٢١\١١\٢٠١٥
پێویست بوو
رزگارکردنی شەنگال
ببایە ڕۆژی
هاوسەنگەریی هەموو هێزە کوردییەکان.

فوئاد زیندانی
ساڵی ڕابردوو شاری شەنگال و کوردانی
باوەڕمەندی ئێزیدی و گوند و دەڤەرەکانی ئێزیدخان بۆ جاری حەفتاو
سێێەمین دووچاری قڕکردن و لەناوبردن هاتن . ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤ هێزەکانی
ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیانکردە سەر شاری شەنگال ، بەهۆی
بەرگرینەکردن و کەمتەرخەمی بەرپرسە سەربازیەکانی هێزی پیشمەرگەی ئەو
دەڤەرە و هەڵاتنیان ، شاری شەنگال و دانیشتوانەکەی کەوتنە ژێر دەستی
داعش ، بەو هۆیەوە هەزاران ژن و منداڵ ڕفێنداران و لەبازاڕەکانی
شارەکانی موسڵ و ڕەقە و شوێنەکانی تر فرۆشران و بەسەدان پیاوی ئێزیدی
گولـلەبارانکران و هەزارانی تریش کۆچبەربوون و ڕوویانکردە چیای شەنگال
و دەیان هەزاریش لەناوچەکانی باجید گەندالا و شاریا و خانکێ لەدەڤەری
دهۆک و کەمپەکانی ناوچەی هەولێر و سلێمانی نیشەجێکران.
ئاستی کارەساتەکە زۆر گەورەبوو لە ئاستی جیهان دەنگیدایەوە بەتایبەتی
کە داعش بە ڕاشکاوانە ڕایدەگەیاند کە هاوشێوەی ئیسلامی ڕاستەقینەی
(١٤٠٠) لەمەوبەر بەرامبەر بە گەلی کورد ڕەفتار دەکات . دەبێ ئەو
ڕاستیەمان لەبەرچاو بێت ئەگەر شەڕڤانان فریای خەڵکی سڤیلی شەنگال
نەکەوتبان و بەکردنەوەی ڕێڕەوێک دەربازیان نەکردبان ئەوا دەیان هەزار
مرۆڤی تر لەلایەن داعش تیرۆر دەکران ، بەڵام بەرگریکردن و بەرخۆدانی
شەڕڤانان و گەریلاکان ئەوکاتە سنوری بۆ پێشڕەوییەکانی داعش دانا.
دوای داگیرکردنی شەنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعش ، لەماوەی ساڵێک و سێ
مانگی ڕابردوودا زۆر جار هێزە کوردییەکان واتە (پێشمەرگە، گەریلا،
شەڕڤان) لەدژی داعش لە شەنگال و دەوروبەری شەڕیان کردووە ، کەس ناتوانێ
ئینکاری ڕۆڵی شەڕڤان و گەریلا بکات کە لەو شەڕانەدا دەیان شەهیدیان
پێشکەشی کوردستان کردووە . ئەوەی پڕۆسەی ڕزگارکردنی شەنگالی دواخست
نەبوونی پەیوەندییەکی دروستی نێوان هێزە کوردیەکان بوو ، جگە لەوەش
سەرهەڵدانی ناکۆکی لەسەر ئەوەی کێ شەنگال ڕزگار دەکات فاکتەرێکی تری
دواخستنی پرۆسەکە بوو . بارودۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوامبوو تا ڕۆژی
١٣/١١/٢٠١٥ ئازادکردنی شەنگال ڕاگەیەندرا ، لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی
شەنگال هێزە کوردییەکان شەڕڤان ، پێشمەرگە ، گەریلا بەشداربوون هاوکات
فڕۆکەی هاوپەیمانان بەشداریکردووە.
دوای کەوتنی شاری شەنگال و داگیرکردنی لەلایەن داعش ، ئەوەی پێوویستبوو
لایەنی کوردی بیکردبا یەکڕیزی و هەمئاهەنگی هێزە کوردییەکان بوو ،
دەبوایە هێزە کوردییەکان وەک یەک تیم پێکەوە بەشداری پرۆسەی ئازادکردنی
شەنگالیان بکردبا ، بەیەک ڕاگەیەندراوی سەربازی هاوبەش ئازادکردنی
شەنگالیان ڕاگەیاندبا بۆ ئەوەی نیشانی جیهان بدرایە کە گەلی کورد
یەکگرتووە و سنورە دەستکردەکان لەنێوان کوردان بوونی نیە ، هەروەها
بۆئەوەی تیرۆریستاتی داعش و ڕێکخراوەکانی هاوشێوەیان و ووڵاتانی
داگیرکەری کوردستان ئەو هەنگاوەیان بە چاوی خۆیان بدیبایە و هەتاهەتایە
جەسارەتی ئەوەیان نەکردبا لەهیچ شوێنێکی تری کوردستانی مەزن هێرش بکەنە
سەرکوردان.
داگیرکردنی شەنگال لەلایەن داعش و ڕفاندن و فرۆشتنی ژنانی کورد لە
بازاڕەکان و ئاستی تاوانەکان دژ بەخەڵکی سڤیل چەندە مەزن بوو ، ئەوەی
لە ڕۆژی ڕزگارکردنی شەنگال ڕوویدا سەرکەوتنێکی سەربازی زۆر مەزنتر بوو
، سەلماندی ئەگەر هێزە کوردیەکان پێکەوە بەرگری بکەن ئەوا هاوشێوەی
داستانی کۆبانی هیچ هێزێک نیە بەرەنگاریان ببێتەوە ، بەڵام ئەوەی بیەوێ
لە گرنگی ئەو سەرکەوتنە کەم بکاتەوە وەریگێڕێ بۆ کارەساتی
پەرتەوازەبوونی ناوماڵی کورد و لێکترازانی سیاسی و قوڵکردنەوەی کێشەکان
ئەوەیە گەر لایەنێک سەرکەوتنەکە بۆ بەرژەوەندی و دەسکەوتی حزبی تەسک
بکاتەوە و بڵێ تەنیا ئێمە شەنگالمان ڕزگارکرد!!!
گەلی کورد و جیهان شاهێدی ئەوەن گەریلاکان و شەڕڤانان چۆن شەڕی تیرۆر و
تیرۆریستان دەکەن ، بۆیە شەرمە گەر مرۆڤی کورد پرسیاری ئەوە بکا ئایا
ڕاستە تەنیا لایەنێک شەنگالی ڕزگارکرد؟؟!!
گەلی کورد چاوەڕێبوو مەسعود بارزانی لە ڕۆژی ڕزگارکردنی شەنگال ئاماژەی
بکردبا بە قوربانیدانی پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانان و هەموو ئەوانەی
لەو شەڕانەدا بەشداربوون ، سوپاسی بنەماڵەی شەهید و بریندارانی هەموو
هێزە کوردیەکانی بەبێ جیاوازی بکردبا ، بەڵام بە پێچەوانە بەشێوەیەکی
نەدیوو سەیری بەشداری و قوربانیدانی هێزەکانی گەریلا و شەڕڤانانی کرد ،
ئەو هەڵوێستەی بارزانی نیشانەی پرسیاری لای هەموو تاکێکی کورد و
دۆستانی کورد دروستکرد؟؟؟!!!
fuadzindani@yahoo.de
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|