی دیکه‌دا زیاتر له مانایه‌کی هه‌یه و ڕه‌نگه سه‌د له سه‌د مه‌به‌سته‌که‌ی ئێمه نه‌گه‌یه‌نێت، به‌لآم ئێمه ته‌نها گه‌ره‌کمانه له به‌رامبه‌ر (پاڵه‌وان = هێرۆ Hero)دا به‌کاریبهێنین. هاوکات ئاماژه به‌و پارادۆکسه ده‌ده‌ین، که له زمانی کوردییدا هه‌یه، به‌وه‌ی (هێرۆ) ناوێک بووه بۆ ژن، نه‌وه‌ک بۆ پیاو. دیاره به که‌مێک جیاوازی له‌نێوان ده‌نگی (ی) له هه‌ردووکیاندا. که‌واته ئێمه مه‌به‌ستمان له (هێرۆ)، مانای (قاره‌مان)ه، نه‌وه‌ک گوڵی هێرۆ. (ئه‌نتی هێرۆ) له‌ناو ئه‌ده‌ب و فیکری ئێمه‌دا هه‌میشه به شه‌رمنی، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم به قاچاغ، له‌شێوه‌ی ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می تاکدا ده‌رکه‌وتووه. ئه‌و ڕاناوه‌ی به‌درێژاییی نووسینی ئێمه له‌لایه‌ن ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می کۆوه هێرشی کراوه‌ته سه‌ر و له‌ناو زمان و مێژووماندا به‌ده‌رنراوه. ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می کۆ، که ڕاناوی (هێرۆ)یه، به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ده‌سته‌لآتی خێڵ و ئایدۆلۆژیاوه پشتگیریی لێکراوه. (ڕێبین هه‌ردی) وه‌کو نووسه‌رانی دیکه‌ی (ڕه‌هه‌ند) و هه‌ندێک له نووسه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی (ڕه‌هه‌ند)یش له‌به‌رامبه‌ر ده‌سته‌لآتی ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می کۆدا پشتگیری له ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می تاک کردووه. ئه‌و ڕاناوه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و نووسه‌ره جدییانه‌ی ئێمه، که بێگومان (هه‌ردی) یه‌کێکه له‌وانه، توانیویه‌تی به‌درێژاییی ئه‌و شانزده ساڵه‌ی رابردوو زیاتر له‌پێشوو له نووسینماندا ره‌نگبداته‌وه. پێوه‌ندییه‌کی توندوتۆڵ له‌نێوان (هێرۆ) له‌سه‌ر ئاستی سویمبول و (باوک) له‌سه‌ر ئاستی واقیعدا هه‌یه. هه‌موو هه‌وڵێکی (هێرۆ) ئه‌وه‌یه له ڕێگای پاڵه‌وانبازێتییه‌کانیه‌وه (Heroic) بگاته ئاستی که‌ماڵ (Perfection)، هه‌تا خۆی له هه‌موو ڕه‌خنه و سه‌رزه‌نشتێکی نه‌وه‌کانی به‌دوور بگرێت، به‌پێچه‌وانه‌ی (ئه‌نتی هێرۆ)وه، که ده‌یه‌وێت توانای خۆی به ئاڕاسته‌یه‌کی ته‌واو جیاوازدا ببات. (دۆنکیخۆته)ی (سێرڤانتس) هه‌ر ئه‌وه نییه یه‌که‌مین ڕۆمان بێت له‌ڕووی مێژوییه‌وه، به‌ڵکو ئه‌و کاره‌کته‌ره هه‌وڵی یه‌که‌میشی ئه‌وه‌یه هه‌موو سیفه‌ته‌کانی (هێرۆ) له خۆی داماڵێت، که پێشتر کاره‌کته‌ری ستانداردی ناو ئه‌فسانه‌کانی پێده‌ناسرانه‌وه. به ده‌ربڕینێکی دیکه چیی‌تر مه‌رگ لای (دۆنکیخۆته) مانایه‌کی قه‌ده‌ریی نییه، که (هێرۆ) له سه‌رده‌می ئه‌گریگه‌وه هه‌تا ده‌گاته (هاملێت)ی (شه‌کسپێر)یش له مه‌سه‌له‌ی کوشتنی مامیدا، خۆی داوه‌ته ده‌ستی. له زمانی سیاسه‌تیشدا، که ئایدۆلۆژیا سه‌رچاوه‌که‌یه‌تی، (دۆنکیخۆته)، یان (دۆن‌کیشۆت) له‌گه‌ڵ (فس فس پاڵه‌وان) هاوواتایه و ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ی (فس فس پاڵه‌وان) وه‌کو سویمبولێکی نێگه‌تیڤ به‌کارهاتووه. کاره‌کته‌ره‌کانی (فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی)، (جه‌یمس جۆیس)، (فرانز کافکا)، (ئه‌لبێر کامۆ) و (ساموێل بیکێت) چه‌ند (ئه‌نتی هێرۆ)یه‌کن، که ده‌یانه‌وێت له‌ناو ناخی خۆیاندا، دوور له گرووپه‌کان، به‌دوای پرسیاره‌کانی هێمنی و ژیان و میتافیزیکادا بگه‌ڕێن. ئه‌وه له‌کاتێکدا (هێرۆ) ته‌نها له‌گه‌ڵ (هێرۆ)کانی دیکه و له‌ناو ڕووداوه کۆمه‌لآیه‌تییه گه‌وره‌کاندا، ده‌یه‌وێت ده‌ربکه‌وێت وه‌کو لای (ماکسیم گۆرگی) و نووسه‌رانی دیکه‌ی ڕیالیزمی سۆسیالیستییدا ده‌مانبینی. (شێرزاد حه‌سه‌ن)ی ئێمه وه‌کو چیرۆکنووسێک له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانه‌وه، له‌ناو گه‌رمه‌ی پاڵه‌وانبازێتییدا توانی کاره‌کته‌ری (ئه‌نتی هێرۆ) له‌ناو کونوکه‌له‌به‌ری گه‌ڕه‌که هه‌ژارنشین و په‌راوێزخراوه‌کاندا بدۆزێته‌وه، که ئه‌مه به ڕای من گه‌شترین ڕووی چیرۆکی ئه‌و چیرۆکنووسه‌یه. (هێرۆ) له‌ناو ڕیتواڵێکی ئاینی یان ناسیۆنالیستی به‌دوای نه‌مرییدا ده‌گه‌ڕێت، ده‌یه‌وێت له دوای خۆیشیه‌وه درێژه به ژیانی بدرێت. به‌و مانایه‌ی ژیانی (هێرۆ) له‌ناو هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا هه‌مان ژیانه. بۆ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ک پێویستی به موعجیزه هه‌یه و له لایه‌کی دیکه به خوێنڕشتن. به‌پێچه‌وانه‌وه (ئه‌نتی هێرۆ) وه‌کو چۆن خۆی به میراتگری نه‌وه‌ی پێش خۆی نازانێت، به‌هه‌مان شێوه هیچ وه‌سیه‌تێکیش بۆ نه‌وه‌ی دوای خۆی ناکات. ئه‌فسانه‌کان پێمان ده‌ڵێن خوێن شوناسی یه‌که‌می (هێرۆ)یه. (هێرۆ) نه‌وه‌کانی دوای خۆی مه‌حکوم ده‌کات به‌وه‌ی له‌ناو هه‌مان ڕیتواڵدا ژیانی وی له خۆیاندا هه‌ڵبگرن.
یه‌کێک له پرسیاره گرنگه‌کانی (به‌ختیار عه‌لی) ئه‌وه‌یه: ئایا ناکرێت ئێمه ئێنتیتییه‌یه‌ک بین له ده‌ره‌وه‌ی کوردبووندا. من پێم وایه ئه‌مه هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌شه، که ئایا ئێمه بۆمان نییه ئازا و چاونه‌ترس نه‌بین؟ به مانایه‌کی دیکه ناکرێت نه‌بین به (هێرۆ)؟ لێره‌وه‌یه بایه‌خی (به‌ختیار عه‌لی) و نووسه‌رانی دیکه‌مان، له‌وانه (ڕێبین هه‌ردی) به (ئه‌نتی هێرۆ) ڕێککه‌وتێک نییه، به‌ڵکو له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌یه‌کی مه‌عریفییانه‌وه‌یه بۆ کۆمه‌ڵگایه‌ک، که به‌درێژاییی مێژووی خۆی (ئه‌نتی هێرۆ)ی سه‌رکوتکردووه. (ڕێبین هه‌ردی) له‌پاڵ نووسه‌رانی دیکه‌ی (ڕه‌هه‌ند) و هه‌ندێک نووسه‌ری ده‌ره‌وه‌ی (ڕه‌هه‌ند)یشدا جه‌خت له‌سه‌ر داکۆکیکردن له ئازادییدا ده‌کات له‌به‌رامبه‌ر به ده‌سته‌لآتی ئایدۆلۆژیادا، که ئه‌وه‌یان مه‌به‌ستیه‌تی له ڕێگای درووشمه‌کانیه‌وه بمانکاته (هێرۆ). (هه‌ردی) به‌چاکی له‌وه تێگه‌یشتووه، که (ئه‌نتی هێرۆ) یه‌که‌مین قوربانیی نه‌بوونی ئازادییه. به مانایه‌کی دیکه هه‌وڵی (هه‌ردی) له ماوه‌ی ئه‌و شانزده ساڵه‌ی ڕابردوودا ئه‌وه بووه، که هێزی مه‌عریفیی (ئه‌نتی هێرۆ) له به‌رامبه‌ر هێزی کۆمه‌لآیه‌تیی (هێرۆ)دا نیشان بدات.
ئێستا کاتی ئه‌وه هاتووه له (ڕێبین هه‌ردی) بپرسین بۆچی هه‌موو ئه‌و ڕابردووه‌ی خۆی بیرده‌چێته‌وه و به (هادی المهدی)ی ده‌رهێنه‌ر ده‌ڵێت (فس فس پاڵه‌وان)؟ بۆچی پێی ده‌ڵێت (ئه‌و ده‌به‌نگییه چییه)؟
به‌رله‌وه‌ی ئه‌و دوو پرسیاره لێکبده‌ینه‌وه، ئه‌وه به پێویستی ده‌زانم بڵێم من له‌م نووسینه‌مدا هیچ مه‌به‌ستم نییه باس له‌وه بکه‌م، که ئاخۆ درامای (ئاریا) چه‌ند هونه‌رییه و چه‌ند ناهونه‌ری. ئه‌وه له‌کاتێکدا من هه‌ر دراماکه‌م نه‌بینیوه. به پێویستیشم زانی ئه‌م بابه‌ته‌م تا ته‌واوبوونی ئه‌و مشتومڕه‌ی نێوان (هادی المهدی) و نووسه‌رانی دیکه‌دا بلآو نه‌که‌مه‌وه، که ده‌زانم ته‌نها خوێنه‌ری ته‌مبه‌ڵ چێژیان لێده‌بینێت. بێگومان من نه‌ک دژی ڕاگرتنی درامای (ئاریا)م، به‌ڵکو دژی هه‌موو ئه‌وانه‌شم، که هێرشیان کرده سه‌ر (هادی المهدی) و ئه‌و درامایه. هه‌روه‌ها ده‌بێت دیسان ئاماژه به‌وه بده‌م، که (ڕێبین هه‌ردی) زمانێکی به‌کارهێناوه، سه‌رتاپای جنێوه. ئه‌و شێوازی نووسینه، که ده‌چێته خانه‌ی (توندوتیژیی سویمبولی Symbolic Violence)یه‌وه، به‌رده‌وام گوتارێکی ئاماده بووه له‌ناو فیکری ئێمه‌دا و له‌سه‌ر حیسابی گوتاری لێبورده‌یی کاری کردووه. هه‌وڵی یه‌که‌می ئه‌و شێوازه ئه‌وه بووه، که هیچ سنوورێک له‌نێوان داهێنان و ئه‌وی دیکه‌دا نه‌هێڵێت. نووسه‌رانی (ڕه‌هه‌ند) زۆر جار سکالآیان له ده‌ست هه‌ندێک نووسه‌ر کردووه، که جنێویان پێداون، به‌لآم ئه‌وه‌تا (ڕێبین هه‌ردی)یش به‌هه‌مان زمانی ئه‌و نووسه‌رانه هاتۆته ده‌نگ. (ڕێبین هه‌ردی) ده‌ڵێت: (له‌و که‌سانه‌م هه‌رگیز حه‌زم له موهاته‌رات و شه‌ڕه جنێو و موزایه‌ده‌ی بێ‌مانا نیه.. له کوێ فکر نه‌بوو قه‌ڵه‌می منیش له‌وێ نیه). له سه‌رتاپای بابه‌ته‌که‌شیدا جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه، که (هادی المهدی) هیچ پێوه‌ندییه‌کی به فکر و به هونه‌ره‌وه نییه. ئه‌و زمانه‌ی (ڕێبین هه‌ردی) پێی نووسیوه، زۆر نووسه‌ری له‌سه‌ر سه‌رزه‌نشت کراون و خراونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی داهێنانه‌وه. خۆشبه‌ختانه سه‌رتاپای گوته‌که‌شی هه‌ڵه‌یه و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه، که تا ئێستا کردوویه‌تی، چونکه (ڕێبین هه‌ردی) وه‌کو داهێنه‌رێک له ڕێگای قه‌ڵه‌مه‌که‌یه‌وه فکری دروستکردووه و گه‌یاندوویه‌تی، نه‌وه‌ک وه‌کو ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یڵێت. به‌پێی ئه‌و گوته‌یه‌ی خۆی بێت، ئه‌وه قه‌ڵه‌مه‌که‌ی ئامێرێکی پاسیڤه و هیچ ڕۆڵێکی له به‌رهه‌مهێنانی فکردا نییه. من خۆم کاتێک نووسینێکی پڕ له زمانی توندوتیژی ده‌خوێنمه‌وه، هیچ پێویستیم به‌وه نییه بزانم ئه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ی به‌کارهێناوه، هێرشی کردووه، یان وه‌لآمی که‌سانێکی داوه‌ته‌وه، چونکه ئه‌و زمانه وه‌کو گوتم ته‌نها ده‌کرێت له ده‌ره‌وه‌ی داهێنانه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت. ئه‌و زمانه له توندوتیژی زیاتر، ناتوانێت شتێکی دیکه به‌رهه‌مبهێنێت.
(ڕێبین هه‌ردی) له‌و نووسینه‌یدا بۆیه ڕێگای به خۆی داوه جنێو به (هادی المهدی) بدات، چونکه دووه‌میان له‌لایه‌ک بوختانی بۆ کردووه و له‌لایه‌کی دیکه که‌سێکی (فس فس پاڵه‌وان)ه. مه‌به‌ستیشی له (فس فس پاڵه‌وان) ئه‌وه‌یه، که وه‌کو خۆی ئازا نییه و ناتوانێت له ئاستی ده‌سته‌لآتدا ده‌نگ هه‌ڵبڕێت. ئه‌مانه به‌ڕوونی له نووسینه‌که‌یدا ده‌خوێنینه‌وه. ئه‌وانه شۆکێک لای من دروست ده‌که‌ن، چونکه تا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته نه‌ده‌چووه ئه‌قڵمه‌وه (ڕێبین هه‌ردی) به‌و زمانه بنووسێت. باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد هه‌ر ناوی (فس فس پاڵه‌وان) به‌کاربهێنێت چجای له‌شێوه‌ی نێگه‌تیڤیشدا. (ڕێبین هه‌ردی) هه‌ر له‌و نووسینه‌یدا زیاتر له جارێک (نه‌خوێنده‌وار)ی له‌شێوه‌ی جنێو به‌کارهێناوه و وه‌کو ناتۆره‌یه‌ک خستوویه‌تیه پاڵ (فس فس پاڵه‌وان)ه‌وه. ڕاستییه‌که‌شی یه‌کێک له سیفه‌ته‌کانی ئه‌و کائینه، نه‌خوێنده‌وارییه، چونکه وه‌کو گوتمان (ئه‌نتی هێرۆ) که‌سێکی په‌راوێزخراوه. که‌سێکه بێبه‌شه له‌و خوێنده‌وارییه‌ی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت له‌به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵێک مه‌رجدا ده‌یده‌نه تاکه‌کان. ده‌وڵه‌ت چ له‌پێش ڕاپه‌ڕین و چ له‌دوای ڕاپه‌ڕینیش به‌رده‌وام و زۆر دیماگۆژییانه له ڕێگای میدیاکانیه‌وه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کردووه، که گوایه فێرکردنی به‌خۆڕاییه، به‌لآم ڕاستییه‌که‌ی ئه‌و فێرکردنه‌ی خۆڕایی نه‌بووه، به‌ڵکو له‌بریتیی لێسه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و به‌ها و به‌هره ڕۆحییانه بووه، که تاکه‌کان به‌سرووشتی خۆیان هه‌یانبووه. هه‌ر که‌سێک له‌و ده‌زگایانه فێری خوێنده‌واریی بووبێت، به‌شێکی زۆری له سه‌ربه‌ستیی خۆی به‌خشیوه. لێره مه‌به‌ستم نییه بچمه ناو ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و سیسته‌مه‌وه، به‌ڵکو ده‌مه‌وێ ئه‌وه بیری (ڕێبین هه‌ردی) بهێنمه‌وه، که (نه‌خوێنده‌وار) قوربانیی ده‌ستی ئه‌و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییانه‌یه، نه‌وه‌کو ه‌ی ده‌به‌نگییه‌کانی خۆی، بۆیه ڕاست نییه (نه‌خوێنده‌وار) بکه‌ینه جنێو و به که‌سانێکی بده‌ین، که به زمانێکی توندوتیژ تووڕه‌مان ده‌که‌ن. ئه‌مه ئه‌و تێگه‌یشتنه ستاندارده‌ی ئێمه‌یه، که سووک و ئاسان پێمان ده‌ڵێت ئه‌قڵ ته‌نها ده‌توانێت له‌ناو خوێنده‌وارییدا کار بکات و خۆی نوێ بکاته‌وه. داهێنه‌ره‌کانیش ئه‌وانه نیین، که له ده‌زگاکانی په‌روه‌رده و خوێندن فێری داهێنان ده‌کرێن. ده‌زگاکان به‌رده‌وام ئیشی دیکه‌ی جیا له خوێندنیان به (ئه‌نتی هێرۆ)ه‌وه هه‌بووه وه‌کو به‌کارهێنانی وزه‌که‌ی له کاری قورسی هه‌رزان و له جه‌نگه‌کاندا، بۆیه یان هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئێندیتییه‌یه‌ک بووه له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌و سیسته‌می خوێندنه‌وه، یان ئه‌گه‌ر پێویستیش بووبێت بکرێته به‌شێک له‌و سیسته‌مه، ئه‌وا به‌ره‌و ئامانجێکی دیاریکراو ئاڕاسته کراوه. وه‌کو له سه‌رده‌می شه‌ڕه‌کانی دیکتاتۆردا ده‌مانبینی. (ڕێبین هه‌ردی) خۆی زیاتر له جارێک ڕه‌خنه‌ی جدییانه‌ی له‌و سیسته‌مه گرتووه. له بیرمه ساڵی نه‌وه‌د له مووسڵ نووسینێکی نووسه‌ری ئه‌ڵمانی (ئایزنبێرگه‌ر)م له‌ژێر ناونیشانی (به‌شکۆکردنی نه‌خوێنده‌واری)، که (حسونه ا‌لمصباحی) کردبوویه عه‌ره‌بی، خوێنده‌وه. باسی له‌وه ده‌کرد، که (نه‌خوێنده‌وار) چه‌ند مرۆڤێکی به‌خته‌وه‌ره، به‌وه‌ی ده‌زگاکان ناتوانن له ڕێگای زانسته‌وه کۆنتڕۆڵی بکه‌ن و ئه‌نجام به‌ئاره‌زووی خۆیان ده‌ست به‌سه‌ر تواناکانیدا بگرن. به باوه‌ڕی ئه‌و نووسه‌ره ده‌زگاکانی فێرکردن له‌پێناوی خه‌ڵک نییه، سیسته‌می خوێندنیان هه‌یه، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌یانه له‌و ڕێگایه‌وه توانای تاکه‌کان ده‌ستنیشان بکه‌ن و بزانن له کوێ‌یان به‌کاربهێنن. ده‌یوت: (ئێره‌یی به نه‌خوێنده‌وار ده‌به‌م، که یاده‌وره‌ییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه). مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه (نه‌خوێنده‌وار) له‌سه‌ر سرووشتی خۆی ماوه و نه‌شێوێنراوه. شتێکی نوێ بوو بۆ خوێندکارێکی گه‌نجی وه‌کو من، که هه‌ر بینیبووم نه‌خوێنده‌وار به سووک سه‌یری کراوه و خوێنده‌واره‌کانمان وه‌کو جنێو به‌کاریانهێناوه، که‌چی وا ئه‌و نووسه‌ره ئه‌وه‌نده به گه‌وره‌ی ده‌زانێت و له ڕێگای ئه‌و نه‌خوێنده‌واره‌وه ڕه‌خنه له خوێنده‌واریی مه‌به‌ستداری ده‌زگاکان ده‌گرێت. ئایا ده‌بێت نووسه‌رێکی له ئاستی (ڕێبین هه‌ردی) ڕێگا به خۆی بدات له‌به‌ر تووڕه‌یی، ئه‌و ڕابردووه‌ی له‌بیر خۆی بباته‌وه؟ هه‌موو نووسه‌ره گه‌وره‌کان که‌سانی تۆله‌رانسیشن. (ڕێبوار سیوه‌یلی)، که هاوڕێیه‌کی نزیکی خۆته، ئه‌و کاره‌ی پێکرا، که‌چی قسه‌یه‌کی ڕه‌قی به که‌س نه‌گوت.
ئازیزم تۆ نه‌وه‌یه‌کت فێر کرد، که هیچ پێوه‌ندییه‌ک له‌نێوان داهێنان و ئازایه‌تییدا نییه. ئه‌ی چۆن به که‌سێک ده‌ڵێی ده‌به‌نگ و نه‌خوێنده‌وار، گوایه داهێنانی نه‌کردووه و ترسنۆکه؟ تۆ ده‌ته‌وێت سووک و ئاسان پێمان بڵێی هه‌ر نووسه‌رێک به‌ناهه‌ق له‌باره‌یه‌وه نووسرا، ئه‌وه ئه‌ویش مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی له تایتڵی نووسینه‌که‌یه‌وه هه‌تا کۆتایی جنێو بدات؟ لێره‌دا نامه‌وێت خوێنه‌ر وا تێبگات، که من به‌رگری له نووسینه‌که‌ی (هادی المهدی) ده‌که‌م. من ده‌زانم ئه‌و به‌ناڕه‌وا هێرشی کردۆته سه‌ر (ڕێبین هه‌ردی). نموونه‌ی ئه‌و جۆره نووسینه‌ی (هادی المهدی) له هه‌ندێک ڕۆژنامه و سایتدا، که تایبه‌تن به جنێو، ئه‌وه‌نده زۆرن، به‌لامانه‌وه شتێکی سه‌یر نییه، بۆیه زمانی ڕه‌خنه ناتوانێت هیچ به‌دواداچوونێک له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسینانه‌دا بکات، به‌لآم جێگای داخه (ڕێبین هه‌ردی) په‌نا بۆ زمانێکی ئاوا ببات، با بشیه‌وێت به‌و زمانه به‌رگری له مافی خۆی بکات. هاوکات ناشمه‌وێت خوێنه‌ر وابزانێت من کاتێک ده‌ڵێم (هه‌ردی) به‌پێچه‌وانه‌ی ڕابردووی خۆی، له‌و نووسینه‌یدا هێرشی کردۆته سه‌ر (ئه‌نتی هێرۆ)، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، که وه‌لآمی (هادی المهدی)ی داوه‌ته‌وه. نه‌خێر، ته‌نها مه‌به‌ستم ئه‌و شێوه زمانه‌یه، که به‌کاریهێناوه. مه‌به‌ستم ئه‌و پێناسه‌یه‌یه، که (ڕێبین هه‌ردی) بۆ (فس فس پاڵه‌وان)ی کردووه. به‌پێی ئه‌و پێناسه‌یه‌ی (ڕێبین هه‌ردی) بێت، ئه‌وه (فس فس پاڵه‌وان) ئه‌و که‌سه‌یه، که سیفه‌ته‌کانی (هادی المهدی)ی تێدایه. ئه‌و سیفه‌تانه‌شی له نووسینه‌که‌یدا ده‌ستنیشانکردووه، که گرنگترینیان ترسنۆکی و بوختانکردن و و نه‌خوێنده‌واری و ده‌به‌نگیین.
ئازیزم من له سه‌رتاپای نووسینه‌که‌تدا تاقه وشه‌یه‌کی جوان نابینم. تاقه دێڕێکم به‌رچاو ناکه‌وێت له‌وانه‌ی پێشووت بچێت. باسی ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه زه‌ق زه‌قانه‌ی ده‌ربڕین و ڕێنووس و جوانکارییش ناکه‌م. ئایا ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ ده‌زگایه‌کی چاپه‌مه‌نی ویستی کۆی به‌رهه‌مه‌کانت له چه‌ند به‌رگێکدا چاپ بکات، ڕازیی ده‌بیت ئه‌و بابه‌ته‌شتی له‌گه‌ڵدا بێت؟ یان هه‌ر ئێستا په‌شیمانده‌بیته‌وه و داوای لێبوردن له خوێنه‌ره‌کانت ده‌که‌یت؟ من باوه‌ڕم وانییه ئه‌و داوای لێبوردنه‌ت ئه‌وه‌مان بیر بباته‌وه، که تۆ هێرشی ناڕه‌وات کراوه‌ته سه‌ر، به‌لآم ئه‌و داوای لێبوردنه‌ت داوای لێبوردنه (ته‌نها) له‌و (ئه‌نتی هێرۆ)یانه‌ی وا شانزده ساڵه له‌پاڵ ڕۆشنبیره جدییه‌کانی دیکه‌دا به‌رگرییان لێده‌که‌یت و ئه‌مڕۆ به زمانی ستانداردی کوردی، ئه‌و زمانه‌ی شه‌ڕت له‌سه‌ر تازه‌کردنه‌وه‌ی کردووه، پێیان ده‌ڵێی (فس فس پاڵه‌وان).
karwankakasur@yahoo.co.uk
|