په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پەرلەمان و بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان!


فریاد هیرانی      


بەپێی پێناسە تەقلیدیە گشتیەکە،یاسا بۆ رێکخستنی کۆمەڵگا دادەنرێ، هیچ یاسایەک لەسەداسەد مرۆڤپەروەرانە نییه‌،هەموو بەند وبڕگەیەکی یاسایی کە ئەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێتە بەرنامەی حکومەت و،حکومەتیش بەسەرخەڵکیدا ئەیسەپینێ و جێبەجێی ئەکا ،دووڕووی جیاواز بەخۆوە ئەگرێ،لەلایەک ئەبێتە مایەی رێکخستن و بە سیستەمبوون، لەلایەکیتر هەندێ لە ئازادییەکان زەوت ئەکا،بە مانایەکیتر یاسا پێمان ئەڵێ ژیان و مامەڵەکردنتان لە هەموو بوارەکاندا رێک ئەخەم و سیستەمێکتان بۆ دائەنێم ، بەڵام لەبەرامبەردا بەشێک لە ئازادییەکانتان لێ زەوت ئەکەم.


دانانی یاسا هەروا شتێکی ئاسان نیەو،لەهەربوارێکدا ئەبێ رەهەندەکانی ئەم یاسایەبەشێوەیەکی واقعی و زانستی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ و،بەباشی هەموو لایەنەکانی تاوتوێ بکرێ و بۆ ماوەیەکی زەمەنی دووریش تەماشای جێبەجێکردنی بکرێ،جگە لەمەش یاسایەک ئەگەر بمانەوێ تا رادەیەکی باش پێشکەوتوخوازانە بێ و، گونجاوبێ لەگەڵ سەردەم ،پێویستە لە نووسینەوەوداڕشتن و زمانەوانیدا خۆی لە هەندێ ووشە و زاراوەی رۆژهەڵاتیانە بپارێزێ.


راستیەکەی ئەوەی سەرەنجی راکێشام بۆ نووسینی ئەم ووتارە ،سەیرکردنی دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان بوو لە تەلەفزیۆن سەبارەت گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان لە هەرێمی کوردستاندا،هەندێ لەو بەڕێزانە لە پێشنیاروگفتوگۆکاندا واقعیانە بیروبۆچوونیان سەبارەت ئەم دیاردەیە دەربڕی ، کەناکرێ یاسا ببێتە شتێکی رەها و بەسەر خەڵکدا بسەپێنرێ،بەڵکو یاسا ئەبێ ببێتە فاکتەرێک بۆ کەمبوونەوەوبەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان،بینەر بە تەواوی هەستی بەوەئەکرد کە کام لە ئەندام پەرلەمانەکان جگەرە ئەکێشن و کامەشیان نایکێشن ، کەبەراستی و بەداخەوە ناکرێ ئەندامی پەلەمان کە نوێنەرایەتی میللەت ئەکا ، بە پێی مەزاج و همومی شەخسی خۆی بەشداری لە دانانی یاسا بکا کە ئەم یاسایە کە پەسند ئەکرێ بەسەر هەموو خەڵکدا جێبەجێ ئەکرێ ، هەندێ لە جگەرەنەکێشەکان بە جۆرێک وەسفی دیاردەکەیان ئەکرد کە وەک بڵێی جگەرەکێشان کارێکی بێزراووقێزەونە!، یان ئەیانووت ئەمە پەیوەندی بە ئاستی رۆشنبیرییەوە هەیە، بێ ئەوەی دەستنیشانی بکەن کە( ئاستی رۆشنبیری ) ئەوەیە کە هەمووکەس ئازادە جگەرە بکێشێ، بەڵام ئازاد نیە خەڵکیتر بێزار بکا لە شوێنی گشتی و هەتا لەماڵەوەش نابێ لە نزیک منداڵ جگەرە بکێشرێ .بەڵام ئەم بەڕێزانە وا باسی ( ئاستی رۆشنبیری) یان ئەکرد بەو مانایەی کە ئەوەی جگەرە بکێشێ ئاستی رۆشنبیری نزمە!!..بەکورتی ئەوەی من لە سەیرکردنی سەرتاپای دانیشتنەکە لام دروست بوو زۆربەی ئەوانەی گفتوگۆیان کرد زۆر رووکەشانە لە مەسەلەکەیان ئەڕوانی، ئەمە جگە لەوەی هەندێ بەڕێز لە بابەتەکە دەرئەچوون و باسی شتی زۆر شەخسیشیان ئەکرد !


زۆر لە ئەندام پەرلەمانە بەڕێزەکان خاوەن و هەڵگری رەگەزنامەی سویدی و ئەلمانی و فەرەنسی و بەریتانی و ئەمریکین، نازانم بۆ ئەم پرسیارە لە ناخیان دروست نەبوو ،کە بۆ چی لەم وڵاتانەی ئەوانی لێ ئەژین نرخی جگەرەومەی(کحول) ئەوەندە گرانە و هەمووکەس ناتوانێ بیکڕێ ؟ وەڵامیش زۆر ئاشکراو روونە یاسای ئەم وڵاتانە ئەوەیە کە باجێکی زۆریان خستۆتەسەر جگەرەوکحول، بۆ ئەوەی خەڵک کەمتر بتوانن بیکڕن یان تەرکی بکەن ، بێ ئەوەی یاساکانیان جگەرەکێش و مەیخۆر بریندار بکەن!، یان بە شێوەیەکی نەشیاو وەسفیان بکەن ، هەمان شتیش بۆ هەرێمی کوردستانیش زۆر مەعقول و واقعیانەیە کە ئەم یاسایە ئەبێ رێژەیەکی بەرزی باج لەسەر جگەرەوکحول دابنێ، بە جۆرێک لانی کەم وا بکا نرخیان دووئەوەندە بێت ،ئەمە یاسایەک و رێگەچارەیەکی باشە کە بەپێی تەحەکومی گیرفانی هاوڵاتی یاساکە ئەسەپێ و جێبەجێش ئەبێ وحکومەت و ئابووری حکومەتیش سوودمەند ئەبێ و، پارەیەکی زۆر لەم باجە دێتە خەزێنەکانی دەوڵەت.


جگە لەمانەش وەک ئاماژەم پێداوە جگەرە چەند زیانی هەیە مەی خواردنەوەش دووئەوەندە لەوانەیە دکتۆرەکان و پسپۆرەکان باشتر بزانن جەڵتەی دڵ و دەماغ و زۆر نەخۆشیتریش هەن کە بەهۆی زۆر مەیخواردنەوەیە ، پێشنیاردەکەم یاساکە بکرێ بە ناوی ( یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان و مەیخواردنەوە) و تاکە ئیجرائاتیش تەنیا گرانکردن و باج لەسەر دانانی ئەم دوو مادەیە بێ، هیوادارم ئەم ووتارە بووبێتەمایەی دەوڵەمەند بوونی بۆچوونەکان و لە پێناوی دەرکردنی یاسایەکی رێک و پێک و واقعی لەگەڵ ئەوپەڕی رێز و حورمەت بۆ نوێنەرانی خەڵک لە پەرلەمان .

 

fhirany@hotmail.com