په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

پیلانە نهێنەیەکانى ناو بانگێشتەکەى مەلابەختیار.

کاروان نه‌جمه‌دین


مەلا بەختیار پەتى تەحەمولى پچڕاو لە ژمارە 198ى ڕۆژى دووشەممە 13/10/2008 ى هەفتەنامەى چاودێرەوە داوا لە نەوشیروان مستەفا دەکات ڕوبەڕو لەشاشەى تەلەفیزیۆنەکانەوە قسەبکەن . ئەم هەڵوێستەى مەلابەختیار دواى ئەو کومەڵە وتارانە دێت کە نەوشیروان مستەفا تیایاندا کەوتۆتەڕەخنە لە حیزب و حکومەتێک کەخۆى بنچینەى داناوە بەڵام ئەمڕۆ " ناکۆکى" پەیداکردوە ، لێرەدا ناچمە سەر هۆکارى ناکۆکیەکانى نەوشیروان مستەفا لەگەڵ (ی ن ک) ، بەڵام ئەوەى جێگەى مەبەستە داواکەى مەلا بەختیارە لە نەوشیروان ، خۆ ئەگەر ئەم داوایەى مەلابەختیار لەلایەن نەوشیروانەوە قبوڵ بکرێت ئەم دوهاوڕێ و هاوپیشە کۆنە لەکەناڵەکانى تەلەفیزۆنەوە بکەونە هەڵدانەوەى پەردە لەکردەوەکانى 31 ساڵى ڕابردوى یەکدى ئەبێت چى دیکە زیاد ببێت لەسەر ئەومێژوەى حیزبەکەیان و ئەودوانە کە لاى خەڵک زانراوە، تۆبڵى ئەم دوانە شتێکیان هەبێت لەبەرژەوەندى خەڵکدا بوبێت تا یەکێکیان ئیسپاتى بکات ئەو باشتر خزمەتى خەڵکى دەکرد ئەگەر ئەوى دیکەیان نەبوایە ؟!! ، بەقەولى مەلابەختیار *( "31 ساڵە لەنزیکەوە یەک دەناسن لەناو سەدان ڕوداو ، کۆبونەوە ، سەرکەوتن و شکست ، مفاوەزات لەگەڵ حکومەتان ، پیلانى ئاشکرا و نهێنى ، زیندان و ڕەفتارى نا جوامێرانە و پێشێلکردنى مافى ئازادى لە سەدان تێکۆشەر بە خۆشمەوە " ) ، تۆبڵى ئەم دوو هاو پیشەیە ڕۆژێک لەڕۆژان لەسەر مافەکانى خەڵى کوردستان ناکۆکیەکیان هەبوبێت و ئێستا بیانەوێت پەردەى لەسەر لادەن ؟!! یان دەکەونە هەلادانەوەى پەردە لەسەر ئەوپیلانانەى 31 ساڵە بۆسەرکوتى ئەحزابى سیاسى و قەتڵى عامکردنى نەیارنى حیزبەکەیان دایانڕشتوە و بەڵام وەک قڕناقێ و پشتئاشان عەلەنى و بەبەرچاوى خەڵکەوە نەبوە ، بڵێى مەلابەختیار ئاگاداری ئەوە نەبوبێت کە حیزبەکەى خەریکى عەمالەت بوە بۆ جمهورى کۆنەپەرستى ئیران و پاسداریان بردە سەر بیرە نەوتەکان و دڵڕەنجاوى حکومەتى بەعس لە مفاوەزاتدا بگێڕێتەوە بۆ بڕیارى تاکڕەوانەى نەوشیروان مستەفاى هاوڕێى ،یان تەنیا بڕیار بە نەوشیروان مستەفابوبێت بۆ هەێرشکردنە سەر ئەحزابەکان کە حیزب نەما لە شاخ بەپول کادرو چەکدارەکانیان لە لایەن حیزبەکەى مەلابەختیار و نەوشیروانەوە نەکوژرێن و "ئەتک" نەکرێن ، ئەمانەو و سەدانى دیکە لە کارنامەى حیزبەکەى ئەو دو بەلوتفەن کە ئەمڕۆ دەیانەوێت کێشەکانیان بە " دیالۆگى سەردەمیانە " لەڕێگەى هەڵدانەوەى فایلە ڕەشەکانیانەوە چارەسەر بکەن .


هەمووخەڵکى کوردستان کونیە و کارنامەى ئەم دوانە شارەزان ، هەموو خەڵکى دەزانن کە کوشتنى کۆمۆنیستەکان لەلایەن یەکێتى نیشتمانیەوە یەکێکى دیکە لە کارنامەى ڕەشى حیزبەکەى ئەوانە چونکە بەڕۆژى ڕۆناک بەبەرچاوى خەڵکەوە ئەنجامدراو جمهورى ئیسلامى ئیرانیش دەستخۆشانەى لێکردن ،جەنابى مەلابەختیاریش شانازى پێوەکرد ، ڕاکردن بۆ بەغداد و کەتن لە حزورى ێەدامى خوێنڕێژدا بەوێنەوە لە زۆر نوسراوەدا دەبینرێت ، ماچکردنى گەردنى خوێناوى ێەدام لەلایەن سەرۆکى حیزبەکەیانەوە ، قڕناقى و پشتئاشان ، شەڕى ناوخۆ ، حیزب و گروپ و تاکەکەسى موخالفى حیزبەکەیان نەما خوێناوى نەکەن ، بەتاڵان بردنى سەروەت و سامانى کۆمۆڵگا ئەمانە هەمووى بەبەرچاوى خەڵکەوە بوە ، بۆ نەوشیروان و مەلابەختیار دێن لە تەلەفیزیون بۆ خەڵکى باس دەکەن ؟!! خەڵک ئەمانەى هەموو لەبەرە، بەڵام وادیارە ئەمانە هەموى لەچوارچێوەى ئەو پیلانە ئاشکرایانەن کە مەلابەختیار خۆى دەڵێت . ئەى پیلانە نهێنیەکان چین ؟!! کام حیزب و لایەنى دیکە ماوە بە پیلانى نهێنى هێرشى بکەنە سەر ؟ ، چەند وریا ى دیکە کوژراوە بەپیلانى نهێنى ؟ ، "ڕەفتارى نا جوامێرانە" لەگەڵ کێ کراوە و لەشەخ چەند کەسى دیکە بەدەردەکەى مەلابەختیار چوە ؟ ، جمهورى ئیسلامى ئیران بۆکام ناوچەى دیکەى کوردستان و بۆسەر کامە ( ئۆپوزسیۆنى ئیرانى ) بە پیلانى نهێنى هێنراوە ؟ ، وەختێک دەچونە حزورى " کاربەدەستانى میرى " لەبەغداد چى پیلانێکى نهێنیان جێبەجێ کردوە ؟ ، چەنێکى دیکە لە سەروەتى کۆمەڵگا و پاروى دەمى خەڵک دزراوە ؟ ، ئەمانەو سەدان پرسیارى دیکە لەناو ئەو پیلانە نهێنیەدا جێگەى دەبێتەوە کە مەلابەختیار لەماوەى 31 ساڵدا لە حیزبێکدا لەگەڵ نەوشیروان مستەفاى هاوڕێدا ئاگایان لێیەتى ، ئەمە پەردەى ئەوشانۆیە دەبوو کە لەشاشەکانى تەلەفیزیۆنە وە لەسەر داواى مەلابەختیار پێشکەش دەکرا؟! .


پێموانیە هیچ یەکێک لە مەلابەختیار و نەوشیروان مستەفا لەسەر کارنامەى سیاسى و ستراتیجى حیزبەکەیان خیلاف و گرفتێکیان هەبێت ، لەیەکەمین ڕۆژەکانى سەرهەڵدانیانەوە چاویانبڕیوەتە بەشێک لە دەسەڵات کە لەحکومەتى مەرکەزى عیراقەوە پێیان دەبەخشرێت لە ژێرناوى ئۆتۆنۆمى و فیدراڵیزم دا ، کە هەریەکێک لەو دوو کەسە لە چەندین جێگە و بە وتە و بەنوسین تاسەر ئێسقان لایەنگرى خۆیان بۆ ئەو جۆرە تەرحانەى کە لە مەرکەزیان نزیک دەکاتەوەدەربڕیوە و هەر حیزبەکەشیان لەسەرئەم ئەساسە بنیات نراوە ، هەر ئەم دەلیلەش واى لە نەوشیروان مستەفا کرد کە ئەوداوایە ڕتبکاتەوە ، چونکە نەوشیروان مستەفا ڕەنگە بەپێى تەجروبەکانى باشتر بزانێت کە ئەگەر لەگەڵ مەلابەختیار بێنە سەر تەلەفیزیۆن باسى چى بکەن ؟! ، ئەو مێژووەى 31ساڵەى مەلا بەختیار باسى دەکات لاى هەموو خەڵک ڕۆشنە ، ئەوەى بۆ خەڵک ناڕۆشنە پیلانە نهێنیەکانە ، ئەو پیلانە ئاشکراکانیان جگە لە سەرکوت شتێکى دیکە نەبوە داخۆ دەبێت نهێنیەکان چى بن ؟!.


کەم جار هەیە گوێبیستى مەلابەختایار ببیت سەرزارەکى خۆى وەک لایەنگرى شەفافیەت و ئازادى ڕادەربڕین ڕانەگەیەنێت ، کەئەوەندە شەفاف خواز و ئازادیخوازە نەوشیروانى بۆچیە بۆخۆى پیلانە نهێنیەکان ئاشکرا ناکات ؟ خۆى وتەنەى ( ئەوە عەرز و ئەوەش گەز ).

 

____________________________________________
* مەلا بەختیار / نەشیروان مستەفا با ڕوبەڕو قسەبکەین / هەفتەنامەى چاودێر ژمارە 198 ى دووشەممە 1310 2008
 

 

karwanmj@yahoo.com