په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پێویستە لەمەودوا لە فۆرمێکی دیدا دەربکەوین؟!

ستار محەمەد قادر

 

رەنگە زۆرێک ئەم وتارەیان پێ نامۆ بێت، لێ من زۆر بە راشکاوییەوە ئەوە دەر دەبڕم کاتێک مرۆڤ لە هەر ئیشێکدا کە هەست بە سەرکەوتن نەکات، یان توانای ئەوەی تێدا نەبێت کە تەکانی پێ بدات، پێویستە بیر لە رێگە چارەی دیکە بکاتەوە، لە پێناو ئەوەی سەرکەوتن مسۆگەر بکات، ئەگەر سەرکەوتن خولیاو ئەندێشەی ئەو بێت!

 

ئەگەر ئەمڕۆ لەو نووسینانە بنواڕین کە لە رۆژنامەو گۆوارەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، کە زۆر بە داخەوە هەر هەموویان رووی دەمیان لە دەسەڵاتێکە کە نەگوێ بەو نووسینانەی ئەوان دەدات و نەش حیسابیان بۆ دەکات!

 

لێرەدا گرنگە پرسیاری ئەوە بکەین بۆ دەسەڵات هیچ جۆرە حیسابێک بۆ ئەو نووسینانە ناکات؟ ئایا هۆکاری ئەوەیە دەسەڵات لە رۆشنبیران و رۆژنامەوان زیاتر نێزیکترە لە کۆمەڵانی خەڵکەوە؟ ئەو هەڵقووڵاوی ئەو واقیعە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەیە و روناکبیران بەرجەستە بووی واقیعێکی دیکەن؟!

 

ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە دەبێت ئێمە پێش هەموو کەسێک لە خۆمانی بکەین، ئایا ئەو ئالییەتەی کە ئێمە ئیشی پێ دەکەین تەندرووست و لە بارە بۆ کۆمەڵگەیەک کە بە دەستی بژێوی ژییان و بێ ئاوی و بێ کارەباییەوە رۆژانە سەر قاڵە؟!

 

ئایا ئێمە خوێندنەوەی تەواومان کردووە یان هەیە بۆ واقیعی کۆمەڵگەو میللەتەکەمان؟ یان ئاستی هۆسیاریی کۆمەڵایەتیی و سیاسییانمان بە پێوەرێکی سەردەمییانەو زانستییانە پێواوە؟!

 

ئەمڕۆ کێ لە کۆمەڵگەی کوردی بەختیار عەلی مەریوان وریا قانیع و شێرزاد حەسەن و کێ و کێ دەناسێ و گرنگی بە نووسین و بەرهەمەکانیان دەدات؟ جگە لەو خەڵکانەی خوێندنەوەو نووسین بووە بە ئەندێشەیان و بە شوێن پەرەگرافێکی جوواندا یان رۆمانێک یانیش شیعری شاعیرێکی وەکو مامۆستا عەبدولڵا پەشێودا ئەوداڵن؟!

 

بە داخێکی زۆرەوە ئەمڕۆ تەنها ئەوە کۆمەڵانی خەڵک نین کە نازانن چۆن و بە چ شێوەیەک داکۆکی لە خۆیان و لە داواکارییەکانیان بکەن، بەڵکو ئەوە ئێمەیشین کە نازانین ئەو میکانیزمە بدۆزینەوە کە ئیشی لە سەر بکەین لە پێناو بەر جەستەکردنی گۆڕاندا!

 

ئەمڕۆ نووسینی هەر نووسەرێک ئەگەر خوێندنەوەی تەواوی بۆ کۆمەڵگەکەی نەبێت و خۆی لە نێو ئەو واقیعەدا نەژێت، وا بزانم وەکو ئەوە وایە کە نە چووبیتە سەری مانگ و خوێندنەوەی زانستییانەت نەبێ و بۆ ساڵانێک سەری مانگ نەبووبێت بە ئەندێشەت، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەی وەکو کەسێک کە بەهرەداری خۆت لەو بووارەدا دەربخەیت، قسەیەک یان وتارێک لەو بووارەدا بنووسیت بەبێ ئەوەی باجی چوونە سەر مانگ و رێگای مان و نەمان بە هەموو قەناعەتێکەوە قبووڵ بکەیت!

 

من بە تەواوەتی نازانم لە چ ساڵێکدا بوو لە گۆواری بەیاندا سەرگووزشتەی رۆژنامەوانێکم خوێندەوە، کە دووای ئەوەی لە لایەن وڵاتەکەیەوە کرا بە باڵیۆزی ئەو وڵاتەو شەوان لە گەڵ هاوکارانییدا دوور لە بەرەکانی شەڕ مێزیان دەڕازاندەوە، کاتێک هەستی بەوە کرد کە هاوکارانی تەنها بۆ مەزەی خواردنەوە باس ل بەرەکانی شەڕ دەکەن و هیچ کامییان ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە کە بۆ جارێک لە ژیانییاندا روو لە بەرەکانی دووای دووای ئەو شەرڕە بکەن کە لە سەر مێزەکانیان بوو بوو بە بنێشتە خۆشەی سەر زوبانییان!

 

بۆیە ئەو باڵوێزە دەستی لە کارەکەی کێشایەوەو بڕیاری دا تا شەڕ بمێنێت ئەو لە ریزی پێشی پێشەوە بێت، دووای ئەوەی هاوکاران و برادەرەکانی زۆر هەوڵیان دا تا لەو بڕیارەی پەشیمان ببێتەوە، لێ دووا قسەی ئەو ئەوە بوو بۆیان و وتی : ( من زۆر بەوە قەڵس دەبم کاتێک یەکێک باس لە بەرەکانی شەڕ بکات، بیری بە لای ئەوەدا نەڕوات کە ئەوانەی وا لە نێو ئەو شەڕەدان، وەکو ئێمە مرۆڤن و دڵیان بە ژیان خۆشەو لە گۆشت و هێسک پێکهاتوون، ئێوە بە بێ ئەوەی لە ئازاری برینی سەر جەستەی بریندارێک بگەن، لە دووری دوورەوە پێک بە سەریاندا هەڵ دەدەن، ئێوە بێ ئەوەی لە ئازاری دڵی کەس و کاری ئەو سەربازو ئەفسەرانە بگەن، کە لە ماڵەوە دەستەکانیان بە ئاسمانەوەیەو دەستییان لە سەر دڵیانە تا خودا گیانی منداڵ یان مێرد یانیش خۆشەویستەکەیان لە مردن بپارێزێت، خەریکی شەوە سوورەکانی خۆتانن!

 

ئەگەر دەتانەوێت لە واقیعی شەڕ بگەن، وەرن با بچینە پێشی پێشەوە بۆ ئەوەی گوێتان لە ناڵەی ئەو بریندارانە بێت کە بە دەست ئازاری مەرگەوە ناڵەیان دەگاتە ئاسمان، وەرن با بۆنی ئەو تەرمانە بکەن کە لە بەرەکانی شەڕدا بۆگەنییان کردووەو بێ خاوەن کەوتوون، وەرن بە چاوی خۆتان ئەو حاڵەتە ببینن کاتێک بڕیاری هێڕش دەدرێت یان هێڕش دەکرێت، بزانن خۆراکی ئەو شەڕڕەی کە ئێوە لە سەر مێزی خواردنەوە هەموو شەوێک دەیکەن بە مەززەی خۆتان، چییەو چ ئێش و ئازارێکی سەخت و دژواریی هەیە)؟!

 

ئەو لە بڕیاری خۆی پەشیمان نەبووەوە تا شەڕ بەردەوامی هەبوو وەکو رۆژنامەوانێک لە بەرەکانی پێشی پێشەوەدا بوو، چەند جارێک بریندار بوو، لێ تا کۆتایی لە بڕیارەکەی خۆی پەشیمان نەبووەوە، کاتێکیش کە شەڕ کۆتایی پێ هات، بڕیاری دا بڕوات لە وڵاتێکی دیکە درێژە بە ژیانی خۆی بدات!

ئەمڕۆ لە کوردستاندا تەنها شەڕێک بوونی هەیە، کە شەڕی فیکرە، لێ کەرەستەی ئەم شەڕە بە هەمان کەرەستەی شەڕی ئەو رۆژنامەوانە پێویستی بە کەسانێک هەیە کە لە نێو بەرەکانی شەڕدا بن، لە نێو واقیع و ئێش و ئازاری ئەو خەڵکەدا بن، نەک وەکو ئەو هاوەڵانەی ئەو باڵوێزە تەنها لە دووری دوورەوە باس لە شەڕ بکەن بە بێ ئەوەی لە موعاناتی شەڕ بگەن؟!

 

بۆیە من پێم باشە با دەست لە یەخەی دەسەڵات بەربدەین و بگەڕێینەوە بۆ نێو کۆمەڵانی خەڵک، چونکە تا ئێمە لە دووری دوورەوە قسە لە سەر ئەوان بکەین، ناتوانین بچووکترین گۆڕانکاریی بەرجەستە بکەین، بۆ ئەوەی بەشێک بین لە ئێش و ئازاریی ئەو کەسانەی کە لە بەرەکانی شەڕدان، پێویستە لە نێویاندا بین و برینەکانیان ساڕێژ بکەین و تەرمەکان بنێژین و خۆمانیش لە بووارەدا بریندار و قوربانیش بدەین، جا بزانن کێ لە ئێمە نەفرەت لە شەڕ ناکاو دەسەڵاتیش چۆن و بە چ شێوەیەک گوێ بۆ بچووکترین داخوازی کۆمەڵانی خەڵک را دەگرێت !!!

 

 

STAR_QADR@YAHOO.COM