٢٢\١١\٢٠١٤
پێویستە ئەم
ئامارە ترسناکانە هەلوێستەیەکمان پێبکا.

جیهاد محەمەد
هاوڕێیان سەیری ئەم تاوان و کارەساتانە
بکەن، تاوان و کارەساتگەلێکی یەکجار ترسناک، کە دکتۆر کازم حبیب وەک
کەسێکی مرۆڤدۆست و مرۆڤپەروەر لەم بابەتەدا دەیخاتە ڕو. ئەم پیاوە بە
ویژدانە داوادەکات چیی زووترە مرۆڤدۆستی و مرۆڤپەروەریی لە جێگەی ئەم
تاوان و کارەستانە فەراهەمبکرێت. بێگومان ئەم پیاوە دۆست و هاورێی
راستەقینەی کورد و پێش ئەوەش دۆست و هاورێی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە خۆرا
ئامارێکی وا ترسناک ناخاتە ڕو، هەرچەندە سەرچاوەی ئەم ئامارەی
پیشاننەداوە، بەڵام دڵنیام کە راستگۆیانە ئەم کارەی کردوە. بۆیە منیش
وەک مرۆڤێک، وەک هاووڵاتیەک، وەک کەسێکی بە ویژدان دەنگی خۆم دەخەمە
پاڵ دەنگی دکتۆر کازم و پڕ بە دەمم هاوار دەکەم، خەڵکی کوردستان و
عێراق هۆشتان بیتەوە لای خۆتان و دوای عەقڵیەتی ناسێۆنالستی و
رەگەزپەرستیی و تایەفەگەرێتیی و ئیسلامی سیاسیی مەکەون، لە جیاتی ئەوە
هەوڵ و خەبات یەکخەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و حکومی دیموکراتانە و
سکۆلارانەی راستەقینە لەسەر بنەمانی مرۆڤدۆستیی وهاووڵاتیی بوون
وەلانانی هەموو جیاکاریی و ڕاسیزمییەک.
ئامارە ترسناکەکان پێماندەڵێن، ئەگەر دەستبەجێ و بە پەلە فریا نەکەوین،
کارەسات و تاوانی یەکجار گەوەرە بەڕێوەیە بۆ خەڵکی عێراق و خەڵکی
کوردستان.
بە هۆکاری ستەمی حکومڕانە دەوڵەتدارەکانی عێراق و تیرۆر و توندوتیژیی
دینی و تایفەگەریی و شۆڤێتنیەتی بەعسیەکان و بیرتەسکی و ڕەگەزپەرستیی
ناسیونالستیی و شەری عەرەب و کورد و شەری نێوان تایەفەگەریی سونە و
شیعە و جەنگی ئەمەریکا و سەدام حسەین و جەنگی ئێران عێراق بەم جۆرەی
خوارەوە ئامارە ترسناکەکان پیشان دەدات:
• ژمارەی سابیئە مەندانیەکان لە ٧٠٠٠٠
حەفتە هەزارەوە هاتۆتە خوارەوە بۆ ٥٠٠٠ پێنج هەزار کەس، کە زۆربەیان بە
هۆکاری ترس و تۆقاندن لە شوێنی خۆیان دەرکراون یان خۆیان کۆچیانکردوە
بۆ کوردستان و وڵاتانی دەرەوەی عێراق.
• دوای کۆچی گەورەی زۆربەی مەسیحیەکان بۆ
ئەوروپاو وڵاتانی تر لە ساڵی ٢٠٠٣ دا ژمارەیان هاتۆتە خوارەوە بۆ ملوێن
و نیوێک ١٥٠٠٠٠٠. لە ساڵی ٢٠١٣دا ژمارەیان بوە بە ٤٥٠٠٠٠ چوارسەد و
پەنجا هەزار کەس. واتا لە ماوەی ١١ ساڵدا مەسیحیەکان ژمارەیان بوە بە
٢٥٠٠٠٠ دوسەدو پەنجا هەزار کەس. بە پێی ئەم ئامارە لە سەدا ٩٠ ی
مەسیحیەکان کەمیکردوە، یان بە کوشتن یان بە کۆچکردنی زۆرە ملێ و لە ژێر
کاریگەرێتی تۆقاندن و کوشت و بڕیندا.
• ئێزیدیەکان، بە هۆکاری کورد بونیان، بە
هۆکاری جیاوازی دینیان، کە دینەکەیان زۆر کۆنترە لەجولەکە و مەسیحیی و
ئیسلام. بەردەوام لە سەردەمی بەعسیە فاشیەکان و لە دوای ڕوخانی سەدامیش
لە ژێر چەوساندنەوە و ستەمی ئیسلامی سیاسی و قاعیدە و لەم دواییانەشدا
لە ژێر توندوتیژیی تیرۆرستەکانی داعشدا بوون، ئێستا ژمارەیان لە نیو
ملوێنەوە ٥٠٠٠٠٠ هەزارەوە زۆر کەمیکردوە و یان کوژراون یان دەربەدەر
کراون.
• شەبەک و تورکمانەکانی تەلعەفەر بە
هەمان دەردی ئێزیدیەکان براون لە ژێر فشار و کوشت و بڕینی
تیرۆریستەکانی داعشدا.
• شیعەکان و سونیەکان، بە هۆکاری شەرێکی
نەگریسی نێوانیانەوە، کە بەردەوام تایەفەگەرێتیی و عەقڵیەتی
تایفەگەرێتی ئەم شەڕە جۆشدەدات لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٣ دوو ملوێن زیاتر
لەم دوو لایەنە ئاینزایە کەوتوونەتە بەر شاڵاوی کوشت و بڕین یان
کۆچکردن لە ترسی میلیشیا چەکدارەکانی خۆیان.
ئەم ئامارە ترسناکانە جگە لە هەموو ئەو خەڵکەی کە بە هۆکاری شەری نێوان
عەرەب و کورد کوژراون، یان دەربەدەر بوون لە کوردەکان، ئەمەش بە هۆکاری
عەقڵیەتی ناسیۆنالستیی و رەگەزپەرستیی.
لە لایەکیتر ژمارەی کوشت و بڕین و دەربدەرکردنی خەڵکی عێراق و کوردستان
و ئەنفالکردن و کیمیابارانی کوردستان رەنگە هەر لە ژمارە نەیەن. شەڕی
هەشت ساڵەی نێوان عیراق و ئێران و شەری خلیج و پەلاماردانی عێراق لە
لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیانەوە کارەسات و تاوانێکی هێندە گەورەی
دروستکردوە، کە چەندین بابەت و نووسینی وەک ئەمەی دکتۆر کازم لە حەقی
نایەت و ناتوانێت ئامارەکان بە راستی پیشان بدات. ئەم تاوان و کوشت و
بڕینانە تەنها خەڵکی عێراق و حیزب و لایەنە حوکمڕانەکان بەرپرسیار نیین
لێیی، بەڵکو هەموو بەرژەوەندخوازەکانی کۆمپانیا گەوەرەکانی قاچاخچێتی
نەوت و بازرگانێتیکردن بە نەوت و مەوادی خواردەمەنی و کەلوپەلی
پێویستەوە بۆ ژیان بەرپرسیارن لێیی، بە واتایەکی دیکە بڵێم هەموو ئەو
کۆمپانیا بازرگانییە گەورانەی جیهانیی و ناوخۆیی، وەک کۆمپانیا گەورە
چاوچنۆکەکانی ئەوروپیی و ئەمەریکیی و ئوسترالیی و بەریتانیی کە
بەردەوام بەرژەوەندیان لە بەرپارکردنی شەر و شۆر و جەنگ و کوشت و
بڕیندایە، بەرپرسیارن وەک هەموو حکومڕان و حیزبە گەندەڵەکانی عیراق و
کوردستان، کە ئەمانیش دەبن بە وەکیلی ئەو کۆمپانیا گەورانەو خەریکی
جۆشدانی عەقڵیەتییەکی دواکەوتوویی ناسیۆنالستیی بەرتەسک و تایفەگەرێتیی
و حیزب حیزبێنەن. ئەمانیش بە دەیان حیزب و سەدان کەسی حوکمڕان و
دەستۆرشتوو کە بەردەوام خەریکی جۆشدانی عەقڵیەتێکی دواکەوتوویین لە
عێراق و کوردستاندا، هێندە دەوڵەمەند بوون کە نزیکن بوونەتەوە لە
دەوڵەمەندە زۆر گەورەکانی جیهان. ئەمانیش بێ ویژدانانە خەریکی جۆشدانی
شەر و ململانێیەکی ناشەریف و نا مرۆیین لە نێوان خەڵکی ستەمدیدە و
نەخوێندەوا و ملکەچ و گوێڕایەڵ بۆ عەقڵیەتی ناسیۆنالستیی و عەقڵیەتیی
ئیسلامی سیاسیی و تایەفەگەرێتیی و رەگەزپەرستیی. ئەگەر ئێمەی خەڵکی
عێراق و کوردستان فریایی خۆمان نەکەوین رۆژگارێکی تاریک و ئەنگوستەچاو
چاوەڕوانمانە. بۆیە چیی زووترە پێویست و ئەرکی مرۆڤیی و ئەخلاقییمانە
دوای هیچ جۆرە ئایدۆلۆجیەکی حیزبیی و تایەفەگەرێتیی و ناسیۆنالستییەک
نەکەوین و دەوروبەرمان ئاگادار بکەینەوە لەم شەرە نەگریس و کوشت و
برینانەی کە بەردەوام خوێنمان لێ دەرێژێت بە بێ ئەوەی هیچ سودێکی لێ
وەربگرین، خوێنڕشتنی خەڵکی عێراق و کوردستان، مەینەتیی و داماویی و
ڕەشوڕوتیی خەڵکی گشتی ئەم وڵاتە بووە بە بەروبوومێکی بە سودی زۆر
گەورەی ئەوانەی کە بە شەڕمان دەدەن و ملمانێیەکی ناشەریفانە و نا
مرۆیانەیان لە نێوماندا دروستکردوە.
_________________________________
www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=442486
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|