١٣\٧\٢٠١٠
پهیکهر و کتێبی
سهردهشت عوسمان،
رێزلێنانه له شهخسیهت
و پهیامی یهکسانیخوازیی ئهو.

بەشدار عوسمان
دیارە هەوڵى ئێمە لە پاڵ ئازادیخوازان بۆ دورستکردنى پەیکەرى ئازادى بۆ
رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەى دەستنوس و ووتار
و بەدواداچونەکانە رۆژنامەوانیەکانى، تەنها رێزگرتنێکە لە گیانى
سەردەشت و بەرز راگرتنى پەیامە ئازادیخوازى و یەکسانیخوازییەکەى و
هەموو ئەوانەى لەم پێناوەدا گیانیان بەخشى و لەداهاتووشدا دەیبەخشن .
ئامانجى سەرەکى ئێمە لەگەڵ هەموو خەڵکى دنیا ئاشکراکردنى بکوژان و
دادگایکردنیانە لەدادگایەکى ئاشکرا و جەماوەرى، لەم پێناوەشدا کار و
پرۆژە و هەوڵەکانمان بەردەوامى دەبێت، چونکە شێوازى رفاندن و تیرۆرى
سەردەشت و گواستنەوە و فڕێدانى، دواتر مامەڵەکردنى بەرپرسان و
دەسەڵاتدارانى ئەمنى لەگەڵ ئەو تاوانە گەورەیە و بێدەنگى لێى، پێیگوتین
گیانى هەموومان لەمەترسیدایە و ئاساییە لەچاونوقاندنێکدا خێزانێک و
گەرەکێک و ناوچەیەک بکەونە بەر رەحمەتى تیرۆر و تیرۆرستان و لەبەر
ناسکى وەزعەکەش دەبێت بێ دەنگبین !! ئاشکراشە (ئەزموونێک )لاى خەڵک
گرینکە کە گیان و ماڵمان پارێزرازبێت.
کارى ئێمە وەکو بەرنامە و کارەکانى سەردەشت، چەسپاندنى ئازادى و
یەکسانى و خۆشگوزەرانیە لە کۆمەڵگادا، ئامانجى ئێمە ریسوایى و
شەرمەزارییە بۆ تیرۆر و تیرۆرستان و دوژمنانى ئازادى و یەکسانى،
ئامانجى ئێمە فراوانکردنى چوارچێوەى ئازادى رادەربڕین و نوسین و
قسەکردنە لەسەر هەموو شتێک کە سەردەشت لەم پێناوەدا گیانى بەختکرد،
بۆیە پێویستى بەرێگرى و ئاستەنگ ناکات و ئامانجى ئێمە رۆشنە و سەرەڕایى
هەر رێگریەک کە لەیەکەم هەنگاودا لەدانانى شوێنى پەیکەرەکە لەناو شارى
هەولێر رووبەروویبوینەوە،بەڵام هەوڵ و کۆششکانمان بەردەوامە و
ئامانجەکانمان لەدانانى پەیکەر و کتابى سەردەشت باڵاترە.
هیچ هەوڵ و کۆششێک ناتوانێ کەیسى سەردەشت لەسەر مێزى رۆژنامەنوسان و
ئازادیخوازان و تەواوى خەڵکى عێراق و کوردستان و دونیا دابخات ، تیرۆرى
سەردەشت کە یەکێک لە گەورەترین زوڵم و ناحەقیەکە بەرامبەر بە ئازادى ،
بۆیە هیچ هەنگاوێک ناتوانێ لەنیگاى پڕ بەرائەتى سەردەشت و پەیامە
ئینسانیەکەى دامانببڕێنێت و بۆ هەمیشە درێژەى پێدەدەین، تەنها
ئاشکراکردنى تاوانباران و دادگاییکردنیان دەتوانێ ئومێدێک بەدڵ و
دەروونى خەڵک بدات و مۆتەکەى ترس و دڵەراوکێ لەنێو هزر و بیرکردنەوەیان
کاڵتربکاتەوە ، لەگەڵ ئەوەى خەڵک دڵى شکا و هەست و نەستى بریندارکرا،
ترس و دڵەراوکێى و گومان لە هەموو شتێک بۆتە بەشێک لە بیرکردنەوە و
لێکدانەوەکانى .
رێگەنەدان و گرێدانەوەى دانانى پەیکەرى ئازادى سەردەشت عوسمان
بەکۆمەڵێک شتى لاوەکیەوە تەنها مەهزەلەیەکە و هیچیتر ! ناتوانێ هیچ
مرۆڤێکى خاوەن عەقڵ و مەنتق قانح بکا و لە یاسا و دەستورى هیچ وڵاتێک
نەبینراوە و نابیندرێت، ئەگەر بەپێى وەڵامى دەسەڵاتدارانى هەولێر بێت
دەبێت زۆرێک لە پەیکەرەکانى شارى هەولێر لاببرێن و وورد و خاش
بکرێن،ئەى خۆ بکوژانى مامۆستا ێلاح هەورامى تا ئیستا بەرەسمى
رانەگەیەندراوە، بەڵام 10ساڵە پەیکەرەکەى لەنێو کۆلیژى ئاداب باڵادەکا
!؟ دەکرێت پێمان بڵێن بکوژەکانى هەورامى کێ بوو؟ بەپێوانەى پارێزگارى
هەولێر بێت، دەبێت پەیکەرەکانى( عمرى خاوەر )لە هەموو کوردستان
کۆبکرێنەوە چونکە تاکو ئیستا دادگا نەیتوانیوە زانیارى تەواو (وەکو
ئەوەى پارێزگارى هەولێر)گەرەکیەتى، لەسەر روداو و ئەنجامدەرانى
کۆبکاتەوە.
هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕاندن و وونکردنى کەیسى سەردەشت لاى هەموو
رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازانى دونیا مەحکومە و لەگەڵ هەنگاو و پرۆژەى
گەورەتریان رووبەروودەبێتەوە، ئیستا پەیکەر و شێوە و وێنەى سەردەشت
لەهەموو کەلاوە و ماڵێکدایە، نوسراو و دەستنوسەکانى لەنێو مێشکى گەنجان
و لاوان و پیر و پەککەوتوان سەیڤ بوە،چونکە ئەو لەپێناوى ئازادى و
خۆشگوزەرانى خەڵک گیانى بەخشى.
دەبوایە دەسەڵاتدارانى هەولێر،وەکو وەفایەک بۆ گەنجێکى شارەکەیان کە بە
دڕندانەترین شێوە لەناوبرا و توانى لەماوەیەکى کەمدا لەرێگاى نووسین و
بەدواداچونە رۆژنامەوانیەکانى مێشکى گەنجان و لاوان بۆ لاى بیرکردنەوە
و داهێنان و ئەفراندن ببات و خزمەتێکى گەورە بە پێشکەوتن بکات و ئەو
سنورانە بشکێنێت کە مێشک و بیرکردنەوەى خەڵکى ئیفلیجکردووە و لەخاڵێکدا
گیرى کردوون، زیندووراگرتنى سەردەشت و پەیام و بیروباوەرەکانى سەردەشت
پێش هەموو شتێک خزمەتێکى گەورەیە بە کۆمەڵگا و مرۆڤایەتى و پێشکەوتن و
بزاوتى رۆشنگەرى و رۆژنامەگەرى، بەڵام بەداخەوە نەک هاوکارى و
دەستپێشخەرییمان نەبینى بەڵکو لەگەڵ پێچەوانەکەى بەرەو روو بوینەوە،
وەکو سەردەشت گووتى (بەدبەختى ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە ، باکى بەمردنى
نەوەکانى خۆى نیە...)بەڵام ئەمجارەیان پێیانگووتین نەک باکى بە مردنمان
نیە،بەڵکو رقیشى لە زیندووبونى هەندێکمانە !
هەموو ئەوانەى بە هاتنە سەرشەقام،بە ووتار و شیعر و پەخشان ، هەڵوێست و
خۆپیشاندان و نارەزایەتى، کۆڕ و سیمینار و کەمپین و فیلم و دیکۆمێنت و
وێنە و پۆستکارد،بەشداربوون و دەبن لە ئیدانەکردنى تیرۆرى رۆژنامەنوس
سەردەست عوسمان و ریسوایى و ئاشکراکردنى بکوژان،مێژوویەکى درەوشاوەیان
بۆخۆیان تۆمارکردووە و دەیکەن، هەموو ئەوانەى بە ئیمزایەک پاڵپشتى و
هاوکارى کەمپینى دورستکردنى پەیکەرى ئازادییان بۆ سەردەشت عوسمان
دەربڕیوە، مرۆڤایەتى شانازییان پێوە دەکات، پێچەوانەکەشى دورستە،
هیوادارین چیتر پێچەوانەکەى نەبینین، چونکە وەستانەوەیە بەرامبەر
پەیامى سەردەشتەکان و هەزارەها کەسى ئازادیخواز لە کوردستان و عێراق و
سەراسەرى دنیا.
1\7\2010
ماڵپهڕی بهشدار
عهلی
|