پلینۆمه‌که‌ی ڕێکخراوی چاک کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی بیر هێنامه‌وه.
سه‌دیق ڕه‌نجبه‌ر
له ڕۆژی 24-01-2009 ڕێکخراوی چاک پلینۆمی خۆی له شاری ئاڕنهێمی هۆله‌ندا سازدا، به‌مه‌به‌ستی هه‌ندێ گۆڕانکاری پێویست له ئۆرگانه‌کان و پیاچوونه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی چالاکیه‌کانی خۆی له ماوه‌ی نزیکه‌ی ساڵێکدا. به ده‌یان ئه‌ندام و میوان تیایا ئاماده‌ی بوون که له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپاوه هاتبوون، ئه‌وانه‌ش که پێیان نه‌کرابوو له ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه په‌یوه‌نیان ده‌کرد. ڕێژه‌یه‌کی ژنانیش حزوریان هه‌بوو. که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنیش له‌وانه ڕۆژ تیڤی و ئه‌لفه‌یحا له‌وێ ئاماده‌بوون بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌نگ و باسی پلینۆمه‌که. به‌نده‌ش به‌و سیفه‌ته‌ی وه‌کو میوان له ڕۆژی یه‌که‌می پلینۆمه‌که داوه‌تکرابووم به‌شداری ڕۆژی یه‌که‌مم کرد‌و، لیره‌دا چه‌ندخاڵیک سه‌رنجی ڕاکێشام.
به‌گوێره‌ی ئه‌و گوتانه‌ی که له پلینۆم پێشکه‌شکران به‌دیارکه‌وت ڕێکخراوی چاک به‌مدواییه فراوانبوونێکی گه‌وره‌ی له‌ڕووی چه‌ندایه‌تیه‌وه به‌خۆوه دیوه که ئه‌رکه‌کانیانی زۆرتر کردووه، دیاره خه‌ڵکێکی زۆر له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان له هه‌رچوار پارچه‌که‌ی کوردستان پێشوازیان لێی کردووه. ئه‌وه‌ش هۆیه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕاستگۆیی ئه‌م ڕێکخراوه که ئامانج و گفته‌کانی به‌بێ سڵه‌مینه‌وه، جیاواز له ڕیکخراوه سیاسیه کلاسیکیه‌کان، ده‌خاته واری پراکتیکه‌وه‌و به‌رده‌وام له پێشه‌وه‌و له‌ناو گه‌رمه‌ی ڕووداوه‌کاندایه، که چالاکیه زۆروزه‌به‌نده‌کانی شایه‌دی بۆده‌ده‌ن. سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م ڕیکخراوه‌و پاشکۆ نه‌بوونی نهێنیه‌کی تری به‌ره‌و پیشه‌وه‌چوونیه‌تی. هه‌روه‌ها ده‌سپێشکه‌ری له ده‌ربڕینی هه‌ڵویست به‌رامبه‌ر هه‌ر کارێک و ڕووداویکی ناڕه‌وای حکومه‌تی هه‌رێم یان حکومه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان که له ناکاودا دێنه پێشه‌وه به‌رامبه‌ر به‌دۆسیه‌ی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و جینۆسایدی کورد له کوردستاندا، شابه‌شانی یادو بۆنه‌کان، ئه‌ویش فاکته‌رێکی تره بۆ پێشوازی خه‌ڵک له‌م ڕێکخراوه.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی راکیشام شه‌فافیه‌تی ئه‌و ڕێکخراوه بوو ده‌رباره‌ی باری دارایی و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌رک و چالاکیه‌کان، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌و پێشنیاره‌کان، ئه‌ویش له‌کاتی پێشکه‌شکردنی گوته‌کان و ڕه‌خنه‌و پێشنیاره‌کان خۆی ده‌نواند. ده‌رکه‌وت چاک ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆیه‌و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی ئه‌وتۆی دارایی نیه‌و به یارمه‌تی دارایی خۆبه‌خشانه‌ی ئه‌ندامان و هه‌ندێ له نیشتیمان په‌روه‌ران به‌ڕێوه ده‌چێ. ته‌نانه‌ت له گفتوگۆی ناو پلینۆم‌دا، هه‌ندێ له ئه‌ندامان نه‌بوونی سه‌رچاوه‌یه‌کی دارایی پێویستیان وه‌ک مه‌ترسیه‌ک له‌سه‌ر دواڕۆژی چاک خسته‌ڕوو. بۆنموونه ئه‌ندامانی ئه‌م پلینۆمه له‌سه‌ر مه‌سره‌فی دارایی خۆیان له ووڵاتانی جیاجیاوه هاتبوون، خواردن و نووستنیش چه‌ند نیشتیمان په‌روه‌رێک بۆی دابین کردبوون، دابینکردنی شوێنی کۆنفرانسه‌که‌ش هه‌روه‌تر! ئاخۆ چ ڕێکخراوێکی کوردی له‌م بابه‌ته له کوردستان ماوه؟ ئه‌و که‌سه‌ی له‌دووره‌وه سه‌یری ڕێکخراوی چاک و چالاکیه‌کانی بکات، زه‌حمه‌ته به‌ئاسانی باوه‌ڕبکات چاک به‌م شێوه کوله مه‌رگیه ژیانی ڕێکخراوه‌یی خۆی درێژه پێده‌دات، به‌لام ئه‌و ڕاستیه له‌ناو پلینۆم ئاشکرابوو.
هه‌رکه هاته سه‌ر ڕه‌خنه له‌سه‌ر چالاکی کۆمیته‌و ڕێکخراوه‌کان که جاری وا هه‌بوو توندیش بوو، به‌لام تێکرایان به‌گیانێکی برایانه له‌یه‌کتریان وه‌رده‌گرت، ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه له به‌رزترین ده‌سه‌ڵات که لێژنه‌ی بالایه گیراو هه‌ریه‌که‌و وه‌ڵامی دروستی خۆی دایه‌وه. یه‌کێک له‌و دیاردانه‌ی که تێبینیم کرد جگه‌له ره‌خنه له‌به‌رامبه‌رو له خه‌ڵک گرتن که له‌ناو ڕێکخراوه کوردیه‌کاندا باوه، ڕه‌خنه له‌خۆگرتنیش هه‌بوو. هه‌روه‌ها بواری گفتوگۆ بۆ ته‌واوی ئه‌ندامان و ته‌نانه‌ت میوانان ڕه‌خسێندرابوو بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی پلینۆمه‌که. هه‌ستم به جۆره دیموکراتیه‌تێکی هیوابه‌خشی جوان ده‌کرد له به‌ڕێوه‌بردنی پلینۆم و ده‌نگدانه‌کان.
وه‌نه‌بێ پلینۆمه‌که بیکه‌م و کوڕی بووبێ به‌لام دڵخۆشکه‌ر‌و هیوابه‌خش بوون، که ساڵانی خه‌باتی سه‌ره‌تای کۆمه‌له‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستانی به‌بیرده‌هێنامه‌وه. ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه‌ش سه‌ره‌تا خۆبه‌خشانه وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ مزگه‌وتی بکه‌ن، به‌بێ به‌رامبه‌ر، له سه‌ختترین ڕۆژانی حوکمرانی به‌عسدا، له‌وپه‌ڕی بێهیوایدا به‌شداریان له‌کاری ڕیکخستن و پێشمه‌رگایه‌تی ده‌کرد. به‌سه‌دانیان له‌زیندانا به‌ره‌ورووی جه‌للاده‌کان بوونه‌وه‌و له پیناوی به‌ها جوانه‌کان ڕووباری خوێنیان درووستکرد. به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ ده‌بینین به‌شداری له ڕێکخراوه سیاسیه‌کان زۆرینه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌مووش نه‌بێ به به‌رامبه‌ره. ئێستاش نه کۆمه‌ڵه‌ی جاران ماوه‌و نه ئه‌و گیانه‌ی جاران، دوودڵی و که‌م بڕوایی باڵی به‌سه‌ر ڕێکخراوه کوردیه‌کان و هه‌ر ڕێکخراوێکی نوێ‌دا کێشاوه ئه‌گه‌ر بیه‌وێ تازه له‌دایک ببێ.
چاک دیسان ئه‌و ڕێکخراوه جه‌ماوه‌ریه بیناونیشانه‌ی به‌بیر هێنامه‌وه که وه‌ک سه‌ربازێکی نه‌ناسراو له‌دوای راپه‌ڕین چالاکی ده‌نواند. ئێمه کۆمه‌له خه‌ڵکێکی ڕه‌وشه‌نبیرو نارازی له سیاسه‌تی یه‌کێتی و پارتی سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین بووین، ڕاسته‌وخۆ کۆبوونه‌وه‌و چالاکیمان ده‌نواندو له زۆرینه‌ی یادو بۆنه‌کاندا کاریگه‌ریمان له‌سه‌ر ڕووداوه‌کان هه‌بوو به‌بێئه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌ندی یه‌کێتی و لقی پارتی ده‌رکی پێبکه‌ن، ئه‌وه یه‌که‌مجاره به‌ئاشکرا به نووسین باسی ده‌که‌م.
جا لێره‌دا پرسیار دێنه گۆڕێ، تۆبڵێی ڕۆژێک دابێت ڕێکخراوی چاکیش تووشی ده‌رده پیری و بیرۆکراتیه‌ت ببێ و له‌دواجاردا په‌کی بکه‌وێت؟ یان تۆبڵیی ئه‌و ڕێکخراوه به‌هۆی گوشاری ئابووری بتوانێ تاسه‌ر له‌سه‌رپای خۆی بوه‌ستێ و نه‌بێت به پاشکۆی حیزبێکی دیاریکراوه‌وه که ئه‌وه‌ش یه‌کێ له نهێنیه‌کانی سه‌رکه‌وتنیه‌تی؟ ئه‌و پرسیارانه‌و هه‌ر پرسیارێکی تریش دواڕۆژ ده‌توانێ وه‌ڵامی بداته‌وه.
به‌هه‌رحاڵ، به‌راستی ڕیکخراوی چاک ده‌یسه‌لمێنێ هێشتا خه‌ڵکانێک ماون به له‌خۆبوردوویی، بێگوێدانه به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی، خۆبه‌خشانه کار بۆ قازانجی به‌ها کورده‌واریه جوانه‌کان ده‌که‌ن. بۆیه هه‌تا ڕێکخراوی چاک ڕێکخراوێکی له‌م بابه‌ته بێت پێویسته پشتگیری بکرێت و داوای خێر‌و سه‌رکه‌وتنی بۆ بکه‌ین.
25-01-2009
|