په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١١\٢٠١٥

پەرتووکی ''بوون و زانین''ی ''سيروان عوسمان حەسەن'' بڵاوکرایەوە.

 

 

 

پەرتووکی "بوون و زانین" لە بەرواری ٢٧\١١\٢٠١٥ کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ لە ناوەندی غەزەلنووس بڵاوئەکرێتەوە.

 

سيروان عوسمان حەسەن


ئەم پەرتووکە بریتییە لە بەرهەمی "١٣" ساڵ لێکۆڵینەوەم (لە ساڵی کۆتایی ٢٠٠١ بۆ سەرەتای ٢٠١٤) و لە چوار بەش پێکهاتووە (١١٢ لاپەڕەیە) و بۆ نوسینی پشتم بە زانستی مێشک و دەمار بەستووە و ئەتوانرێت پێی بوترێت "پەرتووکی بنچینەکان" چونکە بنچینەی زانست و فەلسەفە و دین و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و... هتد باس ئەکات.


ئەم پەرتووکە بریتییە لە گەڕان بەشوێن وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە بۆم دروست بوون و پێموایە بریتین لە پرسیارە سەرەکییەکانی ژیان و مرۆڤەکان لە ماوەی تەمەنیان بۆیان دروست بووە...


ئەتوانرێت وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەکییانەت دەستکەوێت لە پەرتووکەکەدا:


بەشی یەکەم: باسی "بوون" ئەکات.

١. من هەم؟ ئایا بونێکی بەرجەستەییم هەیە یان خەیاڵێم؟
٢. یاسا بنچینەییەکانی ژیری کامانەن؟
+ "یاسای هۆکار و ئەنجام" چییە و وە چۆن کار ئەکات؟
کێشەکانی یاسای هۆکار و ئەنجام:
- زنجیرەی نەبڕاوە...
- بەڵگەهێنانەوەی بازنەیی (خول)...
+ "یاسای بەراوردکاری" چییە؟ وە چۆن کار ئەکات؟
٣. ئەگەرەکان و ڕێکەوت چین؟ یاسا بنچینەییەکانی ئەگەرەکان چین؟


بەشی دووەم: باسی "ڕێگەکانی زانین" ئەکات.

١. هەستەوەرەکانمان چۆن کار ئەکەن و تا کوێ کار ئەکەن؟ هەنگاوەکانی هەستپێکردن چین؟
٢. ئایا تەنها ٥ هەستەوەرمان هەیە؟
٣. ئەندێشە چییە؟ جۆرەکانی چین و چۆن کار ئەکات؟ ئایا سنورێکی هەیە؟ خەون چییە؟
٤. ژیری چۆن کار ئەکات؟ ئایا سنورێکی هەیە؟
٥. هەواڵ و ڕوداو چین و چۆن ڕاستیمان لێیانەوە دەست ئەکەوێت؟
٦. یادگە چییە؟
٧. بیرکردنەوە چییە و چۆن ئەبێت؟
٨. گومان چییە؟
٩. بیردۆز چییە؟ بیردۆزی زانستی چییە؟ خورافە چییە؟
١٠. بڕوا چییە؟


بەشی سێیەم: باسی "بەرنامەی ژیان - چاکە و خراپە -" ئەکات.

١. ڕاستییەکان چین؟
٢. وادانراوەکان چین؟ چۆن نرخ بە شتەکان ئەدەین؟
٣. بەرنامەی ژیان (چاکە و خراپە) چییە؟
٤. ڕێگەکانی داڕشتنی بەرنامەی ژیان چین؟ (٥ ڕێگە...)
٥. ویست چییە؟
٦. ئازادی چییە؟
٧. دادگەری چییە؟
٨. ویژدان چییە؟


بەشی چوارەم: "پێشنیارەکانم".

پێشنیارەکان بریتین لە سێ دانە کە دووانیان وەرمگێڕاون و پێم باشبوون و بریتین لە دوو جۆر بەرنامە لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵ بۆ بەڕێوەبردن کە ئازادییەکانمان فراوان ئەکەن و وەک نمونەیەکیشن بۆ ئەو ڕێگایانەی کە بەرنامەی ژیانیان پێ دائەڕێژین (١- جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ. ٢- کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی.) لەگەڵ پێشنیارێکی خۆم کە بەرەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەیە...


ئەمە پێشەکی پەرتووکەکەیە:


دەستپێک.


چواردەساڵان بووم، واتە لە قۆناغی دووەمی ناوەندی بووم کە دەکاتە قۆناغی هەشتەم لە سیستەمی ئێستای پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لەو سەردەمەدا و دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ ئێمە لە گوندێک دەژیاین کە ناوی «مەسۆیی» بوو لە قەرەداغ/سلێمانی. دوانیوەڕۆیان کە لە فێرگە تەواو دەبوین، شوانی کار و بەرخ بووم.


ڕۆژێک لەو ڕۆژانە و لەبەهاردا کاتێک کە شوان بووم و لەسەر گیا لەسەر پشت پاڵکەوتبووم، ئەو پرسیارەم لا دروست بوو کە ئایا من هەم؟! من بوونم هەیە یان تەنها خەونێکە؟! ئایا بەڕاستی ئەو شتانە کە لە چواردەورمن، خەونن یان هەن؟! بەجۆرێک کە ئەم گومانە هێزی لێ بڕیبووم بۆ ساتێکی درێژ...


وە کاتێکیش کە لە قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی بووم، زۆرێک لەو گومانانەم بۆ دروست بوون کە لەم پەرتوکەدا هەوڵی وەڵامدانەوەیانم داوە و ئەو قۆناغەش بۆ من سەرەتای گۆڕانی گەورەی هزری بوو...


لە بەرواری ٣١/٣/٢٠١٣ و لە ڕێگەی سلێمانی - بەغداد تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووم و بۆ ماوەی نزیکی دوو مانگ بێهۆش بووم و بۆ ماوەیەکیش ئامێری پزیشکیم پێوە پەیوەست بوو بۆ بەردەوام بوون لە ژیان، لێرەوە زۆر سوپاسی هەموو پزیشکان و هاوڕێیان و خزمانم دەکەم لەگەڵ هەموو ئەوانەشی کە بە هەر جۆرێک یارمەتیدەرم بوون لە ژیانەوەی دووبارەمدا.".

 

 

goranshehram@yahoo.co.uk

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک