٢٠\٥\٢٠١٠
پێویستە ئەم
گەڕەلاوژەیە کۆتایى بێت.

نەجات حەمید ئەحمەد
بە درێژایى ڕوژو مانگ و ساڵەکانى دواى ڕوخاندنى سەدام لە 2003 وە بە
دەیان جارو بەڵکو سەدان جار مرۆڤى کورد تەقێنرایەوەو شەهید کرا و ژێر
خۆڵ کرا .بە دەیان پێشمەرگەى کوردستان تێرۆر کرا. بە دەیان خاووخێزانى
کورد ڕفێنران و شوێن بزر کران ،بە دەیان منداڵ و ئافرەتى کورد
ڕفێنران..کەچى حزبەکانى کوردستان بە گشتى لە دەرکردنى جارو بارى
بەیاننامەیەک کە ئەویش ژمارەى شەهیدان لە چل کەس کەمتر نەبووبێتن کە
هەمووى منداڵ و پیرو ئافرەت بوونە زیاتریان نەکردووە ،هاوکاتیش لەگەڵ
تێرۆرکردنى سەردەشت عوسمان براى ڕەخنەکارو نووسەرى کورد عەبدوڵڵا
بەرزنجى دەڕفێنرێت و لە بەغدا بە شەهید کراوى لە یەکێک لە
نەخۆشخانەکانى بەغدا دەدۆزرێتەوەو پێنج کوردى دیکەش لە کوردستانى ئێران
شەهید دەکرێن و بە بەرچاوى هەموو دنیاوە لە سێدارە دەدرێن و کەس متەقى
لێوە نەهات و شوێنى پرسیارە هوشیارى سیاسى و مێژوویى کورد بۆچى لە
گەورەترین کارەساتەکانى بێدەنگ دەبێت و لە یەک ڕووداوى تراژیدیى بچووک
بە بەراوورد لە گەڵ کارەساتە گەورەکانى خۆى دنیا و ئاسمان بە یەک
دەگەیەنێتەوەوتەنانەت گۆى زەوى هەموو تێگەیەنران کە لە کوردستان
ڕۆژنامەنووسێک تێرۆر کراوە ؟؟ ئایا مرۆڤەکانى ئێمە بەهایان لە گەڵ
یەکترى زۆر بەرزترو گەورەترە و جیاوازیان لە نێواندایە؟؟ئایا ئەم
هەڵڵایە بۆ لەم کاتەدا دەروژێنرێت و هەموو ئەو میدیایەى ساڵانێکى زۆرە
دژایەتیى هەموو کورد دەکەن و بە ویژدانێکى حەساوەوە هەواڵى تێرۆر کردنى
دەیان گەنج و ئافرەت و مرۆڤى ئەم ووڵاتە دەبیستێ و وەکو هەواڵى ئەکتەرە
جیهانیەکان و ڕیژیم وکراسە ڕەنگاو ڕەنگەکانیان بڵاوى دەکەنەوەو کەچى
توانیان عەقڵ لە عاقڵان بسێننەوەو بیان دەنە دووى خۆیانەوە وەکو ئەوەى
لە دواى ئازاد کردنى عێراقەوە ئەمە یەکەمین جارە کوردێک دەکوژرێ؟؟
لەو باوەڕەدام کەس نیە دڵى زۆر غەمگین نەبێت بۆ گەنجێکى کورد
بیرکردنەوەو گوتەکانى هەرچیەک بن بەم جۆرە ژیانى لێ بسەندرێتەوە .بەڵام
ئەو غەمە لە ویژدانى کوردایەتیماندا ناتوانێ لەوە غەمگین تر نەبێ کاتێک
دەیەها خێزانى کورد لە کاتى نان خواردن و لە نێو باوەشى یەکتریدا لە
ماڵى خۆیان دەتەقێنرێنەوە .کاتێک ئەو ڕووداوە وەکو ڕووداوێکى ڕۆژانەیى
ئاسایى بە سەر کۆمەڵگەیەکدا تێپەڕدەبێت لەو باەوەڕەدانیم بە هیچ
شێوەیەک ئەو شیوەن و واوەیلایەى بۆ کوشتنى یەک مرۆڤى ئەم ووڵاتە دەکرێت
فڕى بە سەر نە کوردایەتى و نە ئازادى و نەویژدانەوە هەبێت ..ئەى ئەو
ویژدانە لە گوێى کام گادا نوستبوو کاتێک دەیان تەقینەوە لە مەخموورو
کەرکووکى زوڵم لێ کراوو داقووق و دیالەو سنجارو خانەقین ڕوویان داو بە
سەدان کوردیان لە ژیان وماڵ و منداڵیان بێ بەش کرد ؟؟ئایا ئەوان مرۆڤ
نەبوون و شایەستەى ئەوە نەبوون لە سەر شەرەفى میدیاى ئازادى خوازى کورد
تۆزێک بایەخیان پێ بدرێ وهیچ نەبێ داوا لە حکوومەتى عێراقى بکەن
بکوژەکانیان ئاشکرا بکرێ کە سوڕ دەزانین ئەوە عەرەبى تێرۆریست و عەرەبى
پۆشاک لە بەرى پۆلیس و ئاسایشى عێراقى بوون کە ئەو هەموو کوردانەیان
ڕۆژانە بەرەو مەرگ دەناردکاتێک حکومەتى عێراقى دان بەو ناوچانەدا نانێت
کە هى کورد بن ئەرێ هەر هیچ نەبێ لێپرسراو نیە بەرامبەر بە کوشتنى
هەزاران کوردو ڕفاندنى دەیانى دیکەش ئەى بۆکەس داواى لە حکومەتى عێراق
نەکرد نە قەرەبووى کۆست کەوتوان و خانەوادەکانیان بکاتەوە نە حکومەتیان
بە بەرپرس زانى لەو تەقینەوەو کوشتنانەدا ؟؟ با بزانین ئێمەى کورد ئاخۆ
کەم و کوڕى لە بیرکردنەوەماندا هەیە یاخود گەلێکین لە ڕاست
دوژمنەکانمان دوژمنە ڕاستەقینەکانمان دوژمنە داگیرکارەکانمان بێدەنگین
و بەرامبەر یەکترى سەرگەرم و شیر بە دەستین؟؟ئایا ئێمە میللەتێکین وەکو
مێگەل چاو لە یەکترى دەکەین و دوو کەسمان بکۆخێ ئیتر سەرجەممان دەست بە
کۆخین دەکەین؟؟ئایا ئێمە گەلێکین بیر لە بوونى ئێًستامان و ئایندەمان
دەکەینەوەو بیر لە کێشە گەوهەرى و ستراتیژیەکانمان دەکەینەوە یاخود
ئێمە خوا بۆمانى نووسیوە دەست بەردارى یەکترى نەبین لە دوژمنایەتى و
یەکتر تۆمەتبار کردندا؟؟
کێن ئەوانەى ئەم هەڵڵایە دروست دەکەن؟؟
ئەوانەى ئەم هەڵڵایە دروست دەکەن لە سەدا نەوەدو نۆیان هەر ئەو کەسانەن
کە چەندین ساڵە نانى دوژمنایەتیى کردنى هەموو سەرکەوتن و بەرەو پێش
چوون و گەشە سەندنێکى کوردستان دەخۆن ..ئەوانەن کە ڕۆژانە درۆ لە گەڵ
خۆیان و ووشەکانیان و باوەڕەکانیان دەکەن ،ئەوانەن کاتێک بە ناڕەواوبە
ناهەق پارەى ئەم گەلە دەکەنە گیرفانیان بزەى سمێڵیان دێ و کە تێربوون
دەست بە قسەى هەلەق و بە لەق دەکەن،ئەوانەن کە لە ژیانى خۆیاندا من
دەیان خوێنمەوە ڕۆژێک بە یەک سەرکەوتنى کورد بزە نەکەوتە سەر لێویان لە
هەموو ژیانیاندا نە بەرژەوەندیى گەلى کوردستانیان ویستوەو نە بە هیچ
ڕووداوو کارەساتێکى ئەم ووڵاتە فرمێسکێکى تەنانەت درۆزنانەش بە
چاویاندا نەهاتۆتە خوارەوە .. کاتێک وەکو کوردێکى زۆر هوشیارو بە ئاگاو
فەیلەسووف و زانا بۆ مەرگی لاوێک بەرنامەى کارێکى وۆرکشۆپانەى وا
دادەڕێژن کە تەنانەت میدیاى نەتەوە یەکگرتوەکانیش پەى پێ نابا کەچى کە
بیرکردنەوەو بۆچوونەکانیان دەخوێنیتەوە هەست دەکەى ئەوان هێشتا شایستەى
ئەوە نین لە یەکى ناوەندیدا قوتابى بن و دەبێ چۆن لەم کارانەى ئەو
کەسانە تێ بگەین ؟؟ئەمە کارى ئەوانە یا کارى خاوەن بەرنامە دارانى ژێر
پەردەو پەسیوى ئەمدیوو ئەو دیوەو کە بە ڕاستى دەرى دەخات نەخشەیەکى
پیسى سیخوڕى لە کوردستاندا هەیە کە سیناریۆى کوشتن و لە پاشاندا نەخشەى
ڕاگەیاندن و جم وجۆڵى سیاسیانەى دەرەکیان تێدا داڕشتراوە؟ ئەى بەرنامەى
کاریان بۆ نەبوو بەرامبەر بە شوێن بزر کردنى دەیان کورد لە مووسڵ و
بەغدا ؟؟ ئەوانەشى بە ناوى داد پەروەرى و جێ بە جێ کردنى یاساوە ئەم
کارە دەکەن خەریکە ببنە پاشکۆى ئەو میدیا چەواشە کارە ، کاتێک
ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان ئەم هەڵڵایە هەڵدەگرێتەوەو دەیەوێ بە
ناڕاستەوخۆیى و بە شێوەیەکى ناڕەسمى و لە ژێرەوەش بە هۆى قەڵەمى بە کرێ
گیراوو نووسەرو بیریارى پیرەوە دەیەوێ ئەم تۆمەتە بداتە پاڵ پارتى
دیموکراتى کوردستانەوە ئەوا هەڵەیەکى گەورە دەکات چونکە لە ماوەى
ڕابوردوودا پارتى دیموکراتى کوردستان تێگەیشتنێکى زۆر پۆزەتیڤى بۆ
دەورى ئۆپۆزیسیۆن هەبوەوکەس نابێ ئەو لێک تێگەیشتنەى کە دەرەنجامى گەشە
سەندنى سیاسیانەى دیموکراتى لە کوردستاندا هاتە کایەوە بە هەند
وەرنەگرێ و هەوڵى ڕوخاندنى بدات.کە چارەنووسى هەموو گەلى کوردستانى
پێوە بەستراوەتەوە نەک یەک کەس هەرەوەها نابێ ئەوە لە بیر کرێ کە لە
سەر نووسین تاکو ئێستا کەس نەکوژراوە.
کەسیش نابێ ئەو دەورە گەورەیەى سەرۆکى پێشووى حکومەتى کوردستان
نێچیرڤان بارزانیى لە بیر چێتەوە کە بۆ ئەم لێک حاڵى بوون و ئەم یەک
گرتنەى کورد داویەتىبە تایبەتى بەلایەنى قەبووڵ کردنى هەموو لایەنێکى
ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان هەر لە سەرەتاوە تاکو ئەمڕۆ. هەروەها هەوڵەکانى
سەرۆکى کوردستان بۆ یەک گرتنى هەموو هێزەکانى کوردستان بەرەو بەغداو
بەرامبەر بە عەرەب.ئەم کارانە تێک دانى هەموو ئەو باوەڕو یەکتر قەبووڵ
کردنانەیە کە دەبوایە ئۆپۆزیسیۆن بە هەندیان وەرگرێ بەرامبەر بەوەش
ناتوانین لەو سیاسەتەش چاو بپۆشین کە لە پڕێکدا هەموو ئەو بارو دۆخە
زۆر هەستیارو ناجۆرەى کوردستان لە بیر دەکاو سیاسەتى یەکتر تۆمەتبار
کردن دەگرێتە بەر لە نێو نووسینى نافیکرى و نا لۆژیکى بەرامبەر بە
ئۆپۆزیسیۆن هەرچەندە لە سەرەتادا ئەوان کەوتنە هەڵەوە لەم مەسەلەیەدا
..کەواتە بارو دۆخەکە پێویستیى بە هێمن بوونەوەو هێور بوونەوە هەیە ،پێویستیى
بەهێزى لێکتر تێگەیشتن هەیە ،سووربوون و پێدا گرتن لە سەر تاوانبار
کردنى یەکترى لە توندو تیژى و شەڕو ئاژاوە زیاتر چیى دیکەى بە دواوە
نایا.و دوژمنایەتیە خۆ بە خۆییەکان زیاتر دەکاو دەست تێوەردانى
دوژمنانى کوردو بە کرێ گیراوو خۆفرۆشانى لە کوردستان زیاتر دەکات و
گەلى کوردستان بەرە وناخۆشى و ئاژاوە دەبات .
ئامانج لەم گەڕەلاوژەیە چیە؟ یەکەمین ئامانجى ئەم هەڵڵایە تێک دانى ئەو
کۆبوونەوە گەورەیەى نێوان هەموو حزبەکانى کوردستانە بەرامبەر بە
دەرخستنى یەک هەڵوێستى یەکگرتوو لە بەغدا ئەویش بە پەل ڕاکێشانى حزبە
ئۆپۆزیسیۆنەکان بۆ ناو ئەم کێشەیەو نانەوەى ئاژاوەو دژایەتى لە نێوئەو
حزبانەى لە نێو دەسەڵات دان ..بەوەى وا لە ئۆپۆزیسۆن بگەیێندرێ کاتێک
حزبى هاوبەشى دەسەڵات تاوانبار بکرێت ئەوا جەماوەرى نامێنێ و
ئۆپۆزیسیۆن ڕێژەى پشتگیرى و دەنگەکانى زیاتر دەبن بەتایبەتى لە
هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا.کە ئامانج لە خوڵقاندنى ئەم ڕایەش بە
تەواوەتى داڕوخانى ئەو یەک گرتنەیە. پێویستە چ دەسەڵات و چ ئۆپۆزیسیۆن
نەگەنە حاڵەتێک کە ئەوەى بەدى هێنراوە لە یەکتر تێگەیشتن و یەکتر
قەبووڵ کردن بیخەنە گەمەیەکەوە کە کۆتایى دێت و کاریگەریشى نابێت.چونکە
بەرژەوەندى و داهاتووى هەموو لایەک بە گەلى کوردستانیشەوە ئەوەیە کە
ئەم بار و دۆخە سیاسیە ئارامەى کوردستان بە سەدان هەزار جار لە
دەسکەوتێکى نەزانراو و کاتى گەورەترە.
دووەمین ئامانج لاوازکردنى حکومەتى کوردستانەبەرامبەر بەبەغدا و
دەوڵەتانى ناوچەکەو هێزە گەورەکانى دنیا بەوەى کوردستان وا نیشان بدرێت
کە تێرۆر تیایدا زاڵەو دەسەڵات دەستى لە کارى تێرۆریستیدا هەیەو بەمەش
پشتگیریى نێودەوڵەتیى کورد لاواز بکەن و پاساوێکیش بدەنە دەست
دەوڵەتانى ناوچەکەوە کە بە ئارەزووى خۆیان دەست لە کارو بارى کوردستان
وەردەن.بەوەى حکومەت وانبشان دەن کە تواناى خۆ بەڕێوەبردنی نیەو
باوەڕیان بە دیموکراتیەت نیە.هەرچەندە لەو هەڵڵایەدا ئەوەندەى کەسان
وحزب تاوانبار کران باس لە حکومەت و یاساکاننەکران.
ئامانجى سێیەم کە ئامانجى سەرەکیى هەندێک لە کوردانى دەرەوەى وڵاتە
ئەوانەى بەر مەترسیى و هەڕەشەى ناردنەوەیان کەوتوونە بۆ کوردستان
ئەوانەشى چاوەڕێى مافى پەنابەرى دەکەن و ئەوانەشى لەم یەک دوو ساڵە
چوونەتە دەرەوەو کەس لێیانى نەپرسیوەتەوە .ئەوانە زۆر خۆش حاڵن بەوەى
کە کوردستان وەکو ناوچەیەکى نائارامى وا لە قەڵەم بدەن کە مەترسیى
تێدایە بۆ سەر ژیانیان کە مەرجى مانەوەو پەنا بەرێتى وەرگرتن ئەم
هۆکارەیە کە نەدەبوایە بەو جۆرە بێت..ئاخرهەروەک دەزانین یەکێک لە خاڵە
لاوازەکانى کەمیى دەنگەکانى کوردانى دەرەوەى ووڵات هەر ئەوەبوو کە
زۆرینەیان بە ناوى تەزویرەوە خۆیان لەو وڵاتانە تۆمارکردوەو تەنانەت
شوێنى نیشتەجێى خۆشیان گۆڕیوەو کاتێک بۆ هەڵبژاردن داواى ناسنامە کرا
ئەوان نەیان توانى دەنگ بدەن چونکە ناوەکانیان لە ناسنامە نووسراوەو
هەروەها لە تۆمارگەى تۆمارکردنى دانیشتوانى عێراقدا ...کاتێک کوردستان
وەکو ناوچەیەک لە قەڵەم بدرێ کە تێرۆرى تێدایە ئەوا بە تەواوەتى لەگەڵ
خواستى هەندێک لەواندا یەک دەگرێتەوە.
ئامانجێکى دیکە ئەوەیە پلانى دوژمنانى کور سەرخرێ بۆ شکست پێهێنانى
سیاسەتى کورد لە ناوچەکەدا تاکو نقومى ئاژاوەو دوژمنایەتى کردنى بکەن و
زەمینە بۆئاگرى شەڕێکى ناوخۆیى ماڵوێرانکار خۆش کەن ،لەم کارەشدا بە
ڕاستى دەرکەوت ئەو دەستانەى دوژمنان تاکو کوێ ڕۆسشتوونەو چەندێک
کاریگەریان لە کوردستاندا هەیەو واش پێویست دەکات هەموو هێزەکانى
کوردستان لەم ڕووداوەوە لە خۆیان و دەوروبەریان زیاتر وورد بنەوەو ئەو
دەستانە ڕیسوا بکەن کە دوژمنانى کوردیان لە پشتەوەیە کەواى پێ دەچێت
زۆر بێ ئاگابن و ئەو دەستانە لە زیاد بووندا بن.
ئامانجێکى دیکە ئەوەیە کە سەرنجى خەڵکى کوردستان لە سەر چارەنووسى خۆى
لە بەغدا لابەرن و لە بیریان بەرنەوەو هەروەها مەیلێکى شاراوەیان بەرەو
بەغدا لا دروست بکەن ..کە ئەم ئامانجەش لە ڕاگەیاندنى عێراقى و
عەرەبیدا دەرکەوت کە چۆن باسیان لە کوردستان دەکرد وەکو ئەوەى کوردستان
ئەقغانستان بێت ..ئاخر تەنها لە ساڵى 2007 دا 68.ڕۆژنامەنووس لە
عێراقدا کوژران کە لە مبَژووى تێرۆر کردندا لە جیهاندا بێ وێنەیە و نە
ڕاگەیاندنى عێراقى و نە ڕاگەیاندنى عەرەبى لێویان بە ووشەیەکى ناڕەزایى
نەجووڵا ..عەرەب و هەندێک لە حزبە عێراقیەکان زۆر بەوە هەست بە شکستى و
شپرزەیى دەکەن کە دەڵێن کوردستان تێرۆرى تێدا نیەوخۆشگوزەرانى و
دیموکراتیەت و گەشە سەندن باڵى بە سەردا کێشاوە.
هۆکارێکى دیکەى پەرەسەندنى ئەم هەڵڵایە زۆربەى ئەو نووسەرو بە ناو
ڕۆشنبیرانەن کە سوود لەم دیاردەیە وەردەگرن بەوەى هەر یەکەو لە سەر
داواى لایەنێک دەست بە نووسین دەکەن و لە پێناوى دەسکەوتە
کەسایەتیەکانیاندا هێرش دەکەنە سەر یەکترى و یەکترى تاوانبار دەکەن ..پێویستە
زۆر بە ووردى لەوە بگەین کە هەموو ئەم هەڵڵایە نە سوود بە دیموکراتیەت
و نەمافى مرۆڤ و نەئازادى و نه ڕادەربڕین دەگەیێنێ چونکە زۆرینەى
نووسینەکان لە پێناوى خوڵقاندنى واتە واتێکى هیستیرى و توندو تیژەو لە
سیفەتى هێمنى و گفتوگۆ لەسەرکردن دوور کەوتوونەتەوە .کەواتە بارودۆخەکە
پێویستیى بە لێکتر نزیک بوونەوەى زیاتر هەیە تاکو یاساکانى کوردستان و
دام و دەزگا ئەمنیەکانى کە بەرپرسیارن لەم کێشەیەدا ڕاى خۆیان بڵێن و
دەرەنجامى بە دوادا چوونەکانیان بۆ خەڵکى دەرخەن و ڕێگە لەو دەستانە
بگیرێ کە دزەیان کردۆتە نیچو عەقڵ و بیرکردنەوەمان چونکە کوردستان و
گەلەکەى لە سەرەوەى هەموو بەرژەوەندیەکاندایە.
ماڵپهڕی نهجات حهمید
ئهحمهد
|