په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٧\٢٠١٠

''پەیکەری ئازادی سەردەشت عوسمان''

پرۆژەی سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە و

رێگرییەکانی پارێزگاری هەولێر بە توندی ئیدانە دەکەین!

 


لە روونکردنەوەیەکی رەخنەگرانەی بەکر عوسمان، برای شەهیدی رۆژنامەنووس(سەردەشت عوسمان)، وەڵامی رێگرییەکانی پارێزگاری هەولێر بۆ دانانی"پەیکەری ئازادی سەردەشت عوسمان" دایەوە. کاتێک ئەوان داوای مۆڵەتیان لە پارێزگاری هەولێر کردبوو بۆ دانانی پەیکەرەکە لەناو شاری هەولێردا، پارێزگاری هەولێر بەمشێوەیە وەڵامی داواکاری ناوبراو دەداتەوە"تاکو ئێستا لێکۆڵینەوە لەم مەسەلەیە یەکلایی نەبۆتەوە و تاوەکو لیژنەی لێکۆڵینەوە ئەنجامی کۆتایی خۆی نەخاتەڕوو، ئێمە مۆڵەتی ئەو پەیکەرە نادەین لەنێو شاری هەولێر".


ئێمە وەک کەمپینی"سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی ڕادەبڕین" لە شاری هەولێر، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگ و نارەزایەتییەکانی بەکر عوسمان. پارێزگاری هەولێر بەم رێگرییە راستەوخۆیە بۆ دانانی پەیکەرەکە و بەستنەوەی بە کاری لیژنەی لێکۆڵینەوە خۆی دەخاتە بەردەم پرسیار و رەخنەی نارەزایەتی فراوانی خەڵکی کوردستان و رۆژنامەنووسان و ئازادیخوزانی دونیا.


بەستنەوەی دانانی (پەیکەری ئازادی سەردەشت عوسمان) بە ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵنەوە زۆر نادروستە و تەنیا بیانووە بۆ رێگەگرتن لە دانانی پەیکەرەکە لە شاری هەولێر، بەم کارەش پرسیارێکی زیاتر دەخاتە سەر لیژنەی لێکۆڵینەوە لەم کەیسە، چونکە ئەوە نزیکەی 2 مانگ بەسەر تیرۆری سەردەشت تێدەپەڕێت، لیژنەی ناوبراو هیچ کارێکی نەکردووە و هیچی دیارنییە. ئیتر پەیوەست کردنی دانانی پەیکەرەکە بە ئەنجامەکانی لیژنەی ناوبراو واتە بە کردەوە رێگە نەدان بە دانانی پەیکەرکە لە شاری هەولێردا.


دیارە بۆ دانانى پەیکەرێکى لەو شێوەیە لەدواى رووداوى تیرۆرکردنى رۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) پشتگیرییەکى جەماوەرى بۆ دانانى (پەیکەرى ئازادی سەردەشت عوسمان) دروستبوو. لەتەواوى شارو شارۆچکەکانى هەرێمی کوردستان، خەڵکانێکى دڵسۆز و ئەوانەى باوەڕیان بە ئازادى را دەربڕین هەیە لە هەرێمى کوردستان چ لەرێگەى واژووکردن بێت چ لە رێگەى یارمەتیدانى ماددی بێت پشتگیرى خۆیان بۆ دروستکردنى ئەم پەیکەرە راگەیاندووە، بەڵام رێگرى کردن لە دانانى (پەیکەرى ئازادى سەردەشت عوسمان) لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە، پارێزگارى هەولێر دەخاتە ژێر پرسیارەوە و پێمانوایە ئەو بڕیارە ئەوەندە بڕیارێکی سیاسییە ئەوەندە ئیداریی نییە.


ئێمە وەکو کەمپینى (سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی را دەربڕین) بە توندی ئیدانەى ئەو هەڵوێستەى پارێزگارى هەولێر دەکەینء داوا لە پارێزگارى هەولێر دەکەین پێداچونەوە بەو بڕیارەیدا بکاتء لە راگەیاندنەکانەوە هۆکارى ئەو رێگرییەى رابگەیەنێت لە دانانى پەیکەرى ئازادى سەردەشت عوسمان لە شاری هەولێر. لێرەشەوە تەواوى خەڵکى کوردستان و ئازادیخوازان لە هەر شوێنێکی دونیا لەم هەڵوێستەى پارێزگارى هەولێر ئاگادار دەکەینەوەو پێمان وایە دەبێ لە زووترین کاتدا پارێزگارى هەولێر رێگە بە دانانی پەیکەری ئازادی سەردەشت عوسمان بدات لەنێو شاری هەولێر.


ئەگەر پارێزگار و دەسەڵاتدارانی هەولێر دەستهەڵنەگرن لە رێگرییەکانیان لەبەردەم "پەیکەری ئازادی سەردەشت عوسمان" کەمپینەکەمان ناچار دەبێت هەموو رێگایەکی یاسایی و خەباتی دیموکراسی و جەماوەری بگرێتەبەر لەپێناوی داواکەمان. ئێمە لێرەدا هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەو داوایەی خۆمان نابین و پرۆژەی دروستکردنی پەیکەرەکە خەریکە تەواو دەبێت و هەموو هەوڵێکی لێبڕاوانە دەگرینە بەر لەپێناوی دانانی(پەیکەری ئازادی سەردەشت عوسمان) لە کوردستان.

 


کەمپینى (سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی رادەبڕین) لە شاری هەولێر
3\7\2010