پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکان بەرەو لاوازى دەچێت.

عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی
ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەى کە لەدونیادا بوونى هەیە، لەوڵاتیکەوە
بۆ وڵاتێکى تر بێکومان جیاوازى هەیە، بەکوێرەى داب و نەریت و سروشتى
ئەو کۆمەڵگایانە دەمێنێت کە چارەنووسى پەیوەندیەکانیان دەست نیشان
دەکات و بە تێبەڕبوونى کات و زەمەنیش کاریگەرى راستەوخۆی دەبێ لە شێوەى
گۆڕانى پەیوەندییەکان.
دیارە مەبەستى سەرەکیم لەم بابەتەدا زیاتر دەستنیشان کردنى ئەو
خاڵانەیە کە پەیوەندیەکانى کۆمەڵگاى ئێمە لەرابردوودا چۆن بووە و
هەنووکەش لە چ دۆخێکدایە باس بکەم، ئاشکرایە لەماوەى رابردوودا ئەو
پەیوەندیانەى کە هەبوون پەیوەندییەکان بەگشتى پتەو بووە، و زیاتریش
لەسەر ئاستى خزمایەتى و ناوچەچێتى بووە، لایەنە بۆزەتیڤەکانى ئەو
پەیوەندیانەش زۆرترین مەحبەت لەنێوان تاکەکاندا هەبووە و هاتوچۆکردنى
یەکتر و دەستگردنى ئەو کەسانەى کە لەرووداوێکدا تێدەکەون و
پەیوەندییەکى گیان بەگیانى، واتا ئەو پەیوەندیانەى کە دروست بوون
پەیوەندییەک بووە بەرژەوەندى دروستى نەکردووە، بەڵکو ئەو هۆکارانە
دروستى کردووە کە ئاماژەم پێکرد، لایەنە نێگەتیڤەکانى ئەو پەیوەندیانەى
کە لەسەردەمانى رابردوودا هەبووە ئەوەیە کە تەنها مەسەلەى خزمایەتى و
شارچێتیان بەئەساس وەرگرتووە و تەنها لەسنوورێکى عەشایەریدا ماوەتەوە و
ئەو جۆرە پەیوەندیانەش پەرەى پێنادرێ و پێش ناخرێ و لەسنوورێکدا قەتیس
دەمێنێت، کاریگەریەکانیشى سەرچاوەى خۆی لەبیرۆکەى فێوداڵیەتییەوە
دەگرێت.
ئەو پەیوەندییە کۆمەڵاتەتیانەش کە لەرژگارى ئەمڕۆماندا هەن بەرەو
لاوازیەک دەڕوات کە بەبڕواى من مەترسیدارە بۆ ئێستا و داهاتووش، چونکە
زۆربەى ئەو پەیوەندیانەى کە دروست دەبن زیاتر بەرژەوەندى دروستى دەکات،
بێگومان ئەمەش شتێک نییە کە بڵێ هەر لەخۆیەوە دروست بووە، لەمڕۆدا
سیستەمى سەرمایەى جیهانى ئیدى لەدونیادا وا لەتاکەکانى کۆمەڵگا دەکات
کە تەنها لەپێناو بەرژەوەندییەکانى خۆیان کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەرەو
ژیانێکى تاریک بەرن، چونکە لەکاتێکدا بەرژەوەندى کەوتە پێش کارى
ئینسانى ئەوا بزانە ئیدى ژیان بەرەو خراپبوون مل دەنێت، بۆیە تەماشا
دەکەى لەو وڵاتانەى کە وەکو وڵاتى پێشکەوتوو دەبینرێ ئیدى پەیوەندى
کۆمەڵایەتیان نەماوە و زۆر سارد و سڕن لەپەیوەندییەکانیاندا و تا ئەو
ئاستەى ژن و پیاوێک کە بەیەکەوە دەژین تەنها لایەنى غەریزەیە کە گرییان
دەداتە یەکەوە و لەو شوێنانەى کە کاریشى تێدا دەکەن دیسان مەسەلەى
بەرژەوەندى شەخسى خۆیانە کە پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەو کەسانەدا دروست
بکەن کە لەگەڵیاندا کار دەکەن، ئەگینا ئیتر هیچ پەیوەندیەکى ئینسانى و
کۆمەڵایەتى و مرۆڤدۆستیان نەماوە، بێگومان ئەم دیاردەیەش کە سەرجەم
کۆمەڵگاکانى مرۆڤایەتى تەنیوەتەوە کاریگەرى راستەوخۆى هەیە
لەکوردستانیشدا، ئاشکرایە کە بەردەوام لەزارى گەورەکانەوە دەبیسین کە
باسى رۆژانى رابردوومان بۆ دەکەن خەڵکى لەو سەردەمانەدا جۆن ژیانێکى
باشیان بردۆتە سەر کە زۆر بەئیقناع و سادەبوونە، بەڵام لەئێستادا
شتەکان هەمووى گۆڕاون ئەگەر بڵێن لەئەنجامى پێشکەوتنى دونیادا
پەیوەندیەکان گۆڕاون و لاواز بوونە ئەمەش راست نییە، راستر ئەوەیە کە
لە ئەنجامى بەرژەوەندى لاوەکیدا ئەو پەیوەندیانە بەرەو لاوازى دەچن.
ئەگەر رێگریەکى دروست نەبێت لەپێش شێوە ژیانێکى بەو شێوازە ئەوا حەتمەن
لەداهاتوودا ئەو پەیوندیانەى کە ئێستا بوونى هەیە هەر نامێنێت، ئێمەى
مرۆڤى رۆژهەڵاتى ناوڕاست خاوەن کولتور و شارستانیەکى تایبەت بەخۆمانین
بەتایەتیش وەکو کورد، کە داب و نەریت و کولتور و زمانى تایبەتى خۆمان
هەیە ئەو (ێلە رەحمە)ى کە لەئیسلامیشدا باس دەکرێ بەتەواوى لەئێمەدا
هەبووە، بەڵام وا خەریکە بەرەو خرابوون دەچێت، بۆیە پێشگرتن لەژیانێکى
بەو شێوازە دەبێتە ئەرکى هەموو کەسێکى مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەر، چونکە
ئێمە وەک مرۆڤ بەپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانەوە جوانیان، لەبەر ئەوەى
تاک بەبێ کۆمەڵگا نابێت، یان ئەو شێوە ژیانە کە تەنها من بیر لەخۆم
بکەمەوە ژیانم خۆش بێ و ئاسوودە بم، وڵات و دەوروبەریشم کاول بێ و دەنگ
نەکەم ئەمەش بەبڕواى من جۆریکە لەبێ ئەخلاقى و لەئەنجامى نەبوونى
ویژدانەوە سەرچاوەى خۆى دەگرێت.
رێگاکانى رێگرتن لەم دیاردەیە زۆرن، جارێکى تر و بەشێوازێکى باشتر
دەتوانین رۆحێکى ئینسانى وەبەر پەیوەندیەکانمان بەدەینەوە و نەهێڵین
چیدى لەم دۆخە زیاتر بەرەو خراپتر بچێت، بۆ نمونە بەسەردانیکردنى
دەوروبەرت بێ لەخۆشى و ناخۆشیەکاندا بەشداربى، ئەمەش تەنیا بەس نییە،
بەڵکو دەبێت خۆشەویستیەکى راستەقینە و دوور لەبەرژەوەندى دروست بێت،
بەرژەوەندى لەرۆژى ئەمڕۆماندا حاکمە هەر بۆ نمونە کوڕێک تەنیا لەبەر
بەرژەوەندى و بۆ ئەوەى غەریزەى خۆى دابمرکێنى بەناوى خۆشەویستیەوە
داواى هاوڕیەتى لەکچ دەکات، یان شێوەى سەردانەکان بۆ بەرژەوەندى بێت
ئەو دیاردانە بێگومان بەرەو خراپتربوونمان دەبات، بەڵام ئەگەر بێت
زۆرینەى خەڵک پێکەوە هەوڵبدەن و شێوەی مامەڵکردنیشیان باش بێت لەگەڵ
دەوروبەریان، یان ئەو پەیوەندیانەى تر کە لەگەڵ خەڵکدا دەیبەسن لەسەر
ئەساسى راستى درووست بووبێ ئەوا سەرکەوتوو دەبین، ئەگەریش بەپێچەوانەوە
بوو ئەوا کارەساتێکە بەرەو رێگاى چەوتمان دەبات.
abdulagermiki@yahoo.com
|